یەكێتی ناكشێتەوە لەحكومەتی هەرێم... پارتی لەگەڵ لامەركەزیدایە
فارس نەورۆڵی وتەبێژو ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لەپارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە بۆ هاوڵاتی:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
وتەبێژو ئەندامی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەدات كەیەكێتی هەست بە بەرپرسیارێتی دۆخەكە دەكات و ناكشێتەوە لەحكومەتی هەرێم، دەشڵێت:» پارتی لەگەڵ لامەركەزیدایە ئەگەر نا نەیدەكردە كارنامەی حكومەتی هەرێم ئەوەش پێویستی بەڕێككەوتن و گفتوگۆیە».
فارس نەورۆڵی وتەبێژو ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» سەرۆكایەتی هەرێم، بێكێشەترین دامەزراوەیە لەهەرێمی كوردستاندا... نێچیرڤان بارزانی جیهانبینیەكی باڵای هەیە بۆ كۆكردنەوەی لایەنە كوردستانییەكان، ئەمە باش دەزانێت كە هەنگاو دەنێت بۆ یەكخستنی وتاری سیاسی كوردی، ئەم هەنگاوە هەنگاوی نمایشیی نییە، هەنگاوی باوەڕە».
ناوبراو جەختلەوەشدەكاتەوە كە ئاساییەو باشیشە كۆبوونەوە لەنێوان سەرۆكی هەرێم و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەنجامبدرێت »نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمە واتا سەرۆكی هاوسەرۆكانی یەكێتی كاك بافڵ و كاك لاهوریشە، سەرۆكی عەلی باپیریشە».
هاوڵاتی: كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكان تا چەند رۆڵی دەبێت بۆ تەبایی نێوان لایەنەكاندا؟ بەتایبەت جۆرێک بێمتمانەیی
فارس نەورۆڵی: لەڕاستیدا ئەگەر سەیری هەنگاوەكان وتارەكان و پەیامەكانی سەرۆكی هەرێم بكەین جیهانبینیەكی باڵای هەیە بۆ كۆكردنەوەی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كۆی عێراق، جەنابیان خوێندنەوەیەكی مێژوویی بۆ سیاسەت و رۆڵی كورد هەیە، كە لەكاتی ناتەبایدا بووین بە ئەڵقەیەكی لاواز، كاك نێچیرڤانیش ئەمە باش دەزانێت كە هەنگاو دەنێت بۆ یەكخستنی وتاری سیاسی كوردی، ئەم هەنگاوە هەنگاوی نمایشیی نییە، هەنگاوی باوەڕە، باوەڕی بە سیاسەتی گرێبەستی هەیە واتا رێككەوتن لەناو هەموومانداو ئنجا ئاراستەی بكات، باوەڕم وایە ئەو بەنیەتێكی باوەڕەوە ئەوە دەكات، ئەوی دیكەی پەیوەندی بە لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە كە دۆخێك لەناوچەكە هاتۆتە كایەوە كەدۆخێكی هەستیارە، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان وەك ئەو باوەڕەی نێچیرڤان بارزانی لایەنەكانیش پێشوازی لێبكەن بۆ كورد دەستكەوتێكی باش دەبێت، ئەگەر نەشیكەن ئەوا دەمێنێتەوە بۆ مێژوو.
هاوڵاتی: زۆرجار باسی ئەوە دەكرێت كە نێچیرڤان بارزانی مرونەت و نەرمی نواندنێكی هەیە بۆ تەبایی و چارەسەركردنی كێشەكان و پێكەوەیی، تاچەند ئەمە بووەتە هەوێنێك تا بەریەككەوتن كەمببێتەوە؟
فارس نەورۆڵی: دواجار كاك نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتییە، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشە، باوەڕێكی گرێبەستی بە كاركردنی پێكەوەیی هەیە باوەڕی بەوەیە كە بڕیار نەدات، بڕیاری هەمووی وەربگرێت و ئنجا ببێت بەبڕیارێك یان پەیامێكی كوردستانی.
هاوڵاتی: ئایا پەیامی لایەنەكان لەڕێگەی نێچیرڤان بارزانی دەگاتە مەكتەبی سیاسی پارتی تا كاری لەسەر بكرێت؟
فارس نەورۆڵی: بەتەئكید كە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان كردبوو فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی بەشداربوو، بەتەئكید پەیامەكان دەگاتەوە مەكتەبی سیاسی پارتی.
هاوڵاتی: زۆرجار گلەیی دەكرێت لەلایەن یەكێتی و گۆڕانەوە، بۆ نموونە یەكێتی هەفتەی پێشوو سەركردایەتییەكیان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی وتی»فشارەكان گەیشتووەتە ئێسقانمان»، پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەند نین بەڕێككەوتنەكانەوە؟
فارس نەورۆڵی: ئەم قسانەی یەكێتی تازە نین، هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەكۆی گشتی بێ جیاوازی، هێشتا قسە كۆنەكان بەرانبەر یەكتری بەكاردەهێننەوە، ئەم حساب بۆ من ناكات ئەو گەندەڵ و خیانەتكارە، هێشتا ئەرگۆمێنتی تازەمان پێ نییە بۆ حزبی كوردی، پێویستە تەجاوزی ئەم جۆرە لەمامەڵەكردن و بیركردنەوەیە بكەین بەهەموو لایەنەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكەشەوە.
یەكێتی لەساڵی 1992ەوە لەگەڵ پارتی حكومەتی پێكهێناوەو تا ئێستا پێكەوە لەحوکمڕانی بەشدارن، یانی پارتی لە 1992ەوە حساب بۆ یەكێتی ناكات، ئەگەر دەمانەوێت هەرێمی كوردستان سەقامیر بێت لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەسەلامەتی دەربچێت، دەبێت بگەڕێن بۆ پرسیارو بۆچوونی نوێ.
هاوڵاتی: بەڵام گرێبەستێك لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە بۆ بەڕێوەبردن، ئەگەر لایەنێك كەمتەرخەمی هەبێت مافی گلەیی و رەخنەی نییە؟
فارس نەورۆڵی: رەخنەو گلەیی هەقی هەموو لایەنە سیاسییەكانە، بەڵام كۆبوونەوە لەنێوان هەردوولادا هەیە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هەیە، باوەڕم نییە هێشتا گەیشتبێتە ئەو دۆخەی یەكێتی باسی كردووە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە نەتوانین لەیەكتری تێبگەین، كێشەكان ئەوەندە قوڵ نین كە نەتوانین چارەسەری بكەین و لەیەكتر تێنەگەین، لەنێوان هەموو لایەنەكاندا نەك پارتی و یەكێتی.
هاوڵاتی: ئەوەتا یەكێتی داوای كردووە لامەركەزی كە بەرنامەی حكومەتە جێبەجێ بكرێت لەبەرنامەی كابینەی نۆیەم هەیەو دەڵێن پارتی سستەو كات بەفیڕۆ دەدات؟
فارس نەورۆڵی: كاك نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی شەرقیە، پرسیاری لامەركەزییان لێكردو وتی ئەوە بەرنامەی حكومەتەو ئیشی لەسەر دەكەن.
لەسیاسەتدا ئەوە گرنگە چۆن بەرنامەیەك رێكبخەن لەنێوان هەردوولادا كە ئەم بەرنامەیە لەكۆی بەرژەوەندی گشتی خەڵكدا بێت، لامەركەزی بۆ خزمەتگوزارییەكان و بۆ خەڵكە، پارتی باوەڕی بەلامەركەزی هەیە دەنا نەیدەكرد بەدروشم و بەرنامەی كابینەی نۆیەم، پارتی هەر شتێك ببێت بەخزمەتكردنی هاووڵاتیان و بۆ پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدان گونجاو بێت لەگەڵیدایە، لامەركەزی بۆ بەرژەوەندی گشتییە و پارتی لاری لەسەری نییە.
سیاسەت فەزایەكە بۆ گفتوگۆی عەقڵانی، دواجار ئەم هێزانە پێكەوە گفتوگۆ دەكەن و كۆدەبنەوە دەكرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەو بابەتانە باس بكەن نەك بیهێننە ناو میدیاكانەوە.
هاوڵاتی: ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەچاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە فشار لەسەر كادرو ئەندامانیان لەپارێزگای دهۆك و هەولێر هەیە؟
فارس نەورۆڵی: نازانم چی دەگوزەرێت لەدهۆك و هەولێر بەرانبەر كادرانی یەكێتی، خۆتان دەزانن ئەم وڵاتەی ئێمە لەمێژووی كۆنەوە تا ئێستا لەگەڵ سیاسەتدا رقمان بەرانبەر بە یەكتری بەرهەمهێناوە، هەندێجار رەنگە بەریەككەوتن دروست ببێت، بەڵام پێویستە هەموو لایەكمان بە راستی كار لەسەر هۆشیاری كادرو ئەندامان و راگەیاندنی خۆمان بكەین.
چ لەهەولێرو دهۆك و چ لەسلێمانی دۆخی ئێستا لەسێ ساڵ پێش ئێستا باشترە، راستە لەمیدیاكان هەندێ هەڵا هەڵا هەیە، جاران پارتی و یەكێتییەك هاوڕێیەتی یەكتریان نەدەكرد، بەڵام ئێستا وانییە، بۆ خۆم دەیان هاوڕێم هەیە یەكێتی یا گۆڕانن یا سەر بەلایەنەكانی دیكەن، پارتیش پێم ناڵێت ئەو هاوڕێیانەت كە سەر بە لایەنەكانی دیكەن چی دەكەن لەگەڵ تۆدا، كەواتە هۆشیاریی حزبی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.
هاوڵاتی: داوای كشانەوەی گۆڕان دەكرێت، پێتانوایە گۆڕان دەكشێتەوە لە حكومەت؟
فارس نەورۆڵی: كشانەوەی گۆڕان لەحكومەت چ ئیزافەیەك دەخاتە بەرژەوەندی خەڵكەوە، ئەگەر ئەمە دەكات با بیكات، بە رای من ئەو فشارانە تەنها بۆ مەسەلەی ئەم هەڵبژاردنانەیە، دواجار بڕیار لای برادەرانی گۆڕان خۆیانە.
باشتروایە لەبەر ئەم دۆخەی تێیداین، پارتی و یەكێتی و گۆڕان هەندێ قوربانی بەبەرژەوەندییەكانی خۆیان بدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
هاوڵاتی: پارتی قوربانی داوە بەبەرژەوەندییەكانی خۆی لەپێناو ئەو دۆخەی باسی دەكەیت؟
فارس نەورۆڵی: پارتی قوربانی داوە بەخۆی ئەگەر سەیری دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن و دابەشكردنی پۆستەكان بكەیت، بەڵێ پارتی قوربانی داوە.
وەك كادرانی پارتی دۆخی داراییمان لەخەڵك زۆر خراپترە
هاوڵاتی: یەكێتی لەگەڵ داوای لامەركەزیدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن، كە حكومەت نەیتوانیوە كێشەكان چارەسەر بكرێت، ئەوەتا دوێنێ كە موچە دابەشكراوە بەلێبڕینی لەسەدا (21) دابەشكراوە، سەرەڕای رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا؟
فارس نەورۆڵی: ئێمەش وەكو خەڵك موچەخۆرین و هەموومان وەك كادرانی پارتی دۆخی داراییمان لەخەڵك زۆر خراپترە.
بەڵام ئایا ئیزافاتی ئیجابی چییە بۆ ئەوە با نەكرێتە ململانێی هەڵبژاردن، چونكە یەكێتی تا ئێستا بەفەرمی بە پارتی رانەگەیاندووە كە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەداین.
هاوڵاتی: بەڵام دەوترێت یەكێتی سێ مانگی دیاری كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئەگەرنا دەكشێنەوە لەحكومەت و داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن؟
فارس نەورۆڵی: زانیاریم لەسەری نییە، باوەڕم بەوە نییە یەكێتی لەحكومەتی هەرێم بكشێتەوە، چونكە هەست بەبەرپرسیارێتی دەكەن و دەزانن دۆخەكە لەعێراق و ململانێكان چۆنە، توركیاو ئێران مامەڵەیان چۆنە، بۆیە باوەڕم بەوە نییە یەكێتی خۆی بكاتە قومارەوە بۆ بەرژەوەندییەكی كاتی.
هاوڵاتی: هەوڵێك هەبوو بۆ كۆبوونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی و مەسعود بارزانی، پێتوایە كۆبوونەوە بكرێت باشترە؟
فارس نەورۆڵی: قسەم زۆر لەسەر ئەوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدام كورد وتارێكی هاوبەشی هەبێت، حزبی حوكمڕان و دەرەوەی حوكمڕان دەزانین جیاوازییان هەیە نەگاتە ناكۆكی و كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسیی بكات ئیتر هەر لایەنێك بێت.
هاوڵاتی: دەوترێت هێشتا بەشێك لەپارتی دانی نەناوە بە هاوسەرۆكی یەكێتی (لاهور شێخ جەنگی)؟
فارس نەورۆڵی: پارتی حەقی یەكێتی نییەو ئەوە حزبی خۆیانە كێ و چی دەكەن بەسەرۆك، نازانم بۆ روون نییەو دیارە، بەڵام كورد لەم قۆناغەدا پێویستی بە تێگەیشتنی هاوبەش هەیە.
هاوڵاتی: ئایا كۆنگرە دەكرێت لەمانگی شەشی ئەمساڵ؟
فارس نەورۆڵی: تا ئێستا هیچ شتێك بە ئێمە نەوتراوە خۆ دەبێت پێمان بڵێن خۆتان ئامادە بكەن.
هاوڵاتی: بۆچی نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لەسلێمانی ناكرێتەوە، دەوترێت نێچیرڤان بارزانی نایاتە سلێمانی؟
فارس نەورۆڵی: پێگەی نێچیرڤان بارزانی هی پارتی نییەو هی هەموو كوردو لایەنەكانەو سەرۆكایەتی هەرێمەو ناكرێت ئێمە پێی بڵێن نوسینگە لە سلێمانی بكاتەوە، سەرۆكایەتی هەرێم لەناو دامەزراوەكانی هەرێمدا بێ كێشەترین دامەزراوەیە لەناو هەرێمی كوردستاندا.
كۆرۆناو رووداوەكان وایكردووە، باوەڕم وایە نێچیرڤان بارزانی جیاوازی لەنێوان خانەقین و هەڵەبجەو سلێمانی و دهۆك و هەولێر ناكات، ئەو دۆخە وایكردووە هیچ غەرەزێك لەپشتییەوە نییە بۆ نەهاتنی بۆ سلێمانی.
هاوڵاتی: تاچەند پێتانوایە ئەگەر پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی تەندروست بێت، بازاڕو دۆخی ئابووری سەقامگیر دەبێت؟
فارس نەورۆڵی: دنیای سەرمایەداری وەكو چۆلەكە وایە كە رەشابایەك لەشوێنێك هەبوو لەوێ نانیشێتەوە، بە تەئكید ئەگەر دۆخی سیاسی سەقامگیر نەبێت جوڵەی بازاڕ نامێنێت.
هاوڵاتی: كاتی ئەوە ناهاتووە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی كۆببێتەوە لەسلێمانی؟
فارس نەورۆڵی: نێچیرڤان بارزانی دەكرێت لەگەڵ هەموو كەسێكدا كۆببێتەوەو شتێكی باش و ئاساییە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كاك لاهور و كاك بافڵ و عەلی باپیرە، دەكرێت ئاساییەو نۆرماڵیشە دانیشتن و گفتوگۆ بكرێت.