دەستورێک بۆ هەرێم؟!

سەردار عەزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

وەها دیارە لەهەموو گەڕێکی پەرلەمانیدا، پرسی تێپەڕاندنی دەستور دەوروژێنرێتو دەستور وەها دەبینرێت کەیەکێک بێت لەپایەکانی حوکمڕانی. ئەم بێرەو بردەیە، کۆمەڵێک کاریگەریی هەیە، کە لەئەنجامدا چیرۆکێک و بڕێکی زۆر لەتەمومژو لێڵی لەدەوری چەمک و پرۆسەی دەستور دروست دەکات. کاتێک هەر پرسێک دێتە نێو کایەی گشتییەوەو مشتومڕی لەسەر دەکرێت، یان ئەوەیە زیاتر لەدۆخی سروشتی خۆی گەورە دەکرێت یان بێکەڵک دەکرێت. لەهەردوو دۆخەکەدا دۆخی راستەقینەی پرسەکە ون دەبێت،  دەستور دەکرێت چەندین مێژووی هەبێت، مێژووی کۆن، لەحامورابییەوە، هەروەها مێژوی نوێ، لەمەگناکارتاوە، یان مێژووی زۆر نوێ لەپاش مۆدێلی ئەمریکییەوە.

زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا قۆپییەن، یان لەیەکترەوە وەرگیراون.بۆیە لەسەردەمی نوێدا دەستور هەمیشە بەچاپ و بڵاوکردنەوە بەستراوەتەوە. هەرئەمەشە کەزۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا ئازادی رادەربڕینیان تیادایە، لەکاتێکدا ئازادییەکانی تر هێندە بەرجەستە نین

لەگەڵ بەئەمریکاییبونی دونیا، دەستور وەک بەشێک لە پرۆسەی بە ئەمریکاییبوون یان سەپاندنی سیستەمی لیبراڵ بەدونیادا بڵاوبووەوە. بۆیە چەمکی دەستورگەرێتی، یان کۆنسیوتیشنالێزم، هەمیشە وابەستەیە بە چەمکی حکومەتی بچووک، یان حکومەتی ناچاریی. بەو مانایە حکومەت دەبێت کاتێک هەبێت کە ناچارییە، ئەگینا دەبێت خۆی بەدووربگرێت لەژیان و ژیاری کەسەکان. جۆرێک لەلێزییە فێر laissez faire  زۆر بەسادەیی دەستور دەقێکە کەتیایدا خەڵکانێک، لەجێگایەکی تایبەتدا، جاڕی خۆیان دەدەن کە کێن و چۆن دەیانەوێت حوکمی خۆیان بکەن و چی رێگەپێدراوەو و چی رێگە پێنەدراوە هەروەها چۆنێتی میکانیزمی بەڕێوەچوونی دەستورەکە. زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا قۆپییەن، یان لەیەکترەوە وەرگیراون.بۆیە لەسەردەمی نوێدا دەستور هەمیشە بەچاپ و بڵاوکردنەوە بەستراوەتەوە. هەرئەمەشە کەزۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا ئازادی رادەربڕینیان تیادایە، لەکاتێکدا ئازادییەکانی تر هێندە بەرجەستە نین.  بۆ ئەوەی دیدێکی واقیعیمان هەبێت دەبێت تەماشای مێژووی جیهانی ئەم دیاردەیە بکەین و زۆر واقیعییانە لێی بنواڕین. بۆ مێژوونوسێکی دیاری وەک لیندا کولی گەشەی دەستور راستەوخۆ وابەستەیە بەجەنگەوە. وەک چۆن چارلس تیللی دەڵێت شەڕ دەوڵەت دروستدەکات و دەوڵەت شەڕ دەکات، لیندا کۆلیش لە کتێبی، چەک و کەشتی و پێنوسدا، ئارگومێنتی ئەوە دەهێنێتەوە کە شەڕ پاڵنەری هەرە سەرەکی دەستور بووە لەدونیادا Linda Colley THE GUN, THE SHIP, AND THE PEN: Warfare, Constitutions, and the Making of the Modern World  بەم پێیە دەستور بریتی نەبووە لە خواستی گشتی و بەشێک نەبووە لە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەستە بەشەڕ و مۆدێرنەوە. دەوڵەت لەڕێگای دەستورەوە ناوەو دەرەوەی خۆی رێکدەخات.

ئەگەر بەزمانی مۆدێرنە قسەبکەین دەستور پرۆسەی سنورڕێژییە. مەبەستمان لەپرۆسەی سنورڕێژیی ئەوەیە کەسنوری دەسەڵاتەکان دیاری دەکرێت، چۆنێتی پەیوەندییان دادەڕێژرێت، ئازادییەکان و مافەکان دیاری دەکرێن. هەمیشە هەندێک ماف و ئازادی وەلا دەخرێن. لەئەنجامدا دەستور تەنها یەک لایەنە نیە: ببەخشێت یان رێگەبدات بەڵکو لەهەمانکاتدا دەکرێت رێگر بێت. بەگشتی دەستور ئامرازێکی تەکنەلۆجیای دەسەڵاتە، کە بنەمایەک دادەڕێژێت بۆ ئەوەی سیستەمی یاسایی لەهەناو کۆمەڵگادا بەڕێوەبچێت. لەهەمانکاتدا لەسایەیدا رۆژانە لە ئاساتە جیاوازەکاندا یاسا بەرهەم بێت. بۆیە دەستور چەندێکی نووسراوە، هەمیشە بڕی زۆری بەنەنووسراو دەمێنێتەوە. لێرەدا نەنووسراو مەبەستمان لە ئەو فۆرمیولەیە کە لەسیستەمی بەریتانیدا هەیە، کە لەسەر بنەمای پێشینەیی بەردەوام یاسا بەرهەمدێت. سادەترین راستی لەئەمەوە هەڵینجێنین ئەوەیە کەدەستور جێگای هەموو شتێکی تیادانابێتەوە و بەردەوام بە ئەبستراکت و ناڕون دەمێنێتەوە.

لێرەدا بەتایبەت قسە لەسەر دەستور بەکوردی دەکەم. دەقی پرۆژەی دەستوری هەرێم، سەرەتا موکەڕەم تاڵەبانی بەزمانی عەرەبی نووسیویەتی و پاشان وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی. ئەمە لاوازییەکی گەورەیە. دەقی وەرگێڕدراو هەمیشە وابەستەی دونیابینی دەقی سەرەکییە، هەرگیز سەربەخۆیی خۆی بەدەست ناهێنێت. دیارە یاسا خوێندن و پیادەکردنی یاسا لەکوردستان بەعەرەبییە، بۆیە هەموو ئەوانەی لەسەر پرسی دەستور کاردەکەن زمانی کوردی بەباشی نازانن و ناتوانن بەکوردی یاساییانە بیربکەنەوە.  دەتوانین بڵێین کەسەرتاپا رژێمی بیرکردنەوە کوردی نیە.  (لێرەدا چەمکی رژێمی بیرکردنەوە فۆکۆییانە بەکاردەبەین، لەسەر هاوتای چەمکی رژێمی راستی). زمانی کوردی زمانێکی ئێجگار دەوڵەمەندە، بەڵام وەک زۆر زمانەکانی تری رۆژهەڵات زمانی سیستەم نیە بەڵکو زمانی هەستە، بۆیە دەربڕینی هەست و سۆز، بەتایبەتی بەزمانێكی ئەدەبی، تیایدا ئاسانە، لەبەرامبەردا دەربڕین بەزمانی سیستەم ئاسان نیە، چونکە پێویستی بە بونیادنان و ئامادەکاری هەیە، ئەمەش لەتوانای زۆربەی یاسا داڕێژەراندا نیە لەکوردستان. بۆیە لیژنەی دەستور ئەگەر دروست بکرێت دەبێت شارەزاییەکی زمانی تیادابێت. سەرباری ئەمە دەقی دەستور زۆرجار پڕ لەپەنهان دەمێنێتەوە. ئەم دیاردەی شاعیریبوونی دەقی یاسایی لەچین زۆر بڵاوەو کێشەی گەورە بۆ غەیرە چینییەکان دروستدەکات. لێرەدا پێم باشە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش لەمێژووی ئەمریکا بگێڕمەوە. 

رۆژێک لەساڵی ١٩٤٧ سێ نیمچە شێت لەشاری پرینستۆنی ئەمریکییەوە بەئۆتۆمبیل دەڕۆن بۆ ترینتۆن. سێ شێتەکە یەکێکیان ناوی ئاینشتاینە، کە ناسراوە، ئەویتریان ئۆسکار مۆرگنشتێرن، کەخاوەنی ئۆتۆمبیلەکە دەبێت و لەدونیادا بەئەوە ناسراوە کە دۆزەرەوەی تیورەی یارییە game theory سێیەمیان فەیلەسوف و لۆجیکناسی ناسراو کوێرت گۆدێلە. هەرسێکەیان هەڵاتوی دەستی نازین. بۆنەکەش ئەوەیە کە کوێرت پاسەپۆرتی ئەمریکی وەردەگرێت. بۆ گاڵتە لەڕێگادا ئاینشتاین سەردەخاتە سەر کوێرت و پێی دەڵێت، خۆت ئامادەکردووە بۆ تاقیکردنەوەکە؟ مەبەستی لەئەوەیە کە لەکاتی پێدانی پاسەپۆرتدا پرسیار دەربارەی دەستوری ئەمریکی دەکەن. کوێرت لەوەڵامدا دەڵێت ماوەیەکە لەدەستوری ئەمریکی دەکۆڵمەوە، ئەوەم بۆ دەرکەوتوە کە لەڕێگای ئەم دەستورەوە دەتوانیت جاڕی دیکتاتۆریەت بدەی بەبێ ئەوەی پێویستت بەکودەتا هەبێت. ئاینشتاین و مۆرگنشتێرن دەزانن کە کویرت گۆدێل بلیمەتە، بەڵام لەئاستی سیاسیدا کەمێک سادەیە. بۆیە داوی لێدەکەن کەئەو پرسە لەدادگا نەوروژێنێت.

بەڵام ئەم ئامۆژگارییە هیچ سودی نیە، کوێرت پرسەکە لەدادگا دەوروژێنێت، بەڵام دادوەرەکە ئاینشتاین دەناسێت و ناهێڵیت کویرت زۆر قسە بکات دانیشتنەکە کۆتایی پێدێنێت. ئەمرۆ لەدونیادا لوپهۆڵ یان بۆشایی یاسایی گۆدێل ناسراوە. ئەوەی گۆدێل لەدەستوری ئەمریکیدا هەستی پێکردبوو ئەوەبوو کە لەدەقی دەستورەکەدا بڕگەی هەموارکردنەوە هەیە. ئەمرۆ لەزۆربەی دەستورەکانی دونیادا، بڕگەیەک یان زیاتر دەربارەی هەموارکردنەوەی دەستور هەیە. گۆدێل دەڵێت بەپێی ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە دەتوانرێت هەر ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە لاببرێت، پاش ئەوەی کە لەقازانجی کەسی بەدیکتاتۆربوودا هەموار دەکرێتەوە. ئەم دیاردەیە کەمێک هاوشێوەیی هەیە لەگەڵ یاسای راگەیاندنی باری نائاساییدا، کاتێک یاسا خۆی پەکدەخات، بەپێی خواست یان دەسەڵاتی سەروەر، بەپێی پێناسە بەناوبانگەکەی کارل شمت. ئەمە دەرخەری رەهەندە ترسناکەکەی دەستورە کەچەندێک دەتوانرێت بکرێت بەئامرازی سەرکوتکردن. کاتێک لەهاوڕێیانم پرسی دەربارەی پێویستبوونی دەستورێک بۆ هەرێم، بڕی زۆریان بەپێویستیان زانی بەڵام کۆمەڵێک نیگەرانیان هەبوو، لەهەر دیاریترینیان جێبەجێنەکردنیەتی.

هەبونی دەستوری جوان بەڵام کارپێنەکراو، یەکێکە لەدیاردە بڵاوەکانی دونیا. ئەمە خەسڵەتی سیستەم سۆشیالیستییەکانە. لەکاتێکدا سیستەمە سۆشیالیستییەکان زۆر بەخشندەن لەوشەی بریقەدار، بەڵام لەبەر نەبوونی ئازادی تیایاندا، هەمیشە دەستور تەنها بەدەقێکی پڕوپاگەندەیی دەمێنێتەوە. دەکرێت بڵێین وەک شتێکی جوانی بێکەڵک، تەنها سودی نۆرماتیڤیشی نیە، چونکە کەس بۆی نیە رەخنە بگرێت یان پەنای بۆ بەرێت یان سودی لێببینێت. بۆیە بنەمای پیادەکردنی دەستور بوونی ئازادییەکانە. بەڵام بەسودبینین لەتێزی ئەمارتیا سین، ئازادی سودی نیە ئەگەر لەگەڵیدا زەمینەی پیادەکردنی گەشە نەکات. کەسێک بۆ ئەوەی ئازادبێت دەبێت توانای ئازادبوون و پیادەکردنی ئازادی پێبەخشرابێت.  زۆرجار ئەوە روودەدات کەدەستور دەڕفێندرێت. مەبەستم لەئەمە ئەوەیە کە بڕگەیەک یان چەند بڕگەیەک تیایدا زەق دەکرێتەوە و هەموو ئەوانیتر پشتگوێدەخرێت. ئەم جۆرە مامەڵەیە وەها دەکات کە دەستور نەبێتە رەنگدانەوەی رۆحی کۆمەڵگا و خەڵکەکانی.  دەستور دەبێت لەخۆگربێت، کۆکەرەوەبێت، کۆمەڵگای کوردستانی پێ بناسرێتەوە. ئەگەر سەیری پێشەکی پرۆژەی دەستور بکەیت، دەبینیت کە کۆمەڵێک تراژیدیای ریزکردوە و دەڵێت ئێمە کە ئەمانەمان بەسەر هاتووە ئەم دەستورە رادەگەیەنین. ئەگەر ئەخلاقی سیاسی ئێمە لەسەر بنەمای تراژیدیاکانمان بێت ئەوا دەبێت بنەمای ئەوە دابڕێژێت کە چۆن کۆتاییان پێبهێنرێت. بەم پێیە دەستور دەبێت جاڕنامەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بەمانا فراوانەکەی.

لەدونیای ئەمڕۆدا دەستور ئەو گرنگییەی جارانی نەماوە، چونکە رەوشتگەڕێتی کۆتاییهاتووە. ئەوەی رەفتاری مرۆڤەکان دادەڕێژێت ئابورییە. لەهەمانکاتدا کۆمەڵە هێزێک کاریگەرن لەژیان و ژیاری ئێمەدا کە هیچ دەسەڵاتێکمان بە سەریاندانیە، بۆ نموونە بازاڕی جیهانی، ململانێی زلهێزەکان، تەکنەلۆجیا، دراوو زۆر بواری تر.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار