سه‌نگه‌ر گۆڕین!

4 ساڵ لەمەوپێش



رابون مه‌عروف

یه‌که‌م: گۆڕینى بیروڕا ئاساییه‌! ئه‌وه‌ى ئاسایى نییه‌ و ھه‌ستى زۆرینه‌ى خه‌ڵکى بریندار ده‌کات، به‌کارھێنانى سامانى گشتى و دامه‌زراوه‌ 'نیشتیمانیه‌کان!' ه‌ بۆ کڕینى وه‌لائى که‌سانێک، که‌ رۆژانێک خه‌ڵک متمانه‌ى پێبه‌خشیون بۆ کار و ئه‌رکیتر!  

  

دوه‌م: سه‌رنجى زۆرینه‌ى خه‌ڵک، له‌سه‌ر سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ى سه‌رکرده‌ و که‌سایه‌تیه‌کانى گۆڕان و یه‌کێتییه‌ بۆ لاى پارتی! به‌ڵام، با پرسیارێکى ره‌وا بکه‌ین: ئایا جیاوازى یه‌کێتى و گۆڕان له‌ پارتى چییه‌؟ یه‌کێتى و گۆڕان، وه‌ک پارتى حیزبى بنه‌ماڵه‌ن، وه‌ک پارتى کراونه‌ته‌ ئامرازى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى و خێزانی، وه‌ک پارتى مه‌رکه‌زى و نادیموکراتن! کاتێک ئه‌م حیزبانه‌ نه‌ک ھه‌ر لاسایى پارتى ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵکو له‌ بوارى گوتار و روئیاى سیاسى له‌ پارتى جێماون، ھه‌ڵبه‌ت له‌و دۆخه‌دا، گواستنه‌وه‌ بۆ ژێر چه‌ترى پارتى چاوه‌ڕێکراو ده‌بێت!  

  

سێھه‌م: گرنگترین خاڵ، نه‌بونى گوتارێکى تۆکمه‌ و دیده‌گایه‌کى دیار و ئاشکرایه‌ لاى یه‌کێتى و گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ و .. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و حیزبانه‌ کێشه‌ى گه‌وره‌ى نه‌بونى گوتار و دیده‌گایان ھه‌یه‌. نه‌ک ھه‌ر خه‌ڵک، به‌ڵکو سه‌رکرده‌کانى ئه‌و حیزبانه‌ خۆیشیان نازانن به‌ نیازى چین و ده‌یانه‌وێ ئاینده‌ى ئه‌م وڵات و میله‌ته‌ بۆ کوێ به‌رن! ھه‌ڵبه‌ت خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ به‌ شاته‌ شات و شه‌ڕه‌ جوێن رێکناخرێن. نه‌بونى گوتار لاى ئه‌و حیزبانه‌، خه‌ڵکێکى زۆرى توشى سه‌رلێشێواوى و نائومێدى کردوه‌. نائومێدیش ده‌رگاى شکست و ته‌سلیمبون و گواستنه‌وه‌ى وه‌لائى سیاسى ده‌کاته‌وه‌.  

  

چواره‌م: خاڵێکیتر، که‌ حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه‌ى بۆ بکه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌، ھه‌رچه‌نده‌ سه‌رنجى زۆرینه‌ى خه‌ڵک له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى سه‌نگه‌ره‌ بۆ ناو پارتی، به‌ڵام له‌ راستیدا به‌شێکى زۆر له‌ دامه‌زرێنه‌ران و سه‌رکرده‌کانى ئۆپۆزیسیۆنى دواى ٢٠٠٩ چونه‌ ناو یه‌کێتی! ھه‌ڵبه‌ت که‌ گواستنه‌وه‌ى سه‌نگه‌ر بۆ ده‌ستخستنى سامانى ناشه‌رعى و به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى بێت، گواستنه‌وه‌ بۆ ناو پارتى و یه‌کێتى ھیچ جیاوازى نییه‌.  

  

پێنجه‌م: جێگه‌ى داخ و نیگه‌رانیه‌ که‌ ئه‌وانه‌ى رۆژگارێک ئێمه‌ و خه‌ڵک متمانه‌مان پێکردون و پشتیوانى خه‌ڵکیان وه‌ک ئه‌مانه‌ت دراوه‌تێ، بڕۆن ئه‌و متمانه‌ و ئه‌مانه‌ته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى به‌کار بھێنن! به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شاته‌ شات و شه‌ڕه‌ جوێن و ھه‌ڕه‌شه‌ى بێ بنه‌ما ناتوانێت ئۆپۆزیسیۆن له‌م باره‌ ناھه‌مواره‌ ده‌رباز بکات و ئه‌م میله‌ته‌ له‌ دۆخى ئێستا رزگار بکات. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت که‌لێن و کێشه‌که‌ له‌ ناو خۆمان بێت و ھه‌ر له‌ ناو خۆمان چاره‌سه‌رى بکه‌ین.  

  

شه‌شه‌م: ھۆکارى نه‌خۆشى و په‌تاکه‌، نه‌بونى گوتارێکى تۆکمه‌ و دیده‌گایه‌کى ئاشکرا و رونه‌. ئه‌رکى ئێستامان، سازکردنى گوتار و دیده‌گایه‌کى ئه‌وتۆیه‌ که‌ خه‌ڵک و لاوان و گه‌نجان به‌ جۆرێک رێکبخات، که‌ نه‌ک ھه‌ر له‌ ته‌نگانه‌دا پشتمان تێنه‌که‌ن، به‌ڵکو ئاماده‌ بن گیانى خۆیشیانى بۆ بکه‌ن به‌ قوربانی.  

  

ئێمه‌ نه‌مانوتوه‌ که‌ ھه‌رگیز ناکه‌وین، به‌ڵام خوا یار بێت، ئه‌گه‌ر بشکه‌وین، ھه‌ڵده‌ستینه‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین. شکست و که‌وتن، ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌کى ژیرانه‌تر و ھۆشیارانه‌تر. گومانتان نه‌بێت، پشتیوان به‌ خوا، سه‌رده‌که‌وین، چونکه‌ به‌ ئومێد و بڕوایه‌کى قوڵه‌وه‌ به‌رده‌وامین!  

  
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار