سلێمانی چاوی لەوەیە پرۆژە وەستاوەكانی دەستپێبكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیدا لەسەر خەرجكردنی (24) ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت:» تەرخانكردنی ئەو بڕە بودجەیە هەنگاوی یەكەمە بۆ بوژاندنەوەی سلێمانی».

وەزارەتی دارایی و ئابوری رەزامەندیی دا، لەسەر خەرجكردنی بڕی (24) ملیارو (318) ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی (22) پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست و جێبەجێكردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژی نوێ بۆ سنوری یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگای سلێمانی.

دوای راوێژو كۆبوونەوەی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی؛ لەسەر داخوازیی پارێزگای سلێمانی بەنووسراوی ژمارە (7931) لە 29/11/2020دا بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەنووسراوی ژمارە (2557) لە 25/2/2021 و دوای كۆبوونەوەیان رەزامەندیی درا لەسەر خەرجكردنی بڕی (24) ملیارو (318) ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی (22) پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست و جێبەجێكردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژی نوێ بۆ سنوری یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگای سلێمانی.

هەریەك لەو پڕۆژانە پێش 2010 دەست كراوە بەجێبەجێكردنیان و دواتر بەهۆی هاتنی داعش و قەیرانەكانەوە كاركردن تیایاندا راگیراوەو  بەڕێژەی لەسەدا (90)یان تەواو بووە، واتە لەسەدا (10)یان ماوە تەواو ببن، هەریەكەیان پڕۆژەی خزمەتگوزارین بەتایبەتی رێگاوبان.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: « ئەمە (18) پڕۆژەی كۆنن، خزمەتگوزارین، پێویستن بۆ هاووڵاتیان پێیان تەواو دەكرێت كە تەنیا چوار پڕۆژەی نوێ هەیەو یەك پڕۆژەی دیكە كە لەناو خشتەكەدا باس نەكراوە بۆ رێگاوبانی گەڕەكی شێخان لەسەیدسادق واتە دەكاتە (23) پڕۆژە كە لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەو پارەیە كاریان تێدا دەكرێت».

پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشكرد ئەو هەنگاوە، هەنگاوێكی گرنگ و شایستەیە بەئاڕاستەی دەستپێكردنەوەی پڕۆژە وەستاوەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێ لەپێناوی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و دروستكردنی دەرفەتی كارو بوژانەوە لەهەموو ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا».

پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە كردەوە ئەم پڕۆژانە هەموویان گرنگن و وتی:» بەڕاوێژ لەگەڵ یەكە كارگێڕییەكان پڕۆژەكان هەڵبژێردراون و دیاریكراون كە كامیان بۆ هاووڵاتیان سودی هەیەو پێویستە زووتر تەواو بكرێت».

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی روونكردەوە پڕۆژەی دیكەش هەیە كە تەواونەكراون و وتی: « پڕۆژەكانی دیكەش هێشتا تەواونەكراون و لەوەزارەتی پلاندانانن، كە بەكۆی گشتی (340) ملیار دینار بۆ ئەم دەڤەرە دانراوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان و ئەم بڕە پارەیە قۆناغی یەكەمەو ئومێد دەكەین قۆناغی ترو هەنگاوەكانی تریش بەردەوام بێت».

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، تەخانكردنی ئەو بڕە بودجەیە بە» تەنها پینەكردنی  پڕۆژەكان» وەسفدەكات.

رەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» لەپارێزگای سلێمانیدا، بەسەدان پڕۆژە هەیەو تەواو نەبوون لەدوای ساڵی 2010وە راگیراون بەهۆی نەبوونی بودجەوە، بۆیە لەئێستادا ریزبەندییەك كراوە بۆ ئەو پڕۆژانە بەپێی رێژەی تەواوبوونی و گرنگی و ئەو پڕۆژانەی كەخزمەتگوزارین هێنراونەتەوە پێشەوە هەم بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان و هەم بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان زیاتر ئەركیان لەسەرەو بەماوەیەكی تر وایانلێدێت ئەو بەشەی كە تەواو بووە دەڕوخێت و دەبێت دووبارە لەسەرەتاوە بنیات بنرێتەوە».

هەروەها جەختی لەوەش كردەوە دەبوایە بودجە بۆ تەواوبوونی هەموو پڕۆژەكان تەرخانبكرایە، چونكە پڕۆژە هەیە لەسەدا 5ی تەواو بووەو راگیراوە چاوەرێی تەرخانكردنی بڕی (100) ملیار بوون بۆ تەواوكردنی پرۆژەكان، وتیشی:» ئەو (24) ملیار دینارە تەنیا پینەكردنێكەو پڕكردنەوەی بەشێكی كەمی پێداویستی شاری سلێمانیە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار