بەردەوام لەهەڵمەتی چەك داماڵینداین... ئەوانەی تاوان ئەنجامدەدەن بەچەكی بێ مۆڵەت دەیكەن
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
وتەبێژو بەرپرسی پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەدەدات كە وەك بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەردەوام لەهەڵمەتی چەك داماڵیندان، ئەوانەی تاوان ئەنجامدەدەن بەچەكی بێ مۆڵەت دەیكەن.
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:» دراما توركییەكان هۆكارێكی كاریگەرن بۆ رووداوەكان و راستەوخۆ كار لەسەر مێشكی تاك دەكات.. هانی كچان دەدەن شێوازەكانی هەڵهاتن لەماڵیان فێردەكەن و لاسایی بكەنەوە».
ناوبراو دەشڵێت:» بەخوێنی خۆشمان بووبێت وەك كارمەندانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی رێگە نادەین هیچ كەسێك ئارامی و ئاسایش بشێوێنێت و تێكی بدات».
هاوڵاتی: رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لەپارێزگای سلێمانی بەبەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم چۆنن؟
سەركەوت ئەحمەد: لەم ماوەیەدا لەپارێزگای سلێمانی، دوو حاڵەتی كوشتن هەبووەو لێپێچینەوە كراوەو تۆمەتبارەكان دەستگیركراون، رووداوەكانیش كردەی كۆمەڵایەتین و لەهەموو كۆمەڵگەو وڵاتێکدا هەر دەبن، بەڵام لەسلێمانی زۆر كەمترن، بەتەجروبەی خۆم دەیڵێم، راستە رووداومان هەیە، بەڵام ئەوەی دەبێت و باس دەكرێت هیچ رووداوێكی تێدا نیە كەكەسێكی بێ كێشە من یان تۆ بچینە دەرەوەو بكوژرێین، بەڵكو ئەوەی روودەدات كێشەی كۆمەڵایەتین، بۆیە دەتوانین بڵێین سلێمانی شارێكی ئارامەو بەڵگەی ئەوەش تا درەنگانی شەو خەڵك لەدەرەوەیە و هیچ كێشەیەك نەبووە بەدەر لەكێشە تایبەتی و كۆمەڵایەتییەكان.
هاوڵاتی: زۆربوونی حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن لەهەرێمدا زیاتر چ هۆكارێكە، لایەنی كۆمەڵایەتی تاچەند پاڵنەرن؟
سەركەوت ئەحمەد: حاڵەتەكانی خۆكوشتن بەردەوام هەیەو لەهەموو وڵاتێك هەر روودەدات، هەمووشی بەهۆی كۆمەڵێك كێشەو فاكتەوەیە وا لەو كەسە دەكات پەنا بۆ خۆكوشتن ببات یان تاوانێك بكات كەزۆرترینی كێشەكانیش لێیان ورد بێتەوەو لێكۆڵینەوەی لێ بكرێت كێشەی كۆمەڵایەتی یان ئابوورین.
هاوڵاتی: بۆچی تائێستاش هەندێك كەس پەنا بۆ تۆڵەكردنەوە دەبات لەكێشەكاندا؟
سەركەوت ئەحمەد: كێشەی كۆمەڵایەتی زۆر زۆر بووە، سەرچاوەی زۆربەی زۆری رووداوەكانیشە، بۆیە كێشەی كۆمەڵایەتیش وا لەكەسی دووەم دەكات تۆڵەبكاتەوە، تۆڵەكردنەوەش پەیوەندی بەئاستی كەسەكانەوە هەیە تاچەند ئاستی رۆشنبیرییان بەرزەو پەنا نابەنە بەر تۆڵەكردنەوەو تاچەند پەنا بۆ یاسا دەبەن.
هەروەها پەیوەندی بەئاستی رۆشنبیری خەڵك و ئاستی تەحەمولی خەڵكەوە هەیە، كە تاچەند دەتوانێت چاوەڕێ بكات، چونكە دادگا كاتی پێویستی دەوێت دەبێت تەواو رووداوەكە بسەلمێنرێت و بەڵگەو شایەتی پێویست ببرێتە بەردەم دادگاو رێكارە یاساییەكان بگیرێتەبەر ئەو كات دادگا بڕیاری خۆی دەردەكات و تاوانبار سزا دەدرێت، بۆیە هەندێك كەس تەحەمولی ئەو رێكارە یاساییانەی دادگا ناكەن و خۆیان بەدەست و بازووی خۆیان تۆڵە دەكەنەوەو دواتریش پەشیمانن لەو كارەی كردوویانە، چونكە دواجار دەچنەوە بەردەم یاسا، بێگومان دوای تۆڵەكردنەوەش سزاكەش توندتر دەبێت لەسەریان.
هاوڵاتی: بۆچی كار ناكرێت بۆ دیارەی چەك داماڵین لەناو خەڵكداو بەتایبەت ئەوانەی لەناو هێزە ئەمنییەكاندان چەك نەبەنە ماڵەوە؟
سەركەوت ئەحمەد: لەئێستادا لەزۆربەی شوێن بەتایبەت ئەوانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن فەرمان هاتووە دەبێت دوای ئەرك و واجبەكانیان چەكەكانیان لەجبەخانە دانێن، بەڵام هەندێك كەس پێشمەرگەیە واجبی هەفتە بەهەفتەیە یان (10) رۆژ لەدەوامە و (10) رۆژ لەماڵەوەیەو شوێنی كارەكانیان دوورە یان هەندێكیان جبەخانەیان نیە، بەڵام هەشە نە كارمەندە و نە سەر بەدەزگایەكی ئەمنییە، تەنیا چەكی بێ مۆڵەتی هەیەو چەكەكە بەكاردەهێنێت و خۆی و خێزانەكەی تووشی كێشە دەكات، هەر بۆیە بەردەوام هەڵمەتی چەك داماڵینمان هەیە و بەردەوامین، بەڵام سنورەكانمان توندوتۆڵ نیە تا بەو شێوەیەش بێت دیاردەی بوونی چەك لەدەستی هاووڵاتیدا هەر دەبێت و ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت.
هاوڵاتی: دراما بیانییەكان بەتایبەت توركییەكان تاچەند كاریگەرن بۆ زیادبوونی حاڵەتەكان و بەتایبەت كاریگەرییان لەسەر ژنان؟
سەركەوت ئەحمەد: دراما توركییەكان بەتایبەتی شیرازەی خێزانەكانیان تێكداوە، بۆ نموونە كچی تێدایە (16 و 15) ساڵە لەماڵ هەڵدێت و ماڵ جێدێڵێت، ئەمە لاسایی كردنەوەی تێدایە، بۆیە ئەوەی روودەدات ئێستا لاساییكردنەوەی فلیمەكانە، كە كچێك هەڵدێت و دەڕوات، بەڵام ئەوە لە فلیمەكاندا ئاسانە، چونكە تەكسییەكان یان پاسێك گرتنەوەی ئاسانە، بۆیە رێگاكە وەك فلیمەكان ئاسان نیە، ئەو فلیمانە وا لەگەنجان و خەڵك دەكات ئەو كارانە بكەن یان هەڵگرتنی چەك و تۆڵەكردنەوەو پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ كەسی نزیكدا و پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ كەسێكدا لەخێزانی هەیەو خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە، هەموو لەو درامایانەوە فێربوون، بۆیە كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر مێشكی تاكەكانی ئێمە.
هاوڵاتی: هاوسەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی لەدوومانگی رابردوودا جەختی لەوە كردەوە رێگە نادەین هیچ كەس ئارامی شاری سلێمانی تێكبدات، ئایا ئەمە تاچەند كاری لەسەردەكرێت؟
سەركەوت ئەحمەد: ئێمە هەموومان جەخت لەوە دەكەینەوەو كار بۆ ئەوە دەكەین و كردوومانە، وەك كارمەندانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی رێگە نادەین هیچ كەسێك ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی و پارێزگاكە بشێوێنێت و تێكی بدات كە بەخوێنی خۆشمان بووبێت.
هاوڵاتی: دەوترێت خەڵك هەبووە هەوڵیداوە سووكایەتی بەكچ و كوڕە سەماكەرەكەی شەوی شەقامی سالم (سەهۆڵەكە) بكرێت، ئەمە تاچەند راستە؟
سەركەوت ئەحمەد: ئێمە وەك پۆلیس كاتێك چووین سەماكەیان كردبوو و رۆیشتبوون، خۆمان نەمانبینین ئەو كچ و كوڕە، بۆیە كەسێك دەیەوێت سكاڵا بكات دەتوانێت بێت و سكاڵا بكات، یان كە كەسێك زەرەرمەند بووە دەبێت بێت سكاڵای یاسایی خۆی تۆمار بكات، ئێمە داواكاری گشتیمان هەیە، ئەوانەی دەیانەوێت سكاڵا بكەن دەتوانن سكاڵا لەداواكاری گشتی بجوڵێنێت لەسەر ئەو كارەی كەئەو دوو گەنجە كردوویانە، بۆیە ئێمە تەداخول ناكەین و بۆ داواكاری گشتی جێدەهێڵین، وەك پۆلیس هەر كەسێك لەسەر هەر داوایەك سكاڵا تۆمار بكات ئێمە بەبریاری دادوەر بەدوای داواكەیدا دەچین، بەڵام لەسەر ئەم حاڵەتە هیچ كەسێك تائێستا سكاڵای نەكردووە.