منیش بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم کە تاوانبارم

4 ساڵ لەمەوپێش



ئاسۆس هەردی

من بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان دانیشتووم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵەو دیموکرات و حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا دانیشتووم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدەو حیزبەکانی تری رۆژاوادا دانیشتووم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

دانی پێدا دەنێم لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمەریکی و ئەڵمانی، لەگەڵ سەفیری ئەڵمانی و سەفیری سویدی و سەفیری نەرویجی و دیپلۆماتە ئیتالی و کەنەدەییەکاندا دانیشتووم و راشکاوانە باسی بارودۆخی کوردستان و عێراق و رەخنەو گلەییەکانی خەڵکی کوردستانم بۆ کردوون، نەک هەر لەسەر شێوازی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراق، بەڵکو لەسەر سیاسەتی خودی خۆیان و دەوڵەتەکانیشیان.

دانی پێدادەنێم هاوڵاتی و ئاوێنە لە چوارچیوەی چەندین پرۆژەی هاوبەشدا هاوکاریی ماددییان لە رێکخراوە ناحکومییەکانی هۆڵەندا، ئەڵمانیا، نەرویج، دانمارک، ئەمەریکاو.. هتد وەرگرتووە کە زۆربەی ئەو رێکخراوانەش وەکو ئاشکرایە سەرچاوەی داهاتیان وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیانە.

دانی پێدادەنێم زۆرێک لەو رێکخراو یان دەزگا دیپلۆماسییانە بە فەرمی بانگهێشتی وڵاتی خۆیانیان کردووم و لە زۆر کۆنفرانس و کۆبوونەوەی تایبەت بە عێراق و کوردستاندا بەشداربووم، کە ئەوان رێکیان خستووەو میوانداریی بەشداربووانیان کردووە.

ئەگەر دانیشتن لەگەڵ حیزب وتێکۆشەرانی پارچەکانی تری کوردستان و نوێنەری وڵاتانی خۆرئاوادا تاوانە، ئەوا من لێرەوە راشکاوانە دانی پێدادەنێم:

بە شانازییەوە تاوانبارم و ئامادەم بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە گەورانە لە ئەستۆ بگرم و لەپاڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانمدا لە بادینان لە کونجی زیندان توندکرێم!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار