راست نییە توركیا بنكەی سەربازیی لەنزیك شەنگال دروست بكات
قادر قاچاخ، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بۆ هاوڵاتی:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: عەمارعەزیز
بەرپرسی لقی 17ی پارتی شنگال كە ئێستا لەپارێزگای دهۆكن ئاماژە بەوە دەدەات كە :»راست نییە توركیا بنكەی سەربازیی لە شەنگال یان نزیك شەنگال دروست بكات».
قادر قاچاخ، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژە بەوە دەدات كە تاوانی حكومەتی عێراقە رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەركردنی شەنگال جێبەجێ ناكات.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەدات حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ هەموو شتێك دەڕبریوە لەپێناو جێبەجێ كردنی رێككەوتنەكە، »هۆكاری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە بۆ لاوازی حكومەتی عێراق دەگەڕێتەوە كەناتوانێت ئەم رێككەوتنە جێبەجێ بكات».
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی جەختی لەوەشكردەوە كە»لایەنێك ناڕەزایی خۆی دەربڕی یان لەدژی رێككەوتنەكە خۆپیشاندانیان كرد پێویستە ئەوكات هێز بەرامبەریان بەكاربهێنرێت و بەزەبری هێزو شەرڕ دەربكرێت لەسنوری شەنگال.
هاوڵاتی: درێژەكێشانی ئەم دۆخەی ئێستای شەنگال زیان بەكێ دەگەیەنێت؟ تاكەی كێشەكان هەر بەهەڵواسراوی دەمێننەوە؟
قادر قاجاخ: زیان بە رێككەوتنی بەغداو هەولێرو دەستورو تەواوی خەڵكی شەنگال دەگەیەنێت، بەداخەوە دوای نەمانی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و ئیدارەی شەرعی قەزاكە، هیچ خزمەتگوزاری بۆ شارەكە ناكرێت، جگە لەمەش قاچاغچیەتی لەسەر سنوری عێراق و سوریا دەكرێت كەهەندێك كەس لەناوەندی شنگال سوودمەندن، ئێستا لەسەدا 80%ی ئاوارە ئێزدییەكان لەهەرێمی كوردستانن و نایانەوێت بگەڕێنەوە، چونكە حەزناكەن بچنەوە ژێر ئاڵای حەشدی شەعبی و پەكەكە.
هاوڵاتی: بەرپرسانی ناوەندی شەنگال و ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات دەڵێن پەكەكە لە2018 لەشەنگال كشاونەتەوە ئێوە راتان چیە؟
قادر قاجاخ: پەكەكە نەگەڕاوەتەوەو هەر لەشەنگالدا ماوە، تەنها ناوەكەی خۆی گۆڕیوە، ئەگەر گەڕاونەتەوە بۆچی ئەو هێزانەی ئێستا كەناوی خۆیان كردوە بە یەبەشە یان ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات وێنەی ئاپۆیان لەژوورەكانی خۆیان هەڵواسیوە، ئەوانە هەموویان پەكەكەن، بۆچی ئەوان ناچنە چیای جودی و گاباری، بەڵام دێنە قەندیل و گارە و ناوچەكانی تر.
هاوڵاتی: ئەوانەی لەگەڵ یەبەشەدان ئێزیدین، ئایا دەكرێت ئێزیدی لەشەنگال دووربخرێتەوە؟
قادر قاچاغ: راستە ئەوانەی لەگەڵ یەبەشەن ئێزیدیان تێدایە، بەڵام هەموو ئەوانە چەكدارن و بە پارە كاریان لەگەڵدا دەكەن، ئێمە ناڵێن ئێزیدی دووربخرێتەوە لەشەنگال، بەڵكو باسی پەكەكە دەكەین كەناوی خۆیان گۆڕیوە بۆ یەبەشەو ئەوانە هەموو سەر بەپەكەكەن.
هاوڵاتی: ئێوە وەكو لقی پارتی كەی دەگەڕێنەوە شەنگال؟
قادر قاچاخ: هەركاتێك رێككەوتنەكە بەتەواوی جێبەجێ كراو چووە بواری جێبەجێكردن و شەرعیەت گەڕایەوە، ئەوكات دەگەڕێینەوە، من بەدووری دەبینم لەكاتێكی نزیك كێشەكانی شەنگال یەكلایی بكرێنەوە و چارەسەر بكرێن، تا حەشدی شەعبی لەسەر حكوم بێت و ماددەی 140 نەچێتە بواری جێبەجێكردن كێشەكان هەر بەم شێوەیە دەمێننەوە، كێشەی شەنگال بەستراوە بەكەركوك و مەخمورو شێخان و زۆر شوێنی تر».
هاوڵاتی: دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە باس لەوەدەكەن كەئیدارەی پارێزگای دهۆك رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات بۆ شەنگال؟
قادر قاچاخ: ئەم قسانە دوورە لەڕاستییەوە، هەركەسێك بەڵگەیەكی هەبێت لەسەر ئەم پرسە با بۆ ئێمەی بنێریت، بەڵام ئەمەی دەوترێت راست نیە، ئاوارەكان ئازادن بگەڕێنەوە یان بەپێچەوانە، خۆیان حەزناكەن بگەڕێنەوە، ماوەیەكە خەڵك لەشەنگالەوە دووبارە دەگەڕێتەوە دهۆك، ئەوەش بەهۆی كەمی خزمەتگوزاری و مامەڵەی خراپی پەكەكەو حەشدی شەعبی.
هاوڵاتی: چۆن بارودۆخی شەنگال ئاسایی دەكرێتەوە؟
قادر قاچاخ :چارەسەر ئەوەیە شاندێك دروستبكرێت لە یوئێن، حكومەتی بەغداو هەرێم و بەشێوەیەكی مەیدانی بچنە شەنگال و رێككەوتنی بەغداو هەولێر بەفیعلی جێبەجێبكەن، ئەوكات هەر لایەنێك ناڕەزایی خۆی دەربڕی یان لەدژی رێككەوتنەكە خۆپیشاندانیان كرد پێویستە ئەوكات هێز بەرامبەریان بەكاربهێنرێت و بەزەبری هێزو شەڕ دەربكرێت لەسنوری شەنگال.
هاوڵاتی:زۆر جار توركیا بۆردوومانی شەنگال دەكات ئێوە راتان چیە؟
قادر قاچاخ: شەنگال خاكی كوردستانە، ئێمە لەگەڵ ئەوەنین هیچ هێزو لایەنێك بۆردوومانی شەنگال بكات، بەڵام بەداخەوە پەكەكە بەخۆی بیانوو دەداتە توركیا تاوەكو شەنگال بۆردوومان بكرێت، پەكەكە پێی خۆشە توركیا بێتە شەنگال، بەڵام كورد نەگەڕێتەوە شەنگال، شوێنی ئەوان شەنگال نیە، لەجیاتی ئەوەی نەورۆز لەچیای گاباری و جودی بكەن دەڵێن ئێمە ئاگری نەورۆز لەقەندیل و چیای گارە دەكەینەوە، لەگەڵ ئەوەداین دەسەڵاتی شەرعی بگەڕێتەوە، دواتر خەڵكی شەنگال دەنگی بەكێ دا بائەو حوكم بكات، رای خەڵكی شەنگال بۆ ئێمە زۆر پیروزو گرنگە.
هاوڵاتی: پارتی هاوكاری دەگەیەنێتە ئاوارەكانی شەنگال؟
قادر قاچاغ: بەردەوام هاوكاری دەگەیەنینە ئاوارەكانی شەنگال ئەوانەشی كە لەسەر چیای شەنگالن، بەڵام هەندێ كات حەشدی شەعبی رێگری لەهاوكارییەكان دەكات لەگەڵ پەكەكە كە رێكخراوی بارزانی هاوكارییەكان بگەیەنێتە دەست ئاوارەكان.
هاوڵاتی: باس لەوە دەكرێت توركیا بەهاوكاری پارتی بنكەیەكی سەربازیی لەشەنگال یان نزیك شەنگال دروستدەكات؟
قادر قاچاغ: ئەو بابەتە راست نییەو توركیا بنكەی سەربازیی دروست ناكات لەو ناوچانە.