لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا هەرێم دەبێتە ناوچەیەكی گەشتیاری گەشەسەندوی شارستانی

ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشوتوگوزار بۆ هاوڵاتی:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم دەڵێت:» لەماوەی (10) ساڵی داهاتوودا هەرێمی كوردستان دەتوانێت ببێتە ناوچەیەكی گەشتیاری گەشەسەندووی شارستانی كەگەشتیار لەسەر ئاستی وڵاتانی دونیا سەردانی بكەن و شوێنە شاراوە و نەبینراوەكان ببینن».

ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»دەبێت دەستەی گشتی گەشتوگوزار یاسایەكی تایبەت بەخۆی هەبێت كە بەداخەوە تائێستا یاسای نیەو تەنیا بەستراوەتەوە لەچوارچێوەی یاسای شارەوانی و گەشتوگوزار «.

هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كەدەبێت میزانیەی تایبەتی هەبێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی یەكەم ژێرخانی ئابوری گەشوگوزاری پێشبخەن و دواتر ببێت بەبەشێك لەسەرچاوەكانی داهات و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی بازاڕ.

هاوڵاتی: پلانی ئێوە چییە وەك دەستەی گەشتوگوزار بۆ گەشەسەندنی كەرتی گەشتیاری؟

ئەمەل جەلال: ئێمە لەسەر جۆرەكانی گەشتوگوزار بەگشتی كاردەكەین، بەڵام قۆناغبەندی دەكەین، قۆناغی یەكەم و ئەولەویەت بدەین بەئەوانەی زۆر بەرچاون، وەك شوێنەوارەكان ژمارەیەكی زۆرمان هەیەو شوێنەواری دێرینن و مێژوو شارستانیەتیەكی قوڵی هەیە، بۆیە لەئەمانەوە دەستپێدەكەین و تەنیا لەڕووی نۆژەنكردنەوەو گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانەوەو دابینكردنی پێداویستییەكانی گەشتیارو بەو رێگەیە دەتوانین گەشتوگوزار بخەینەسەر نەخشەڕێگای گەشتوگوزار، بەشێكی تر زۆر شوێنی ئاینیمان هەیە بۆ هەموو ئاینە جیاوازەكانی ناو هەرێم، بۆیە وەك شوێنەوارە مێژوییەكان دەبێت بۆ پێگە ئاینیەكانیش ئەو خزمەتگوزارییانە دابین بكەین، بەشی سێیەم دەمانەوێت گۆڕانكاری لەشێوازی گەشتوگوزاری بكەین ئەو گروپە گەشتیاریانەی لەسەر شتە سەركێشییەكان كاردەكەن پەرەی پێبدەین، چونكە یەكێكە لەو پلانانەی دەتوانی سەرنجی گەشتیاری بیانی پێ رابكێشین، گەشتیارە چارەسەرییەكان وەك ئاوی گەڕاوو زۆر شوێنی تر كە لەڕووی ناساندنی بەگروپە گەشتیارەكان و  جینۆسایدەكان و زوڵمەكانی كە لەخەڵك كراوە وەك مۆزەخانەكان و مۆنۆمێنتەكان، ئەوانە بكەینە گەشتوگوزاری رەش بۆ ناساندنی شوناسی ئەم نەتەوەیە.

 پلانێكی ترمان كار لەسەر دەرچووانی بەشەكانی گەشتوگوزار بكەین، تا ببێتە هەلێكی كار بۆیان و بیانكەینە رێبەری گەشتیاری، لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەكان كار دەكەین هەریەكەیان لەبواری خۆیدا بەتایبەت وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی دەرچووەكان لەئاستی ئەو پێداویستیەدا بن كە قۆناغەكە دەیخوازێت، گەشتوگوزاری پزیشكی دەمانەوێت نەخۆشخانەكان بخەینە سەر ئاستێكی نیودەوڵەتی بۆئەوەی نەخۆش لەهەموو وڵاتێكەوە سەردانی بكات، دروستكردنی ئەپڵیكەیشنێك بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەسەر شوێنە گەشتیارەكان، لەهەمووی گرنگتر پێویستمان بەماركێتین هەیە بۆ هەموو ئەو پلانانەی كە باسمان كرد.

هاوڵاتی: كەی دەتوانن بەكرداری كار لەسەر ئەم پلانانە بكەن؟

ئەمەل جەلال: هەموو ئەمانە كاتێك دەتوانین بچینە پێشەوە كەدەستەی گشتی گەشتوگوزار یاسایەكی تایبەت بەخۆی هەبێت كە بەداخەوە تائێستا یاسای نیەو تەنیا بەستراوەتەوە لەچوارچێوەی یاسای شارەوانی و گەشتوگوزار، بەشێكی دیكەی ئەوەیە كە دەبێت سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەرپرسیارێتی لەپەرەپێدانی گەشتوگوزار بگرنەئەستۆ وەك چۆن لەكابینەی نۆیەم باس لەبواری گەشوگوزاری كرا، بەڵام دەبێت میزانیەی تایبەتی هەبێت بۆئەوەی لەقۆناغی یەكەم ژێرخانی ئابوری گەشوگوزاری پێشبخەین و دواتر ببێت بەبەشێك لەسەرچاوەكانی داهات و پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی بازاڕ ، دەستەی گشتی گەشوگوزار ستراتیژێكی ئامادە كردووە، كەبنەمای تایبەتی دیاریكردووە، بەڵام من وەك خۆشم بەم پێنج مانگەی كە دەستبەكاربووم ئەمانە بەئەولەویەتی كارەكانم دەزانم و لەسەر هەر یەكەیان بەرنامەو پلان و تیمی تایبەتمان دەستنیشان كردووە بۆئەوەی بتوانین هەنگاوەكانمان بەرەو هەنگاوی كرداری بڕوات.

هاوڵاتی: پڕۆژەی شاری گەشتیاری دوكان كە لەلایەن فاروقی مەلا مستەفاوە بڕیاربوو جێبەجێبكرێت بەكوێ گەیشتووە؟

ئەمەل جەلال: پرۆژەكە هاوبەشە لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت، بەسوپاسەوە دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵمانن و لەئێستادا هەنگاوە كرداریەكانی دەستیپێكردووە، لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی وەزیران كە كاك قوباد خۆی سەرپەرشتی دەكات، لەڕووی یاساییەوە كۆمپانیاكەی بۆ دادەمەزرێنن و ئێستا ئامادەیی هەیە بۆ دەستپێكردن و چاوەرێی تەواوبوونی رێكارە یاساییەكانین و دواتر دەست بەڕێكارە كرداریەكانی دەكرێت كە ئومێد دەكرێت لەماوەیەكی زوودا دەستپێبكرێت.

هاوڵاتی: هاتنی كۆرۆنا لەزۆربەی وڵاتانی جیهان كەرتی گەشتیاری پەكخستووە، ئایا هەرێمی كوردستان زیانێكی زۆری بەركەوتووە؟

ئەمەل جەلال: لەڕووی رێژەییەوە دەستنیشان ناكرێت، بەڵام دڵنیام زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە، چونكە كاتێك گەشتیارێك سەردانی وڵاتێك دەكات هەموو شێوازەكانی ژیانكردن بەكاردەهێنێت وەك هاتوچۆو خواردن و حەوانەوەو سەردانیكردنی شوێنەكان و بازاڕكردن و هەموو ئەمانە وایكردووە بەهۆی كۆرۆناوە هەموو كەرتەكان تووشی وەستانێك یان داڕمانێكی گەورەبوون، بەتایبەت لە 2020دا، بۆیە هەموو رێكارە خۆپارێزییەكان وایكرد زیانی زۆر بەكەرتی گەشتوگوزار و كەرتی تایبەت بگەیەنێت، بەڵام ئەمە تەنیا نابێت وەك لایەنی ماددی سەیر بكرێت، چونكە بابەتی گەشتوگوزار تەنیا لایەنی ماددی نیە، بەڵكو لایەنی كلتوری و نیشتیمانی هەیە، كاتێك گەشتیارێك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و بەكلتورو مێژووەكەی ئاشنادەبێت فیدباكێكی زۆر دەباتەوە بۆ میللەتەكەی خۆی، لەسەر فەرهەنگ و شوێنەوارو ئاین و پێگەكانی، بۆیە فیدباكی  گەشتیار لەڕووی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە دەبنە سوود بۆ كوردستان كەدووبارە دەبێتە بەستنەوەی كوردستان و كورد بەجیهان.

هاوڵاتی: خزمەتگوزاری شوێنەوارە گەشتیارەكان لەئاستێكی زۆر لاوازدان، بۆچی ئێوە شێك ناكەن تا ئەو لایەن و كەسانەی ئەو شوێنانە بەڕێوەدەبەن مەرجیان بۆ دابنرێت تا خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش هاووڵاتیان بكەن؟

ئەمەل جەلال: ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكین لەڕووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و پێداویستییەكانی ژنان و بەساڵاچووان و گەشتیاران، هەموو هەوڵەكانمان ئەوەیە بەرەو ئاستێكی باشتری ببەین، بەڵام ئەم بابەتە تەنیا بەلایەنێك ناكرێت، واتە ناتوانرێت بەرپرسیارێتی تەواو لەئەستۆ بگرین، دەبێت هاووڵاتیان ئەو هەستە نیشتیمانی و تەندروستییەی هەبێت كاتێك دەچێتە شوێنە گەشتیارەكان كەرەستەكان نەشكێنێت و بە پاكی رایانبگرێت و ژینگە بپارێزبێت و سروشتی ئەو شوێنە نەشێوێنێت، بۆیە زۆرجار پێداویستییەكانیش هەیە، بەڵام هاووڵاتیان پەیوەست نابن، بۆیە زۆر پێویستمان بەهەڵمەتی هۆشیاركردنەوە هەیە، تا بەهەردوو لایەن بتوانین ئاستی خزمەتگوزارییەكان باشتربكەین.

هاوڵاتی: پێشتر لەگەڵ شێخ نەهرۆ دانیشتبوون باستان لەپڕۆژەیەك كردبوو كە دروستكردنی ناوچەیەكی گەشتیاری بوو بۆ شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی؟

ئەمەل جەلال: ئەم پرۆژەیە تەنیا بۆ ئاین و ئاینزایەك نیە بەتەنیا، چونكە ئێمە كۆمەڵێك تەكیەو شوێنەواری ئاینیمان هەیە كەشوناسی ئێمەن، بۆ نموونە پەرستگای لالش، یان زەردەشتییەكان و كاكەییەكان و تەكیەكانی قادری و نەقشبەندی، بۆیە ئەمانەش بەهەماهەنگی لەگەڵ خۆیان كار بۆ بەرەوپێشبردنیان و ناساندنی زیاتریان بكەین، بۆیە پرۆژەكە بۆ هەموو ئاین و ئاینزاكانە، بۆیە وەك پرۆژە قسەمان لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و دەستەی وەبەرهێنان كردووەو دانیشتنی تایبەتمان كردووەو  ئێستا بەشی گەشوگوزاری ئاینیان كردۆتەوەو ئامادەكاری لێكتێگەیشتنێكین تا بتوانین هەنگاوە كردارییەكان دەستپێبكەین.

هاوڵاتی: هیچ شوێنێكی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستاندا هەیە ناوی چوبێتە سەر نەخشەی شوێنە گەشتیاریەكان لەجیهاندا؟

ئەمەل جەلال: یونسكۆ هەندێك شوێنی دەستنیشانكردووە، هەر خەریكی ئەوەشین بەشێك لەو شوێنانەی تریش بكرێتە ناو ئەو نەخشەیەوە، بۆ نموونە بێستان سور كە یونسكۆ داخڵی كردووە، قەڵای هەولێر، ئەشكەوتی هەزار مێرد، زۆر شوێنی دیكە كە لەبەرنامەدایەو هەنگاوی بۆ نراوە، چونكە داخڵكردنی ئەم شوێنانە زۆر گرنگە، ئەمانە شوێنەوارن، كاتێك یونسكۆ شوێنێك دەستنیشان دەكات هەڵبەت بەرپرسیارێتیش لەئەستۆ دەگرێت، بۆ نۆژەنكردنەوەی و رێكخستنەوە و پاراستنی لەفەوتان، بۆیە زۆر گرنگە بتوانین كۆمەكی نێودەوڵەتی لەم ئاستەدا زیاتر ببیینە پێشەوە.

هاوڵاتی:ئەگەر لەگەڵ كەرتی تایبەت كاربكەن دەتوانن بەچەند ساڵ  كەرتی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان ببوژێننەوە؟

ئەمەل جەلال: ئەوەی بەردەوام پێداگری لەسەر دەكەم حكومەت لەگەڵ كەرتی تایبەت پێكەوە كاربكەین و ئێمە زۆر جەختی لەسەر دەكەینەوە، زۆربەی پرۆژەكان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەكرێت، ئێمە وەك حكومەت لەڕێگەی ئاسانكاری كارمەندو كاری یاسایی و دانانی پلانەوە كاریان لەگەڵ دەكەین ئەگینا لەڕووی كردارییەوە كەرتی تایبەت پێی هەڵدەستێت، بۆیە بەردەوام پێكەوە تەواوكەری یەكترن و پێویستە تەواوی وەزارەتەكان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن ،هەریەكەیان بەپێی بوارەكەی خۆیان هاوكار بن  بۆ كەرتی تایبەت و پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری.

 بۆیە هەركات توانیمان تەواوی وەزارەتەكانی حكومەت بەرپرسیارێتیمان لەگەڵ هەڵگرن، بەشداربن لەڕووی كردارییەوە، ئەوكات دڵنیام كەرتی گەشتوگوزار لەماوەی (10) ساڵی داهاتوودا هەرێمی كوردستان دەتوانێت ببێتە ناوچەیەكی گەشتیاری گەشەسەندووی شارستانی كەدەتوانێت گەشتیار لەسەر ئاستی وڵاتانی دونیا سەردانی كوردستان بكەن و شوێنە شاراوەو نەبینراوەكان ببین.

هاوڵاتی: بۆچی سەرمایەداران كەمتر روو دەكەنە كەرتی گەشتیاری، ئایا ئامادەن هاوكارییان بكەن؟

ئەمەل جەلال: هیچ پرۆژەیەكی گەشتیاری و وەبەرهێنان كە دەستپێدەكرێن بێ قازانج ناوەستنەوە، بەڵام رێژەی قازنجەكە لەپرۆژەیەكەوە تاپرۆژەیەكی دیكە جیاوازە، دەكەوێتە سەر تێچووی پرۆژەكە، بەڵام پرۆژەی گەشتیاری جیاوازە، دەبێت پرۆژەكە تەواو ببێت و گەشتیار رووی تێبكات و بناسرێت ئەوكات داهاتی بۆ بگەڕێتەوە، بۆیە پێموایە سەرمایەدارانی هەرێم كە بتوانن زیاتر برەو بەپرۆژە گەشتیارەكان بدەن لەڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدانی ئابورییەوە، زیاتر دەتوانن خزمەتی كوردستان بكەن، چونكە لەپرۆژەیەكی گەشتیاری جگە لەڕەخساندنی هەلی كار بۆ چەندین كەس بەردەوام لەپێشكەوتن و گەشەكردندایە، بۆیە قازانجێكی زۆری بەردەوامی دەبێت.

كەرتی تایبەت كەرتێكی نامۆیە بۆ گەنجانی ئێمە، كە بەداخەوە زۆرترینی كەرتی تایبەت لەبواری گەشتیاریدا دەستی بیانییە،  نیگەرانم لە ئەوە، بۆیە دەمانەوێت  ئەم شوێنانە بەكچان و كوڕانی خۆمان پڕ بكەینەوە، ئەوانەی كە دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان  و ئامادەییەكان و ئەوانەی كەرتی گەشتوگوزارین، بۆیە كار لەسەر پەرەپێدانی تواناكانیان دەكەین، ئێمەش پاڵپشت و هاوكاری كەرتی تایبەت دەكەین بۆ گەشەپێدانی كەرتی گەشتیاری

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار