جیاوازى دابەشکردن

6 ساڵ لەمەوپێش



ئەیوب سماقەیى


لە هەرێمى کوردستان لەسەرەتا قسە لەسەر خراپى دابەشکردنى دەستهاتەکان دەکرا، دەستهاتەکان جیاوازبوون، بەهۆى جیاوازى لە دابەشکردنى دەستهاتى نەتەوەیى، بەڵام ئەم جیاوازییە ئێستا سەرى کێشاوە بۆ جیاوازى لە بەخشینى دەرفەتى کار، بۆ جیاوازى لە بەخشینى بڕوانامە، بۆ جیاوازى لە بەخشینى نازناوى وەزیفى،  بۆ جیاوازى لە پێدانى پلە و پۆست، بۆ جیاوازى لە پێدانى زەوى و یەکەى نیشتەجیبوون، بۆ جیاوازى لە پێدانى مۆڵەتى پرۆژەو کارکردن، بۆ جیاوازى لە پێدانى مۆڵەتى بازرگانى، بۆ فەراهەمکردنى قۆرخکارى بازاڕ بۆ چەند کەسێک، بۆ جیاوازى لە پێدانى کردنەوەى زانکۆ و ناوەندەکانى خوێندن، بۆ جیاوازى لە پێفرۆشتنى موڵکى دەوڵەت، بۆ جیاوازى لە پێدانى رێکخراو و کۆمەڵەکان، بۆ جیاوازى بەشدارى پێکردن لە گفتوگۆى گرنگ. هەموو ئەم جیاوازییانە وایکردووە کە مرۆڤەکان هاوبەشى راستەقینە نەبن لە بەڕێوەبردنى وڵات، هۆکار نەبن لە پەرەپێدانى ئابوورى وڵات، ئامانج نەبن لە پەرەپێدانى ئابوورى وڵات، ئەم جیاوازى بەشدارى پێنەکردنە، بوونەتە هۆى دەرکەوتنى دووچین لە کوردستاندا، چینێک کە ژیانى هێندە ناخۆش و پڕلە نەهامەتییە، تام لە ژیان ناکات لەبەر هەژارى و نەدارى  و گرانى بازاڕ و کەمى دەستهاتى و کەڵەکە بوونى نەهامەتییە کۆمەڵایەتییەکانى، چینێکى چاوچنۆکى مشەخۆرى گورگ ئاسا، تام لە ژیان ناکات، لەبەر زۆرى سامان و نەزانینى بەکارهێنانى و نەزانینى وەبەرهینانى، هەر راکە راکەى زیاتریەتى و خەریکى هێنانى شتى ئیکسپایەر و خراپ و بە راداندانى کاڵاى خراپە، لە وڵاتانى وەکو خۆى بێویژدان. ئەم دوو چینە هەردووکیان ئینتماى نیشتمانیان لا کاڵ بووەتەوە، هەژارەکان لەبەر بێدادى و ناخۆشى چەرمەسەرى ژیان، دەوڵەمەندە گورگ ئاساکانیش ئینتیمایان بۆ وڵات نەماوە  و ئینتیماى بۆ سەروەت و سامانەکەى هەیە، لەبەرئەوەى دەزانێت بە پارەکەى، هەر کاتێک بیەوێت ئینتیماى وڵاتیک دەکڕێت لە رێگاى ئیقامەى وەبەرهینان. روو لە هەر وڵاتیک بکات، بەو پارە زۆرە ئیقامە و جنسیە و کار پەیدا دەکات بۆ خۆى. دەتوانێت لە هەرکاتێک بیەوێت وڵاتێک بکاتە نیشتیمانى خۆى، کەواتە ئەوەى کیمیاباران و ئەنفال و تۆپ و تەیارە، نەیتوانى لەگەڵ کوردى بکات، گەندەڵى و نادادى و بێئرادەیى  و خۆپەرستى بە کوردى کرد و وڵات و نیشتیمانى بچووک کردەوە و کردیە پارە و زەوى و شەوى سوور. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار