"كۆرۆنای هیندی گەیشتووەتە خوارووی عێراق و خێراتر تووشبوون روودەدات"

ئارام رۆستەم، راوێژكاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

راوێژكارێكی وەزیری تەندروستی و بەرپرسی كڕین و دابەشكردنی ڤاكسین دەڵێت لەمانگی شەشی ئەمساڵدا لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم ڤاكسین دەكڕن و بۆ ئەو مەبەستە گرێبەست لەگەڵ دوو كۆمپانیادا دەكرێت.

ئارام رۆستەم، راوێژكاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى باسی كۆرۆنای هیندی دەكات و دەڵێت:» ئێمە رێكارەكانمان گرتۆتەبەر، بەڵام رەنگە بگاتە هەرێمیش، چونكە گەیشتووەتە ورمێ‌ و دەوترێت لەخوارووی عێراقیش حاڵەت تۆماركراوە، بەڵام پشتڕاست نەكراوە، ئەو ڤایرۆسە دوو گۆڕانكاری بەسەر خۆیدا هێناوە، خێراتر دێتە ژوورەوەو خێراتر تووشبوون روودەدات».

هاوڵاتى: كەی بەنیازن ڤاكسینی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان بكڕن؟

ئارام رۆستەم: لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ كڕینی ڤاكسین، تائێستا لەگەڵ سێ كۆمپانیای گەورە گفتوگۆمان كردووەو لەگەڵ دووانیان یاداشتی لێكتێگەیشتنمان واژۆ كردووە، بەڵام نۆرەمان نەهاتووە، چونكە ڤاكسینی كۆرۆنا داواكارییەكی زۆری لەسەرە، بۆیە نازانرێت كەی بەدەستمان دەگات، بەڵام لەمانگی شەشی ئەمساڵدا رەنگە بتوانین بڕێك بكڕین.

هاوڵاتى: هەرێمی كوردستان توانای چەند ڤاكسینی هەیە بیكڕێت؟چەند بودجەی بۆ تەرخانكراوە؟

ئارام رۆستەم: لەگرێبەستی دووەم نرخی ڤاكسینەكە دیاریدەكرێت كە لەماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیایە گرێبەستەكە دەكەین و بەپێی ئەوەش بودجەكەی بۆ تەرخاندەكرێت، ئێمە وەك لیژنەیەكی زانستی كارەكان رێكدەخەین دوا گرێبەست لەئەنجومەنی وەزیران دەكرێت.

هاوڵاتى: هەرێمی كوردستان پێویستی بەچەند ژەمە ڤاكسینە؟

ئارام رۆستەم: بەپێی كۆڕبەندی كۆڤاس كە دیاریكردووە لەساڵی 2021دا لەسەدا 20ی دانیشتوان ڤاكسین وەربگرن، ئەمەش بۆ وڵاتە تازە پێگەیشتووەكانە، بەوپێیەش بەغدا گرێبەستی كردووە لەگەڵ سێ كۆمپانیاكە كەكڕینی (16) ملیۆن ژەم ڤاكسینە، كە بەشی هەرێمی كوردستان نزیكەی لەسەدا (13)یە، واتە بەپێی ژمارەی دانیشتونی هەرێم و ئەو پێوانەیی كە لەسەدا (20)ی دانیشتوان لەئەمساڵدا بكوترێت واتە دەبێت عێراق دوو ملیۆن و (400) هەزار ژەمە ڤاكسین بداتە هەرێمی كوردستان، ئەو كڕینەش لەسەر بودجەی سیادییە.

هاوڵاتى: لەئێستادا ژمارەی ئەو ڤاكسینانەی بەهاوكاری دراون بەهەرێم چەندن؟ رێژەی چەندی دانیشتوان وەریانگرتووە؟ 

ئارام رۆستەم: تائێستا نزیكەی (104) هەزار ڤاكسین بەهەرسێ جۆرەكەیەوە هاتووەتە كوردستان، زۆربەی وەرگیراون و ژمارەیەكی كەمی ماوە لەشوێنەكاندا و بەردەوامیشن لەدابەشكردنی، بۆیە ئەمە رێژەیەكی زۆر كەمی ژمارەی دانیشتوانە كەوەریانگرتووە، چونكە بۆ لەسەدا 20ی دانیشتوان پێویستە دوو ملیۆن و (400) هەزاری ژەمە ڤاكسینمان بەدەستبگات، ئینجا دەكاتە لەسەدا 20ی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم كەپێویستە هەر كەسێك دوو ژەمە ڤاكسین وەربگرێت، واتا ئەو ژمارەیە بۆ ملیۆنێك و (٢٠٠) هەزار كەس دەبێت.

هاوڵاتى: باشترین جۆری ڤاكسین كامەیە؟

ئارام رۆستەم: باشترین جۆری ڤاكسین ئەو جۆرەیانە كە بگاتە دەستمان، چونكە هەمویان باشن و باشترین ڤاكسینیش بریتیە لەخۆپارێزی و بەستنی دەمامك و هێشتنەوەی ماوەی سەلامەتی نێوان دوو كەس.

هاوڵاتى: ئایا بەستنی ماسك لەئێستادا پێویستە؟

ئارام رۆستەم: ئێمە دەبێت قسەكانمان پشت ئەستوربن بەهەندێك داتاو سەرچاوە، بۆیە سەرچاوەكەمان رێكخراوی تەندروستی جیهانییە و ئەویش دەڵێت بەستنی ماسك لەئێستادا باشترین ڤاكسینە، بۆ خۆپارێزی لەكۆرۆنا.

هاوڵاتى: لەهەندێك لەوڵاتاندا حاڵەتی دەگمەن تۆمار كراوە كەدوای وەرگرتنی ڤاكسین لەكەسەكەدا دەردەكەوێت؟ ئایا ئەمە مەترسی ڤاكسینە؟ لەهەرێم حاڵەتی لەو شێوەیەمان هەبووە؟

ئارام رۆستەم: تائێستا لەهەرێمدا دوو حاڵەت هەبوو كەگومانیان لێدەكرا دوای ڤاكسینەكە وایان لێهاتبێت، بۆیە لیژنەمان بۆ دانانن و دەركەوت یەكێكیان هیچ پەیوەندی بەڤاكسینەكەوە نەبووەو ئەوەی دیكەش تەنیا نیشانەی بچووك بوون، رەنگە حاڵەت تۆمار بكرێت پەیوەندیشی پێوە بێت، بۆیە كە بێتو لێكەوتەكانی ڤاكسین لەگەڵ كۆرۆنا لێكبدەینەوە، هەر بەراورد نەكرێت، چونكە مردن بەهۆی كۆرۆناوە لەوانەیە هەزاران جار زیاتر بێت وەك لەمردن بەهۆی ڤاكسینەوە كەواتە تەندروستی جیهانی پێمان دەڵێت پێویستە سڵی لێنەكرێتەوە، بەڵام لەجیهاندا حاڵەت هەبووە، وەك خوێن مەین و جەڵدەی دڵ و مێشك كەژمارەیەكی كەم بووە و روویداوە.

هاوڵاتى: كۆرۆنای گۆڕاوی هیندستان تاچەند مەترسی هەیە بگاتە هەرێم؟

ئارام رۆستەم: ئێمە رێكارەكانمان گرتۆتەبەر، بەڵام رەنگە بگاتە هەرێمیش، چونكە گەیشتۆتە ورمێ‌ و دەوترێت لەخواروی عێراقیش حاڵەت تۆماركراوە، بەڵام پشتڕاست نەكراوە، ئەو ڤایرۆسە دوو گۆڕانكاری بەسەر خۆیدا هێناوە، خێراتر دێتە ژوورەوەو خێراتر تووش دەبن.

هاوڵاتى: حاڵەت زۆرە لەهەرێمدا لەخێزانێكدا یەك كەس تووش بووە و نەگوازراوەتەوە بۆ ئەندامەكانی دیكەی ئەو خێزانە ئەوە چۆنە؟

ئارام رۆستەم: كۆرۆنا بەدڵنیایەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام لەسەدا 85ی تووشبوان هەر لێی بەدەرناكەوێت، لەسەدا 15ی نیشانەكانی لێدەردەكەوێت، لەو لەسەدا پانزەیەش لەسەدا دوو بۆ سێ-یان داخڵی نەخۆشخانە دەبن و رەنگە گیان لەدەستبدەن، بۆیە رەنگە خەڵكانێك هەبن تووش ببن و لێیان بەدەرنەكەوتبێت و بەرگری لەشی مرۆڤیش جیاوازە، بۆیە دەكرێت نیشانەكان و رادەی تووشبوونەكە لەكەسەكاندا بگۆڕێت.

هاوڵاتى: بەشێك لەوانەی بەكۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن گەنجن یان منداڵن؟ هۆكارەكەی چییە؟

ئارام رۆستەم: بەڵێ بەدڵنیاییەوە كۆرۆنا گۆڕاوەکە گەنجیش و منداڵیش تووش دەبن و مردنیش هەبووە، بۆیە ئەوە زیاتر پەیوەندی بەبەرگری لەشی مرۆڤەكانەوە هەیە تاچەند بەرگرییان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار