لە ڕۆژی جیهانی مناڵاندا با هەوڵەكانمان بە ئاڕاستەی باشكردنی ژیان و ئایندەی نەوەكانمان بێت
كامەران لطیف
4 ساڵ لەمەوپێش
كامەران لطیف بەڕێوبەری سەنتەری بەرگری لەمافەكانی مناڵانی كوردستان
... ڕۆژی ١-٦ ڕۆژی جیهانی مناڵانە لە زۆربەی وڵاتان ڕۆژێكە كە جگە لەوەی خۆشی وشادی و ئاهەنگ بۆ مناڵان دەستەبەر ئەكەن ودیاری پێشكەش بە مناڵان دەكرێت هاوكات هەر لەم ڕۆژەدا جەخت لە باشكردنی یاساومافەكانی مناڵان دەكرێتەوە لە لایەن ڕێكخراوە كرێكاری وئازادیخوازو ئینسان دۆستەكانەوە هەوڵ ئەدرێت پارێزگاری لەو مافانە بكرێت كە بەرژەوەندی مناڵان جێگیر دەكات ومامەڵەی مرۆڤانە بۆ مناڵان دادەنێت لە ڕووی خوێندن ، وەرزش ، یاری و پەروەردەو فێركردن وسەرجەم لایەنە بەدەنی وفكرییەكان ....
لە كوردستان !! شتێك نییە بە ناوی مافەكانی مناڵان و ڕێزگرتنیان
بەڵام لە كوردستان سەرباقی ئەوەی ئەم ڕۆژە وەك هەر ڕۆژێكی ئاسایی تێدەپەڕێت جگە لە چەند ڕێكخراوێكی كەم وچەند كەسایەتیەكی بواری مناڵان باس لەم بۆنەیە دەكەن !! شتێك نییە بە ناوی مافەكانی مناڵان وڕێزگرتنیان .... خەڵكی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم وسیاسەتی شكستخواردوویان گیرۆدەی دەیان كێشەوقەیران وگیروگرفت كراونەتەوە (هەر لە نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی ڕۆژانەو نەبوونی مووچەو بێكاری وگەندەڵی وجیاوازی چینایەتی ..هتد .. ئەم كێشانە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیان وبژێوی هەزاران خێزانی كەمدەرامەت وكرێكارو كەمدەست كردووە ئەمانەش ڕاستەوخۆ كاریگەری خراپ لە سەر ژیانی مناڵان كردووە لە ڕووی ئابووری وكۆمەڵایەتی وفەرهەنگی .....
كوردستان وەك زۆربەی وڵاتانی جیهان لە سەربنەمای چینایەتی وچەوسانەوەی ئینسانەكان كۆمەڵگا بەڕێوە دەبرێت فەرهەنگی پیاوسالاری وگەورەسالاری وجیاوازی ڕەگەزی ونایەكسانی ویاسای باركەسێتی كە لەسەربنەمای شەرع ومەزهەب دارێژراوە ڕێگە بە گەورەكان دەدات لێدان لە مناڵان ئاسایی بێت ... دەیان یاسای دواكەوتوو لە كوردستان جێ بەجێ دەكرێت كە مامەڵەی نامرۆڤانەو نەشیاو بە كەرامەت وشكۆی مناڵان دەكرێت ... هەزاران مناڵان ڕۆژانە كاری تاقەت پڕوكێن دەكەن بۆ چەندین سەعات هەرلە ( دەستفرۆشی وقەصابی مەی فرۆشی وجگەرەفرۆشی وكرێكاری و...هتد لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی دەیان مامەڵەی نەشیاوقێزەون وسوكایەتی وجنێو تەنانەت كوشتنیش دەبنەوە .... بەداخەوە لە كوردستان تاكو ئێستا بەرەی ئینسان دۆستی ولایەنگری مافەكانی مناڵان بەهێز نییە هەربۆیە مناڵان وەك مناڵ مامەڵەناكرێت وڕۆژانە مافەكانیان پێشێل دەكرێت... حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیا رێتی و ئەركی بەخێوكردنی مناڵانی لە ئەستۆ نەگرتووە لە ڕووی پەروەردەو فێركردن ، یاسای پاراستنی مناڵان و دوورخستنەوەیان لە توندوتیژی وكاری بەكرێ ی مناڵان .....هتد
دەیان یاسای دواكەوتوو لە كوردستان جێ بەجێ دەكرێت كە مامەڵەی نامرۆڤانە و نەشیاو بە كەرامەت و شكۆی مناڵان دەكرێت
هەر بەم دەلیلە ڕۆژانە مناڵان مافەكانیان بە بەرچاوی دەزگا فەرمییەكانەوەپێشێل دەكرێت .... ڕۆژی جیهانی مناڵان كە دەبێت وەك ڕۆژێك بۆ مناڵان ڕێزی لێ بگیرێت وئاهەنگ وخۆشی ببینن هاوكات دەبێت كۆمەڵگاهۆشیاربن بەم ڕۆژەو كاربكەن لە پێناو بەدیهێنانی مافی شایستەی خۆیان سەرجەم ڕێكخراوە ئازادیخوازەكان ڕێكخراوەكانی مناڵان تواناو وزەیان یەكخەن بۆ زیاتر فشارهێنان بۆ دەسەڵاتداران وجێ بەجێ كردنی مافەكانیان .....
١-٦-٢٠٢١