ده‌ستور شه‌رعیه‌ت به‌ناهاوسه‌نگى ده‌دات یان رێکى ده‌خاته‌وه؟
4 ساڵ لەمەوپێش
موحسین ئه‌دیب
دکتۆرا له‌یاساى ده‌ستورى
ده‌ستور چییه؟ بۆچى گرنگه؟ ئه‌رکى چییه؟ ئه‌مانه کۆمه‌ڵه پرسیارێکى ساده‌و ره‌وان، به‌ر له‌وه‌ى هه‌ر کۆمه‌ڵه‌و لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور، ده‌ست به‌کاره‌کانى بکات، ده‌بێـت به‌قوڵى ئاگاى له‌وه‌ڵامى ئه‌م پرسه سادانه بێت.
سوپاس هاوڕێ گیان راسته ئاڵنگارى زۆر له‌به‌رده‌م ده‌ستوردا هه‌یه، بێگومان هه‌ڵه‌یه پێمان وابێت ده‌ستور عه‌ساى سیحرى پێیىو هه‌موو کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ده‌کات، هاوکات وردیش نابین پێمانوابێت نه‌بوونى ده‌ستور له‌بونى باشتره. به‌ڵام گرنگیشه فشار بکه‌ین ده‌ستورێکى باش بکرێته نسیبى ئه‌م هه‌رێمه.. سه‌باره‌ت به‌ئاینى ئیسلامیش له‌راستیدا نابێت بهلوژیکى زۆرینه‌و که‌مینه قسه بکه‌ین، چونکه ره‌خنه‌ى ئێمه‌و ئۆپۆزیشۆنیش له‌ده‌سه‌ڵات هه‌مووى له‌وه‌دا چڕده‌بێته‌وه که بهلۆژیکى زۆرینه‌و که‌مینه وڵاتبهڕێوه ده‌به‌ن..بۆیه ناکرێت پارته ئیسلامییه‌کان بهلۆژیکى زۆرینه شۆناسێک بسه‌پێنن به‌سه‌ر کۆى کۆمه‌ڵگادا که
ده‌ستور چییه؟
ده‌ستور له‌ساده‌ترین مانایدا بریتییه له‌چوارچێوه‌یه‌ک(کۆمه‌ڵێک بنه‌ماو پڕه‌نسیپ) بۆ چۆنیه‌تى فهرمانڕهوایکردنێکى باش‌و گونجاو. ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێت که بنهمادهستورییهکان له‌پێناو کۆتوبه‌ندکردنى ده‌سه‌ڵاتى ره‌هاى ده‌سه‌ڵاتداراندا بێت‌و ماف‌و ئازادییه گشتى‌و تایبه‌تییه‌کان بۆ هاوڵاتیان فه‌راهه‌مبکات.
ئه‌رکى ده‌ستور
بۆچى ئه‌م چوارچێوه‌یه گرنگه‌و له‌بنه‌ڕه‌تدا پێویستى بهخاوهنبوونى ئه‌م چوارچێوه‌یه له‌کوێوه دێت؟ بێگومان له‌وێوه دێت که پێشتر جۆرێک لهنارێکخراوىو فه‌وزا بوونى هه‌یه‌و ئێستا ده‌بێت ئه‌م چوارچێوه‌یه رێکمان بخات‌و سیستماتیکمان بکات، ئه‌مه‌ش بریتییه له‌ئه‌رکى ده‌ستور.
که‌واته پێشوه‌خته له‌ناو مه‌نزومه‌ى کۆمهڵایهتىو سیاسی‌دا خه‌له‌ل هه‌یه، غیابى باڵانس هه‌یه، بۆیه ده‌ستور زه‌روره‌تى خۆى ده‌سه‌پێنێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌ستور جگه له‌م ئه‌رکه ئه‌رکى تر‌ى پێبسپێرین، ئه‌وا سیحرى بوونى به‌تاڵده‌بێته‌وه، واته هه‌رگیز ده‌ستور نابێت بۆ ئه‌وه بنوسرێته‌وه که‌شه‌رعیه‌ت به‌و ناهاوسهنگىو نارێکىو ناشیرینیانه بدات که پێشوه‌خته بوونیان هه‌یه، واته رێککردنه‌وه‌ى باڵانس له‌ئه‌رکه بنه‌ڕه‌تیه‌کانى ده‌ستوره.
ده‌رکه‌وته‌کانى ده‌ستور
ده‌ستور دوو جۆر ده‌رکه‌وته‌ى هه‌بووه‌و هه‌یه.
یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت هه‌یه به‌ڵام خه‌ڵک له‌چۆنیه‌تى فه‌رمانڕه‌واییکردن رازى نین، وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ساڵى 1215 له‌ئینگلته‌را ده‌یبینین کاتێک شۆڕش Magna Carta(به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان ده‌ستوره) به‌سه‌ر پاشادا فهرزدهکاتو ده‌سه‌ڵاته‌کانى که‌مده‌کاته‌وه‌و 3 ده‌سه‌ڵاته‌که لێکجوێدهکاتهوه.
ده‌رکه‌وته‌ى دووه‌مى، ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تێکى نوێ دروست ده‌بێت، به‌ر له‌هه‌رشتێک ده‌ستورێک ده‌نوسێته‌وه‌و به‌رمه‌بناى ئه‌و ده‌ستوره خۆى به‌ڕێوه ده‌بات، ئه‌م جۆره‌ش له‌ده‌ستور به راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى وڵاته یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکا ده‌ست پێدهکاتو تا ئێستاش به‌رده‌وامى هه‌یه.
ده‌ستورو پڕه‌نسیپه گڵۆباڵو لۆکاڵیه‌کان
وه‌ک وتمان ده‌ستور هیچ نییه جگه‌له کۆمه‌ڵیک بنه‌ماو پڕنسیپ بۆ دهوڵهتداریکردنێکى باش. به‌ڵام ئه‌م پڕهنسیپانهش دوو جۆرن، واته ئه‌گه‌ر سه‌یرى کۆى ده‌ستورى وڵاتان بکه‌یت، ئه‌وا دوو جۆر پڕه‌نسیپ ده‌بینى، یه‌که‌میان پڕه‌نسیپه گڵۆباڵهکان، دووه‌م پڕه‌نسیپه لۆکاڵه‌کان.
ئه‌وه‌ى ئه‌رکى ئه‌م نوسینه‌یه پڕه‌نسیپى جۆرى یه‌که‌میان نییه، چونکه ئاسان‌و له‌به‌رده‌ستن، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى ده‌وێت لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور خاوه‌ن رۆحێکى دیموکراسى‌و نیشتیمانپه‌روه‌رو کراوهبنو ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌کى گونجاو کۆى ئه‌و پڕه‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تیانه جێبکه‌نه‌وه.
پڕه‌نسیپى لۆکاڵى چییه؟
بریتین له‌و هه‌موو ئه‌و پڕهنسیپانهى که مێژوو‌و واقیعى کۆمهڵایهتىو ئابورى‌و سیاسى‌و رۆشنبیرى‌و ئاینى هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک دهیسهپێننو بۆ ده‌ستورى ده‌وڵه‌تێکى دیکه پێویست نین.
ده‌ستورى ئه‌ڵمانیاى فیدراڵ‌و جه‌نگى هێرشکارى
بۆ نمونه له‌ده‌ستورى هیچ ده‌وڵه‌تێک، ره‌نگه رێت لهبهندێکى وه‌ک ئه‌وه نه‌که‌وێت له‌مادده‌ى 26 ده‌ستورى کۆمارى ئه‌ڵمانیاى فیدراڵ‌دا هه‌یه، که باس له‌وه ده‌کات "هه‌ر کار‌و کرده‌وه‌یه‌ک که ئامانجى ئه‌وه‌بێت ئاماده‌کارى بۆ ئه‌نجامدانى جه‌نگێکى هێرشکارى بکات ئه‌وا دژى ده‌ستوره‌و ده‌بێت له‌سه‌رى سزا بدرێت". بێگومان ده‌بێت لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورى هه‌رێم، له‌وه بگه‌ن که باگراوندى پشت ئه‌م بڕگه‌یه، ئه‌و جه‌نگه هێرشکارییانهیه که ئه‌دۆڵف هیتله‌ر خۆى بۆ ئاماده ده‌کردو ئه‌نجامیده‌دان، سه‌ر ئه‌نجام بوونه هۆى کوژران‌و ماڵوێرانى ملێۆنان که‌س، موشهریعى ئه‌ڵمانى بۆ رێگریکردن له‌مه ئه‌م ماده‌یه دادڕێژێتو به‌شێوه‌یه‌کى فیعلیش سوودى بهئهڵمانیاى دواى ساڵى 1949 گه‌یاندوه.
بێگومان ده‌توانرا ئه‌م ماده‌یه له‌یاساى سه‌ربازى ئه‌ڵمانیدا جێگاى بکرێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر گرنگیهکهىو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ره‌هه‌ندێکى ده‌ستورى پێببه‌خشن، له‌ده‌ستوردا جێگاى ده‌که‌نه‌وه.
ده‌ستورى وڵاته یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکاو پهسنکردنى میلیشیا!
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له‌ده‌ستورى وڵاته یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکادا ده‌بینین، بۆ نمونه له‌هه‌موارى دووه‌مى ده‌ستورى ئه‌و وڵاته‌دا مافى ئه‌وه‌ى به‌هه‌موو هاوڵاتییه‌کى ئه‌مریکى داوه که "چه‌کى ههبێتو هه‌ڵیگرێت. هاوکات بوونى میلیشاى باشیش به‌پێویست ده‌زانێت بۆ پاراستنى ئاسایشى هه‌ر ویلایهتیک". ئایا ئه‌مه بۆ وڵاتێکى پێشکه‌ووتوو مهدهنىو خاوه‌ن سوپایه‌کى به‌هێزى وه‌ک وڵاته یه‌کگرتوه‌کان نه‌نگى نییه؟، که په‌سنى میلیشیا بکات‌و چهکههڵگرتنو خاوه‌ندارێتى چه‌ک به‌ئاسایى بزانێت؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که هه‌رچۆنێک بێت، ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌سلمێت که زه‌روره‌تى کۆمه‌ڵگاى ئه‌مریکى ئه‌مه‌ى خواستووه له‌رابردودا، ره‌نگه سه‌رده‌مێک بێت ئه‌وه بخوازێت ئه‌م بڕگه‌یه هه‌ڵگیرێت.
ره‌نگه ئه‌م دوو نمونه‌یه به‌س بێت بۆ پاڵپشتیکردنى زه‌روره‌تى بوونى پڕه‌نسیپى لۆکاڵى ئه‌گینا نمونه‌ى لۆکاڵى زۆرن.
لێره‌وه به‌پێوستى ئه‌زانم راسته‌وخۆ بچمه سه‌ر ئه‌و پڕه‌نسیپه لۆکاڵیانه‌ى که زۆر گرنگه له‌ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستاندا جێگایان بکرێته‌وه، واته به‌ده‌ق ئه‌م پڕه‌نسیپانه دابڕێژرێنه‌وه:
یه‌که‌م: دیاریکردنى رۆژێکى دیاریکراو بۆ هه‌ڵبژاردنى پهرلهمانو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان:
بۆ نمونه رۆژی 16-3 هه‌ر چوارساڵ جارێک، یان 14-4، یان هه‌ر بۆ نمونه، رۆژى سێ شه‌ممه‌ى حه‌فته‌ى یه‌که‌مى مانگى سێى ساڵى چواره‌مى ته‌مه‌نى ئهوخولهى په‌رله‌مان. بێگومان ئه‌مه‌ش نمونه‌ى له‌ده‌ستورى وڵاتانى دونیادا هه‌یه، بۆنمونه له ده‌ستورى ساڵى 2010 ئۆکرانیادا به‌ده‌ق رۆژى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى وڵاتى دیاریکردوه که بریتییه له‌کۆتا یه‌کشه‌ممه‌ى مانگى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى پێنجه‌مى(سه‌رۆکایه‌تى له ئۆکرانیا بۆ ماوه‌ى 5 ساڵه) سه‌رۆکایه‌تى سه‌رۆکى پێشتر. بێگومان گرنگى‌و پێویستى ئه‌م ماده‌یه له‌ده‌ستورى کوردستاندا زۆر ره‌هه‌ندى هه‌یه، به‌ڵام زهقترینو گرنگترین ره‌هه‌ندى ئه‌وه‌یه به‌داخه‌وه له‌٢٩ ساڵى رابردودا هیچ هه‌ڵبژاردنێک لهرۆژو هه‌فته‌و مانگ‌و ساڵى خۆیدا ئه‌نجامنه‌دراوه. له‌کاتێکدا هه‌ڵبژاردنى خولى یه‌کێکه له‌پایه سه‌ره‌کییه‌کانى دیموکراسیهتو هۆکارێکى به‌هێزى سه‌قامگیری سیاسى‌و ئابوری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیشه، رێگریش ده‌کات له‌وه‌ى ههرحیزبو گروپێک به‌ئاره‌زوى خۆى یارى بهرۆژىو ساڵى هه‌ڵبژاردن‌و ئهنجامدانو نه‌دانى بکات.
دووه‌م: جیاکردنه‌وه‌ى یاسا ده‌ستورییه‌کان له‌رووى بابهتو روالهتهوه:
یاسا ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان(ئه‌و یاسایانه‌ى ره‌هه‌ندى ده‌ستوریان هه‌یه) خاوه‌نى دوو کێشه‌ى گه‌وهه‌رین: له‌رووى بابه‌تییه‌وه، ئه‌م یاساییانه له‌گه‌ڵ یاساى ئاسایی‌دا لێکجودا نه‌کراونه‌ته‌وه. له‌رووى رواڵهتیشهوه، پێوه‌ر دانه‌نراوه بۆ جیاکردنه‌وه‌یان له یاسا ئاساییه‌کانى دى. ئه‌مه‌ش هۆکارى سه‌ره‌کى ئه‌و کێشه سیاسیانه بوه له‌ده‌یه‌ى رابردودا روبه‌ڕوى هه‌رێم بوه‌ته‌وه. چونکه گه‌ر کێشه‌کانى به‌ر له‌و مێژوه ره‌هه‌ندى مێژوویی‌و ئابورییان ههبوبێـت، ئه‌وا کێشه‌کانى دواى ئه‌و مێژوه زیاتر په‌یوه‌ندى به‌غیابی هۆشیارییه‌وه هه‌یه سه‌باره‌ت به گه‌وهه‌رو گرنگی یاسا ده‌ستورییه‌کان، بۆیه پێویسته ده‌ستورى هه‌رێم، جۆرى ئه‌و یاسایانه رون‌و یه‌کلاییبکاته‌وه که ره‌هه‌ندى ده‌ستوریان هه‌یه، هاوکات ئه‌وه‌ش بسه‌پێنێت که نابێت ئه‌و جۆره یاسایایانه به‌زۆرینه‌ى ساده‌ى په‌نجا کۆ یه‌ک راییبکرێن، به‌ڵکو لانى که‌م به زۆرینه‌ى ره‌هاى دوو له‌سه‌ر سێ یان سێ له‌سه‌ر چوار راییبکرێ.
بێگومان نمونه‌ى ئه‌مه له‌ده‌ستورى وڵاته پێشکه‌وتوه‌کانى وه‌ک ده‌ستورى ساڵى 1958 فه‌ڕه‌نسادا هه‌یه، له ماده‌ى 46 ئه‌و ده‌ستوره‌دا، جگه له‌وه‌ى چه‌ندین رێکارى دیکه‌ى توندى گرتۆته‌به‌ر بۆ راییکردنى یاسا ده‌ستورییه‌کان(که ده‌ستوره‌که به‌یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کان ناوزه‌دى ده‌کات)، هاوکات ره‌زامه‌ندى هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نى پیران‌و کۆمه‌ڵه‌ى نیشتیمانى به‌مه‌رج گرتوه، پاشانیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌که له‌سه‌رى هاوڕا نه‌بوون ئه‌وا ده‌بێت به‌زۆرینه‌ى ره‌هاى کۆمه‌ڵه‌ى نیشتیمانى راییبکرێت. هه‌روه‌ها ماده‌ى 123 ده‌ستورى 1996 جه‌زائیر رێژه‌ى 3/4 به‌مه‌رج گرتوه بۆ راییکردنى یاسا ئۆرگانییه‌کان. بۆ رونکردنه‌وه‌ى زیاتر گرنگه ئاماژه به‌وه بکه‌ین که ماده‌ى 123ى ده‌ستورى 1996 جه‌زائیر ئه‌م بوارانه‌ى دهسنیشانکردوه که رههندى ده‌ستورى(ده‌ستوره‌که بهئۆرگانى ناوزه‌دى کردون) که بریتیین له‌مانه:"رێکخستنى ده‌سه‌ڵاته گشتییهکانو کاره‌کانى.2 – سیستمى هه‌ڵبژاردن.3-یاساکانى تایبه‌ت به‌پارته سیاسییه‌کان. 4-یاساکانى تایبه‌ت به‌راگه‌یاندن.5- یاساکانى تایبه‌ت به‌دادوه‌رى.6- یاساکانى تایبه‌ت به‌دارایی.7- یاساکانى تایبه‌ت به‌ئاسایشى نیشتیمانى. بێگومان گرنگى یاسا دهستورییهکانیش کاتێک به‌رجه‌سته‌تر ده‌بێت که دادگایه‌کى باڵاى ده‌ستورى پێکبهێنرێتو کارى سه‌ره‌کى چاودێریکردنى دهستوریبونى یاساکان بێت، ده‌بێت ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستان باس له‌هێڵه گشتییه‌کانى ئه‌و دادگایه بکات.
سێهه‌م: "بۆ په‌رله‌مان نییه، هیچ یاسایه‌ک ده‌ربکات که پێچه‌وانه‌ى ئازادى رادهربڕینو ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى بێت"
داڕشتنى ده‌قى تایبه‌ت به‌ئازادى راده‌ربڕین به‌مشێوه‌یه"بۆ په‌رله‌مان نییه، هیچ یاسایه‌ک ده‌ربکات که پێچه‌وانه‌ى ئازادى رادهربڕینو ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى بێت"، ئه‌مه‌ش ئه‌و داڕشتنه‌یه که له هه‌موارى یه‌که‌مى ده‌ستورى وڵاته یهگکرتوهکانى ئه‌مریکادا هاتووه، وردترینو راستگۆترین گوزارشت بۆ بڕوابوون بهئازادییهکى راسته‌قینه‌ى گوزارشت لهخۆکردنو ئازادى رۆژنامه‌گه‌رییه که هاوشێوهکهى له‌هیچ ده‌ستورێکى دیکه‌ى دونیادا نابینیته‌وه، چونکه هیچ بیانویه‌کى نه‌هێشتۆته‌وه بۆ کۆنگرێس که یاسایه‌ک به‌پێچه‌وانه‌ى ئازادى راده‌بڕین ده‌ربکات. بۆیه خوازیارم ئه‌م ماده‌یه‌و به‌و داڕشتنه له‌ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستاندا جێبکرێته‌وه.
چواره‌م: پایته‌خت وه‌ک موڵکى هه‌موان:
له‌وه روه‌وه که پایته‌خت پێگه‌ى سه‌ره‌کى بهڕێوهبردنو بڕیاردانه له‌سه‌ر چاره‌نوسی کۆى هه‌رێم. پێویسته هه‌موان به‌کۆى دهنگو رهنگو پێکهاته جیاوازه‌کانه‌وه خاوه‌نى بن. ده‌ستورى هه‌رێمى ده‌ق بدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى حکومه‌تى خۆجێى پایته‌خت هه‌میشه حکومه‌تێکى ئیئتیلافى پان به‌ڕێوه‌ى به‌رێت، به‌مه‌ش پایته‌خت له‌لایه‌ک ده‌بێـته خاڵى کۆکه‌ره‌وه‌ى هه‌موان، واته ئه‌گه‌ر پارت‌و لایه‌نه‌کان له‌هه‌رشتێکدا جیاوازبن ئه‌وا پایته‌خت کۆیان ده‌کاته‌وه. له‌لایه‌کى دیش رێگرى ده‌که‌ین له‌دوو پارچهبونو سێ پارچه‌بوونى هه‌رێمى کوردستان، کهترسێکى ئاماده‌یه لاى هه‌موو کوردستانییه‌کى نیشتیمانپه‌روه‌رو دڵسۆزى نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى پێ بزانین یان نه‌زانین، یه‌کێک له‌هۆکاره‌کانى یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و ههواڵگرىو په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌و دوو گیرفانى په‌یوه‌ندییه‌کى تۆکمه‌ى به‌م خاڵه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه به‌رجه‌سته ببێت ئه‌وا یه‌کگرتنه‌وه‌ى ئه‌و کایانه زۆر سانا ده‌بێت.
پێنجه‌م: پهیوهستکردنى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حکومه‌ت بهیهکگرتنى هێزى پێشمه‌رگه‌و هێزه ئهمنىو ههواڵگرییهکانو یهکگیرفانییهوه.
وه‌ک ته‌واوکه‌رى خاڵى پێشتر: له‌و روه‌وه که تا ئێستاش هێزى پێشمه‌رگه‌و هێزه ئهمنىو هه‌واڵگرییه‌کان وه‌ک پێویست یه‌کیان نه‌گرتوه، پێویسته ده‌ستورى هه‌رێم ماده‌یه‌ک لهخۆبگرێتو ماوه‌یه‌کى دیاری‌کرا(ساڵێک بۆ دوو ساڵ) ده‌سنیشان بکات، که تیایدا یهکگیرفانى بکرێته مهرجو ئه‌و هێزانه یهکبگرنو ببنه خاوه‌نى هێزیکى سهربازىو ئهمنىو هه‌واڵگرى تۆکمه، ئه‌گه‌ریش له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌مانه روینه‌دا ئه‌وا پێویسته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حکومه‌ت وه‌ک سزا دابنرێت.
شه‌شه‌م: بهرهسمى ناساندنى زمانى کوردى
"بهرهسمى ناساندنى زمانى کوردى له‌سه‌ر هه‌موو ئاستهکانو لێپێچینه‌وه‌ى توند به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و کهسو لایهنو داموده‌زگا رهسمىو نارهسمیانهى که که‌مته‌رخه‌مى ده‌که‌ن له‌مباره‌یه‌وه"، ره‌نگه بوترێت ئه‌م ماده‌یه‌و له‌مه‌ش زیاتر له‌یاساى زمانه فه‌رمییه‌کاندا جێگاى کراوه‌ته‌وه، ئه‌مه راسته، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و یاسایه نه‌ک لایه‌نه رهسمىو ناره‌سمییه‌کان جێبه‌جێى ناکه‌ن، به‌ڵکو خودى په‌رله‌مانیش که ئه‌و یاسایه‌ى ده‌رکردوه جێبه‌جێى ناکات، تا ئێستاش ده‌قى عه‌ره‌بى یاساکان به‌ئه‌سڵ وه‌رده‌گیرێن، له‌وه‌ش کاره‌ستبارتر ئه‌وه‌یه تا ئێستا نامه‌کانى ماسته‌رو تێزه‌کانى دکتۆراو توێژینه‌وه زانستییه‌کانى زانکۆ‌و په‌یمانگاکان که‌مینه‌یه‌کى که‌میان نه‌بێت بهکوردى نانوسرێن، که‌سیش نییه ئاوڕێک له‌م کێشه گه‌وره‌یه بداته‌وه، خه‌مى بخوات، به‌کێشه‌ى خۆیی بزانێت. بۆیه بوونى ئه‌م ماده‌یه له‌ده‌ستورى کوردستاندا به‌ته‌نها ره‌هه‌ندێکى سیاسى نییه، به‌ڵکو ره‌هه‌ندێکى مهعریفیو کلتوریشى هه‌یه، بۆیه به‌خشینى ره‌هه‌ندى ده‌ستورى پێى، زۆر پێویسته.
حه‌وته‌م: نهوتو سامانه سروشتیهکانو وهبهرهێنانو به‌ته‌نها موڵکى ئه‌مه نه‌وه‌یه‌ش نین.
له‌وه روه‌وه که تا ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت نهوتو سامانه سروشتیه‌کانى دى له‌لایه‌ن ئهویدىو خۆشمانه‌وه نه‌بۆته مایه‌ى خێر بۆ تاکو کۆمهڵو بۆ ئێستا‌و بۆ ئاینده، ئه‌مه‌ش چهندنێک په‌یوه‌ندى به‌ره‌هه‌نده سیاسیه‌که‌یه‌وه هه‌یه، زیاتر له‌وه په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌یه که بۆته هۆى به‌رفراوانتر کردنى جیاوازى چینایه‌تى، هۆکارى ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌و سامانانه هێشتا بۆ به‌کاربردن به‌کارده‌هێنرێت نه‌ک وه‌ک ئامڕازێک بۆ وهبهرهێنانو به‌هێزکردنى ژێرخانى ئابورى له‌بواره‌کانى کشتوکاڵىو پیشهسازىو گه‌شتوگوزار....هتد.
لێره‌وه به‌پێویستى ئه‌زانم له‌مباره‌یه‌وه مادده‌یه‌ک جێبکرێتهوهک که جه‌خت له‌وه بکاته‌وه (ده‌بێت لانى که‌م له‌سه‌دا په‌نجاى سامانه سروشتییه‌کان بۆ وهبههێنانو به‌هێزکردنى ژێرخانى ئابورى هه‌رێم ته‌رخان بکرێت) گرنگى ئه‌م خاڵه له‌وه‌دایه چه‌ندێک له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ئێستاى هه‌رێمدایه، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى نه‌وه‌کانى ئاینده‌دایه، حسابکردنیش بۆ نه‌وه‌کانى ئاینده جکهلهوهى حه‌قێکى شه‌رعى خۆیانه، هاوکات بهرجهستهکهرى ره‌هه‌ندێکى دیکه‌ى دادپه‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تییه، چونکه به‌هه‌ندوه‌رگرتنى دادى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌ته‌نها یه‌کسانى نییه له‌نێوان رۆڵه‌کانى ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا، به‌ڵکو یه‌کسانیشه له‌نێوان نه‌وه‌ى ئێستا‌و نه‌وه‌کانى ئاینده‌دا.
هه‌شته‌م: خاڵیکردنه‌وه‌ى پڕۆگرامه‌کان له‌سه‌رجه‌م ئه‌و بیرۆکه‌و گوزارشتانه‌ى که تونده‌ڕه‌وى به‌رهه‌مده‌هێنن:
له‌و روه‌وه که سیستمى په‌روه‌رده‌و پڕۆگرامه په‌روه‌رده‌ییه‌کانى وه‌زاره‌ته‌کانى ئه‌وقاف، په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵا گرنگییه‌کى میحوه‌رییان هه‌یه، بمانهوێتو نه‌مانه‌وێت سه‌رشارن له‌کۆمه‌ڵێک دهقو گوزارشت که دژى پێکه‌وه ژیانى ئاینهکاننو سوکایه‌تیان تێدایه بۆ که‌مینه ئاینییهکانى دیو هانى توندوتیژى ده‌ده‌ن، زۆر گرنگه ماده‌یه‌ک له‌مباره‌یه‌وه جێبکرێته‌وه که جه‌خت له‌وه بکاته‌وه پێویسته پڕۆگرامه‌کان خاڵى بن له‌سه‌رجه‌م ئه‌و بیرۆکه‌و گوزارشتانه‌ى که توندوتیژى‌و تونده‌ڕه‌وى به‌رهه‌مده‌هێنن‌و ده‌بنه هۆى لێکترازانى کۆمهڵایهتیو سوکایه‌تیکردن به ئاین‌و مهزههبو که‌مه نه‌ته‌وه‌کان.
نۆیه‌م: راگرتنى باڵانسى نێوان شاره گه‌وره‌کانو شاره بچوکهکانو گونده‌کان
(گرنگیدان به راگرتنى باڵانسى نێوان شاره گه‌وره‌کانو شاره بچوکهکانو گونده‌کان)، گرنگى ئه‌م ماده‌یه‌و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى چه‌ندێک له‌وه‌دا گرنگه که هه‌وڵێکى ده‌ستورییه بۆ دروستکردنى باڵانس له‌نێوان شاروشارۆچکه‌و گونده‌کاندا، له‌نێوان هه‌ژارو دهوڵهمهنداو جیاوازى ناوچه‌یى که‌مده‌کاته‌وه، هاوکات ئه‌م ماده‌یه یه‌کێکه له‌ره‌هه‌نده گرنگه‌کانى دادپه‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى که‌له‌زۆر ده‌ستورو یاسادا بوونى هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک گوزارشتێکى بێناوه‌ڕۆک ماوه‌ته‌وه، له‌کاتێکدا ئه‌مه جگه له‌وه‌ى بوونى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه گرنگییه‌کى تریش هه‌یه که خۆى لهئاوهدانکردنهوهى زیاترى کوردستاندا ده‌بینێته‌وه، چونکه ئه‌گه‌ر جیاوازى نێوان شاروشارۆچکه‌و گونده‌کان که‌مبویه‌وه، ئه‌وا خه‌ڵک ناچار نابێت روو له‌شاره گه‌وره‌کان بکات‌و شارۆچکه‌و گونده‌کان چۆڵبکات.
ده‌یه‌م: پێشخستن‌و به‌ره‌وپێشبردنى به‌رهه‌مى خۆماڵى
(گرنگى دان بهپێشخستنو به‌ره‌وپێشبردنى به‌رهه‌مى خۆماڵى له‌هه‌موو رویه‌که‌وه، به‌جۆرێک لانى که‌م، پێداویستییه ناوخۆییه‌کان دابینبکات) زۆر گرنگه ماده‌یه‌ک به‌مجۆره یان داڕشتنێکى دى که ئه‌م ناوه‌ڕۆکه له‌خۆ بگرێت له‌ده‌ستوردا جێبکرێته‌وه، چونکه ئه‌وه‌ى ئێمه‌ى روبه‌ڕوى هه‌ڕه‌شه‌ى ترسناک‌و جۆراوجۆر کردۆته‌وه له‌٢٩ ساڵى رابردوداو باڵانسى کۆمه‌ڵگاى به‌شێوه‌یه‌کى زۆر مه‌ترسیدار له‌هه‌موو رویه‌که‌وه تێکداوه بریتییه لهبهرخۆریمان، ئه‌م بهرخۆربونهشمان(ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم لهسهداسهدى) ئه‌وا رێژه‌ى هه‌ر زۆرى بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه بوونى ئه‌م ماده‌یه پێویسته بۆ دروستکردنه‌وه‌ى باڵانس.
ره‌نگه بوترێت ئه‌کرێت ئه‌م ماده‌یه له‌یاساى وه‌زاره‌ته تایبه‌ته‌کانى کشتوکاڵ‌و پیشهسازىو پلانداناندا جێبکرێته‌وه، به‌ڵام له‌راستیدا مه‌سه‌له‌که زۆر له‌وه گرنگتر‌و حهیاتیتره به‌ته‌نها له‌یاسادا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ببینین، به‌ڵکو پێویسته ره‌هه‌ندێکى ده‌ستورى پێببه‌خشین.
یانزه‌یه‌م: یهکپارچهکردنى جه‌سته‌ى کورد‌و کوردستان
له‌و روه‌وه که جه‌سته‌ى کورد‌و کوردستان کراوه بهچوارپاچهوهو هه‌ر پارچه‌یه‌کى جۆرێک له‌سیاسه‌تى داگیرکارى ته‌حه‌کومى پێوه ده‌کات، پێویسته له‌ده‌ستورى هه‌رێمدا بنه‌ماى مامه‌ڵه‌ى ههرێمو پارته‌کانى له‌گه‌ڵ سێ پارچه‌که‌ى تردا یه‌کلابکرێته‌وه، به‌وه‌ى نابێت به‌هیچ جۆرێکو له‌هیچ دۆخێک‌دا دژیان بوه‌ستینه‌وه‌و سیاسه‌تێک په‌یڕه‌و بکه‌ین که‌له به‌رژه‌وه‌ندى پارچه‌یه‌ک له‌پارچه‌کانى کوردستاندا نه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه پێویسته به‌گوێرى توانا‌و هه‌لومه‌رج ئه‌و په‌ڕى هاوکاریان بکرێت‌و رۆحى برایه‌تى نه‌ته‌وه‌یى گه‌شه‌ى پێبدرێت.
دوانزه‌یه‌م: هێزدارکردنى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى
له‌و روه‌وه که ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى یه‌کێکه له‌سێ ده‌سه‌ڵاته گرنگ‌و سه‌ره‌کییه‌که‌ى هه‌رێم، به‌داخیشه‌وه تا ئێستا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌یتوانیوه بوونى راسته‌قینه‌ى خۆى وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکى سه‌ربه‌خۆ بسه‌لمێنێت، پێویسته له‌ده‌ستوردا هه‌ندێک رێکار جێیبکرێتهوه بۆ به‌هێزکردنى، له‌وانه بهخاوهنبوونى هێزێکى پاسه‌وانى تایبه‌ت به‌خۆیان له‌پێناو تهنفیزکردنى بڕیاره‌کانى دادگاکاندا.
کۆتایى:
ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌وه‌یه پڕهسیپى لۆکاڵى له ده‌ستورى هه‌رێمدا به‌هه‌ندبگیرێت، ئه‌م پڕهنسیپانهش له‌پێناو راستکردنه‌وه‌ى باڵانسه تێکچوهکانو قوڵکردنه‌وه‌ى دیموکراسیهتو پێکه‌وه ژیانى مه‌ده‌نیانه‌دا بێت، نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه، بۆ شه‌رعیه‌تدان بێت به ناهاوسهنگیهکانو تۆخکردنه‌وه‌ى کلتورى نادیموکراسى.
هیوام وایه شاره‌زایانى ده‌ستورو سیاسه‌تى دهستورىو خوێنه‌رى به‌ڕێز له‌ژێر رۆشنایى ئه‌م بڕگه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، به‌شدارى بکه‌ن لهدهوڵهمهندکردنى ئه‌و پڕه‌نسیپه لۆکاڵیانه‌ى پێویسته له‌ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستاندا جێگایان بکرێته‌وه، زۆر گرنگه له‌مباره‌یه‌وه به‌رچاوڕونی زیاترمان هه‌بێت، له‌وه‌ى ده‌بینه خاوه‌نى چ ده‌ستورێک، ده‌ستورێک بۆ راستکرنهوهى ناهاوسه‌نگییه‌کان، یان بۆ شه‌رعیه‌تدان به ناهاوسه‌نگییه‌کان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ى دووه‌ممان په‌یڕه‌وکرد، ئه‌وا ده‌ستور به‌شێکى زۆرى سیحرى خۆى به‌تاڵده‌کاته‌وه.