نێچیرڤان بارزانی لەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان باسی لەوەكرد لەگەڵ سزادانی گیراوانی بادیناندا نەبووە

فاروق عەلی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری بۆ هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



 

سازدانی: ماردین نورەدین

ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان كە لەگەڵ سەرۆكی حزبەكەی بەشداریی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كرد، وردەكاری كۆبوونەوەكەو گفتوگۆكان بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات.

فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵ لەم چاوپێكەوتنەیدا ئاماژە بەوە دەدات كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سزادانی گیراوانی بادیناندا نەبووە بەو شێوەیەو لەبارەی مووچەشەوە نێیچیرڤان بارزانی ئەوەی باسكردووە كە بۆ دەستكاریكردنی لێبڕینی مووچە یان نەهێشتنی چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای بودجەو پلانی حكومەت دەكەین. هاوڵاتی: ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم چی بوو؟

فاروق عەلی: كۆبوونەوەكە لەسەر بانگهێشتی سەرۆكایەتی هەرێم بوو بۆ بەرپرسی یەكەمی حزب و لایەنەكان، كۆبوونەوەكە بۆ پرس و راوێژ بوو لەسەر بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئەو بارودۆخەی دۆخی كوردستانی تێدایە لەو پاشەكشە سیاسییەی كە لەبەرامبەر بەغدا سەنگ و قورسایی و پێگەی نەماوە، ئەو هۆكارانەی وای لێكردووە كە بەو شێوازە بێت سەنگ و قورسایی نەمێنێت، بێگومان ئەوەش بۆ كاریگەریی خراپ ئیدارەدانی ئەم هەرێمە دەگەڕێتەوە كە لەلایەن پارتی و یەكێتی ئیدارە دراوە  بەشێوازێكیش ئیدارەیان داوە كە سەنگ و قورسایی نەمێنێت.

 قسەكردن بوو لەسەر رێكکەوتننامەی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی حكومەتی ناوەندی و پشكی هەرێی كوردستان تێیداو چۆنیەتی پابەندبوونی كوردستان و بەغدا بەو رێكکەوتننامەیەوە، ئەم رێکكەوتننامەیە كاتێك سودی دەبێت كاتێك كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكی بەجێبهێڵێت، ئەو بڕینی مووچەو پاشەكەوتی مووچە چی تر كۆتایی پێبهێنرێت، كەمكردنەوەی باج و زەریبە بەناوی ئەو باج و زەریبەیەی كە لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت، لەخاوەن كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەرەكان وەردەگیرێت لەهەرێمی كوردستان، لەمەرزەكان كەلوپەل بەقاچاخ دەهێنرێت، خاوەن كارگەكان زەرەری لێدەكەن، دەبێت ئەمە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان چارەسەری بكەن، خاڵێكی دیكەش كە قسەو باسی لەسەركرا رۆژنامەنووسەكانی بادینان بوو كەهەموو لایەكی نیگەران كرد، بەشێوەیەكی نادادگەرانە دادگای كران، هیچ دادگاییەك نەبووە، هیچ دۆسیەیەك نەبووە لەیەك دانیشتن دادگای بكرێت و سزایان بدرێت، دۆسیە هەبووە چوار ساڵ و پێنج ساڵی خایاندووە ئەو دۆسیەیە چۆن لەحاڵەتێكی ئاواوە یەكسەر یەكلایی كراوەتەوە ئەگەر بابەتەكە سیاسی نەبێت و لایەنداری نەبێت.

هەروەها خاڵێكی دیكە كە قسەو باسی لەسەركرا رۆڵی خراپی سۆشیال میدیاو میدیاو میدیای سێبەرە، كە بەداخەوە بە پارەی زۆرو قووتی خەڵكی و هاووڵاتیان بەتایبەتی پارتە دەسەڵاتدارەكان لێشاوێكی زۆر لەمیدیایان خستۆتەگەڕ، میدیای سێبەریان خستۆتەگەڕ، كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاشتی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، داڕمانی ئەخلاقی، ئەمەش پێویستی بەچارەسەرە، ماقوول نیە ئەو هەموو خەرجییە لەسۆشیال میدیا سەرف دەكەن لەبەرامبەر یەكتردا، ئەم لایەنە سیاسییانە تا توانیان شەڕی یەكتریان كرد لەشاخ، شەڕی ناوخۆیان كرد نەیانتوانی یەكتر لەناوبەرن، ئێستا بەسوكایەتی و بێڕێزیی و جوێندان لەسۆشیال میدیا بەیەكتر دەتوانن چی چارەسەر بكەن.

هەروەها یەكێكی دیكە لەتەوەرە سەرەكییەكان بابەتی لابردنی پاشەكەوتی مووچەو كەمكردنەوەی مووچە بوو، ئامادەبووان داوایانكرد لەپێناو ئەوەی ئەم كۆبوونەوانە دەرەنجامیان هەبێت پێویستە لەسەر ئەرزی واقیع ئەم پێشنیارانە كاردانەوەیان هەبێت، خەڵك هەست بكات بەوەی كەكاریگەریی هەبووە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان، ئەگەر كاریگەرییان هەبوو دەكرێت ئەم كۆبوونەوانە بەگڕوتینێكی باشترەوە ئەنجامبدرێت،  ئەگەریش نا ئەوا مەحاڵە جارێكی كە كۆبوونەوە بكرێت لەسەر ئەرزی واقیع كاری لەسەر نەكرێت.

هاوكات خاڵێكی دیكە كەبابەتی هەڵبژاردنەكان بوو، پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و بەتایبەتی لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، ئەگەر كورد یەك نەبێت و هەماهەنگ و هاوكار نەبێت نەتوانێت پێكەوە هاوكارو هەماهەنگ و هاوپەیمان بن، ئەوە لەوانەیە كورد  بەتەواوەتی پێگەی خۆی لەكەركوك لەدەستبدات، لەكاتێكدا كە هەڵوەشانەوەو رێكنەكەوتنەكان هەمووی لەپێناوی كەركوكدا بووە، بەهۆی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی خەریكە كەركوكیش لەدەست دەچێت و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی هەمووی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندییەوە، ئەوەش وادەكات هەموو ئەو قوربانیانەی كەدراون لەماوەی ساڵەهای ساڵە بە زایە بچێت، بۆیە باشترە كەكێشە لاوەكییەكانی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان بخاتە لاوەو بیر لەچارەسەری كێشەكان بكاتەوە بۆ ئەوەی بە تەبایی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، بەتایبەتی لەو ناوچە جێناكۆكانە.

هاوڵاتی: رێككەوتن بەیەك لیستی هاوپەیمانی لەناوچە جێناكۆكەكان بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن یان تەنیا قسەتان لەبارەوە كرد؟

فاروق عەلی: لەو رووەوە پێشنیار كرا كەزۆربەی زۆری ئامادەبووان قسەیان لەسەر ئەوەش كرد كە بەپلانێكی تۆكمەوە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام جێهێڵدراوە بۆ مەڵبەندەكانی ئەو سنورە و بۆ كۆبوونەوە لاوەكییەكان، لەو كۆبوونەوەیە تەنها ئاماژەی پێكراو وەك پرسێكی گرنگ راگۆڕینەوەی لەسەركرا، هێشتا بڕیاری لێنەدراوە.

هاوڵاتی: بۆچی لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە هیچ راگەیەندراوێكی هاوبەشی لایەنەكان بڵاونەكرایەوە؟ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی نێوان لایەنەكان یاخود هۆكاری دیكەی هەیە؟

فاروق عەلی: كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بوو، كۆبوونەوەیەك نەبوو كەبڕیاری لەسەربدرێت، بێگومان ناتەباییەكانیش هەبوون، لەسەر ئەوە ناكۆك بووین ئاخۆ كە لەو گلەیی و گازندانەی كە لەشێوازی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان كراوە لەكۆبوونەوەكەدا ئەگەر لەبەیاننامەكەدا جەرد دەكرێت بڵاودەكرێتەوە، ئەگەر جەرد ناكرێت ئەوا بەپێویستی نازانین.

هاوڵاتی: هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سزادراوانی بادینان و پرسی مووچە چی بوو لەكۆبوونەوەكەدا وتی چی؟

فاروق عەلی: نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سزادراوانی بادینان باسی لەوەكرد كەئەویش لەگەڵ ئەو جۆرە سزادانەدا نەبووە كە بەیەك جەلسەی دادگا سزادراون و لەگەڵ ئەوەدا بووە كەكاتی زیاتریان پێبدرێت.

هەروەها لەبارەی مووچەوە مامۆستا عەلی باپیر باسی لەوەكرد كەچیتر ناكرێت خەڵك مووچەی لێببڕدرێت، ئەوە رێككەوتنی عێراق و هەرێم كراوە، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی باسكرد كەئەوان چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەكەن لەلایەنی حكومەتی عێراقەوەو دواتر سەیری پلانی حكومەتی هەرێم دەكەن كە لێبڕین كۆتایی پێبهێندرێت یان دەستكاری بكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار