نهێنیی تۆماری دەنگیی ئەو پیاوەی بەئێران كۆنتڕۆڵ نەكرا ئاشكرا دەبێت
زەریف تاكە هیوای ریفۆرمخوازەكانی ئێران بوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئێران، بەڵام ریسەكەیان لێبووەوە بەخوری
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەبڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگیی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆڵی قاسم سولەیمانی لەپێناو بەهێزبوونی پێگەی روسیا دژی ئەمەریكا ئاشكرا دەبێت و ئەمە مۆسكۆ دێنێتە دەنگ و لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران داوای لێكۆڵینەوە دەكات و نزیكەی (20) بەرپرس و كارمەندی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەبڕیاری دەزگای دادوەریی گەشتیان لێ قەدەغە دەكرێت.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی دركاندوە كە حكومەت دەسەڵاتی بەسەر جموجۆڵ و هەوڵەكانی قاسم سولەیمانیی بەتایبەت لەعێراق و سوریا نەبووەو نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵی بكات و ئەوەی سولەیمانی ویستبێتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئێران لە رووی نێودەوڵەتیی لەسوریا و عێراق ئەنجامی داوەو تەنانەت بەخواستی روسیا هەوڵی تێكدانی رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1)ی داوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە نهێنییەی زەریف بووەتە هۆی قوڵبوونەوەی ململانێ و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەو هۆیەوە سوپای پاسداران بەیاننامەیەكی دژی وەزارەتی دەرەوە بڵاوكردەوەو حكومەتی بە ناكارامەو رێگر لەبەردەم هەوڵ و جموجۆڵەكانی قاسم سولەیمانی تۆمەتبار كردووەو لەلایەكی دیكەوە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە سەرەڕای تۆمەتباركردنی سعودیە، دەزگای هەواڵگریی ئێرانی كە بەوەزارەتی (ئیتلاعات) ناسراوە راسپاردووە بۆ ئاشكراكردنی ئەو دەستانەی لەپشت بڵاوكردنەوەی تۆمارەكەوە بوون و هاوكات لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانیش داوای روونكردنەوە لەزەریف دەكات.
تۆمارێكی حەوت كاتژمێری كۆماری ئیسلامی ئێران دەهەژێنێت
تۆمارە دەنگییەكەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران كەدیدارێكی رۆژنامەوانیی حەوت كاتژمێرییە لەگەڵ سەعید لیلاز، پسپۆڕی ئابوریی و رۆژنامەوان كە زستانی ساڵی (2020) ئەنجامدراوە، بەڵام لەهەفتەی رابردوودا سێ كاتژمێری ئەو تۆمارە دەنگییە لەتەلەفیزتۆنێكی نزیك لەنەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئێران ئینتەرناشناڵ) كە ناوەندەكەی لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیایە بڵاوكرایەوەو كاردانەوەی بەرفراوانی لەئاستی ناوخۆو دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوەو رەنگە شەرمەزارییەكی گەورەی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لێبكەوێتەوە.
زەیف لەبەشێكی ئەو تۆمارە دەنگییەدا كەداوای لە لیلاز كردووە هیچ كات بڵاونەبێتەوە، ئاشكرای دەكات قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزەكانی فەیلەقی (قودس)ی سەر بەسوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ گوێدانە دیپلۆماسی و سیاسەتی نێودەوەڵەتی بڕیارەكانی خۆی بەسەر وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا سەپاندووەو تەنانەت لەكاتی گەیشتن بە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی (2015) سولەیمانی لەژێر گاریگەریی ڤلادیمیر پوتن ، سەرۆكی روسیا ویستوویەتیی ببێتە هۆی تێكدان و سەرنەگرتنی ئەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییە چونكە مۆسكۆ پێی وابووە رێككەوتنی ئەتۆمیی پێگەی واشنتۆن لەئاستی جیهان و ناوچەكەدا بەهێزتر دەكات.
زەریف دەشڵێت:» گەشتە سیاسی و سەربازییەكانی قاسم سولەیمانی لەسەر خواست و لەژێر دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەبووە بەتایبەت لەسوریا و عێراق، گەشتەكەشی بۆ روسیا لەساڵی (2015) لەسەر داوای مۆسكۆ بوو خواستی روسیا ئەوەبوو كە سوپاو هێزە سەربازییە رەسمییەكانی ئێران دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی راستەوخۆ پەلكێشی جەنگی سوریا بكات.
هەروەها زەریف لەتۆمارە دەنگییەكەدا دەشڵێت:» لەكاتێكدا پێشتر ئێمە هیچ هێزێكی رەسمیمان لەو جەنگەدا بەشدار نەبوو، ئەوەی هەبوو تەنها هێزە خۆبەخشە (عەرەب و ئەفغانی، سوری) بوون».
بەپێی وتەكانی زەریف، روسیا هەوڵیداوە لەڕێگەی قاسم سولەیمانییەوە سیاسەتەكانی خۆی لەناوچەكدا بسەپێنێت و ئێران لەئەمەریكا دوربخاتەوە و بەواتایەكی دیكە سولەیمانی بووەتە داردەستی روسیا لەناوچەكەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرای كردووە كە دوای رێككەوتنەكە لەكاتێكدا روسیا دەیتوانی لەدەریای سپی-یەوە هێرش بكاتەسەر پێگەی نەیارانی سوریا، بەڵام لەئێرانەوە ئەو كارەی كردو فڕۆكە جەنگییەكانی لەئێرانەوە هەڵدەستان بۆ لێدان لەخاكی سوریا كەئەمەش پەیوەندیی بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە هەبوو روسیا لەهەفتەی كۆتایی واژۆكردنی رێككەوتنەكەی ئێران وڵاتانی (5+1) هەموو هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە واژۆ نەكرێت و سەرنەگرێت.
لەبەشێكی دیكەدا زەریف ئاماژە بەوە دەكات كەدوای رێككەوتنی ئەتۆمیی بڕیاربوو فڕۆكەكانی جۆری بۆینگ و ئەیرباس-ی ئێران لەلیستی سزاكانی ئەمەریكا دەربهێنرێن، بەڵام «قاسم سولەیمانی فشاری خستەسەر كۆمپانیا گەشتیارییەكانی بەكارهێنەری ئەو جۆرە فڕۆكانە لەئێران كە گەشتەكانیان بۆ سوریا دەستپێبكەنەوە و تەنانەت جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمەریكا بە زەریفی وتووە:» من هەوڵمداوە فڕۆكەكانتان لە لیستی سزاكاندا نەهێڵمەوە، بەڵام گەشتی فڕۆكەكانتان بۆ سوریا گەیشتووەتە شەش هێندەی رابردوو.
لەو تۆمارەدا زەریف بەئاشكرا دەڵێت: لەكۆماری ئیسلامی ئێراندا سیاسەتی (دوو لایەنەی دیپلۆماسی و سەربازیی) بوونی نییە، چونكە «گۆڕەپانی سەربازیی بەبنەما وەردەگیرێت و سیاسەت لەسەر بنەمای هەوڵە سەربازییەكانە و تاران هێز و ئابورییەكی زۆری بۆ ئەو بوارە تەرخان كردووەو بڕیار لەگۆڕەپانەوە»ئیتڵاعات» دێت نەوەك لەدیپلۆماسییەتەوە، بۆیە قاسم سولەیمانیش لەچوارچێوەی ئەو تێڕوانینەدا پێی وابووە دەبێت دیپلۆماسی لەخزمەتی گۆڕەپانەكەدا بێت و بەر بەردەوامیی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی رادەسپارد كە چی بڵێن و چی بكەن.
سەبارەت بەكەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی گشتیاریی ئۆكرانیا لەساڵی (2020) لەتاران بەهۆی دوو موشەكی سوپای پاسداران كە بڕیاربوو بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە (عەین ئەسەد)ی عێراق بكەنە ئامانج، بەڵام بووە هۆی گیانلەدەستانی (176) كەس، زەریف ئاشكرای كردووە كە رۆژی دوای تێكشكاندنی فڕۆكەكە، بەشداریی كۆبوونەوەی تایبەت و بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی كۆماری ئیسلامی ئێرانی سەبارەت بە رووداوەكە كردووە و داوای كردووە كە ئەگەر ئێران هۆكاری تێكشكاندنی ئەو فڕۆكە ئۆكرانیە بووە، دەبێت راگەیاندن بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت چارەسەری كاردانەوەكان بكرێت، بەڵام بەوتەی زەریف ئامادەبووانی ئەو كۆبوونەوەیە زۆر بە توندی وەڵامیان داوەتەوەو هێرشیان كردووەتە سەری بەشێوەیەك وەك ئەوەی ئەو (كفری شەیتان)ی وتبێت.
جەواد زەریف لەدژایەتیی قاسم سولەیمانی پاشگەز دەبێتەوە
لەنوێترین لێدوانی زەریف سەبارەت بەبڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكەی، رایگەیاندووە كە ئەو مەبەستی بووە بڵێت گۆڕەپانی سەربازیی و دیپلۆماسیی تەواوكەرو بەهێزكەری یەكترن و قاسم سولەیمانی رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەئاشتیی لەئەفغانستان و عێراق هەروەها هەوڵەكانی مایەی شكستی داعش بووە.
زەریف لەتویتەرو ئینیستاگرام نووسیویەتی:» قاسم سولەیمانی شەهیدێكی جێی شانازییە و پەیوەندییەكانی نێوانمان بە بەردەوامیی بەرەو قوڵبوونەوە رۆیشتووەو جێگەی سەڕسوڕمانە كە تێڕوانینێكی تایبەت و نهێنیی من بۆچی دەبێتە هۆی ململانێی ناوخۆییەكان لەكاتێكدا دەكرێت ئەو ئەزموونە هەشت ساڵەی من و قاسم سولەیمانی سوودی لێوەربگیرێت».
سعودیە تۆمەتبار دەكرێت
تۆمارەكەی زەریف لە رۆژی یەكشەممە (25/4/2021) لەلایەن تەلەفیزیۆنی (ئێران ئینتەرناشناڵ) كە بەتەلەفیزیۆنێكی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدرێت بڵاو كرایەوە.
رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی و (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریكی سەبارەت بەو تەلەفیزیۆنە كەناوەندەكەی لە بەریتانیایە نووسیویانە ئەگەرچی داهات و سەرچاوەی داراییەكانی شەفاف نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكانی ئەوان لەلایەن سعودیەوە پارە بۆ (ئێران ئینتەرناشناڵ) تەرخان دەكرێت بەمەبەستی دژایەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران.
حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كابینەی حكومەت لەسەر بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگیی محەمەد جەواد زەریف دژی هەنگاوو جموجۆڵەكانی رابردووی قاسم سولەیمانی وتوویەتی: من (32) ساڵە لەئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی كۆماری ئیسلامی ئێران كارم كردووە و (16) ساڵ سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە بووم و لانیكەم (36) ساڵ لە قۆناغە جیاوازەكاندا لەگەڵ سولەیمانی كاری هاوبەشم كردووە سەرەڕای ئەوەی لەكاتی زۆر هەستیاردا ئەركم سیاسەت و دیپلۆماسی و دانوستان بووە لەوە تێدەگەم هەوڵ لەگۆڕەپانی سەربازیی تا چ ئاستێك بۆ دەستكەوتی دیپلۆماسیی گرنگە، چونكە ئەو دوو بوارە دژی یەكتر نین و تەواوكەری یەكترن.
رۆحانی ئاماژەی بەوە كردووە كە تۆمارە دەنگییەكەی زەریف لەلایەن كەناڵێكی تەلەفیزیۆنی (ئیران ئینتەرناشناڵ) بڵاوكراوەتەوە كە بەپارەی سعودیە بۆ دروستكردنی ناكۆكیی لەنێوان خەڵكی ئێران بەڕێودەچێت و مەبەستیان لەم كارە لێدان لەپێگەی بەهێزی زەریف و دروستكردنی ناكۆكیی بووە.
زەریف هێڵی سوری كۆماری ئیسلامی ئێران دەبەزێنێت
رۆژێك دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكە ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بەتوندڕەوەكانی محافزكاران بەناونیشانی (كاردانەوە بەتۆماری دەنگیی؛ زەریف لەبیری چووەتەوە كە وەزیری دەرەوەی ئێرانە) بڵاوی كردەوە كە ئاشكرابوون و بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگیی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بەهەوڵ و جموجۆڵەكانی قاسم سولەیمانی لەبواری سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئێران كاردانەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئێرانی لێكەوتووەتەوە و ئەم تۆمارەیان بە بەزاندنی هێڵی سوری كۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمداوەو وتوویانە «پێدەچێت زەریف لەبیری چووبێتەوە كە وەزیری دەرەوەیە».
لەلایەكی دیكەوە سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند كەئەو تۆمارە دەنگییە بەشێكی جیاكراوەو دەستكاریكراوی وتووێژێكی رۆژنامەوانیی حەوت كاتژمێری زەریفەو پێدەچێت بەمەبەستی دژایەتی زەریف بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران ئەو تۆمارە بەو شێوەیە بڵاوكرابێتەوە یان دزەی پێكرابێت، چونكە ئەو تۆمارە رەنگدانەوەی راستەقینەی ئاستی رێزو خۆشەویستیی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ قاسم سولەیمانی نییە.
هاوكات رۆژنامەی (شەرق) كە رۆژنامەیەكی نیمچە ئەهلی و نزیك لە ریفۆرمخوازانە بەناونیشانی (كێ بڵاوی كردەوە ؟ كێ قازانجی كرد؟) نووسیویەتی بڵاوبونەوەی تۆمارە دەنگییەكەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بووەتە هۆی قوڵبوونەوەی ململانێكانی یارو نەیاری زەریف و گۆڤارێكی سەر بەسوپای پاسداران بەبڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك دژی وەزارەرتی دەرەوە، حكومەت تۆمەتبار دەكات بەدزەپێكردنی هەواڵگریی و بەوەی كە رێگریی لەجێبەجێكردنی پلانەكانی قاسم سولەیمانی كردووە.
سوپای پاسداران رایگەیاندووە ئەگەر قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس هەموو بوارەكان و گۆڕەپانەكەی بۆ بەرپرسانی حكومەت ئاوەڵا بكردایەتەوە بێگومان ئەوەی ئەمڕۆ بەدی دەكرا هاوشێوەی زیان و بەئەنجام نەگەیشتی دانوستان و رێككەوتنی ئەتۆمیی بوو بۆ ئێران كە لەسایەی ناكارامەیی بەرپرسانی حكومەتەوە خوڵقاوە.
سەرەداوەكان ئاشكرا دەبێت
دەزگای دادوەریی ئێران بەبێ ناوهێنان رایگەیاندووە؛ نزیكەی (20) بەرپرس و كارمەندی حكومەت كە گومانیان لەسەرە دەستیان هەبووبێت لە دزەپێكردنی تۆمارە دەنگییەكەی زەریف، گەشتی دەرەوەی ئێرانیان لێ قەدەغەكراوە تا ئەوكاتەی دۆسیەكە بەتەواوەتی دادەخرێت.
دەزگای دادوەریی روونیكردووەتەوە تۆمەتبارەكان تەنها گەشتیان لێ قەدەغە كراوە و هیچ كەسێكیان دەستگیرنەكراون.
لەلایەكی دیكەوە میدیاو رۆژنامەكانی سەر بەباڵی محافزكاران رایانگەیاندووە ئەو تۆمارە دەنگییە لەلایەن حیسامەدین ئاشنا، راوێژكاری سەرۆك كۆماری ئێران بڵاوكراوەتەوە، چونكە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارەكە دەستی لەكار كێشاوەتەوەو حەسەن رۆحانی كەسێكی دیكەی لەجێگەكەی داناوە.
سەعید لیلاز، پسپۆڕی ئابوریی و مامۆستای زانكۆ كە دیدارو چاوپێكەوتنە حەوت كاتژمێرییەكەی لەگەڵ زەریف ئەنجامداوە وتوویەتی؛ هیوادارم دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) بتوانێت ئەو كەسە ئاشكرا بكات كەدەستی هەبووە لەبڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكی دیدارەكەی من لەگەڵ زەریف، بەڵام ئەم دەزگایە تەنها چاودێریی تەلەفۆنەكانی من دەكات و چاوەڕوانییەكی دیكەم لێیان نییە.
بوومەلەرزەكەی زەریف
بڵاوبوونەوەی لێدوانەكانی زەریف لەو تۆمارە دەنگییەدا كە بڕیاربوو هیچ كات بڵاونەكرێتەوە وەك بوومەلەرزەیەك دەسەڵاتی ئێرانی لەناوخۆ هەژاندو كاردانەوەی روسیای لێكەوتەوەو رۆژی شەممە ( 1/5/2021) ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند؛ كۆشكی كرملین تەنها گرنگیی بەهەڵوێستی رەسمیی كۆماری ئیسلامی ئێران دەدات و دەزانین چ كەسانێك دەیانەوێت لە رێگەی لێدوانی نابەرپرسیارانە و نەگونجاو پەیوەندیی سەدان ساڵەی نێوان مۆسكۆو تاران بكەنە ئامانج.
هەروەها راشیگەیاند:» روسیا تێدەگات كە ئێران لەئێستادا لەدۆخێكی باشدا نییەو هەڵوێستەكانی ئێمەش بەپێی ئەو دۆخەی ئێران وردبینانە دەبێت».
ئەو تۆمارە دەنگییە لە میدیاكانی دەرەوەی ئێران بە بوومەلەرزە و لەناوخۆشدا بەئابڕوچوون و شەرمەزاریی ناودەهێنرێت، بەڵام رەنگە گەورەترین ئامانجی بڵاوكردنەوەی ئەم تۆمارە لەكارخستن یان دورخستنەوەی زەریف لەوەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و هاوكات رێگریی بكرێت لەوەی كە زەریف بتوانێت خۆی وەك كاندیدی ریفۆرمخوازان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریی لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئێران بپاڵێوێت.
«تەنها كەسێك كە شانسی مسۆگەركردنی پۆستی سەرۆك كۆماریی بۆ ریفۆرمخوازان هەبێت محەمەد جەواد زەریفەو ئەگەر پلانی دورخستنەوەی ئەو سەربگرێت بێگومان ئەمە تیری كۆتایی مەرگی ریفۆرمخوازان و لەگۆڕنانی ئامانجەكانیانە»، بەپێی وتەی بەرپرسانی ریفۆرمخوازان.