ئەزموونی تێكۆشان لەهەرێمی كوردستان نیشانی داوە، كەناتوانن وەڵامی داخوازییەكانی كۆمەڵگا بدەنەوە
عادل عوسمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری حزبی بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی بۆ هاوڵاتى:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
حزبێكی نوێ بەناوی بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی دروستدەكرێت و مۆڵەت لەبەغدا وەردەگرێت و ئامادەكاری دەكات تا مۆڵەت لەحكومەتی هەرێمیش وەربگرێت و دەست بەچالاكییە سیاسییەكانیان بكەن، ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبەری حزبەكە دەڵێت:» ئەزمونی تێكۆشان لەهەرێمی كوردستان نیشانی داوە، كە ناتوانن وەڵامی داخوازییەكانی كۆمەڵگا بدەنەوە».
عادل عوسمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری حزبی بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەڵێت:» بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق ناكەین، بەڵام هەر كاتێك حزبێكی سیاسی یان كاندیدێك سەردانی كردین و داوای هاوكاری كرد ئامادەین لەگەڵیاندا بگونجێن و ئەوكات داوا لەئەندام و لایەنگرانمان دەكەین پشتیوانی بكەن».
هاوڵاتى: ناوی حزبەكەتان (بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی)ـە چۆن هەڵبژێردراوە؟ كەی دامەزراون؟
عادل عوسمان: ئێمە كاتێك داوای مۆڵەتی یاسایمان لەحكومەتی عێراقی كرد، هەر ناوێكمان دیاری دەكرد، دووبارە هەبوو، بۆیە دواجار بڕیارماندا ئەو ناوە هەڵبژێرین، ئێمە وەك حزبی بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی لەساڵی 2016وە دامەزراوین، تا لەمانگی یەكی ئەمساڵدا مۆڵەتی یاسایمان وەرگرت، لەمانگی ئازاردا كۆنگرەی فەرمی خۆمان بەست وەك حزبێكی عێراقی.
هاوڵاتى: داوای مۆڵەت لەحكومەتی هەرێم دەكەن؟
عادل عوسمان: بەڵێ لای خۆمانەوە ئامادەكاریمان كردووە بەنیازین داوای مۆڵەت لەحكومەتی هەرێم بكەین، چونكە ئەو مۆڵەتەی لەعێراق وەرمانگرتووە مافمان هەیە لەهەموو جوگرافیای عێراقدا چالاكی سیاسی ئەنجامبدەین.
هاوڵاتى: ئامانجی دروستبوونی حزبی بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی چییە؟
عادل عوسمان: بوونیەتی عێراق وایە پێكهاتەی زۆری تێدایە فرە نەتەوەو فرە پێكهاتەیە، عێراق كە دامەزراوە لەسەر بنەمای یەك نەتەوەو یەك میللەت دامەزراوە، هەموو ئەو پێكهاتانە لەبەرچاو نەگیراوە، هەمیشە عێراق لەناو ناكۆكی و پێكدادانێكی گەورەدا بووەو هەمیشە نەتەوە و ئاینزا جیاوازەكان لەناو شەڕو پێكداداندا بوون، هەر یەكێكیش لەوانە نەیانتوانیوە چارەسەری كێشەكانی عێراق بكەن، بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی عێراقی بیرمان لەوە كردەوە ئایا ئەوە دەتوانرێت رەوشە ئاوا بەردەوام بێت و كێشەی ئابوری درێژە بەخۆی بدات، بۆیە ویستمان رێگەچارەیەكی بۆ بدۆزینەوە، رێكخستنێكمان دروستكرد، لەبری ئەوەی یەك رەنگ بێت، شێوە بەرەیەكی فرە رەنگ بێت، كە هەموو پێكهاتە و هەبوونە جیاوازەكانی سەر ئاستی نەتەوەو ئایینەكان تێیدا جێگە بكرێتەوە و بتوانین بەرنامەیەكی چارەسەری پێشكەشی ئەو ناكۆكیانەی عێراق بكەین.
هاوڵاتى: لەڕووی داراییەوە كێ هاوكاریتان دەكات و پشت بەچی دەبەستن؟
عادل عوسمان: لەپەیڕەو پرۆگرامی خۆماندا باسمان كردووە كە پشت بەئابونەی ئەندامانی خۆمان و هاوكاری كەس و دۆستان دەبەستین لەگەڵ ئەو هاوكاریەی كە حكومەتی عێراقی وەك مینحە دەیداتە حزبەكان كە بەداخەوە لەئێستادا راگیراوە.
هاوڵاتى: وەك حزبێك بۆچی لەكەركوكەوە دەستتانپێكردووە؟ ئۆفیسی حزبەكەتان لەكوێیە؟
عادل عوسمان: ئۆفیسی سەرەكیمان لەبەغدایەو سەرەتا لەكەركوكەوە دەستمانپێكرد، چونكە كەركوك ناوچەیەکە پێكهاتەی جیاوازی تێدایە، ئاینزایی جیاوازی تێدایە، بەحوكمی ئەوەی وەك عێراقێكی بچووككراوەیە، بۆیە هەر كەس دەستتێوەردانی تێدەكات بۆ ئەوەی وەك بەشێك و پارچەیەك لەخۆی رایبگەیەنێت، بۆیە ئێمەش ویستمان لەوێوە رایبگەیەنین و بڵێین كەركوكیش وەك عێراق نیشتیمان و وڵاتی هەموووانە.
هاوڵاتى: لەناو حزبەكەتاندا كەسانی دیاری ناو حزبەكانی دیكە یاخود پەرلەمانتار یان كەسانی ناسراو بوونیان هەیە؟
عادل عوسمان: نەخێر چونكە ئێمە پشتمان بەگەنجان بەستووە، پراكتیكێكی نوێش پیشانبدەین، چونكە ئەزموونی تێكۆشان لەباشور نیشانیداوە، كەناتوانن وەڵامی داخوازییەكانی كۆمەڵگا بدەنەوە، بۆیە پشتمان بەئەو كەسانە نەبەستووە، لەگەڵ ئەوەش دەتوانن مرۆڤی شۆڕشگێڕ و تێكۆشەر بن، بەڵام لەلای ئێمە هەموویان نوخبەیەكی نوێی كۆمەڵگەن بەتایبەت لەگەنجان و ژنان پێكهاتووە، بۆ تێكۆشانێكی نوێ بۆ عێراق.
هاوڵاتى: رێژەی ژنان چۆنە لەناو حزبەكەتاندا؟ كەبەردەوام باسی كەمینە دەكرێت لەحزبەكانی دیكەی باشوردا؟
عادل عوسمان: تێڕوانینی ئێمە بۆ ژن رێژەیی نیە، بۆ ئێمە یەكسانی رەگەزییە، دیارە كێشەی ژنیش یەكێكە لەهەرە كێشە دیارەكان بەداخەوە، بۆیە زۆر جەختمان لەوە كردۆتەوەو بەشدارییەكی كارای ناو خزبەكەمان ژنن هەر لەدەستەی بەڕێوەبردنەوە تاهەموو پۆستەكانی دیكەی ناو حزبەكە.
هاوڵاتى: لەناو كەسانی دەستەی بنیاتنەری حزبەكەتان كەهەمووتان كوردن؟ ئەندامەكانتان زۆربەی كوردن یان عەرەب و توركمان و پێكهاتەكانی دیكەتان لەگەڵدایە؟
عادل عوسمان: بەڵی هەر لەبنیاتنەرو دەستەی بەڕێوەبەر و ئەندامەكانیشەوە، كەسانی كوردو عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەشمان تێدایە و تەنانەت ویستمان كەسێكی بەڕەگەز عەرەب ببێتە سەرۆكی حزبەكە، بەڵام لەبەر تەمەن و نەخۆشی لەسەر خواستی خۆی كەسێكی دیكەی كوردی لەشوێنی خۆی دانا، وەك لایەنگیرانیش لەهەموو پێكاتەكانی تێدایە، چونكە تێكۆشانەكانی ئێمە تایبەت نیە بە نەتەوەیەك، بۆیە تێكۆشانەكانمان لەهەموو عێراقدا رەنگیداوەتەوە.
هاوڵاتى: تا چەند لەڕووی فكری و فەلسەفییەوە پشت بەفەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە دەبەستن لەكاركرندا؟
عادل عوسمان: فكرو فەلسەفە شیكردنەوەو لێكۆڵینەوەی گرفتە كۆمەڵایەتییەكانەو رێگەچارەكردنی ئەو گرفتانە، قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤایەتیش بەزۆر قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، زۆربەی ئەو ئایدۆلۆژیانە رەنگدانەوەی لەناو پارتە سیاسییەكاندا هەبووە، ئۆجەلانیش یەكێكە لەو بیرمەندانەی توانیویاتە لەم سەردەمی مۆدێرنی سەرمایەداریەدا، شیكردنەوەیەكی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیستمەكان بكات و ئەو ناكامیانەی كە لەئەنجامی كێشەكاندا دروستبووە و بیخوێنێتەوە و پێشكەشی بكات، بۆیە ئەو قۆناغە نوێیە قۆناغی لێوردبوونەوەی سیستەمی مۆدێرنزمەی دیموكراتییە، بۆیە ئۆجەلان یەكێكە لەو لایەنانەی كە ئێمە سوودمان لێبینیوە لەداڕشتنی بناغەی فەلسەفەی خۆماندا، وەك چۆن سودیان لەفەلسەنەی محەمەدی و مەسیحیەتیش بینیوە، بۆیە ئەمە ناكاتە ئەوەی مۆركێكمان پێوە بێت، چونكە پێكهاتەكەمان فرە رەنگەو بۆ چارەسەری ئەمە پێویستمان بەپێكهاتەیەكی فرە بیركرنەوە هەیە بۆ چارەسەری.
هاوڵاتى: حزبەكەی ئێوە جیاوازی چییە لەگەڵ حزبەكانی دیكە؟ كەژمارەیەكی زۆر حزبی سیاسی لەئێستادا بوونیان هەیە؟
عادل عوسمان: ئەو چەمكانەی هەریەكەمان بەكاریدەهێنین وەك یەكەو لەكۆمەڵگەشدا ئەزموونكراوە، بۆیە خەڵك بڕوای بەقسە نەماوە، ئەوەی دەبێتە جیاوازیمان سیماو پراكتیكی ئێمەیە، باقی حزبەكانی دیكە لەچوارچێوەی سیستەمێكی دەسەڵاتدا كاردەكەن، كەدەیانەوێت خۆیان باڵادەست بن و بڕیاردەر بن، رابردووی سی ساڵی هەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوە كە چۆن ژیانیان كردووە، ئەوەی كە ئێمە جیاواز دەكات بەشداری راستەوخۆی خەڵكە، لەكایەی سیاسی و بڕیارداندا، جیاوازی ئێمە پشتبەستنە بەخودی هەبوونە كۆمەڵایەتییەكان، ئێمە نامانەوێت بڕیار بدەین و ئەوان جێبەجێی بكەن.
هاوڵاتى:كە بەشداریی هەڵبژاردنەكان ناكەن و كاندیدتان نابێت لەپەرلەمان چی دەكەن؟
عادل عوسمان: ئێمە ئامانجمان روئیایەكی دوورتریی هەیە، مەبەستمان جێگیر بوون نیە لەپرسی دەسەڵات و پەرلەمان، بەڵكو دەمانەوێت ببینە دەزگایەكی نەرم و خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی، بۆیە پەلەمان نیە، دەمانەوێت لەكۆمەڵگەدا رێكخستنێك بكەین، لەئاستی رێكخستنە كۆمەڵایەتیەكانیشدا كاربكەین، بۆیە پەرلەمان شێوەیەكی رێكخستنی كۆمەڵگەیە، كەتەنیا حزبە دەسەڵاتدارەكان بەدەستیانەوەیە، ئێمە دەمانەوێت گۆڕانكاری لەم بیركرندەوەیەشدا بكەین، چونكە ناكرێت هەر پارتێكی سیاسی بچێتە پەرلەمان و حكومەت و جێگەیەك بگرێت و ئیمتیازی پێ بەدەستبهێنێت، بۆیە ئەم چوار ساڵە كاردەكەین لەسەر پیشاندانی هەڵوێستی خۆمان و لەچوارچێوەی هیوادا كارو سیاسەت و چالاكی دەكەین.
هەروەها ئێمە لەگەڵ ئەوەی بەشداریی هەڵبژاردنەكان ناكەین، بەڵام هەر كاتێك حزبێكی سیاسی یان كاندیدێك هاتە لامان و سەردانی كردین داوای هاوكاری كرد یان بیەوێت جۆرێك لەهاوپەیمانێتی پێكبهێنین ئەوكات داوا لەئەندام و لایەنگرەكانمان دەكەین كەپاڵپشتیان بكەن.
هاوڵاتى: هیچ دەزگایەكی راگەیاندن و سۆشیال میدیای تایبەت بەخۆتان هەیە؟
عادل عوسمان: تائێستا تەنیا تۆڕێكی راگەیاندنی خۆمان هەیە كەبریتیە لەوێب سایتێك، بۆیە دەمانەوێت وردە وردە كار بۆ ئەوە بكەین بچینە سەر رێچكەی دەنگ و رەنگ و لەو روەووە كار بكەین بۆ دەرخستنی خۆمان وەك حزب و كارەكانمان