حكومەت دڵنیایی دەدات مووچە بێ لێبڕین دابەش دەكرێت
مانۆرە سیاسییەكەی قوباد تاڵەبانی هەرێمی كوردستانی گەیاندە كەناری ئارامی
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
بەپەسەندكردنی بودجەی عێراق مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار دەگاتە هەرێمی كوردستان و ئەو بڕەش زیاترە لە (895) ملیار دیناری مانگانەی موچەخۆران، وتەبێژی جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە»ئەو بڕەی لەبەغداوە دێت بگاتە (895) ملیار دینار موچەی تەواو دەدرێتە موچەخۆران».
بەپێی خەمڵاندن و راپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم (13.9)و ئەوەش لەیاسای بودجە جێگیركراوە كە لە (نەفەقاتی فعلی) گشتی بودجەی عێراق ئەو رێژەیەی بۆ رەوانە دەكرێت كەنزیكەی ترلیۆنێك دیناری مانگانە دەكات لەبەرانبەر داهاتی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق و زائیدەن نیوەی داهاتە نانەوتییە فیدڕاڵییەكان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی وەفدی دانوسانكاری هەرێم پاش پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 15/7/2019 لە رۆژی 16/7/2019 وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدایان كرد.
لەدوای ئەو سەردانەوە قوباد تاڵەبانی مانۆڕێكی سیاسی دەستپێكرد لەپێناو چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كەزیاتر لە (18) جار ئەنجامدرا تا لەدوا سەردانیاندا رێككەوتنی كۆتایی ئەنجامدراو یاسای بودجەی عێراق پەسەندكرا.
قوباد تاڵەبانی، دوای پەسەندكردنی بودجە لەپەرلەمانی عێراق لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا لەبەغدا رایگەیاند: «پەسەندكردنی بودجە دەستكەوتی تەنها قوباد نییە، بەڵكو هەموو ئەندامانی وەفدەكە ماندووبوون».
هەروەها ئاماژەی بەهەوڵەكانی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد لەگەڵ هەموو ئەندامانی كوردی پەرلەمانی عێراق.
قوباد تاڵەبانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە رێككەوتن و پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێم لەگەڵ عێراقدا، وتیشی:» ئەم هەوڵەمان لەپێناو باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیاندا بووەو هیوادارم هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پابەند بن بەیاسای بودجەوە».
سەمیر هەورامی: بۆ مووچەی فەرمانبەران مانگانە پێویستمان بە (895) ملیار دینارە، ئەگەر ئەوەی لەبەغداوە دێت گەیشتە ئەو بڕە پارەیە ئەوا بەدڵنیاییەوە مووچەی تەواو دەدرێتە مووچەخۆران
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ مووچەی فەرمانبەران مانگانە پێویستمان بە (895) ملیار دینارە، ئەگەر ئەوەی لەبەغداوە دێت گەیشتە ئەو بڕە پارەیە ئەوا بەدڵنیاییەوە مووچەی تەواو دەدرێتە مووچەخۆران».
ناوبراو وتیشی:» چاوەڕێین یاسای بودجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رێنمایی پێ دەربچێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەر ئەوەی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدا هەبێت موچەی تەواو دابەش دەكەین».
دەربارەی هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، سەمیر هەورامی وتی:» لەماوەی رابردوو دابڕانێك هەبوو لەنێوان حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی عێراق و كێشەی دارایی هەبوو، ئەوەی ئێستا بەشێوەیەكی باش چارەسەر كراوە بۆ ساڵی 2021 كە رەنگە هەر بۆ ساڵی 2022 بەم یاسایەی ئەمساڵ كاربكرێت».
وتەبێژەكەی قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەشكردەوە كە لەناو یاسای بودجەدا ماددەی (11) تایبەتە بەپشكی هەرێمی كوردستان و رێنمایی پێ دەدردەچێت، وتیشی:» كاك قوباد هەر لەبەغدا پابەندی حكومەتی هەرێمی دووپاتكردەوە بۆ جێبەجێكردنی یاساكەو داوای لەحكومەتی عێراق و وەزیرەكانی هەرێم كرد كە پابەندبن بەیاساكەو پەلە بكرێت لەجێبەجێكردنی».
جەمال كۆچەر: هێشتا بەپێی ئەو ژمارەیە بێت حكومەتی هەرێم مانگانە (225) ملیار دیناری زیاتری پێدەگات، كەمانگانە (975) ملیار دیناری لەبەغداوە پێدەگات، واتا مووچەی فەرمانبەران دەتوانێت بەتەواوی بدات، چونكە لەیاسای بودجەشدا ئەولەویەت دراوە بەمووچەی مووچەخۆران
ئەندامێكی فراكسیۆنی هیوا لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:» هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی و وەفدی حكومەتی هەرێم، باردی دارایی كوردستان باشتر دەكات و دەتوانن بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بكەن».
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتوانی كە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراقە (13.9)یە لە نەفەقاتی فعلی بودجەو بەو پێیە مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار كەزیاترە لە (950) ملیار دینار دەگاتە هەرێمی كوردستان و ئەوەش لەو بڕە زیاترە كە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە».
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی هیوا ئەوەشی دووپاتكردەوە كەهەوڵەكانی وەفدی هەرێم وایكرد كەبڕیاری سیاسی لەلایەن حزبەكانی شیعەوە دەربكرێت كەپشكی هەرێم جێگیر بكرێت لەبودجەدا، وتیشی:» هەموو تێیدا بەشداربووین بەپەرلەمانتارانی كوردو وەفدی حكومەتی هەرێمیشەوە».
بەپێی یاسای بودجە حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت رادەست دەكات بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی كە لەمانگی رابردوودا بەغدا یەك بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە (63) دۆلارو (29) سەنت.
واتا حكومەتی هەرێم داهاتی حەوت ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە بەبڕی (63) دۆلارو (29) سەنت دەداتە حكومەتی عێراق زائیدەن نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان كە بەم شێوەیەیە:
حەوت ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە زەڕبی (63) دۆلارو (29) سەنت دەكاتە (474) ملیۆن و (675) هەزار دۆلار زەڕبی (145) هەزار دینار دەكاتە (688) ملیار دیناری مانگانە.
هەروەها ئەگەر بەخەمڵاندن مانگانە (124) ملیار دیناری داهاتی فیدراڵی هەبێت، نیوەی دەدرێتە بەغدا كە تەنها (62) ملیار دینار دەكات، لەگەڵ داهاتی نەوت دەكاتە (750) ملیار دیناری مانگانە.
جەمال كۆچەر دەشڵێت:» هێشتا بەپێی ئەو ژمارەیە بێت حكومەتی هەرێم مانگانە (225) ملیار دیناری زیاتری پێدەگات، كەمانگانە (975) ملیار دیناری لەبەغداوە پێدەگات، واتا مووچەی فەرمانبەران دەتوانێت بەتەواوی بدات، چونكە لەیاسای بودجەشدا ئەولەویەت دراوە بەمووچەی مووچەخۆران».
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی هیوا پێشیوابوو ئەوان وەك پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا ئەركی خۆیان بەجێهێناوەو پێویستە هاووڵاتیان و مووچەخۆران و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان داكۆكی بكەن لەوەی مووچەی تەواوی مووچەخۆران بدرێت» ئەركی حكومەتی هەرێمە كەپارەی لەبەردەستدابێت مووچەی تەواو بداتە فەرمانبەران، هێشتا داهاتی ناوخۆو داهاتی دیكەی بۆ دەمێنێتەوە بێجگە لەوەی لەبەغداوە بۆی دێت».
لەبارەی شایستە داراییەكانی سێ مانگی رابردووی ئەمساڵ، جەمال كۆچەر ئەوەی دووپاتكردەوە داهاتەكانی هەرێم ژمارەكەی دیاری دەكرێت و لەبەرانبەردا بەغدا بەشێوەی «مەقاسە» كەجیاوازییەكە چەندە هی هەرسێ مانگەكە بۆ هەرێم دەنێرێت، كەمانگانە لەسنوری (220) ملیار دیناردایە، كە پێویستە بەغدا رەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، حكومەتی هەرێم بەم زووانە هەژمارێكی بانكی دەكاتەوە بۆ داهاتی نەوت و داهاتە فیدراڵییەكان لەبانكی ناوەندی عێراق لقی هەولێر تابگاتە بەغدا.
هاوكات، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كەئەولەویەتی حكومەتی هەرێم بۆ مووچەی مووچەخۆرانە، وتیشی:» حكومەتی هەرێم نەك ئێستا بەڵكو پێشتریش ئەولەویەتی ئەوەی هەبووە كە مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بەپێی یاسای بودجەی عێراقیش یەكێك لەبڕگەكانی مادەی (11)ی بودجە باسی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمە».
ناوبراو پێشیوابوو حكومەتی هەرێم ئەگەر ئەو بودجەیەی لەبەغداوە بۆی رەوانە دەكرێت بگاتە ئەو بڕەی بۆ مووچە پێویستە»مووچە بێ لێبڕین دابەش دەكات».
دوێنێ یەكشەممە لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند:» دوای پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی عێراق پێویستە هەرێمی كوردستان هەوڵی جددی بدات بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە و دابەشكردنی لەوادەی خۆیدا، ئەوەش بەئەنجامدانی چاكسازی و نەهێشتنی قاچاخچییەتی لەخاڵە سنورییەكان و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكومەت دەبێت».
رێكخەری گشتی گۆڕان ئەوەی دووپاتكردەوە كەوەك بزوتنەوەی گۆڕان هەموو هەوڵێكی تیمەكانیان لەحكومەت و پەرلەمان بەو ئاڕاستەیەدا دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی بازاڕ و سەقامگیری سیاسی لەهەرێمی كوردستانداو وتیشی:» دەبێت موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكرێت».