داهاتی زەکات، قەبارەی گەورەو کاریگەریی بچووک
سەركۆ یونس
4 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ یونس
زەکات، یەکێکە لەبنەماکانی باوەڕبوونی موسڵمانان، خوای گەورە، لەساڵی دووی کۆچی واجبی کرد لەسەر باوەڕداران، بە دەقی ئایەتی {خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلَاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ} [التوبە: 103] بەپێی شەریعەت و بارودۆخی هەر کۆمەڵگاو وڵاتێکی ئیسلامی، زەکات بەخشین، مەرج و ئەحکام و رێنمایی تایبەتی هەیە، کە لیژنەی باڵای ئایینی یان موفتی وڵات، بڕیاری لەسەر دەدات. لەهەندێ وڵاتانی ئیسلامیدا، دەزگای تایبەتمەند و لیژنەی پسپۆڕ، هەڵدەستن بە وەرگرتن و دابەشکردنی داهاتی زەکات، بەسەر ئەو کەس و خێزان و چین و تووێژانەی کە زەکات دەیانگرێتەوە، بێگومان بەشەفافی و بەدەستپاکی. خوای گەورە، هیچ حوکمێکی لەسەر زەوی بەبێ حیکمەت دانەبەزاندووە، یەكێک لەحیکمەتەکانی زەکات، کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان دەوڵەمەندو هەژارانە. زەکات، موعجیزەیەکە، لەبواری یاسادانان و ئابوری و وکۆمەڵایەتیدا، کاریگەری و دەرئەنجام و رەهەندی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەیە، لەسەر تێکڕای دانیشتوان. لەهەرێمی کوردستاندا، ساڵانە ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم، بڕیار دەدات لەسەر بڕو جۆری زەکات، بۆ ئەمساڵ، لەفەتوایەكدا رێژەی زەكاتی دیاری کرد، زەكات لە(7) ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات، و بۆ هەر ملیۆنێك بڕی (25) هەزار دینار، زەكاتی دەبێت لێبدرێت. لەنەبوونی دەزگایەکی سەربەخۆی خاوەن کەسایەتی دەستپاکدا، زۆرێک لەلایەن و حزب و کۆمەڵەو گروپەکان، هەستاون بەدامەزراندنی لیژنە یان دەزگای حزبی بۆ کۆکردنەوەی زەکاتی خواپێداوانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان و دابەشکردنیان بەسەر کەسانی تاڕادەیەک نزیک لەخۆیان، زۆربەی کات ئامانجی سیاسی، لەپشت پێکهێنانی ئەم لیژنانەوەیە. لەلایەکی ترەوە، بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی و پەیوەندی لەنێوان ئەم لیژنانەدا، هەندێجار، کەس یان خێزان هەیە زیاتر لەجارێک زەکاتی پێدەدرێت، لەکاتێکدا لەوانەیە کەس و خێزانی تر هەبن، هیچیان بەرنەکەوتبێت! هەروەها بەهۆی نەبوونی ئامارێکی دروست، نازانرێت چەند کەس و خێزان هەژارو بێ دەرەتانن، نازانرێت ژمارەی ئەو کەسانە چەندن، کەدەچنە ژێر سێبەری زەکاتەوە، هەندێجار کەسی ناشایستە زەکاتی، پێ دەدرێت. تەنانەت حکومەتی هەرێمیش ئاماری دروستی لەلا نییە! کەپێویستە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەی ئاماری هەرێم، رێژەو ژمارەی هەموو ئەو چین و توویژانەی کەهەژارو بێنەوان و ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن، کەزەکات دەیانگرێتەوە. بەپێی ئامارەکان، هەرێمی کوردستان، خاوەنی رێژەیەکی بەرچاوە لەسەرمایەداران، زیاتر له (10) ههزار كهس سامانەکانیان سهرووی (5) ملیۆن دۆلارهو (13) سهرمایهداریش لهسهرووی ملیار دۆلارهوهن، ئەگەر بەتەواوی زەکاتیان لێوەربگیرێت، رێژەی زەکاتیان بەنزیکەی (750) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لەلایەکی ترەوە بەسەدان، دەوڵەمەند هەن کەبەهەڕەمەکی و بێ بەرنامەو پلان، زەکاتی سەروەت و سامانەکانیان دەردەکەن، بەڕێژەی بچووک و بڕی کەم، بەسەر زۆرترین کەسدا دابەشدەکەن، کەبەداخەوە کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی کەسان دروستناکات. هەروەها رێژەیەکی زۆری زەکاتدەرانی تر هەن، خۆیان لەزەکاتدان دەدزنەوە، زەکاتەکانیان بەسەر کوڕو کچ و هاوسەرەکانیان دابەشدەکەن، یان بەپێچەوانەوە، بەبێ ئەوەی ئەم کەسانە لەو چینانە بن، کەخوای گەورە دەستنیشانی کردوون! زەکات، چەندین کاریگەری هەیە لەسەر ئابوری لەوانە:- یەکەم:- رۆڵی زەکات لەهاندانی وەبەرهێنان. زەکات، بەیەکێک لەهاندەرەکانی پرۆسەی وەبەرهێنان دادەنرێت، ئەمەش لەڕێگەی بەگەڕخستنی سامان و دارایی پاشەوکەتکراو لەوەبەرهێناندا، لەترسی کەوتنەژێر سایەی زەکاتەوە، کەواتە زەکات هانی دارایی پاشەکەوتکراو دەدات، بۆ بەگەڕخستن، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و پاشان رەخساندنی هەلی کار، سەرئەنجام دەبێتەهۆی بووژانەوەی بازاڕو چالاکییە ئابورییەکان. دووەم:- رۆڵی زەکات لەدووبارە دابەشکردنەوەی ساماندا. سەرەڕای جیاوازی دەوڵەمەندو هەژاران، بەڵام ئاینی پیرۆزی ئیسلام چارەسەری ریشەیی داناوەو رێگەنادات دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر بێت و هەژارانیش هەژارتر بن، لەپێناو گەورەنەبوونی بۆشایی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، ئیسلام زەکاتی واجب کردووە لەسامانی دەوڵەمەندان بدرێت بەهەژاران و بێ نەوایان، بەمەش جارێکی تر سامان دابەشدەکرێتەوە و لەم رێگەیەوە ئاستی بژێویی هەژاران بەرزدەبێتەوە و دادپەروەری ئابوری لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بەدەستدێت. سێیەم:- رۆڵی زەکات لەبەدەستهێنانی گەشەپێدانی ئابوریدا. دەرکردنی زەکات لەسامان و داراییدا، دەبێتەهۆی دەستکەوتنی پارە لەلای هەژارو نەداراندا، ئاستی داهاتیان زیاددەبێت، ئەمەش زیادبوونی بەکاربردنی پەیدادەبێت و خواست لەسەر شمەکی بەکاربردن بەرزدەبێتەوە و سەرئەنجام بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی زیاتر لێ پەیدادەبێت، لەمەیشەوە هەلی کار دەرەخسێت و توانای بەرهەمداری ئاستی ئابوری تاک و کۆمەڵگا باشتر دەبێت، ئەمەش گرنگترین ئامانجەکانی گەشەپێدانی ئابورییە. چوارەم:- رۆڵی زەکات لەچارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکاندا. زۆربەی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، تووشی ئاستەنگی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، ژیانی رێژەیەکی بەرچاوی هاونیشتیمانیان، تووشی کێشە و قەیران دەبن، لەوانە بێکاری و جیاوازی داهات و کەمی پارە، لەبەرئەوە ئاینی ئیسلام، سنورێکی داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ئەویش بەدەرکردنی زەکاتی ماڵ و سامانی خواپێداوان. بەداخەوە زۆربەی کات، زەکات، ئامانجە گەورەکەی خۆی بەدەست نایەنێت و کاریگەری ئەوتۆی نیە، لەلایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە. دەرکردنی زەکات و دابەشکردنی بەسەر ئەوکەسانەی کە زەکات دەیانگرێتەوە، بەم شێوازە تەقلیدیە و بەخشین بە هەرەمەکی، مافی خۆی لەگرنگی زەکات بۆ ئابوری هاوچەرخ لەدەستدەدات، لەبەرئەوە زۆر گرنگە، دووبارە خوێندنەوەی ئایینی و زانستی بۆ زەکات بکرێت، هەروەها ئامرازەکان و میکانیزمەکان گەشەیان پێبدرێت، کە لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵگا و کێشە هاوچەرخەکاندا، بگونجێت، تا هیچ نەبێت، بەشێک لەو گرفت و کێشانە چارەسەر بکات، کەکۆمەڵـــگا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
*ئابووریناس