بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا لەبادینان 34 كەسی سڤیل شەهیدبوون
دەیان گوند چۆڵكراونو زیانە مادییەكان گەیشتووەتە سێ ملیار دینار بێجگە لەسووتانی رەزو باخی هاووڵاتیان
4 ساڵ لەمەوپێش
عەمارعەزیز
بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا لەبادینان (34) كەسی سڤیل شەهیدبوون.
دەیان گوند چۆڵ كراون و زیانە مادییەكان گەیشتووەتە سێ ملیار دینار بێجگە سوتانی رەزو باخی هاووڵاتیان، پێش چەند رۆژێكیش گوندی كێستە لەناوچەی بەرواری باڵا چوڵكرا و خەڵكەكەی ئاوارەبوون.
بۆردومانەكانی توركیا ماوەیەكی زۆرە بەردەوامەو سوپای توركیا زیاتر لە (45) كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووەو لەنوێترین داگیركاریاندا پێنج خاڵی دیكەی سەربازییان لە بەرواری باڵا لەبادینان جێگیر كردووە.
مەحمود حسێن، موختاری گوندی كێستە لەسنووری بەرواری باڵا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتىوت:»پێش چوار رۆژ گوندی كێستە بەتەواوی چوڵكراوە بەهۆی شەڕی پەكەكەو توركیا، (32) خێزان لەناو گوندەكەدابوون ئێستا هەموویان ئاوارەی زاخۆ و دهۆك بوونە، ئەرزاق و كۆمەڵێك کەلوپەل بەسەر ئێمەدا دابەشكراون، بەڵام وەك پێویست هاوكاریمان نەكراوە، ئێستاش شەڕی پەكەكەو توركیا لەدەوروبەری گوندەكە بەردەوامە».
«ئێمە لەسەر خاكی خۆمان ئاوارەبووین، ماڵەكەی خۆم گواستووتەوە بۆ گوندی بریفكا، بەبەهای (200) ملیۆن دینار زیان بەدانیشتوانی گوند كەوتووە»، موختاری گوندی كێستە وادەڵێت.
لەسنوری بەرواری باڵا كەنزیكەی (78) گوندن تائێستا (10 بۆ 15) گوند چوڵكراون، هەر لەدوای 1991 تائێستا لەسنوری بەرواری باڵا (10 تا 15) كەس بەهۆی شەڕی پەكەكە و توركیا شەهیدكراون.
ناوبراو باسی لەوەشكرد داوایان لەحكومەتی هەرێم كرد لەگەڵ بەغدا پرسی بۆردومانەكان چارەسەربكات و خەڵكی ناوچەكە قەرەبوو بكرێنەوە.
بێجگە لەگوندی كێستە، رۆژی شەممە 8ی ئایار گوندی چەڵكای كریستیان نشین لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ چوڵكرا، ئەمە دەبێتە دووەم گوند لەماوەی یەك هەفتە چۆڵ كرابێت.
سوپای توركیا پێنج خاڵی سەربازیی لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ داناوە.
باوكی یەكێك لەقوربانییەكانی بۆردومانی توركیا بۆ هاوڵاتى ئاماژە بەوە دەدات تائێستا شەهیدكردنی كوڕەكەی بەشەهید هەژمار نەكراوە.
سدقی محەمەد تاهر ساڵح، دانیشتووی ناحیەی شێلادزێ سەر بەقەزای ئامێدی، كوڕێكی ئەو لە ئەیلولی 2017 بەهۆی بوردوومانی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە شەهیدكراوە، وتی:» زیاتر لەسێ كوڕەكەم بەهۆی بۆرودمانەكانی توركیا شەهیدبووەو دەچینە لای بەرپرسان تا بەشەهید هەژماربكرێت بەڵام تائێستا بەشەهید هەژمار نەكراوە».
كوڕەكەی سدقی محەمەد لەدایكبووی 1994 بووەو پێنج ساڵ پێشمەرگایەتی كردووەو لەكاتی مۆڵەت وەرگرتن و گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیان بە بۆردومانەكانی توركیا كوژراوە»، موچەی پێشمەرگایەتییەكەی كە (545) هەزار بووە دوای شەهیدبوونی تەنها (232) هەزاری پێدەدرێت وەك پێشمەرگەی خانەنشین».
سدقی محەمەد تاهر وتیشی:» هیچ شتێكمان ناوێت تەنها داواكاریمان ئەوەیە كوڕەكەم بەشەهید هەژماربكرێت، چونكە بە زۆڵم و لەسەر خاكی خۆی شەهید كرا».
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت ئەوانەی بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا تائێستا شەهیدبوون گەیشتووەتە (34) كەس.
ئدریس هەركی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە هاوڵاتىوت:» ئێمە هیچ جارێك بێدەنگ نەبووینە لەسەر بۆردوومانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك، بەیاننامەی ناڕەزاییمان دەركردووە و یاداشتمان ئاراستەی دەزگا پەیوەندیدارەكان كردووە».
ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد كەژمارەی شەهیدانی خەڵكی سڤیل بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاو شەڕی سوپای توركیاو پەكەكە گەیشتووتە (34) شەهید، وتیشی:» پێش دوو ساڵ لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لیژنەیەكمان پێكهێنا بۆ بەدواداچوون لەسەر پرسی زیانی ماددی و گیانییەكان ، تەنها زیانە ماددییەكان زیاتر لەسێ ملیار دینار بووە بێجگە لەسوتانی سەدان باخ و مێشی هەنگوین».
هاوكات سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك پێشنیاری كرد، پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بۆ ئەو شەهیدانە دەربكات كەبەهۆی شەڕی پەكەكە و توركیا شەهیدكراون» مافی ئەوانە پلەی شەهیدیان پێبدرێت وەك شەهیدی هاوڵاتى دەرچوونی یاسایەك بۆ ئەوانە گەرەنتیەكی باشە بۆ كەسوكاریان تا لەماف و ئیمتیازاتی شەهیدان بێبەش نەبن».