کۆنگرێس داوا له‌ بایدن ده‌کات کۆمه‌ڵکوژى ئه‌رمه‌نه‌کان به‌ جینۆساید بناسێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
سه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریکا نامه‌یه‌کیان بۆ جۆ بایدن، سه‌رۆکى ئه‌مریکا ناردووه‌ و داواى لێده‌که‌ن وه‌ک یه‌که‌مین سه‌رۆک له‌ مێژوودا به‌ فه‌رمى کۆمه‌ڵکوژیى ئه‌رمه‌نییه‌کان به‌ جینۆساید بناسێنێت.

 ئه‌و نامه‌یه‌ له‌لایه‌ن 100 ئه‌ندامه‌وه‌ واژۆ کراوه‌ و ده‌ڵێن:" ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نى پیرانیش به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ رووداوه‌که‌یان له‌ 2019 به‌ جینۆساید ناساندووه‌، ئێستاش کاتى ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆکى ئه‌مریکا ئه‌و بێنده‌گییه‌ بشکێنێت که‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ و راستى رووداوه‌که‌ باسبکات و به‌ فه‌رمى وشه‌ى جینۆساید له‌به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵکوژکردنى یه‌ک ملیۆن و 500 هه‌زار ئه‌رمه‌نى له‌لایه‌ن عوسیمانییه‌کانه‌وه‌ به‌کاربهێنێت".
 
رۆژى 24ى ئه‌م مانگه‌ 106 ساڵ به‌سه‌ر "جینۆسایدی" ئه‌رمه‌نه‌کان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى عوسمانییه‌وه‌ تێپه‌ڕده‌بێت، پرۆسه‌ى کۆمه‌ڵکوژیى ئه‌رمه‌نه‌کان له‌ ساڵى 1915 تا1923 له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى ئه‌نجامدرا و تێیدا یه‌ک ملیۆن و نیو ئه‌رمه‌نى کوژران.
 
تائێستا زیاتر له‌ 40 حکومه‌ت و په‌رله‌مانى وڵاتانى جیهان کۆمه‌ڵکوژیى ئه‌رمه‌نه‌کانیان "به‌جینۆساید" ناساندووه‌ و "گرنگترین" ناساندنیش له‌لایه‌ن یه‌کێتیى ئه‌وروپاوه‌ بووه‌.

ساڵانه‌ له‌ یادى کۆمه‌ڵکوژیى ئه‌رمه‌نییه‌کان خه‌ڵک له‌ مۆنۆمێنتى جینۆساید له‌ یه‌ریڤانى پایته‌خت کۆده‌بنه‌وه‌ و چه‌پکه‌گوڵى رێزلێنان داده‌نێن و نزا بۆ قوربانیان ده‌که‌ن.

ده‌قى نامه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بۆ جۆ بایدن، سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا:
 
کۆنگرێس ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا
واشنتن دى سى 20515
21ى نیسانى 2021
سه‌رۆک جۆزێف بایدن
کۆشکى سپی
1600 شه‌قامى په‌نسلڤانیا
 
به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆک:
 
له‌م مانگه‌دا، له‌ 24ى نیسان، جیهان یادى 106 ساڵه‌ى ده‌ستپێکى یه‌که‌مین رۆژى جینۆسایدى ئه‌رمه‌نییه‌کان ده‌کاته‌وه‌، کوشتنى سیسته‌ماتیکى 1.5 ملیۆن ئه‌رمه‌نى له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانییه‌وه‌ له‌ 1915ـه‌وه‌ بۆ 1923، هه‌روه‌ها ئاواره‌بوونى زیاتر له‌و  ژماره‌یه‌ش. دواى چه‌ندین ده‌یه‌، له‌کاتێکدا زۆر له‌ سه‌رکرده‌کانى جیهان یه‌که‌م جینۆسایدى سه‌ده‌ى بیسته‌میان به‌ فه‌رمى ناساندووه‌، که‌چى سه‌رۆکى ئه‌مریکا بێده‌نگه‌. ئێمه‌ هاوڕاین له‌گه‌ڵ جڤاکى ئه‌رمه‌نى - ئه‌مریکى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى پشتیوانى له‌ راستى و دادپه‌روه‌رى ده‌که‌ن و داواده‌که‌ن که‌ ئێوه‌ش به‌ روونى و راسته‌وخۆ دان به‌ جینۆسایدى ئه‌رمه‌نییه‌کان له‌ راگه‌یێندراوى تایبه‌ت به‌ 24ى نیساندا بنێن و به‌ فه‌رمى بیناسێنن. 
 
ده‌زانین که‌ ئێوه‌ خۆتان باش ئاگادارى ئه‌م پرسه‌ن له‌وکاته‌وه‌ى که‌ سیناتۆر بوون و ئه‌وکاته‌ش که‌ جێگرى سه‌رۆک بوون، له‌وانه‌ش رێکخستنى  ژماره‌ 212 له‌لایه‌ن لیژنه‌ى دادوه‌رییه‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌ 1989 ، که‌ ناساندنى رۆژى نیشتمانى بۆ یادکردنه‌وه‌ى 75 ساڵه‌ى جینۆسایدى ئه‌رمنه‌ییه‌کانى لێکه‌وته‌وه‌. هه‌روه‌ها پێزانینمان هه‌یه‌ به‌وه‌ى ئێوه‌ وه‌ک جێگرى سه‌رۆک ئاماده‌ییتان هه‌بوو له‌ یادى جینۆسایدى ئه‌رمنییه‌کان له‌ ساڵى 2015 له‌ کاتیدراڵى نیشتیمانی. له‌و کاته‌شدا بوو که‌ جه‌نابى قه‌داسه‌تى پاپا فرانسیس له‌ گردبوونه‌وه‌ى پیرۆزى سانت پیته‌ردا سه‌باره‌ت به‌ جینۆسایدى ئه‌رمه‌نییه‌کان گوتی: "شاردنه‌وه‌ى یان نکۆڵیکردن له‌ شه‌ێ‌ وه‌ک وازهێنانه‌ له‌ برینێک به‌رده‌وام خوێنى لێبڕژێت به‌بێ ئه‌وه‌ى بپێچڕێت." 
 
راستیى مێژوویى ئه‌وه‌ى که‌ سه‌ده‌یه‌ک پێش ئێستا روویداوه‌ پرسێکى کێشه‌له‌سه‌ر نییه‌. دیپلۆماتکاره‌ ئه‌مریکییه‌کان دۆکیۆمێنتى تایبه‌ت به‌ کۆمه‌ڵکوژیى ئه‌رمه‌نییه‌کانیان تۆمارکردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ شتێکى وه‌هایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌گوتووه‌ که‌ بینیویانه‌. ته‌نها چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک دواى ئه‌وه‌ رافایل له‌مکین  زاراوه‌ى "جینۆساید"ى به‌کارهێنا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌لى جینۆسایدکردنى ئه‌رمه‌نییه‌کان به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت. 
 
به‌ وه‌سفکردنى رووداوه‌که‌ وه‌ک جینۆساید له‌مساڵدا ئێوه‌ش په‌یوه‌ندى ده‌که‌ن به‌ هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نى پیرانیشه‌وه‌ که‌ به‌ زۆرینه‌ى ره‌ها له‌ ساڵى 2019 به‌ جینۆسایدتان ناساند. جگه‌ له‌وه‌ش کتێبخانه‌ى کۆنگرێس هه‌نگاوێکى گرنگى ناوه‌ بۆ به‌ پۆلێنکردنى ئه‌و کتێبانه‌ى تایبه‌تن به‌و بابه‌ته‌ و خراونه‌ته‌ ناو ره‌فه‌ى تایبه‌تى جینۆسایدى ئه‌رمه‌نییه‌کانه‌وه‌.
 
به‌ڕێز سه‌رۆک، وه‌ک خۆت له‌ راگه‌یێندراوى 24ى نیسانى ساڵى رابردوودا گوتت "بێده‌نگى به‌شداریکردنه‌ له‌ تاوان"، بێده‌نگى شه‌رمه‌زارییانه‌ى حکومه‌تى ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌و راستییه‌ مێژوییه‌ى جینۆسایدى ئه‌رمه‌نییه‌کان زۆر درێژه‌ى کێشاوه‌ و پێویسته‌ کۆتایى پێبێت. داوات لێده‌که‌ین شوێن پابه‌ندییه‌کانى خۆت بکه‌ویت و ئه‌و راستییه‌ بڵێیت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار