ئێمە هەموومان پێکەوە کوردستان دەپارێزین
سیروان ڤیان
4 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
لەنووسینەکەی پێشووماندا هەڵوەستەمان لەسەر چاوگە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. نووسینەکە هەندێک پڕ ناوەرۆک و بەشێوازێکی ئەکادیمیک ئامادە کرابوو، بۆیە بەپێی گۆشەکە هەندێک قورس بوو. لەبنەڕەتدا ئەو نووسینە وەک سەرەتای نووسینێکی بەرفراوان ئامادە کرابوو، بەڵام نووسینێکی لەو شێوەیە بۆ گۆشەی رۆژنامەیەک گونجان نابێت و دەکرێت مرۆڤ هەمووی لەگۆڤارێکی تیۆریکدا بڵاوی بکاتەوە.
هەرچەند ناوەرۆک و دەربڕینەکەی قورسیش بووبێت، بەڵام ئەو بیرو رامانەی ئێمە باسمانکردوون کێشەکانی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. بەڕاستیش کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە ناسۆرو لێیاندەڕژێت، یان وەک گانگارین (قانقاریا - غانغاریا)یان لێهاتووە. لەپێش هەموویانەوە کێشەی کوردو کێشە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی تر چارەسەر ناکرێن. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کێشەیەکی کۆمەڵگە چارەسەر نەکراوەو نەتوانراوە چارەسەر بکرێت. لەبەر ئەوانەش کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر نەکراون. بۆ نموونە کێشەی کورد یەکێک لەو کێشە بنەڕەتییانەیە. گەلی کورد لەژێر مەترسیی پاکتاوکردن و سڕینەوەدایە. کێشەکانی کۆمەڵگەی عەرەب چارەسەر نەکراون. دۆخی گەلی فەلەستین و گەلی کورد، کە رووبەڕووی کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردنەوە دەبنەوە، لەیەکتر جیا نین. کێشەکانی دەوڵەتی ئێران زۆرو زەوەندەن، کێشە و ناکۆکیی کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ ئەو سیستمە هەژمونگەراو سەردەستەدا زۆرە.
سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیست پشتیوانی لەدەوڵەتی تورکیاو ژمارەیەکی زۆر لەدەوڵەتە عەرەبییەکان دەکات و کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکوت دەکەن تاوەکو بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان سیستمێک دروست بکەن و بچەسپێنن. هەر خۆی ئەو هێزە، کە هەموو نەتەوە دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دروستکردووە و جموجوڵ و هەڵسوکەوتیانی دیاریکردووە، هێزە کاپیتاڵیستە هەژمونگەرا دەستەڵاتخوازەکانن. ئەگەر جار جاریش هەندێک لەدەوڵەتەکان لەگەڵ هێزە هەژمونگەراکانی سیستمی سەرمایەداریدا لەسەر هەندێک بابەت لەناکۆکیشدا بووبن، ئەو ناکۆکییە لەسەر بنەمای هۆشمەندی و عەقڵییەتێکی نوێ و لەئاستێکدا نەبووە، کە بتوانێت مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیست تێپەڕێنێت و نەیتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکات. لەمێژووی نزیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین نموونە لەوبارەیەوە هەیە.
تێکۆشانی گەلی کورد بۆ سەرخۆبوون و ئازادی، کە گەیشتووەتە ئاستێک، هەندێک دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو دەستکەوتانە کەمن، بۆیە رەهەندە جەوهەرییەکانی کۆمەڵگەبوون بونیات دەنێن، بەڵام هێشتا ئەوەش لەئاستێکدا نییە، کە ببێتە بناغەی پەیوەندیی ئازاد – یەکسانی کۆمەڵگەو پێکەوە ژیانی ئازاد، چونکە ئەوە دۆخێکی هەمیشەیی و چەسپاو نییە. پرۆسەو قۆناغەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئەوەی نیشاندا، کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد هەمیشەیی نین.
ئەو هێزە سەرەکییە، کە هێرش دەکاتەسەر ئەو دەستکەوتانە دەوڵەتی تورکیایە. هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردنە لەشۆڕشی کوردستان، کە پەکەکە پێشەنگایەتیی دەکات. هەندێکجار هەندێک تاکتیک پێشدەخات، بۆ نموونە لەگەڵ حکومەتی باشووری کوردستاندا پەیوەندییەکانی پێشدەخات، بەڵام هەموو ئەوانە بۆ ئەوەیە، کە ئامانجە سەرەکی و بنەڕەتییەکەی سەربخات. ئەگەر بەدڵی خۆشیان نەبێت، بەڵام نەیانتوانیوە لەبەردەم شۆڕشی کوردستان ببنە لەمپەرو لەبەرامبەر هەندێک دەستکەوتدا بێدەنگبوون. هەر خۆی کاتێک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، ئەوان بۆ خۆیان دەڵێن، ‹ئێمە لەباشوور هەڵەمان کرد، ئێمە لەڕۆژئاوا و شوێنەکانی تر ئەو هەڵەیە دووبارە ناکەینەوە›. هەڵبەت هۆکارێکی تری بێدەنگی بەرامبەر بەدەستکەوتەکانی باشوور، بەمەرجی خنکاندنی شۆڕشی کوردستانە. هۆکارێک، کە لەبەرامبەر پەکەکەدا ئەمریکاو ناتۆ پشتیوانی لەتورکیا دەکەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
کاتێک پشتیوانیی ئەمریکا، ئەوروپاو ناتۆ نەبێت دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت لەبەرامبەر شۆڕشی کوردستاندا بوەستێت. سیستمی جیهانی و گەردوونیی سەرمایەداری، کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهاندا بۆ بەرژەوەندیی خۆی سیاسەت بەرەوپێش دەبات. ئەو سیاسەتەش بۆ هاوکارەکانی خۆی بەڕێوەدەبات. هێزە سەرمایەدارە جیهانییەکان ئەو سیاسەتەیان لەژێر چەتری ناتۆدا بەڕێوەدەبەن و دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. سیاسەتێک، کە روسیا و هێزەکانی تر پێشی دەخەن لەگۆڕێدا هەیە. هێزیش هەیە، کە لەگەڵ ئەمانەدا دەجوڵێنەوەو ئەوانەش لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا هەڵسوکەوت دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی سیستمی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە، هەرچەند هەندێک سیاسەت و لایەنی جیاوازیش هەبن، بەڵام لەڕووی بیردۆزییەوە تەنها یەک سیستم هەیە، کەئەوەیش سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیستە. یانی هەموو هێزەکان لەخزمەتی بەرژەوەندیی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیستدان و داگیرکەرییان دەوێت و دەیپارێزن.
بەتایبەتی کورد لەژێر هێرشی داگیرکەری و پاکتاوکاری و سڕینەوەیەکی دژواردایە، کاتێک بیر دەکەنەوەو شیکاریی سیاسی و ئانالیزی بۆ دەکەن و دەجوڵێنەوە دەبێت ئەو راستییانە لەبەرچاو بگرن، کە ئێمە بەشێوەیەکی جەوهەری باسمانکردن، بەڵام زۆریک نزیکایەتیی سیاسیی بەرتەسک هەیە، کە ئەو راستییانە لەبەرچاو ناگرێت و بەشێوەیەک لەشێوەکان دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم مەترسییە. مەترسیی سەرەکیش تێنگەیشتەنە لە راستیی دەوڵەتی تورک و حسابنەکردنە بۆ پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ سیستمی جیهانیدا. دەوڵەتی تورک، دەوڵەتێکە ئەندامی ناتۆیەو دوژمنی گەلی کوردە.
هێزە سەرمایەدارە هەژمونگەراو دەسەڵاتخوازەکان بۆ ئەوەی باڵادەستیی خۆیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێننن دەوڵەتی تورکیایان وەک یەکەمین نەتەوە دەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد، بۆیە ئەمڕۆ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا راستیی دەوڵەتی تورک ئەوەیە، کە پێشەنگایەتی بۆ بەرژەوەندیی سیستمی سەرمایەداری دەکات. کاتێک دەوڵەتی تورکیا ئەوە دەکات مەرجی بۆ هێزە سەرمایەدارە جیهانییەکان و ئەمریکا ئەوەیە، کە کوردستان کۆلۆنی و بندەست و داگیرکراو بمێنێتەوە.
بۆ ئەوەش چوار پارچەبوونی کوردستان، نکۆڵی، لەناوبردن، سڕینەوەو پاکتاوکردن لەسەر هەبوونی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، ئەوە ستراتیژیایەکی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیستە. چوار پارچەبوونی کوردستان، رەتکردنەوەی هەبوونی کوردستان و لەناوبردنی گەلی کورد لەلایەن سیستمی سەرمایەداریی جیهانییەوە، بەپشتیوانیی ئەو سیستمەو لەپێناو بەرژەوەندیی ئەو سیستمەدا بەڕێوەدەچێت. دەبێت کورد بەو هۆشمەندییەوە بجوڵێتەوەو لەوە تێبگات.
بێگومان سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیست، یان سیستمی هەژمونگەراو دەسەڵاتخوازی جیهانی لەقەیرانێکدایە. ئەو دۆخە قەیراناوی و گێژاوخوڵقێنە دەبێتە هۆکاری ئەوە، کە لەنێوان هێزەکانی سیستمدا هەندێک ناکۆکی و قەیران سەرهەڵبدەن و لەئەنجامی ئەوەشدا هێزە جیهانی و گەردوونییەکان و ناوچەییەکان سیاسەتی جیاواز بەڕێوەدەبەن.
هێزە سەرمایەدارە هەژمونگەراو دەسەڵاتخوازەکان بۆ ئەوەی باڵادەستیی خۆیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێننن دەوڵەتی تورکیایان وەک یەکەمین نەتەوە دەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد، بۆیە ئەمڕۆ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا راستیی دەوڵەتی تورک ئەوەیە، کە پێشەنگایەتی بۆ بەرژەوەندیی سیستمی سەرمایەداری دەکات. کاتێک دەوڵەتی تورکیا ئەوە دەکات مەرجی بۆ هێزە سەرمایەدارە جیهانییەکان و ئەمریکا ئەوەیە، کە کوردستان کۆلۆنی و بندەست و داگیرکراو بمێنێتەوە
کاتێک کوردان لەڕۆژئاوای کوردستان هەڵمەتێک و قۆناغێکیان بەرەوپێشبردو شۆڕشێکیان پێکهێنا ئەوە بووە هۆی ئەوە، کە هێزەکانی سەرمایەی جیهانی کوردان لەبەرچاو بگرن و پەیوەندیی لەگەڵ دروستبکەن. ئەو دۆخە لەبارەی راستیی کوردانەوە هاوسەنگیی باوو ئێستای تێکدا. دەوڵەتی تورک ئەو راستییەی بۆ خۆی بە مەترسیی مردن و لەناوچوونی خۆی دەزانی، بۆیە ئەو هەڵوێست و سیاسەتەی پێشخست، کە ئەمریکا – ناتۆ رووبەڕووی یەکتر بکاتەوە. خواستی بەوە رێگری لەو راستییە بکات و تاوەکو ئێستاش لەو هەوڵ و سیاسەتەی بەردەوامە. بۆ ئەوەش لەباشوور، رۆژئاواو هەموو شوێنێکدا هێرشی داگیرکەری ئەنجام دەدات.
دەوڵەتی تورکیا بەتاییەتی لەسوریا و رۆژئاوادا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ روسیا پێشخست و خواستی دەستکەوتەکانی کورد سنووردار بکات و لەناویان ببات. تەنانەت ئەوەی دایە بەرچاوی خۆی، کە تورکیا لەگەڵ ئەمریکاو ناتۆ بکەوێتە دژایەتیکردن و بەریەککەوتن لەگەڵ یەکتردا. سەرباری ئەوەی ئەندامی ناتۆ بوو، بەڵام لەگەڵ روسیا لەسەر سیستمی بەرگریی مووشەکیی (ئێس – ٤٠٠) رێککەوتنی ئەنجامداو هەندێک شتی تریشی کرد.
ئەو دۆخە بۆ تورکیا و ئەمریکا – ناتۆ کێشەیە. هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا لەعەفرین، سەرێکانی و گرێسپی و لەدوای ئەوانەش بۆ سەر حەفتانین و ئێستاش بۆ سەر مەتینا، زاپ و ئاڤاشین بەڕێوەدەچن. ئەوە ستراتیژیایەکی ئەو هێزە جیهانیانەیە تاوەکو تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوەو پشتیوانی لەو هێرشانە دەکەن. بەو شێوەیە ئەمریکا، ناتۆو وڵاتانی ئەوروپا رەزامەندن بەداگیرکردنی سەرتاسەری باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە و پشتیوانیی لێدەکەن.
باشە مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەبەرامبەر ئەوەدا بوەستێتەوە. دەبیت کورد چی بکات؟ تورکیا لەلایەن ئەمریکا، ئەوروپاو ناتۆوە پشتیوانیی لێدەکرێت، کەواتە بۆ ئەوەی داگیرکەریی تورکیا تێکبشکێت پێویستە مرۆڤ هەموو ئەو هێزانە لەناو ببات! دەبێت کەس حساباتی لەو شێوەیە نەکات و بەو شێوەیە بیر نەکاتەوە. ئەگەر مرۆڤ بەو شێوەیە بیر بکاتەوە دەکەوێتە هەڵەوە.
لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا گرنگ ئەوەیە، کە مرۆڤ هەڵوێستێکی راست بگرێتە بەر. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی کورد لەناو ببات کوردستان داگیردەکات، بۆیە لەبەرامبەر ئەوەدا پێویستی بە بەرخودان لەدژی داگیرکەری هەیە. پێویستی بەوە هەیە، کە بەشێوەیەکی هاوبەش کوردستان بپارێزرێت. کاتێک گەلی کوردو هێزە سیاسییەکانی کورد هەڵوێستێکی لەو جۆرە بگرنەبەر ئەوا ئەو پلانە پووچ دەبێتەوە.
گەریلا لەهەموو شوێنێکدا لەبەرخوداندایەو کوردستان دەپارێزێت. ئەگەر هەموو کەس لەگەڵ گەریلا یەکبگرێت و بەرخودانی گەریلا لەبەرامبەر دەوڵەتی تورک بۆ خۆی بکاتە بنەما، ئەوا ئەو هێرشانە تێکدەشکێن و دەستکەوتەکانی کوردان دەپارێزرێن. دەبێت ئەوە رۆژەڤی کورد بێت.