سارا یونس كاكل دكتۆرا لەزانستە سیاسییەكان بۆ هاوڵاتى: هەرێمی كوردستان نیمچه‌ دیموكراسییه‌

دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن یەكتر ناشرین دەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

چاودێرێكی سیاسی و خاوەن دكتۆرایەك لەزانستە سیاسییەكان ئاماژە بەوە دەدات كە هەركاتێك ئۆپۆزسیۆن لایەنەكانی دەسەڵات ناشرین دەكات كاردانەوەی بەدوادادێت و ئەوانیش لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ناشرین دەكەن، بەڵام بەپێویستی دادەنێت پێكەوە كار بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان بكەن.
سارا یونس كاكل، ماستەرو دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى  دەشڵێت:» ناتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان تەواو دیموكراتییە، واتە سەد لەسەد دیموكراتیەو هەموو بنەماكانی دیموكراتی تێدایە، هەندێك لەبنەماكانمان هەیە وەك بوونی هەڵبزاردن و بوونی حزبی سیاسی، لەدیموكراتیەتیش هەندێك شت هەیە سنوردارە،وەك دەربڕینی بیروڕا.
هاوڵاتى : ئەم دۆخە سیاسییەی لەهەرێمدا هەیە خەڵكی بێتاقەت كردووە، لایەنە سیاسییەكان دەبێت چی بكەن تا ئەم دۆخە كۆتایی بێت؟
سارا یونس: ئەو دۆخەی ئێستا هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت زۆربەی كات دەستی دەرەكی دەوری هەبووە لەسیاسەتی ناوخۆی هەرێم بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەهەرێم، نەك بۆ پاراستنی كوردو بەرژەوەندی كورد، دەبێت كەسانی سیاسی و حوكمڕانی كورد ئەوە بزانن، چونكە شەڕی چەندین وڵات لەناوچەكاندا لەسەر هەرێم بەرجەستەی دەكەن، بۆیە دەبێت ئێمە بەرژەوەندی خۆمان و ئەوان پێكەوە ببەستینەوە و بەرژەوەندیی ئەوان بێڕێزی بەرامبەر بەرژەوەندیی ئێمە نەكات، ئەوە خاڵێكی بنەڕەتی و سەرەكیە كەكار دەكاتەسەر دۆخی سیاسی هەرێم.
ڤایرۆسی كۆرۆناش كاریگەری زۆری هەبووە، چونكە كاریگەری لەسەر ئابوری وڵات كرد، كەئەوەش بێگومان راستەوخۆ پەیوەندی بەسیاسەتی وڵاتەوە هەیە كە تاچەند ژێرخانەكەی باش و پتەو بووە، چونكە سیاسەت و ئابوری پەیوەندییەكی راستەوانەیان پێكەوە هەیە، ئێمەش ژێرخانێكی ئەوەندە بەهێزمان نەبوو تا بەرگەی پەتای كۆرۆنا و هاتنی داعش بگرێت، نەبوونی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد كە دووبارە كاریگەرییەكەی زۆر دەبێت، چونكە ناكۆكی لایەنەكان ئەوەندەی خزمەت بەلایەنی دەرەكی كورد دەكات خزمەت بەكورد خۆی ناكات.
هاوڵاتى : پێتان وایە پارتی و یەكێتی دەبێت چۆن مامەڵە بكەن لەم دۆخەی ئێستادا كەحكومەتیان بەدەستەوەیە؟
سارا یونس: پێویستە هەموو حزبەكان لەخزمەتی میللەتی كورد بن، نەك لەخزمەتی حزبەكانیان بن، ئێستا لەلایەن ئەو دوو حزبەوە زۆرترین شت كە گوێمان لێدەبێت هەوڵی چاكسازییە كە من هیواموایە  سەربگرێت، چونكە پێویستی بە هاریكاری زیاتری حزبەكان هەیە، دەبێت هەوڵی چاكسازی لەلایەن هەردوو حزبەوە هەبێت و لابردنی بیرۆكەی دوو ئیدارەیی، لەهزری هاووڵاتیان، كەبەداخەوە دوای ئەوەندە ساڵە باسی دوو ئیدارەیی بكرێت، نەهێشتنی فكری جیاكاری زیندوكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی پێش حزبیبوون كوردبوون پێویستە،چونكە ئەوە ئەركی حزبەكانە تاچەند هەستی نەتەوایەتی لای كادیر و ئەندامانیان دروست دەكەن.
هاوڵاتى : پێتان وایە سیستمی هەرێم دیموكراسییە؟یان جۆرێكە لەدیكتاتۆریەت؟
بەدڵنیاییەوە دیكتاتۆریەت نییە، چونكە نیزامی پێشووی بەعس دیكتاتۆری بوو، بەڵام ناتوانین بشڵێین تەواو دیموكراتییە، واتە سەد لەسەد دیموكراتیەو هەموو بنەماكانی دیموكراتی تێدایە، هەندێك لەبنەماكانمان هەیە وەك بوونی هەڵبزاردن و بوونی حزبی سیاسی، له‌هه‌موو دونیا هیچ ولاتیك نمونه‌ی دیموكراسی ته‌واو نییه‌، لەدیموكراتیەتیش هەندێك شت هەیە سنوردارە،وەك دەربڕینی بیروڕا، زیادەڕۆیی بیروڕای بەرامبەرەكەت نەكەی، دەتوانین بڵێین سیستمی سیاسی كوردستان، تێكەڵاوە، لەنیوان ریاسی و پەرلەمانی، واتە بوونی دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و سەرۆكی هەرێمت بەهەڵبژاردن هەڵبژێردراوە،بۆیە دەتوانین بڵێین سیستمی حوكمڕانی هەرێم تێكەڵاوە و دورە لەدیكتاتۆریەت.
هاوڵاتى : پێتان وایە كابینەی نۆیەم حكومەتێكی پۆلیسییە؟
سارا یونس: حوكمی پۆلیسی واتە ئەو كاتە دێت لەدوای ئینقیلاب، كۆمەڵێك یان دەستەیەكی سەربازیی دێن،حوكمڕانی وڵاتەكە دەكەن كەهێزی ئەمنی حوكمڕانی دەكەن و بەهێزن، بەدەسەڵاتەكەیان خەڵكی دەچەوسێننەوە، لەیەك حزب هیچ حزبێكی دیكە دەوری نیە، بەڵام كە سەیری هەرێم دەكەی، حزبی سیاسی زۆر و ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی حوكمڕانی دەكەن سەربازیی نین، شێوازەكەشیان لەحوكمی پۆلیسی ناچێت، بۆیە ئەوە زۆر هەڵەیە.
هاوڵاتى : ئۆپۆزسیۆن لەزۆر وڵاتدا هاوكاری دەسەڵات دەكات بۆ چاكسازی؟ بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا بەریەكەوتنەكان جیاوازەو دەچێتە بواری شەخسییەوە؟
سارا یونس: ئۆپۆزسیۆن یەكێكە لە بنەماكانی دیموكراتییەت و خزمەت بە بنەماكانی دەكات، ئۆپۆزسیۆن كۆمەڵە كەسانێكن بیروڕایان دژی ئەم حكومەتەی ئێستایە، كەیەكێك لەئامانجەكانی خزمەتكردنی هاووڵاتیانە نەك چەواشەكاری، بەداخەوە ئەوانەی لەهەرێمدا هەن، ناتوانین بڵێین ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەن، چونكە ئەوكاتە دەبنە راستەقینە كە هیچ كەسێك نەتوانێت، تەداخولی ئامانجی سەرەكی حزبەكەو  دەستی دەرەكی دەتوانێت بەئاسانی بەرژەوەندیەكانی خۆی  لەڕێی ئەوانەوە بگەیەنێت، یەكێك لەهەرە ئامانجە سەرەكیەكانی پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچەكەیە، نەك كێشەی كۆمەڵایەتی و ئابوری بكاتە كێشەی سیاسی و حكومەت ناشرین بكات لەبەر چاوی خەڵك، پێویستە بە بەرنامەی داڕێژراو لەگەڵ حكومەت كار بكات، بۆیە بێگومان كە ئۆپۆزسیۆن حزبەكانی دیكە ناشرین دەكات، هەموو كارێك كاردانەوەی خۆی هەیە، بۆیە ئەوانیش ئۆپۆزسیۆن ناشرین دەكەن.
هاوڵاتى : ئەگەر لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەیەك لیست بوونایە؟كورد كۆدەنگی و یەكدەنگی بۆ دروست دەبێت؟
سارا یونس: بێگومان كە باسی هەڵبژاردن دەكرێت لەسنوری عێراق واتە بە هەموو نەتەوەكانەوە بەشدار دەبن،بۆیە بێگومان بە لیستێكی یەكگرتوی بەهێزی یەك دەنگ و یەك هەڵوێست، بەهێزترە هەم بۆ لایەنی دەرونیش كاریگەریی دەبێت لەسەر نەتەوەكانی دیكە كە بەهێزی خۆی پیشان دەدات، بۆیە پێویستە لەبری ئەوەی دژایەتی یەكتر بكەین، پێویستە بەلیستێك قودرەت و توانای خۆمان دەربخەین، كە لەڕاستیدا ئەمە شێوازە یاسایی و گونجاوەكەیە، بەڵام ئەمان لەسەر چ بنەمایەك دەڕۆن بەو شێوازە نازانم، چونكە ناكرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حزبەكەیان كار بكاتە سەر بەرژەوەندیەكان و مافە دەستوریەكانی گەلی كورد.
هاوڵاتى : پێتانوایە ئەم هەڵبژاردنەی عێراق كەبڕیارە لەمساڵدا ئەنجامبدرێت دەریدەخات لایەنە سیاسییەكان متمانەیان چەند كەمبووەتەوە لای خەڵك؟
سارا یونس: یێگومان هەموو هەڵبژاردنێك دەریدەخات خەڵك متمانەی چەندە بەو حزبە سیاسییانە، واتە ئومێدیان هەیە یان نا بەرەو باشتربوونی بارودۆخەكە بێگومان كاریگەری دەبێت و دەشیبینین، بەڵام وەك كورد زۆرم پێ ناخۆشە كە لاوازی حزب و لایەنێك بووبێتە كەمی دەنگدانی خەڵك، چونكە ئەمە هەڵبژاردنی سنوری هەرێمی كوردستان نیە باس لەنوێنەری خۆمان لەناو پەرلەمانی عێراق دەكەین، بۆیە پێویستە خەڵكەكە متمانەیان لەدەست نەدابێت.
هاوڵاتى : بەشێك لەحزبەكان پێكەوە هاوپەیمانی دروستدەكەن، بۆ نموونە هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕان، بەڵام وەك باسدەكرێت پارتی نیگەرانە؟ 
سارا یونس: وتەیەك هەیە دەوترێت لەناو سیاسیەتدا دۆستی بەردەوام و دوژمنی بەردەوام نیە، بەڵكو بەرژەوەندی بەردەوام هەیە، بەڵام ئەوە باس نەكراوە لەناو یەكڕیزی میللەتێك یان لەناو حزبەكاندا ئەمە بكرێت، بەڵكو لەناو وڵاتانی دراوسێی یان وڵاتێك لەگەڵ وڵاتێكی دیكە لەوانەیە ئەمرۆ دۆست بێت، بەڵام بەیانی دۆست نەبێت.
وڵاتان لەنێوان خۆیاندا ئەم وتەیە دەیانگرێتەوە، باس لەیەك نەتەوە ناكات و ناگونجێت، چونكە ئەوە دووفاقی زۆری پێوە دیارە، گۆڕان لەیەكێتی جیابووەتەوە چونكە مەبدەئیان یەك نەبووە، ئەمڕۆ بۆ مەبدەئەكان بۆ یەكبوونەو ئەمە راست نیە، چونكە هەر هەموویان مەبدەئیان جیاوازە،  بە بیڕورای من مۆركی تایبەتی پێوە دیارە وەك مۆركی حزبی، لەبەر بەرژەوەندی و خزمەتی خۆیان دواتر حزبەكەیان و هیچ بەرژەوەندیەكی نەتەوەیی پێوە دیار نیە،  ئەمە ئەمڕۆ یەكیانگرتووە دژایەتی كێ دەكەن، بۆیە ئەمە شتی وانابێت چونکە دوای تەواوبوونی بەرژەوەندییەكان دەچینەوە خاڵی سفر.
هاوپەیمانێتی لایەنەكان بەتایبەت گۆڕان و یەكێتی تەنها بۆ هەڵبژاردنی عێراقەو تەسەور ناكرێت سبەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هەمان هاوپەیمانێتی بكەن. 
هاوڵاتى : ئێستا هەموو كەس هەڵدەستێت لەسیاسەتدا قسە دەكات و خۆی بەسیاسەتمەدارو پسپۆر دەزانێت؟ هۆكارەكەی دەسەڵاتە یان بێزاری خەڵكە؟
سارا یونس: هەرێمی كوردستان وای لێهاتووە هەموو كێشەیەك كراوە بەسیاسەت و بە حوكمڕانی هەرێمی كوردستانەوە، خەڵكەكە لەلایەنی كۆمەڵایەتی یان ئابوری و رۆشنبیری بێت بەسیاسی دەكرێت ئەوكات دەكرێتە بەردەستی خەڵكەوە، بەتایبەت میدیاكان خەڵكیان والێكردووە هەموو بابەتەكان بەسیاسی دەخەنە بەردەست هاووڵاتیان، بۆیە وا خۆیان دێتە بەرچاو لەسیاسەتدا زۆر كەسێكی كامل و تەواون، چونكە میدیاكان چۆن شتەكە ببینن بەو شێوەیە خەڵكەكە ئاراستە دەكەن، ئەوەش لەئەنجامی نەبوونی میدیای سەربەخۆیە، هەرچەندە رۆژنامەی هاوڵاتى  هەیە وەك رۆژنامەیەكی سەربەخۆ، بەڵام بەڕاستی میدیای سەربەخۆمان نییە لەهەرێمی كوردستاندا وەك دەسەڵاتی چوارەم كە روونكردنەوە لەسەر ئەو پرسانە بدات، زۆرم پێخۆشە وەعی سیاسی  لای خەڵك هەبێت بەڕاستی و دروستی نەك بەو شێوەیەی كە هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار