ابو شامات و ئێستای شار

ئاوات نامیق ئاغا

3 ساڵ لەمەوپێش



ئاوات نامیق ئاغا

سلێمانی. بەهاری ٢٠٢١

نازانم ساڵی ١٩٧٢ بوو یان ١٩٧٣ کەشارێکی یاری گەڕۆکی میسری بەناوی (ابو شامات)ەوە هاتنە سلێمانی و لەسەر بەشە خۆڵینەکەی یاریگای ئیدارەی محەلی (مەلعەبەکە) گرنەیان داکوتاو یاریەکانیان بڵاوکردەوە. لەوانە کورسی کورسی، ئۆتۆمبێلی پێکدا کێشان، دیلاب الهواء، ئەسپەکان، هەلیکۆپتەر.. .. تاد کە بۆ ئێمەی منداڵ تامێکی سەیری تێدا بوو، لەبەردەمیشەوە جێگەیەکی وەک حەوزێکی بەرزی قوچەکیی سەرەوخوار دروستکرابوو کە بەپلیکانەیەک بۆی سەرئەکەوتی و یەک دوو کەسی سەرکێش بەماتۆڕو ئۆتۆمبێلێکی بچووک بەناویدا ئەخولانەوە و ناویان نابوو، دیواری مردن (جدار الموت)، ئەمە جگە لەنیشان شکێنی، چەندین جۆری قومارو یانسیب تاد،  کەهات و هاواریان هەموو چوارباخیان بێزار کردبوو.

لەشوێنێکی چەپەکی ئەوسەری یاریگاکەش جێگەیەک بۆ سەماو بەزم تەرخان کرابوو، کە لەسەر سەکۆ تەختەبەندە پانەکەی بەردەمی چەند ئافرەتێک بەنەرمە خۆبادانەوە لەپاڵ کەسێکدا کە بەبڵندگۆیەک فەرمووی لەموشتەرییەکان ئەکرد خۆیان نمایش ئەکرد. گەرچی گوێمان لەدەنگی ئاهەنگ و بانگەشەیان بوو، بەڵام خێزان و ئێمەی منداڵ بۆمان نەبوو توخنی ئەو بەشە بکەوین و تەواو نەمان ئەزانی چی باسە، کەچی بەشێک لەوانەی هەراش بوون خۆیان ئەگەیاندنێ و ئەشیانووت شتی تریشی تێدا ئەکرا!

بەرنامەکانی ئەم شارە لەئێوارانێکی زووەوە دەستی پێئەکرد و تا نیوەشەوانێکی درەنگ بەردەوام ئەبوو و رۆژانە خەڵکانێکی زۆری شارو دەوروبەری تێێ ئەڕژان. دیارە زۆرێکیش هەبوون لەودیو شیشەکانەوە ئەوەستان یاخود لەسەر دیوارەکان دائەنیشتن و زەقەی چاویان ئەهات و لەفرسەتێک ئەگەڕان بە شیشەکاندا سەرکەون یان لەدیوارەکانەوە خۆشۆڕ بکەنە خوارەوە چونکە چوونە ژوورەوە بەپارە بوو.

من جارێک وەزعەکەم بینیبوو، چونکە لەسەرشەقامەوە هەنگاوێک بوو، بۆیە چوومە بنکڵیشەی ئامۆزاکانمەوە کە پێکەوە بچینەوە، بەو بۆنەیەوە چەند رۆژێک بوو لای ئەوان لەدارۆغا دامکوتابوو بەو هیوایەی مامم ئێوارەی هەینی بمانباتە ئەوێکانی. ئیتر ئەو رۆژە هات و بەخێزانی خۆمان پێدا کرد. دیواری مردنمان بەسەر کردەوە، گەرچی من نەمئەیوسیت بیبینمەوە چونکە پێشتر فریشکم لێی چوو بوو، بەڵام ئاشقی ئۆتۆمبێلەکان بوو بووم و چەند بارەمان کردنەوە. دوای ئەوێ لە هەلور بلوری ئەوەدا بووین سواری کورسی کورسییەکە ببین یان نا، کە غەڵبەغەڵبێکی زۆر پەیدا بوو، هوروژمی خەڵکی شار دەرگاکانیان لە گرێژنە دەر‌‌هێنا و هاتن بەمدیودا و تەخت و تاراجی ابو شاماتیان تێک و پێک دا، ئیتر هەر زەلام بوو بەدارو تێڵاو لیسەوە هەرچییان ئەکەوتە بەر دەست ئەچوونە وێزەی و بیرازیان ئەکردن. بەو جۆرە و بەشێکی زۆری کارمەندەکانیان دارکاری کردو بوو بەو کاتەی قەرەوەیسی تێدا کوژرا.  گوێم لێبوو خەڵکانێک بەدەم جنێودانەوە هاواریان ئەکرد 'ئەمە شاری کاک ئەحمەدی شێخە، چۆن ئەهێلین بیکەنە بە..... خانە؟'، لەگەڵیشدا تاڵانی دەستیپێکرد، کارەبا کوژایەوە و بوو بەتەقەو رەقەیەکی زۆر. بیرمە وتیان کەسێک لەکورسی کورسیەکە کەتبووە خوارەوە و قاچی شکابوو * . ئێمە ئەوەندەی پێمان کرا رامانکردە ناو چیمەنی یاریگاکەوەو لەدەرگای ئەو سەرەوە دەرباز بووین. بۆ بەیانی (ابو شامات) کەوتە خۆی، بارگەو بارخانەی پێچایەوەو لەسلێمانی ئاوابوو.

من ئەم پێشەکییەم بۆ ئەوەبوو کە بڵێم ئەوسای سلێمانی بەو جۆرە بوو، گەرچی من هەرگیز لەگەڵ توندوتیژیدا  نیم و نەبووم بەڵام کە ئێستا بیری لێ ئەکەمەوە تێ ئەگەم ئەو کات سەرەڕای لایەنە نەرێنیەکانی پەلامارەکە ئەو هەڵوێستە وەڵامدانەوەیەکی خۆڕسکی جەماوەری گرنگ بوو بۆ ئەو هەوڵە نەزۆکانەی خەریک بوون بنکۆڵیان ئەکردین و گەنجەکانمانیان بەلاڕێدا ئەبرد.

راستە هەر لەدێر زەمانەوە ناجۆری و کاری سێکسکردنی ژێر بەژێر لەهەموو لایەک هەبووە و هیچ  گەل و کۆمەڵگایەک بێبەش نەبووە لێی، بەڵام ئەمە هەرگیز بەزەقی نەکراوە و کاری نەکردۆتە سەر پێشێلکردنی ئازادی ئەوانەی دی و رەوشت و ئاکاری گشتی ( الاخلاق والاداب العامة) هەمیشە پارێزراو بوون. مەخابن ئەمەی ئێستا بەئاشکرا ئەگوزەرێ مایەی ترس و هەڵوێستە لەئاستدا کردنە، چونکە نابێ و ناشێ ئەم شارە پاکژە دوای ئەو هەموو خەباتە سەخت و قوربانیدانە بێشومارەی رۆڵەکانی بکرێتە جێگەی بێڕەوشتی و خۆ خاڵیکردنەوەی سێکسی هەموو ناوچەکە.

ماوەی چەند ساڵێکە دوای ئەو هەموو ئاوارە بوونە گەڕاومەتەوە وڵات، جارێک بەیادی جارانەوە بەناو باخی گشتییدا تێپەڕیم و ئەو کاتانەم ئەهێنایەوە بەرچاو کە بەڕۆژ لەکتێبخانەی گشتی کۆششی بەکالۆریامان ئەکردو ئێوارانیش لەوێ تا نیوەشەوانێکی درەنگ لەبەر گڵۆپەکانیدا کلیممان لێ دائەخست و چەند قۆڵی تا ١٢ ی نیوەشەو بەدەم قسەی خۆش و پێکەنینەوە کۆششمان ئەکرد، تا ئەو کاتەی پاسەوانەکە ئەهات و ئەیووت' بڕۆن و شەبەقی ٤ ئاچووغە وەرنەوە!'. لەم بیرکردنەوانەدا بووم  کە لەپڕ گەیشتمە گۆشەیەک و تەواو داچڵەکیم!

ئیتر باسی سەرچناری دڵگیرو باخی لوبنان واز لێ دێنم کە تاچەند ساڵێکیش دوای راپەڕینی مارتی ١٩٩١  گەورەو بچووکی ئەم شارە روویان تێ ئەکرد و بێ هیچ گێرەو کێشەیەک تێیدا ئەحەوانەوە، کەچی ئێستا لەخەڵکی سلێمانی حەرام بووە و تەنانەت بە بەردەمیشدا پێدا رۆیشتنی بۆتە جۆرێک لەپەشیمانی و شەرمەزاریی.

من ئەزانم شارەکەمان گەورە بووە و بۆتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ژیانی شەوانە تێیدا پەرەی سەندووە، هەمانکات تەکنەلۆجیا هەموو کایەکانی گۆڕیوەو زۆرینەی پێوانە دێرینەکان گۆڕراون. دیسانەوە کە لەدەری وڵاتیش بووم، لەخوێندن و ئیشکردنیشدا خەڵکانی زۆرم بینیوە کەهاوڕەگەزخواز بوون بێ هیچ گرفتێک پێکەوە هەڵمان کردووە و هاوڕێم بوون، بۆیە بەدڵنیایی سەنگەر لەهیچ دەستە و توێژێک ناگرم.

دیارە هەموو کەس ئازادە لە هەڵبژاردنی ژیانی خۆی و بەتەواویش لەو باوەڕەدام کە هەموو تاکێک لەهەر پێگەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێ، نرخ و رۆمەتی خۆی هەیە، بەڵام گەر سێکسکردن ببێتە ئەوەی لەسەر شەقامەکان بازرگانی پێوە بکرێ، ئەوە مەسەلەیەکی ترەو وەک چۆن لەزۆرینەی وڵاتان و کلتورەکاندا بێزراوە و قەدەغەیە، ئەوا منیش وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە بەهەموو توانامەوە دژی ئەوەستمەوە. 

لێرەوە ئەم هەوڵەی هێزە هاوبەشەکانی سلێمانی، بۆ راگرتنی ئەم دیاردە نامۆو قێزەونانەی کە بە زۆری زۆردارەکی خەریکە بینەقاقای سلێمانی پێ ئەگرن لەجێگەی خۆیدایە، بەڵام خۆزگە سارد نەئەبوونەوەو هەر تەنها یەک لایەنیشی نەئەگرتەوە و هەموو دیاردە دزێوەکانی تریش بەتەواوی بنەبڕ ئەکران. گەرچی وا پێویست بوو سەرەتا ئاگادارییەک دەربکرێ و ئاماژە بەوە بکرێ کەهەنگاوەکان چۆن ئەبن تاکو کەرامەت و رۆمەتی هیچ تاکێک نەڕوشێت، سەر بەهەر گروپ و دەستەیەکیش بن. با ئێمە گەر ناتوانین رەوشت بسەپێنین و خەڵکی بێنینە سەر رێگەی راست، هیچ نەبێ رێگەخۆشکەر نەبین بۆ لە شیرازە دەرچوونی. خۆ گەر هەر وڵات و دامەزراو کەسسێکیش گلەییمان لێ ئەکەن، پێویستە وەڵامەکەمان ئەوەبێ کە ئەمە کێشەیەکی ناوخۆییە و ئێمە بە ئاگادارییەوە پارێزگاری لەدابونەریت و رەوشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاو گەلەکەی خۆمان ئەکەین و نابێ ئەوان لەوە تێنەگەن، ئەو دوو مەسەلەیە لەیەکدی جوێ نەکەنەوە و رێگریمان لێبکەن!

 

*ئەو کەسەی لەکورسی کورسییەکە کەوتە خوارەوە خەڵکی سەرشەقام بوو ناوی کاک (ئەحمەد کۆسمۆپۆلیت) بوو. ئەیانووت دواتر سەرزەنشتی خۆی کردووە و بەجنێو پێدان بەخۆی وتوویەتی 'ئاخر...... ژانت کردبوو، مردووت مرێ تۆ منداڵی سواری کورسی کورسی ئەبیت؟ دەبخۆ دەی!' (ئەم زانیاریەم سەبارەت بە کاک ئەحمەد لەئەندازیار کاک نەورۆز حمەسەعید ئاغاوە وەرگرتووە)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار