ئەگەر بەغدا رەزامەندی لەسەر بەهەرێمكردنەكە دەرنەبڕیت لەدادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماردەكەین

كاروان مەحمود، ئەندامی دەستەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ هاوڵاتی:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتی

ئەندامێكی تیمی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت راستە دەستەكەیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام سێ كەس ماونەتەوە بۆ بەدواداچوونی ئەو (150) هەزار واژۆیەی كە گەیاندوویانەتە بەغدا بۆ بڕیاردان لەسەری.

كاروان مەحمود حاجی ئەندامی دەستەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە پرۆژەكەیان بۆ بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ خزمەتكردنی ناوچەكەیە.

هاوڵاتی: بۆچی ئەنجومەنی بەهەرێمكردنی سلێمانی هەڵوەشایەوە؟

كاروان مەحمود: ئێمە سەرەتا ئەو دەستەیەمان دروستكرد وتوومانە بۆ مەبەستێكی دیاریكراوە، كۆمەڵێك خەڵكی بێلایەنین، بۆ بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانیە، لەگەڵ تەواوبوونی كارەكانیدا  دەستەكە هەڵدەوەشێتەوە، تەنیا دوو سێ كەس دەمێنێتەوە،  كە من و كاك عەبدولرەزاق و كاك بەیار عومەرە، كە چاودێریی ئیشوكارەكانی دەكەین، بەڵام وەك دەستە بەو فراوانیە ئەم ئیشە تەواو بوو هەڵیدەوەشێنینەوە لەگەڵ پارێزەرەكەمان قسەمان كردووە تاكارەكانی خۆی لەبەغدا ئەنجامبدات كە واژۆ كۆكراوەتەوەو تەسلیمی كۆمسیۆنی باڵا لەبەغدا كراوە.

هاوڵاتی: پرسی بەهەرێمكردن تەنها لەڕێگای كۆكردنەوەی واژۆكردن ئەنجامتانداوە؟

كاروان مەحمود: بەدوو رێگا دەكرێت ئەم كارە، یەكێكیان  لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوەو رێگایەكیان لەلایەن ئیمزاكردنی خەڵكەوە، ئێمە لەسەدا دووی ئیمزامان دەوێت، كە دەنگدەرەكانی كوردستان (30) بۆ (35) هەزارە، ئێمە لەسەدا  (10)مان كۆكردۆتەوە، چوار ئەوەندەمان كۆكردۆتەوە، كە زانیاری تەواوی ئەو كەسەی تیدایە كەئیمزای كردووە كە ژمارەیان نزیكەی (150) هەزار كەسەو تەواوی زانیارییەكانی لەگەڵدایە.

هاوڵاتی: كۆمسیۆن وەڵامی چی بووە؟

كاروان مەحمود: ئەوان هیچ كێشەیان نیەو بیروڕایان وایە كە ئەوان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەن و دەبێت ئەوان بڕیاری لەسەربدەن، واتە بچێتە لای كازمی و ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.

هاوڵاتی: دەوترێت بۆیە دەستەكە هەڵوەشاوەتەوە چونكە رێككەوتن لەنێوان هەرێم و عێراق كرا لەسەر یاسای بودجە ئیشەكەی ئێوەش تەنیا بۆ فشاركردن بووە؟

كاروان مەحمود: ئەوە بنەمای نیە و دورە لەڕاستیەوەو  ئێمە سی چوار رۆژ پێش ئەوە رامانگەیاند كە لەفڵان رۆژدا نەتیجەكە رادەگەیەنین، ئەسڵەن بودجە هەر لەكێشەدا بوو،  پێشبینیش نەدەكرا كە پەسەند بكرێت، بە رێكەوتێكی سەیر كەوتە ئەو رۆژەوە، هیچ لایەنێك پشتگیری ناكات، گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەوە ئێمە مۆڵەتی دەستەكەیان نەداینێ، مۆڵەتی  ئیشوكاریشیان نەداینێ و زیاتر لەحەوت جار تیمەكانمان گیراون، ئەگەر لایەنێك پشتگیری ئێمەی بكردایەو بەحوڕییەت كارمان بكردایە سەرەو (200) هەزار ئیمزامان كۆدەكردەوە، لەهەموو ناوچەكاندا تیمەكانمان گیراون.

هاوڵاتی: بەرپرسانی پارتی زۆر باسیان لەوە كردووە كە ئەم گروپە بۆ لایەنێكی سیاسی كاردەكەن؟

كاروان مەحمود: ئەوان بە چ دیكۆمێنتێك بیسەلمێنن سەر بەئەوەن ئەوە بێمنەت بن، ئێمە بێمنەتیان دەكەین، بەڵام ئەم شتە سیاسییە لەناو ئێمەدا باوە، گرفتێك هەیە كە ئیشەكەی ئێمە لەگەڵ لامەركەزی تێكەڵ بووە،  كە یەكێتی  جار جار لامەركەزی گەرم دەكاتەوەو سارد دەبێتەوە، كەگەرمی دەكاتەوە بۆ پارتییە بۆ بەدەستهێنانی كۆمەڵێك پۆست، بۆیە لامەركەزیەت بۆتە كارتێكی سووتاو، بۆیە بەپێچەوانەوە  یەكێتی حەزی لە لامەركەزیەتە و ئێمە پێمانوایە سووتاوەو هیچ كەس لەسەرانی هیچ حزبێك پشتگیری نەكردووین، بەڵام وەك كەسایەتی ناو حزبەكان و ئەندامی بچووكی ناو حزبەكان زۆرینەی پێی خۆشە و بەشێكیان  ئیمزای كردووە.

هاوڵاتی: ئایا ئەندام و كادری پارتی هەبووە واژۆی بۆ كردبێتن بۆ بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە؟

كاروان مەحمود: خەڵكی ناو پارتی هەبووە ئیمزای كردووەو  خەڵكی باشیش هەیەو دەڵێت من خێرو خۆشی سلێمانم دەوێت و پشتگیری دەكەم، بەداخەوە یەكێتی و پارتی بەردەوام ئەوە دەكەن،  بەردەوام بۆ مردنی ئەم جووڵە زیندووانەیە كە لەسلێمانیدا هەیە، بۆ ئەوەی بیمرێنن ئەیدەنە پاڵ حزبێك، بۆیە ئێمە لەپاڵ حزبێكدا بووینایە سەروو (300) هەزار ئیمزامان كۆدەكردەوە.

هاوڵاتی: ئەگەر لامەركەزی بەكرداری جیبەجێ بكرێت پێتوایە  داهات و سەرچاوە داراییەكان لەهەرێمی سلیمانیدا بەفعلی بەرجەستە دەبێت؟

كاروان محمود: ئەگەر لامەركەزی ئیداری و دارایی بێت، كە من پێم خراپ نیە، وەك دەستە پێمانوایە پرۆژەی بەدیل بۆ ئەم ناوچەیە پرۆژەی بەهەرێمبوونە، چونكە بمانەوێت و نەمانەوێت لامەركەزییەكە لەلایەن پەرلەمانەوە دەكرێت و پەرلەمانیش زۆرترینی پارتی و حزبە دەسەڵاتدارەكانن، بۆیە ئەمە دووبارە دەكەوێتەوە ململانێ، بەڵام بەهەرێمبوون دووبارە بڕیارێكە، بەدەنگی خەڵك دەكرێت، بۆیە هیچ هیزێك نیە بتوانێت بەرامبەری بوەستێتەوە، دەبێت بەهەرێمێكی سەربەخۆ، دەتوانین دەستور بنووسینەوە، دەستور زامنی هەموو ئەم شتانەیە، كوردستان (30) ساڵە حوكم دەكات نەتوانراوە كە دەستورێك بنووسرێتەوە كەئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین.

هاوڵاتی: كەواتە كارەكانی ئێوە تەنها لایەنی یاسای ماوە تاحكومەتەكەی كازمی وەڵامتان بدەنەوە؟

كاروان مەحمود: ئێمە تیمی پارێزەرانمان بۆ دیاریكردووە، بۆیە كارەكە بووەتە كارێكی یاسایی و لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوەیە، بۆیە ئەو تیمە خەریكی ئیجرائاتەكانن تاوەڵام وەربگرینەوە، ئەگەر وەڵامەكان نەرێنی بێت ئەوا سكاڵا لەدادگای فیدراڵی تۆمار دەكەین، چونكە ئەو كارەی كردوومانە بۆ خزمەتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە تادۆخی دارایی و سیاسی و كارگێڕی باش بكرێت، داهاتەكان بۆ خزمەت و ئاوەدانی و بووژاندنەوەی ناوچەكە خەرجبكرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار