بەکۆمەڵگەبوونو کێشەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
سیروان ڤیان
4 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
کاتێک مرۆڤ کۆمەڵگەبوون لەشوێنک و کاتێکەوە دەستپێبکات ئەوە دەبێتە خاڵی پێشکەوتنی مرۆڤ و ئەوەش بۆ خۆی راستیی کۆمەڵگەیەو ئەوەش دەبێتە هۆی کرانەوە. مرۆڤ بەکۆمەڵگەبوون هەبوونی خۆی پێشخستووە، بۆیە مێژووی مرۆڤیش هەر مێژووی بەکۆمەڵگەبوونە. کاتێک ئێمە مێژووی مرۆڤایەتی بۆ کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان و پێناسە بکەین دەرەنجامی هەڵە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا رەهەندەکانی هەبوونی گەردوونی، کە کۆمەڵگەبوونیشی تیادا پێشکەوتووە، کات و جێ، یان زەمەن و شوێنە. هەموو هەبوون و دروستکردنێک کات و شوێنی هەیە.
راستیی کۆمەڵگەبوونیش پەیوەست و پەیوەندیدارە بەکات و شوێنەوە. یانی پێشکەوتنی مرۆڤ پەیوەندیی بەبونیاتنان و دامەزراوەیی بوونی راستیی خۆییەوە هەیەو ئەوەش هەڵگرو پەیوەستە بەکات و شوێن و مێژووییەوە. ئەو پێشکەوتنە مێژووییانەش قۆناغیان هەیە. بۆ نموونە، دابڕاندنی مرۆڤ لەپریمات (گواندارەکان) قۆناغێکە. بەکارهێنانی ئامێرو کەرەستەى سەرەتایی و ژیانی ئەو سەردەمەش قۆناغێکی زەمەنی و کۆمەڵگەبوونە. هەڵبەت ئەو پێشکەوتنە لەشوێنێک، جێگایەک بەدی دێت. بۆ نموونە شوێنی دابڕاندن و جیابوونەوەى مرۆڤ لەپریماتەکان رۆژهەڵاتی ئەفریقایە.
ئەو قۆناغە، کە ئێمە بۆ بەکۆمەڵگەبوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باسی دەکەین، لەڕووی مێژووییەوە بەریەککەوتنی پێشکەوتنی زمانی سیمبولیک و ژیاری ئانالتیک (شیکارکردن) و پەیوەست بەوەوە پێکهێنانی گروپە کولتوری و زمانییەکانە. هەروەها قۆناغی نیۆلۆتیک (چاخی بەردینی نوێ)، سەرهەڵدان و بەدامەزراوەیکردنی شارستانیەتە، لەئەنجامی ئەوەشدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، کە شارستانیەت دروستیکردوون بزووتنەوە کۆمەڵگەییەکان پێشدەکەون. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەق و جوگرافیای ناوەندیی ئەو قۆناغەیە.
ئەو قۆناغە بەشێکی گەورەیە لەپرۆسەو رەوتی بەکۆمەڵگەبوونی مرۆڤ. ژیانی کۆمەڵگەیی، کەگەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و باڵای زمانی و ژیاری، لەهەموو رەهەندە کولتوری و رۆشنبیری و مەعنەویی و مادییەکاندا پێشکەوتنی خێرای تۆمار کرد. مرۆڤ دەتوانێت باسی پیشکەوتنی جیهانی ئیتیک (ئەخلاق)، ئیستاتیک (جوانیناسی) و بیر و رامان بکات. لەڕووی ئیتیکەوە بەهاکانی ژیانی کۆمەڵگەیی، پێوەرە رەگەزی و جنسییەکان بەشێوەی ستاتیکای ژیانی فرەجۆرو رازی قوڵایی هەستەکانی مرۆڤ ئافرێنراوە. هونەری دەربڕینی ئەوەش وەک شێعر، وتارو هێڵکاری و ... هتدە. ئەوانە لەڕووی بیرو رامان، ئایین، زانست و فەلسەفەوە بازنەو چەرخی یەکەمن. هەموو ئەوانە بەناواخن و ناوەرۆکێکی تیۆلۆژیک (ئایینی) لەناو یەکتردا ئافرێنراون، یان بەدیهاتوون. هۆکاری ئەوەی، کە بیری میتۆلۆژیک (ئەفسانەکان) و ئایین لەکولتوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو رادەیە قوڵە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. بێگومان هەموو ئەوانە لەو قۆناغەدا لەحاڵ و دۆخی دەستپێکدان. بەتێپەڕبوونی کات حاڵ و دۆخی پێشکەوتووانەیان تیادا دەردەکەوێت.
رەهەندە ماددی و کولتورییەکانیش بۆ خۆیان بەردی بناغەى کۆمەڵگەن. هەموو بونیاتنان و بەدامەزراوەیکردنێکی کۆمەڵگەیی، کە لەگەڵ قۆناغی چاخی بەردینی نوێ بەیەکدەگەنەوە، دەرخەری ئەو ئاستە پێشکەوتووەن، چونکە بەکۆمەڵگەیی بوون لەحاڵی دەستپێک و بەپوختی لەجوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویداوەو کۆمەڵگەیی بوون مۆری خۆی لەعەقڵییەت و ژیان داوە، چونکە هۆشمەندییەکی کۆمەڵگەیی قوڵ پێکهاتووە، بونیاتنان و بەدامەزاروەیکردنی هەموو شت و جۆرەکانی هۆشمەندی لەدەرەوەی بەکۆمەڵگەیی بوونی داخراو پێشکەوتووە. ئەوەی، کە داخرابوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخراپ نیشان دەدرێت ئەگەر لەو رووەوە سەیر بکرێت بۆمان روون دەبێتەوە، کە دۆخێکی باش و پۆزەتیڤیشی تیادایە، چونکە لەدەرەنجامی ئەو بە کۆمەڵگەیی بوونە تێرو قوڵەدا ژیانی تیاداکراوەو ئەوە دەبێت بەهەڵوێست و پاراستنی ژیانی کۆمەڵگەیی بوون. بۆ ئەوانەش هۆکاری پشێوی و ناکۆکیی دابڕاندان لەو ئەرک و پەیڕەوەو دژبەربوون بەرامبەر بەهەر جۆرە گۆڕانکارییەک و گۆڕینی کولتورو عەقڵییەتی دۆگماتیک لەگۆڕێدایە.
هۆکارێکی تر ئەوەیە، کەکۆمەڵگەیی بوون لەکولتورو هۆشمەندی، کە بەو رادەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەقوڵاییدا رۆچووە، بۆ هێرشی شارستانییەتەکان و بەرەنگاریکردن و بەرخودانی پێشەنگانەى کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، کەکاریگەریی ئەو بەرخودانانە لەهۆشمەندیو کولتوردا خۆیان دەرخستووەتەوە، چونکە ناوەندو چەقی جوگرافیای بەکۆمەڵگەیی بوونە بەرامبەر بەداگیرکەری زیاتر بەرخودان و بەرەنگاریی تیادا پێشکەوتووەو کولتورو رۆشنبیریی کۆمەڵگەیی بوونی تیادا قوڵ بووەتەوە. ئەو بیرو رامانە بەرامبەر بەهێرش و داگیرکەریی شارستانی و ئەو کێشانەى ئافراندوێتی و ئەو سەرکوتکارییەی لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی، مرۆڤ دەتوانێت بەیەکگرتوویی لەبەرامبەریدا بەرەنگاری بکات و تێیان بپەڕێنێت و ئەوەش ئەو دۆخەى ئافراندووە. لەو شوێنانەدا کە شارستانیەت هێرشەکانی ئەنجامداوە عەشیرەو قەبیلەکان لەنێوان خۆیاندا یەکێتی و یەکگرتووییان دروستکردووەو ئەوەش شێوازە پێشکەتووترەکانی بەکۆمەڵگەیی بوونی لەگەڵ خۆیدا دروستکردووە. هەروەها ئەو تێکۆشانەی بەناسنامەی ئایینی و مەزهەبی روویانداوە ئەو دۆخەیان بەهێزتر کردووە. لەلایەکی ترەوە بەرخودانەکانى قەوم، قەبیلە و عەشیرەتەکان و لەلایەکی تریشەوە لەژێر ناسنامەى ئایین و مەزهەبەکاندا تێکۆشانی چینایەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شوێنپێی قوڵ و بەهێزی لەهۆش و بیری بەکۆمەڵگە بوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکردووە.
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەئەندازەی کۆمەڵگەیی بوون، کێشەداربوونیش (پرۆبلیماتیک - problematic) لەپرۆسەی گەشەی ژیاندا روویداوەو ئەوەش فاکتۆرێکی بنەڕەتی بووە، چونکە گەیشتنە ئاستی عەقڵییەت و بەدامەزراوەیکردنی وشک، کە ئەوەش یەکەم هەنگاوی بەشارستانیبوونە و بەپێشکەوتنی شار گۆڕدراوە بۆ شارستانیەت کێشەکانی قوڵترو بەرفراوانتر کردووە. بە عەقڵییەتی هیرارشیک (ریزبەندی بەپێی پلەى دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوە) دەرەنجامی یەکەمین بەدەربوونە لەکۆمەڵگەیبوونی ژیان، کە وێنا کراوە، ئەوە چ مانایەک دەدات؛ مرۆڤ لەوە تێدەگات، کە لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانیەت و مێژوودا، پاکتاوکردن کۆمەڵکوژی و شەڕ روویانداوە. لەبەرامبەر زەوتکردن و دەستگرتن بەسەر بەها کۆمەڵگەییە کۆمیناڵ (پێکەوە و هەرەوەزی) و یەکسانیدا، ژیانی ئازادو بە دامەزراوەیکردن و دیموکراتیکردنی دەسەڵات و ئامڕاز و رێگاکانی پێشخراوە. چین، بنەماڵە، خانەدان، سەرباز و بیرۆکراسی لەسیستمی ئایین، زانست، بیرو راماندا پێشخراوە و ئافرێنراوە. هێرشەکانی دەسەڵات بەرامبەر بەکۆمەڵگە، شەڕو پێکدادانی ناوخۆیی بۆ ئەوەى بەشی خۆیان لەدەسەڵات بەدەست بهێنن پێشخراوە. لەهەموو روویەکەوە چڕبوونەوەى قەیرانەکان کە تاوەکو دەچوو قوڵتر دەبوونەوە، ئیدی بووە هۆی ئەوە کۆمەڵگە نەتوانێت لەژێر باری ئەو رێکخراو و دامەزراوانەدا بێتەدەرەوە و ئەوەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیانی قورستر کرد. سیستمی شارستانی، کە لەسەر بنەمای شار، چین و دەوڵەت دامەزاروە بۆ ئەوەى لەسەر پێ بمێنێتەوە هەموو کات خەریکی بەهێزکردن و گەورەکردنی ئەو دامەزراوە و بنەمایانە بووە. ئەو دامەزراوانە، کە لە زەوتکردن و دەستگرتن بەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەدا بەرەوپێشچوون بۆ ئەوەى لەسەر پێ بمێننەوە پێویستییان بە زیاتر زەوتکردن و دەستگرتن بەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەدا هەیە. ئەوەشی کردووە، کەشەڕ هەموو کات لەبەرامبەر کۆمەڵگە پێشبخات و ئەو شەڕەش هەمیشە گەورە بکات.
لەپاڵ ئەوەدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندی جوگرافی و چەقی بە کۆمەڵگەبوونی چڕو پڕە و شێوەو فۆرمگرتنی پرۆسەى شارستانیەتە، بەڵام هاوکات بووەتە جوگرافیایەک، کە کێشەکانی کۆمەڵگەی تیادا دەردەکەوێت و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش تێکۆشان و بەرخودانی تیادا پێشکەوتووە. ئەو دۆخە وایکردووە، کە ژیان فۆرم و شێوەی جیاواز وەربگرێت. لەنێوان ژیانی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و سیستمی داگیرکەریی شارستانیدا تێکۆشان و ململانێی توند بووەتە هۆی ئەوە، کە دەوڵەت و کۆمەڵگە لەیەکتر داببڕێن. سەرباری ئەوەى لەئەوروپا نزیکایەتییەک لەپەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا دروستکرا، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو کات هەڵهاتن و دوورکەوتنەوە لەدەوڵەت روویداوە، چونکە نزیکبوونەوە و پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت بە چارەسەری نەزانیوە، بەڵکو بە سەرچاوەی کارەساتەکانیان زانیوە. هۆکاری ئەو نزیکایەتییەش بۆ ئەو کارەسات و زریانانەی پرۆسەی شارستانیەت دەگەڕێتەوە، کە بەسەر کۆمەڵگەدا هێنراوە. رەنگە لەوەش زیاتر بەتایبەتی ئەو کەس و لایەنانەی پێشووی ناو کۆمەڵگەى دیموکراتیک، کە بەشداری پرۆسەى شارستانیەت بوون، زوڵم و داگیرکەری و چەوساندنەوەیان بەسەر کۆمەڵگەدا هێنابێت و ئەوەش لەهۆشی کۆمەڵگەدا شوێنەواری قوڵی بەجێهێشتبێت. ناوەرۆکی چیرۆک، میتۆلۆژیا (ئەفسانە) و بەسەرهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕن لەباسی ئەو کەس و لایەنانە، کە لەکۆمەڵگەى دیموکراتیکدا چوونەتە دەرەوەو بەشداری سیستمی شارستانیەت بوون.
یەکێکی تر لەو هۆکارانە، کە کۆمەڵگە و دەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەیەکتر جیاواز دەبینرێت ئەوەیە، کە نەریتی دەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆشمەندی و عەقڵییەتێکی قوڵی خوداوەندی، بەندایەتی و کۆیلەیەتیی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. شارستانیەت و دەوڵەت خۆیان بەجەوهەری خوداوەندی رازاندووەتەوە و دامەزراندووە. لێرەدا کۆمەڵگە ناچارو مەحکومی عەبدایەتی و بەندایەتیی قوڵکراوە. ئەو شێوازە شارستانییەتە بەبەردەوامی هەوڵیداوە، کە دەوڵەت لەسەرەوە وەک بەڕێوەبەر بمێنێتەوەو کۆمەڵگەش لە خوارەوە تەنها وەک بەڕێوەبراوو خزمەتکار بمێنێتەوە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە لەئەوروپاو شوێنەکانی تر گۆڕینی دەوڵەت قورسترو زەحمەتتر ببێت. لەبەرئەوەى ئێمە ناکەوینە ناو پارادۆکس و دژبەیەکیی بنەڕەتی، دەبێت ئێمە هۆشیار بین و بزانین کاتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەبوون و شارستانیەت بەرەو پێشدەڕوات و خۆی بڵاودەکاتەوە (هەم شۆڕشی چاخی بەردینی نوێ و هەم دوای ئەوەی سیستمی شارستانیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیدابوو، ئەو شۆڕشەو ئەو سیستمە بەجیهاندا بڵاوبوونەوە) و ئیدی شێوازی ژیانی جیاواز و سیستمی شارستانیی جیاواز پەیدا بوون. لەئەنجامی ئەوەشدا هەندێک لەپێشکەوتنەکان بەراورد بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازتربوون یان بەهێزتر بوون، ئەرێنی یان نەرێنی بوون. لەبەر ئەوەش دەرەنجامی کۆمەڵگەیی جیاوازتریان لێکەوتووەتەوە. بۆ نموونە لەئەوروپا کاتێک لەناو کۆمەڵگەدا کەسەکان و لایەنەکان بەشداری دەوڵەت دەبوون نزیکایەتی و پەیوەندیی نێوانیان زیاتر دەبێت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە ئەنجامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە. دەوڵەت بەتەواوەتی بەشداری دەوڵەت نەبووە (دەوڵەت بەتەواوەتی نەبووەتە دەوڵەت و خۆی پێشنەخستووە)، بەڵکو وەک دابڕاندن و خۆجیاکردنەوە لەکۆمەڵگەى دیموکراتیکدا ماوەتەوە.
ئەوەی کێشە بۆ کۆمەڵگە دروست دەکات و هەموو کات گەورەی دەکاتەوە سیستمی شارستانیەتە. لەبەرئەوەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندو لانکەی شارستانیەتە، بەشی خۆی لە هەموو ئەو کێشانە وەرگرتووە، کە شارستانیەت دروستیکردوون، بەڵام لەبنەڕەتدا بابەتە ژیانییەکان، کە دەبێت مرۆڤ لەسەری بوەستێت ئەوەیە، کە وەستانەوەی دژە – شارستانی و کێشە دروستکراوەکانی دەستی شارستانییەتی قورستر کردووەو بەوەش بێچارە ماونەتەوە و لەئەنجامیشدا لەهۆشمەندیی کۆمەڵگەدا برینی قوڵیان دروستکردووەو وەریانچەرخاندووە بۆ ناو سیستمی شارستانی. هیچ راستییەک بەو ئەندازەیەو بەو رادەیە بەقوڵی کاریگەریی لەکولتور و رۆشنبیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەکردووە.
ئەمڕۆ لەکۆمەڵگەو کەسایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ هیوابوونێک هەیە، کەدەرەنجامی ئەو تێکشکاندنە کەڵەکەبووە مێژووییانەیە. لەلایەکەوە دەوڵەتی دەستپۆت و ملهوڕو نەریتی دۆگماتیک ژیانی گەمارۆداوەو لەلایەکی ترەوە لەئەنجامی ئەو دۆخەدا هەموو کات بەبەردەوامی لەهۆشمەندنی و عەقڵییەتی کۆمەڵگەدا تێکشکاندن روویداوە. ئەوانە وایانکردووە لەتاکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو کات حەز بەرەو هەڵهاتن پێشبکەوێت. بێگومان لێرەدا کاریگەریی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست و سەرمایەداری لەگۆڕێدایە، کە لەبەرامبەر کۆمەڵگەبووندا تاکپەرستی پێشدەخات، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەو دۆخە لەئەنجامی قورسبوون و قوڵبوونەوەی کێشەکان و درێژەکێشانی دۆخی بێچارەیدا روویانداوە. دوای ئەوەی وەستانەوەی دژە – شارستانی وەربچەرخێنرێت بۆ سیستمی شارستانی، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆخێکی هەڵهاتن لەناوەند ئافرێنراوەو هەیە. لەلایەکی ترەوە هەر شتێک، کە روودەدات تاک بەرەو کۆمەڵگە دەبات و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی ئەوانەوەو هەندێک هۆکاری تر، حەزێک، کە تاک لەکۆمەڵگە هەڵبێت دروست کراوەو لەئەنجامدا هەڵهاتن لە خود پێشدەکەوێت. هۆکاری ئەوەى، کە تاکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان لەناو کولتور و رۆشنبیرییەکانی تردا پێ راناگیرێت لەبنەڕەتدا هۆکارەکەى بۆ ئەو هەڵهاتنە لەخود دەگەڕێتەوە. دەڕوات بۆ ئەوەی لەخۆی، یان لەو دۆخە کێشەدارەی خۆی هەڵبێت، کە تیایدا دەژی. راست و دروست شیکارکردن و خستنەڕوو و روونکردنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، کە بەدرێژایی مێژوو روویداوە، یان زۆربوون و پێکەوەبوون لەسەر کولتور و رۆشنبیریی شارستانیەت، کەدژایەتیی کردووە، بەڵکو ببێتە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە. تەنانەت ئەگەر هۆکاری لەدەستدانەکان روونبکرێتەوە و ببینرێن، بەڵام تێگەیشتنی بۆ دروستنەبیت ئەوەى لەدەستچووەو ببینرێت بەدڵنیاییەوە دیسانەوە لەدەست دەچێتەوە. لەڕاستیدا ئەو دۆخە بەبەردەوامی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارەبووەتەوەو ژیانیبوونی بابەتەکەش لەوێیەوە سەرچاوە دەگرێت.