ڤیزای ئێران بۆ هەولێر هەرزانترو خێراترو ئاسانترە، بەراورد بەسلێمانی
عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هیوا بەختیار
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات لەسلێمانیدا ملیۆنێك و (200) هەزار كەس خاوەنی پاسپۆرتی عێراقین و دەشڵێت:» ڤیزای ئێران بۆ هەولێر هەرزانترو خێراترو ئاسانترە، بەراورد بەسلێمانی».
عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئەگەر دانیشتووی شاری سلێمانی بیت، بەبێ هۆكارو بۆ گەشتوگوزارو ئارەزوو و سەردانی كەسوكار، ناتوانیت ڤیزای كۆماری ئیسلامی ئێران وەربگریت، لەكاتێكدا پێشتر بەمشێوەیە نەبوو، بەڵام لەشاری هەولێر پێویست بەهیچ كام لەم مەرجانە ناكات».
هاوڵاتی: بەگشتی بارودۆخی پاسپۆرت تاچەند گونجاوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، تاچەند لێی رازیین؟
سالار عەبدوڵا: وەڵامی ئەم پرسیارە دوو بڕگەیە:
بڕگەی یەكەم: پەیوەندی هەیە بەوەی، كە ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، تاچەند توانیومانە خزمەتی هاووڵاتیان بكەین، تاكو بەزووترین كات و بەئاسانترین شێوە، پاسپۆرت بگەیەنینە دەستی هاووڵاتیان.
بڕگەی دووهەم: پەیوەندی هەیە بەوەی، تاچەند هاووڵاتیان سوودمەند بوون، لەئاستی پاسپۆرتی عێراقی.
سەبارەت بەبڕگەی یەكەم، بێگومان كاری زۆر باش كراوە لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، بەكردنەوەی (5) نووسینگە یان (5) مەكتەب لە (هەڵەبجە، رانیە، گەرمیان، كەلار، چەمچەماڵ و سلێمانی)، كە بەئاسانی هاووڵاتیان دەستییان پێی دەگات و دەبن بەخاوەنی پاسپۆرت لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا، بەبێ گرفت و كێشە.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی یەكێكە لەو بەڕێوەبەرایەتییانەی كەتوانیویەتی خزمەتی باشی هاووڵاتیان بكات.
سەبارەت بەبڕگەی دووهەم، كەپەیوەندی هەیە بەوەی، كە تاچەند هاووڵاتیان سوودمەندبوون، ئەمەش بۆ خۆی دوو بڕگەی جیاوازە:
أ- سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی كە مەبەستییانە بچنە وڵاتانی دراوسێ، بۆ نموونە وڵاتی (كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا)، كە زۆرینەی هاووڵاتیان روو لەو دوو وڵاتە دەكەن، چ بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی بێت، یان بەمەبەستی سەردانی كەسوكارو گەشتوگوزار بێت، ئەو هاووڵاتیانە سوودێكی زۆریان بینیوەو زۆر بەئاسانی بوونەتە خاوەنی پاسپۆرت و بەئاسانی گەشتەكانیان ئەنجامداوە.
ب- سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی، كە مەبەستیانە بچنە ئەمەریكاو ئەوروپا، بێگومان ئەو كەسانە رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، چونكە بەئاسانی ناتوانن ببنە خاوەن ڤیزاو ڤیزا بەدەستبهێنن لەكۆنسوڵخانەكانی عێراق، هۆكارەكەشی ئەوە نییە، كە پاسپۆرتەكە عێراقییە، یان لەچەند پەڕە پێكهاتووە، یان شێوازەكەی چۆنە، بەڵكو هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە، بۆ هۆكاری سیاسی، ئابوری و ئەمنی عێراق.
هەر وڵاتێك لەجیهاندا، بارودۆخی ئەمنی و ئاسایشی وڵاتەكەی تێكبچێت، هاوشێوەی عێراق، كە لەئێستادا هەر رۆژێك لەشارێك كێشە، تەقینەوە، كوشتن و بڕین هەیە، یان هەر وڵاتێك باری ئابوری خراپبوو، بژێویی هاووڵاتیان كەمبوو، هاووڵاتیان نەیانتوانی بەئاسانی بژێویی ژیانیان بەدەستبهێنن، یان بارودۆخی سیاسی خراپبوو، هەر یەكێك لەم بڕگانە وا لەهاووڵاتیان دەكات، وڵاتەكەی خۆی جێبهێڵیت و بچێتە وڵاتی دووهەم، بۆ ئەوەی بەئاسانی بژێویی ژیانی دەستبكەوێت، سەلامەتتر بێت، كێشەی ئەمنی كەمتر بێت و باری ئابووری باشتر بێت، لەهەر وڵاتێكیش رێژەی پەنابەران بەهۆی ئەو هۆكارانە بەرزبۆوە، كۆمەڵێك مەرج لەلایەن ئەو وڵاتەوە دادەنرێت و ڤیزا بەئاسانی نادەن و رێگری لەبەخشینی ڤیزا دەكەن، ئەوكاتە هاووڵاتی ناتوانێت بەئاسانی ببێتە خاوەنی ڤیزای ئەوروپا یان ئەمەریكا.
هاوڵاتی: لەسلێمانی چەند كەس خاوەنی پاسپۆرتی عێراقییە؟
سالار عەبدوڵا: لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، نزیكەی ملیۆنێك و (200) هەزار كەس بوونەتە خاوەنی پاسپۆرت.
هاوڵاتی: هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق، زۆرتر روو لەئێران و توركیا دەكەن، چ بۆ گەشتكردن، یان بۆ چارەسەری پزیشكی بێت، باس لەوە دەكرێت لەپێدانی ڤیزای ئێران، جیاوازی دەكرێت لەنێوان سلێمانی و هەولێر؟
سالار عەبدوڵا: لەدوای ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری زۆری هەبووە، چ لەسەر بەخشینی ڤیزا بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكا، چ بۆ ئێران و توركیاو هەموو جیهان، چونكە پێدانی ڤیزا كۆتبەند كراوە بەهۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، لەگەڵ ئەوەشدا بەخشینی ڤیزا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، جیاوازییەك هەیە لەنێوان شاری سلێمانی و هەولێر.
واتا هاووڵاتیەك، ئەگەر دانیشتووی شاری سلێمانی بێت و بیەوێت گەشت بكات جیاوازە، لەچاو هاووڵاتیەك كەدانیشتووی شاری هەولێر بێت، كاروبارەكانی جیاوازە.
هاوڵاتی: بەردەوام باسی ئەو جیاوازییانە دەكرێت، كە كونسوڵخانەی ئێران لەهەولێر كارئاسانی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەكات تاسلێمانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بڕە پارەیەی لە هەولێر وەردەگیرێت، كەمترە لەچاو شاری سلێمانی، بۆچی ئەو جیاوازییانە لەنێوان ئەو دوو شارەدا هەیە، خۆ ئێران یەك دەوڵەتە؟
سالار عەبدوڵا: راستە، جیاوازییەكی زۆر هەیە، بۆ نموونە ئەگەر هاووڵاتییەكی سلێمانی هەبێت، پێویستە ئەم چوار مەرجەی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەئێستادا ڤیزا وەربگرێت:
1- ئەگەر هاتوو كەسەكە نەخۆشبوو، راپۆرتی پزیشكی هەبوو.
2- ئەگەر هاتوو كەسەكە خوێندكار بوو لەئێران، لەیەكێك لەزانكۆو پەیمانگاكانی ئێران بوو.
3- ئەگەر هاتوو بازرگان بوو، مۆڵەتی ژووری بازرگانی هەبوو.
4- ئەگەر هاتوو یەكێك لەخانەوادەكەی، رەگەزنامەی ئێرانی هەبوو، یان خەڵكی ئێران بوو، بۆ نموونە (باوك، دایك، ژن و پیاو).
واتا ئەگەر دانیشتووی شاری سلێمانی بیت، بەبێ هۆكارو بۆ گەشتوگوزارو ئارەزوو و سەردانی كەسوكار، ناتوانیت ڤیزای كۆماری ئیسلامی ئێران وەربگریت، لەكاتێكدا پێشتر بەمشێوەیە نەبوو، بەڵام لەشاری هەولێر پێویست بەهیچ كام لەم مەرجانە ناكات، تەنها ئەوەندە بەسە، ئارەزووت هەبێت بچیت بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، دەتوانیت ڤیزا وەربگریت، جا بە هۆكاری گەشتكردن، یان سەردانیكردن بێت، یان هەر هۆكارێكی تر بێت.
سەبارەت بەنرخەكەشی، ئەگەر دانیشتووی شاری سلێمانی بیت و بتەوێت ڤیزای كۆماری ئیسلامی ئێران وەربگریت، پێویستە لە (90) هەزار تا (150) هەزار دیناری عێراقی بدەیت، بەپێی حاڵەت و شێوازی ڤیزاكە.
بەڵام لەهەولێر، بۆ هەر بابەتێك ڤیزا وەربگریت، تەنها (20) هەزار دیناری عێراقییە.
لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەكەی تریش هەیە، كە پەیوەندی بەكاتەوە هەیە، گەر هاووڵاتییەكی شاری سلێمانی بیەوێت ڤیزای ئەو وڵاتە وەربگرێت، (15) رۆژ بۆ (30) رۆژی پێویستە، بەڵام لەهەولێر لەماوەی (24) كاتژمێردا ڤیزاكە وەردەگیرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، گەر هاووڵاتی شاری سلێمانی بیت و بتەوێت لەهەولێر ڤیزا وەربگریت، پێتنادەن، بەڵام بە =هاووڵاتی شاری دهۆكی دەدەن.
ئەمانەش جیاوازییەكی زۆر زۆرە لەنێوان ئەو دوو شارەدا.
هاوڵاتی: هاووڵاتیانی سلێمانی، گوناحی چییە پارەی زۆرتر بدات، زیاتر چاوەڕێ بكات، كێشەی زۆرتری بێتە پێش، ئێوە تاچەند لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و كونسوڵگەری ئەو وڵاتە، ئەو بابەتەتان تاووتوێ كردووە؟
سالار عەبدوڵا: ئەم كارە پەیوەندیی بەمن و بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بەپەیوەندییەكانی دەرەوە هەیە، پێویستە پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوون بۆ ئەو كارە بكەن، تاكو ئاشكرا بێت، كە بۆچی ئەو جیاوازییە زۆرە لەنێوان ئەو دوو شارە هەیە، ئاسانكاری تەواو بكرێت و هەر گرفتێك هەبێت چارەسەربكرێت و جیاوازی نەبێت و هەموو هاووڵاتیان وەكو یەك، سوود ببینن لەوەرگرتنی ڤیزاو گەشتكردن بۆ وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ جیاوازی.
هاوڵاتی: ئەم كێشانە تەنها لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، یان لەگەڵ وڵاتی توركیاش هەمان كێشە هەیە؟
سالار عەبدوڵا: لەڕاستییدا بەدواداچوونم نەكردووە بۆ وڵاتی توركیاو نازانم هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، یان نا، بەڵام دەكرێت لەداهاتوودا بەدواداچوون بكەین، هەرچەندە ئەو كارەش پەیوەندیی بە ئێمەوە نییەو پەیوەندیی بەو لایەنانە هەیە، كە باسمانكرد.
هاوڵاتی: هاووڵاتییەك ماوەی (10) ساڵە لەپاكستان زیندانی كراوە، چونكە پاسپۆرتی نییە، ئێوە یەكەمجار بابەتەكەتان وروژاند؟
سالار عەبدوڵا: هاووڵاتیان لەلای لایەنە پەیوەندیدارەكان یان كاتێك روو لەئێمە دەكەن، كە لەچەندین دەرگای تر دەدەن و دەرگایان بەڕوودا ناكرێتەوە، بۆیە لەو دەرگایە دەدەن، كە لێیان دەكرێتەوە، ئێمەش فەرمانبەری دەوڵەتین و هێندەی دەرفەت هەیە، دەبێت خزمەتی هاووڵاتیان بكەین، وەكو ئەوەی باستكرد، هاووڵاتییەك ماوەی (10) ساڵە لەپاكستان زیندانە، چونكە بەقاچاغ چووە بۆ ئەو وڵاتە، ئەو هاووڵاتییە دەڵێت «من عێراقیم و خەڵكی هەڵەبجەم»، بەڵام دۆكیۆمێنتێك یان بەڵگەیەكی پێ نییە، كە بیسەلمێنێت خەڵكی عێراقە، بۆیە كۆنسوڵگەری عێراقی ناوێرێت پاسپۆرتی بۆ بكات بۆ ئەوەی بێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە روون نییە، عێراقییە، یان نا، بۆیە بەدوای بەڵگەیەك دەگەڕێن كەبیسەلمێنێت عێراقییە.
بۆ ئەم كارە، پێویستە كۆنسوڵگەری عێراقی، پەیوەندیی بە پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات.
هاوڵاتی: لەئێستادا لەكوردستان و عێراقیش بەگشتی، هاووڵاتییەكی زۆر بوون بەخاوەنی پاسپۆرتی دووهەم و سێیەم، لەڕێگەی بزنس و بازرگانیی یان لەڕێگەی كڕینەوە، بۆ نموونە پاسپۆرتی دۆمینیكا و وڵاتانی كاریبی، یان پاسپۆرتی ئەوروپی، قسەتان لەوبارەیەوە چییە؟
سالار عەبدوڵا: راستە بەشێكی زۆری خەڵكی هەرێمی كوردستان بوونەتە خاوەنی ئەو جۆرە پاسپۆرتانە، هۆكاری ئەوەش كەخەڵكی دەیانەوێت ببنە خاوەنی ئەو پاسپۆرتانە، بەتایبەتی بازرگانەكان، هۆكارەكەی ئەوەیە، كە بەهۆی ئەو پاسپۆرتەوە، كە پاسپۆرت و رەگەزنامەی دووهەمە، زۆر بەئاسانی دەتوانن گەشت بكەن بۆ وڵاتانی جیهان، بەبێ ئەوەی داوای ڤیزا بكەن، چونكە ڤیزا وەرگرتن لەم رۆژەدا ئاسان نییەو كارە بازرگانییەكان لەو رێگەیەوە بەئاسانی ئەنجامدەدەن، گەر نەخۆشییان هەبێت بەئاسانی دەگەنە نەخۆشخانەكانی دەرەوەو هاتوچۆیان ئاسان دەبێت، بۆیە هاووڵاتیان هەوڵدەدەن ببنە خاوەنی ئەو جۆرە پاسپۆرتانەو پارەیەكی زۆریشی پێدەدەن.
هاوڵاتی: ڤایرۆسی كۆرۆنا، تاچەند كاریگەریی لەسەر كۆی كارەكانی ئێوەو داواكاری خەڵك هەبووە بۆ پاسپۆرت؟
سالار عەبدوڵا: جیاوازییەكی زۆری دروستكردووە، بۆ نموونە ئێمە لەچەندڕۆژی رابردوودا (350) كەسمان بەڕێخستوە، بەڵام لەساڵانی پێش كۆرۆنا نزیكەی (700 تا 800) كەس بووەو رۆژ هەبووە گەیشتووەتە (1000) كەس.
لەهەموو سێ كەسێك لەئێستادا تەنها یەك كەس سەردانمان دەكات، هۆكارەكەشی ئەوەیە، وەك وتمان پەیوەندیی بەڤایرۆسی كۆرۆناوە هەیە، كە وایكردووە گەشتكردن و ڤیزا كەم بێت و كۆتبەندی لەسەر دروستببێت، پێویست ناكات بەدواداچوون بكات و ببێتە خاوەنی پاسپۆرتێكی نوێ.