پەیامی مامۆستایەك بۆ میھرەبانی سەرکردە چەواشەكارەكان !!!!
مامۆستا کامەران لطیف
4 ساڵ لەمەوپێش
لەگەڵ ڕۆژی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایاندا شەپۆلێک پەیامی دڵسۆزانەو پڕ میھرەبانی سەرکردەو سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و ... باری بەسەرماندا، بەجۆرێک کە ئەم پەیام و پشتگیری وهاوسۆزیانە بۆ ئێمەی مامۆستایان وانیشان دەدات کە ھێمای دڵسۆزی و بەتەنگەوە بوون و لەو دۆخەی کە مامۆستایانی گەیاندە ئەم ئاستە لە بێ عیزەت کردنێک کە ئەوانی ھێناوەتە سەرخەت و لەم ڕۆژەدا کۆڵێک میھرەبانیان باراند بەسەرماندا گوایە بەخەمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانمانەوەن . جێگەی خۆیەتی من وەک یەکێک لەو مامۆستایانەی کە٢٠ ساڵە لەسەر شەقامم نەک تەنیا بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانمان بەڵکو لە ڕاستیدا بۆ ڕێگرتن لە فەنابوونی پەروەردەو ھەڕاج نەكردنی لەبازاڕی ئازادا، بۆیە پێمخۆشە گۆشەیەک لە سەرنجەکانی خۆم بۆ چەواشەراریەکانتان بخەمە ڕوو ...
نزیكەی بە شەش ساڵە فەرمانبەران بە تایبەت مامۆستایان بە چەندین شێوە دەنگی خۆیان ھەڵبڕیوەو ناڕەزایەتیەکانیان ھێناوەتە سەر شەقام لە سەر ماف و بڕینی مووچەو پاشەكەتی مووچەكانیان بەڵام ئەوەی شایەنی باسە دەسەڵاتداران نەك هەر وەڵامیان نەداوەتەوە بە داخوازییەكانی مامۆستایان بگرە لەپاداشتدا شکۆی ئینسانی مامۆستایانیان بەشەق و توندوتیژی وگرتن و زیندانیكردن وەڵام پێداوەتە!!! مامۆستایان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە خراپترین هەلومەرجی ژیان و گوزەراندابوون .. بە جۆرێك كە كاریگەری زۆری لە سەر ژیانی كۆمەڵایەتی و خێزانی ومناڵەكانیشی داناوە بەڵام ھێشتا دەستبەرداری ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆیان نەبوون. لەپاڵ ھەموو ئەمانەشدا دەبینین کە پرۆسەی پەروەردەو فێركردنیش بە چ شێوەیەكی ترسناك پاشەكشەی پێكراوە كە هەموو هەوڵێكی دەسەڵاتدارانی خاوەن پەیامەکانی ئەمڕۆ!!! گۆڕینی كەرتی گشتی و نابووتكردنێتی بە كەرتی تایبەت وسپاردنی بە كۆمپانیاو زانكۆكانی سەربە خۆیان واتە هەروەك چۆن كەرتی كارەباو پیشەسازی و نەوت و زۆر بواری تری سپاردووە بەكەرتی تایبەت بە هەمان شێوە بەو ئاڕاستەیە ئیش دەكرێت كە كەرتی پەروەردەو فێركردنیش بكرێتە تایبەت ....
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم ڕۆژەدا سەرۆكی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان بە خودی مسعود بارزانیشەوە داوادەكەن كە ژیانی مامۆستایان باش بكرێت لە كاتێكدا كێ دەستی گرتوون لە باشكردنی ژیانی مامۆستایان ؟؟؟؟، ئێوە کە خۆتان پاشای عەشی عەزیمن ئیتر بەکێ دەڵێن باشیکەن؟؟؟ مەگەر هەر ئێوە نەبوون بە بێ پشتگیری هیچ یاسایەك لێبڕینی مووچەتان كرد بە ئەمری واقع بە زۆر سەپانتان بە سەر مووچەخۆرانی كوردستان و بە ئێستاشەوە بەردەوامە !!! هەر ئێوەنەبوون لە ساڵێكدا چوار مووچەتان داوە بە لێبڕینەوە !!! ئایا ئێوە نین كە مامۆستایانی دڵسۆزی ئەم وڵاتەتان زیندانیكردووە ؟؟ كە تاوانەكەیان هەر ئەوەبووە داوای مافی سەرەتایی خۆیان كردووە كە مووچەیە ؟؟؟ مامۆستا بەدەل بەرواری و هاوڕێكانی چ تاوانێكیان ئەنجامداوە نزیكەی ساڵێكە زیندانی كراون تاكوئێستا دادگایش نەكراون !!؟؟ بۆیە مەخابن کە ئێوە دەتانەوێت لەڕێگەی خۆڵ كردەنە چاوەی خەڵك و مامۆستایان و فەرمانبەران کەمێک لە قورس و گرانی زوڵم و ستەمکاری ڕۆژانەتان دژ بە ژیانمان لە بیربەرنەوە كە لەماوەی ئەم چەندساڵەدا بەزۆر سەپاندوتانە بەسەرماندا ...
بۆیە لە ڕاستیدا پەیامەکانی ئێوە بۆ ئێمەی مامۆستایان تەنیا یەک شتمان پێدەڵێت کە تای لەم شێوەیە هیچ لە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران ناگۆڕێت ..ڕێکخراو یەکدەنگ نەبین مەحاڵە پشت ڕاستکەینەوە لەژێر باری ئەو ھەموو سوکایەتیەی کە ئێوە لە ژیانی ڕۆژانەدا پێمان دەکەن! بۆیە دواجار پەیامی منی مامۆستاش ئەوەیە بۆتان کە ئێوە ئازادن لە ستایشکردنی ڕێکخراو سەندیکاکانی خۆتان بەڵام ئێمەی مامۆستایان ھیچ جیاوازیەک لە نێوان ئەو ڕێکخراوانەو دادگاكانی پیداچوونەوەناکەین ، کە چۆن کاتێک قسە لەسەر ماف و ژیانی مامۆستایان و خێزان و منداڵەكانیان دەكەین ئێوە ڕاپێچی بەردەم دادگاو زیندانیان دەكەن ....ڕۆژگارێک ھاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوەو خۆتان لەبەردەم دادگایەکی ئاشکرای ئەو خەڵکە وەتەنگھاتووەدا دەبیننەوە، بۆیە پەیامەکانتان دوێنی بوو ھەردوێنێش وەک بڵقی ژێر ئاو تەقین و گرنگی خۆیان لەدەستدا!