فشارەكان گەیشتووەتە ئێسقانمان...

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ هاوڵاتی: ئەگەری كشانەوەمان لەحكومەتی هەرێمدا هەیە

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، پارتی تۆمەتبار دەكات كە پابەند نەبووە بە رێكکەوتنەكەیان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا و دەشڵێت:» فشارەكان گەیشتووەتە ئێسقانمان لەحكومەتی هەرێمدا... ئەگەری كشانەوەمان هەیە».

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» هەموو یەكێتی یەك هەڵوێستی هەیە لەبارەی حكومەتی هەرێمەوە، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێت، یەكێتی قایل نییە بەم حكومەتەو ئەگەری كشانەوەمان دەبێت».

هاوڵاتی: دوای رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و عێراق دەوترێت فشارێك لەلایەن یەكێتییەوە هەیە بۆ كۆتایهێنان بەلێبڕینی موچەو باشكردنی دۆخی هاووڵاتیان؟

ئارێز عەبدوڵا: یەكێتی گەیشتووەتە ئێسقانی لەوەی كەپارتی هەوڵی چارەسەركردنی  كێشە ئابووری و سیاسییەكان نادات، بەجێبەجێكردنی بەرنامەی كابینەی نۆیەم پابەند نابێت بەو رێككەوتنانەش پابەند نابێت كە لەنێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامدراوە، بۆیە لەناو یەكێتی فشارێكی زۆر زۆر هەیە كە یەكێتی هەڵوێستی هەبێت.

ناكرێت سیاسەتی حكومەت و پەیوەندیە دبلۆماسییەكانی حكومەتی هەرێم تەنها لەخزمەتی كاری حزبێك بێت، لەبەرنامەی حكومەت هاتووەو لە رێكکەوتنی ئێمەو پارتیدا هەیە كە پێویستە سیستمی (ناناوەندێتی) لامەركەزی جێبەجێ بكرێت پارتی دەستی بەدەستی پێ دەکات و نایەتە ژێربار.

تائێستاشی لەگەڵدا بێت دامودەزگاكانی حكومەت لەهەولێرو دهۆك بەشێوەیەك بەڕێوە دەبرێت كەفشار لەئەندامانی یەكێتی و كادرانی یەكێتی دەكرێت ناچار بەوازهێنان دەكرێن و دەستگیر دەكرێن و ئیهانە دەكرێن و كاریان ناڕوات، ئەو شتانە هەمووی هەیە.

هاوڵاتی: باس لەوە دەكرێت لەكۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بافڵ تاڵەبانی بەتوندی قسەی كردووە لەسەر حكومەت و بەڕێوەبردن؟زانیاریتان هەیە؟

ئارێز عەبدوڵا: ئاگادارم لەو كۆبوونەوەیەی لایەنەكان كەهاوسەرۆكی یەكێتی تێیدا بەشداربووە، یەكێتی ئامادەنەبووە بەیاننامەیەك بەناوی حزبە كوردستانییەكانەوە دەربكرێت و یەكێتی ئامادە نەبووە واژۆی بكات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بەیاننامەی حزبە هاوبەشەكان دەرنەكراوە.

هاوڵاتی: باشە كەدەڵێن ئازارو فشارەكە گەیشتووەتە ئێسقانتان مەبەستتان لەچییە؟

ئارێز عەبدوڵا: دەبێت پارتی لەگەڵ هاوبەشەكانیدا لەحكومەتی هەرێم گفتوگۆ بكات و بەرنامەی حكومەت جێبەجێ بكات لەگەڵ رێككەوتنەكاندا، دەبێت سیستمی ناناوەندێتی جێبەجێ بكات، دەبێت پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم ئاشكرا بن و پەیوەندییە حزبی و حكومییەكان لێك جیابكرێتەوە.

هاوڵاتی: ئەوە نزیكەی دوو ساڵە كابینەی نۆیەم بەردەوامەو یەكێتی هەر ئەو قسانە دەكات، ئەگەری كشانەوەتان لەم كابینەیەدا هەیە ئەگەر پارتی پابەندنەبێت بە رێككەوتنەكان و بەرنامەی حكومەت؟

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە بەپێی رێككەوتن بەشدارین لەحكومەت، كاتێك دەبینین ئەو رێكکەوتنە جێبەجێ ناكرێت، دڵنیاین كەحكومەت هەنگاو نانێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانە داراییەكان، ئەوكاتە بێگومان مادام پێی قایل نییە هەڵوێستی دەبێت، هەڵوێستی یەكێتی یەكێك لەئەگەرەكان ئەوەیە لەحكومەت بكشێتەوە.

هاوڵاتی: هەڵوێستی ئەگەری كشانەوە لەحكومەت هەڵوێستی هاوسەرۆكان و قوباد تاڵەبانییە؟

ئارێز عەبدوڵا: هەموو یەكێتی یەك دەنگە و پێمانوایە تا دواسات هەوڵبدرێت كێشەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەگەر پارتی ئامادەنەبێت كێشەكان چارەسەر بكات ئەگەری كشانەوەمان دەبێت و لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، چونكە ئەگەر حكومەت كێشەكان چارەسەر نەكات مانەوەمان لەو حكومەتەدا هیچ سوودی نابێت.

هاوڵاتی: پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا دەڵێن ئەو پارەیەی كەدێت بەشی موچە دەكات، ئەگەر بەلێبڕینەوە دابەش بكرێت هەڵوێستان دەبێت؟

ئارێز عەبدوڵا: ئەو رێككەوتنەی نێوان هەرێم و عێراق نەك تەنها لەڕووی داراییەوە بەڵكو لەڕووی سیاسییەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر زۆر گرنگ بووە، با ئەوەش بزانین لایەنە شیعییەكان خۆیان زۆر باش بۆ ئامادە كردبوو، بۆیە هەوڵەكانی وەفدی هەرێم جێی بایەخبوون.

ئەگەر بزانین ئەو بودجەیەی كەدێت بەشی موچەی تەواو دەكات پێویستە لێبڕینی موچە نەمێنێت، واتا یەكێتی لەگەڵ ئەوەدایە لێبڕینی موچە نەمێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار