فڕۆكە نوێیەكەی سەرۆكی ئەمریكا پێنج هێندەی دەنگ خێرادەبێت
گرێبەست لەگەڵ دوو كۆمپانیا ئەنجامدراوە تا فرۆكەكە دروستبكەن
4 ساڵ لەمەوپێش
هەڵۆ سەربەست
مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو ئەوە بڵاوبووەوە كۆمپانیایەكی نوێ لەویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا كاری لەسەر دروستكردنی فڕۆكەیەكی سەروو دەنگیی دەكرد، لەوانەیە ببێتە فڕۆكەی یەكەمی ئەمریكاو سەرۆك و خانمی یەكەم و جێگری سەرۆك بۆ گەشتنی وڵاتان بكاریبهێنن.
دوای ئەوەی كۆمپانیای ئێكسۆسۆنیك دەستیكرد بەكاركردن لەسەر فڕۆكەیەكی سەروو دەنگیی بێگرمە لەكاتی فڕیندا، بیرۆكەكە سەرنجی هێزی ئاسمانی ئەمریكای راكێشاو بەهۆیەوە گرێبەستێكیان پێشكەشی كۆمپانیاكە كرد.
فڕۆكەی سەروو دەنگیی ئەو فڕۆكانەن لەكاتی فڕیندا خێرایی دەنگ تێدەپەڕێنن، بەڵام گرمەیەكی ئێجگار گەورە بەردەدەنەوە كەزیانی بۆ باڵەخانەكانی سەر زەوی و ژینگەش هەیەو دەبێتە مایەی بێزاركردن و پشێوی نانەوە لەو شارو شارۆچكەو ناوچانەدا كە بەسەریدا دەفڕن، ئەوەش وایكرد لەساڵانی رابردوودا فڕۆكەی كۆنكۆرد كەتاكە فڕۆكەی سەروو دەنگی بوو لەكاربخرێت.
ئەم نموونە نوێیەی كۆمپانیای ئێكسۆسۆنیك بەجۆرێك دیزاین كراوە كە ئەو گرمە گەورەیەی نەبێت و بەسەروو دەنگیی بێگرمە ناودەبرێت، خێرایی دەنگ بەماخ دەپێورێت و یەك ماخ واتە هەزارو (235) كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا.
هەرچەندە سەرەتای گۆڕین و نوێكردنەوەی فڕۆكەی یەكەمی ئەمریكا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپەوە دەستیپێكرد، كە پلانی هەبوو دوای پەنجا ساڵ و (11) ئیدارەی جیاوازی ئەمریكا، رووكەشێكی جیاواز بەفڕۆكەكە ببەخشێت. لەئێستادا ئیدارەی ئەمریكا هەنگاوێكی گەورەتر دەهاوێژێت بۆ گۆڕین و نوێكردنەوەی فڕۆكەكەو هێنانی تەكنەلۆجیاو خێرایی نوێ و بەكارنەهاتوو بۆ ناوی.
نەبوونی گرمەی دەنگیی لەنموونەكەی كۆمپانیای ئێكسۆسۆنیكدا وایكرد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێكاری فڕینی سەرۆكایەتی ئەمریكاوە گرێبەستێكی پێشكەش بكرێت و لەئێستادا ماڵپەڕی CNNی ئەمریكی بە فۆتۆ وردەكاریی دیزانی ناوەوەو دەرەوەی فڕۆكەكەی ئاشكراكردووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەك باسی لەنرخی گرێبەستەكە نەكردووە.
فڕۆكەكە قەبارەی فڕۆكەیەكی (70) سەرنشینی هەیە، بەڵام بەجۆرێك دروستكراوە (31) سەرنشین لەخۆی بگرێت تابوارێكی فراوانتر بۆ ئەو سویتانە بمێنێتەوە كە بۆ كارو چالاكییەكان و شوێنی حەوانەوە دروستكراون.
هەروەها دەربارەی خێرایی فڕۆكەكە، نۆریس تای، یەكێك لەدامەزرێنەران و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئێكسۆسۆنیك دەڵێت:»داهاتووی گواستنەوەی خێرای جیهان لەفڕینی سەروو دەنگی بێگرمەدا خۆی دەبینێتەوە. فڕین بەخێرایی سەروو دەنگی كەگرمەی نەبێت، رێگا بەگەشتیاران دەدات زۆر بەخێرایی بگەنە شوێنەكانیان و ئەوانەی سەر زەویش كێشەیان بۆ دروست نەبێت.»
ئەم فڕۆكە نوێیەی لەئێستادا خەریكی دروستكردنین، خێراییەكەی دەگاتە (1.8) ماخ، واتە دوو هەزار و (٢٢٢) كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، كە ئەوەش زیاتر لەدوو هێندەی خێرایی ئەو فڕۆكانەیە كە لەئێستادا بەكاردەهێندرێن و بڕیاریشە تاسەرەتای ساڵی 2025 ئەم جۆرەی فڕۆكەكە تەواوبكرێت.
هاوكات كۆمپانیای هێمیوس كە لەویلایەتی ئەتڵانتای ئەمریكایە گرێبەستێكی لەهێزی ئاسمانیی ئەمریكاوە پێگەیشتووە لەبەرنامەیاندا تاناوەڕاستی ساڵی 2030، بزوێنەری فڕۆكەكە بگۆڕن بەجۆرێكی نوێ كە دەتوانێت بگاتە خێرایی پێنج ماخ، واتە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ، بۆ ئەو مەبەستەش، كۆمپانیای هێمیوس بەنیازە لەگەڵ ئاژانسی ئاسمانیی ئەمریكا (ناسا)دا پێكەوە كار لەسەر ئەو بزوێنەرە بكەن.
تەكنەلۆجیا و دیزاینی نوێ
ئەو ماددانەی لەدیزاینی ناوەوەی فڕۆكەكەدا بەكارهاتوون بۆ دروستكردنی كەلوپەلەكانی لەكورسی و مێزو سیسەم و شتەكانی تر، بریتین لەچەرمی فاخرو داری بەڕوو كوارتز لەسویتە تایبەتەكانی كاركردن و حەوانەوەدا، بەدەر لەجوانیی و رازاندنەوەش، ستێفانی چاهان لێپرسراوی دیزاینی ناوەوەی فڕۆكەكانی كۆمپانیای ئێكسۆسۆنیك دەڵێت:»بەرنامەمان وایە تەكنەلۆجیای ئەوتۆ بەكاربهێنین كە لەئێستادا بوونیان نییە، یان هێشتا لەفڕۆكەكانی تردا بەكارنەهاتوون».
فڕۆكەكە دوو سویت لەخۆدەگرێت، یەكەمیان شوێنی كۆبوونەوەیەكی سێ كەسییە، كە تێیدا ڤیدیۆ كۆنفرانسی پارێزراویش دەكرێت و ئامادەبووەكان دەتوانن لەوێوە هەموو كارەكانیان بكەن و بەستراوبن بە ئینتەرنێتەوەو تەنانەت كۆنگرەی رۆژنامەوانیش ببەستن.
كورسییەكانی ئەو سویتە بەدەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوەو شاشەیەكی ڤیدیۆیی و دەسكی تایبەتیان پێوەیە وەك تەپڵەك بەكاردیت و هەموویان لەچەرم دروستكراون و شاشەیەكی گەورەی تێدایە كە بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەكاردەهێندرێت.
لەوبارەیەوە چاهان دەڵێت: »ئەگەر جێگری سەرۆك یان خانمی یەكەم یان خودی سەرۆك بگوێزینەوە، كورسییەكان بەجۆرێكن كەتوانای جووڵەو خۆگونجاندیان لەگەڵ هەموو پێداویستییەكدا هەیە».
سویتی دووەم كە جێی هەشت سەرنشینی تێدا دەبێتەوە، لەو جۆرە كورسییانەی تێدایە كە پاڵدەخرێن و مێزەكانیشی بەرزو نزم دەكرێن، بەوجۆرە ئەو ستافەی لەوێدا دەبێت دەتوانێت بۆ كاركردنیش و حەوانەوەش بەكاریبهێنێت.
دوا بەدوای سویتەكانیش، كابینەی سەرەكی دێت كە (٢٠) كورسی تێدایە و لەسەر شێوازی بزنس كڵاسی فڕۆكە بازرگانییەكان دروستكراون لەگەڵ دوو شوێنی خواردن و چێشتخانەو دوو تەوالێت و بوارێكی زۆری هەڵگرتنی كەلوپەل.
سەبارەت بەچۆنیەتی دیزاینكردنەكەی چاهان دەڵێت ئەوەی خستووەتەڕوو دیزاینی كابینەكە لەسەر بنەماو بیرۆكەی دەسەڵاتی جێبەجێكاری ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە وەرگیراوە تا لەگەڵ كارو چالاكییەكانیاندا بگونجێت و هاوكات لەگەڵ خێرایی فڕۆكەكەشدا بگونجێت، بەڵام بەبێ ئەوەی كار بكاتەسەر جوانییەكەی.
سەبارەت بەجۆری ئەو تەكنەلۆجیایانەی بەكارهاتوون، راپۆرتەكەی CNN دەڵێت، بەدەر لەوەی كەئەوانە هەموو جۆرەكانی پەیوەندیكردن و بەستەنەوە بەتۆڕی ئینتەرنێت و توانای جێبەجێكردنی سەرجەم كارەكان دەستەبەردەكات و سەرجەمیان پارێزراون و هیچ بوارێكیان بۆ هاككردن و دەستوەردان نەهێشتووەتەوە، هیچی تری لەبارەوە نازانرێت، هەر بۆیە دەوترێت تەكنەلۆجیایەكە كە لەشوێنەكانی تر بوونی نییە، یان هێشتا بەكارنەهێندراوە.
ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە بواری فڕینی فڕۆكەكە دەگاتە نۆ هەزارو (260) كیلۆمەتر، واتە فڕۆكەكە دەتوانێت ئەو ماوەیە ببڕێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە نیشتنەوە یان پڕكردنەوەی سووتەمەنی هەبێت، كەدەكاتە زیاتر لەئەوەندە و نیوی ماوەی نێوان واشنتن و لەندەن.