سندوقى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان

6 ساڵ لەمەوپێش



مەهدى حەمزه‌ حەمەد *

سندوقى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌پێى مادده‌ى (10) له‌ یاساى ژماره‌ 8ى ساڵى 2008ى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌هه‌رێم دامه‌زراوه‌، که‌سایه‌تییه‌کى مه‌عنه‌وى سه‌ربه‌خۆی دارایی و کارگێرى هه‌یه‌ و سامانه‌کانى سامانى گشتین. داهاته‌کانى پێکدێت له‌:
1- ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ى له‌ بودجه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ بۆى ته‌رخانکراوه‌. 
2- ئه‌و بڕه‌ پاره‌و یارمه‌تى و به‌خشش و به‌خشینانه‌ى له‌لاى ده‌وڵه‌تانى به‌خشه‌ر و ده‌سته‌ و کۆمه‌ڵه‌ و ڕیکخراوه‌کانى ناوخۆیی و هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى و ده‌سته‌ و کۆمه‌ڵه‌کانى و ئه‌هلى و تایبه‌تى و تاکه‌کانه‌وه‌ پیشکه‌ش کراون . 
3- کرێ و ڕه‌سم و غه‌ڕامه‌کانى ژینگه‌یی که‌ به‌پێى ئه‌م یاسایه‌ وه‌رگیراون. 
به‌ڵام تائێستا ته‌نها بڕى ئه‌و غه‌رامه‌و رسوماتانه‌ى تێکراوه‌، که‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌کانى ده‌سته‌ى ژینگه‌ وه‌رده‌گیرێن، سندوقی ژینگه‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیاریى و به‌رپرسیارێتى و چاودێرى ئه‌نجومه‌نى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌ هه‌رێم، به‌جۆرێک دیاریکردنى رێکاره‌کانى تایبه‌تى و په‌یوه‌ست به‌ پێکهێنانى سندوق و سپاردن و عه‌مبارکردن و سه‌رفکردن و لایه‌نه‌کانى خه‌رجکردنى داراییه‌کانى به‌پێى ئه‌و ڕێنماییانه‌ ده‌بێت که‌ ده‌رى ده‌کات. 
ئه‌نجومه‌نى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌ هه‌رێم، ڕێنمایى ژماره‌ (2)ى ساڵى 2009ى تایبه‌ت به‌سندوق ده‌رکردووه‌ له‌پێناو دامه‌زراندن و کاراکردنى سندوق و ڕێکخستنى کاره‌کانى، که‌ له‌ وه‌قایعى کوردستان ژماره‌(101) له‌ 22/6/2009 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌م ڕێنماییه‌ به‌شێکى زۆرى لێ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى سندوقى بۆ درووست نه‌کراوه‌، که‌ یه‌کێکه‌ له‌هۆکاره‌کانى لێ خه‌رج نه‌کردنى، ئه‌مه‌ش هۆکارى خۆى هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ ڕێکه‌وتى (7/10/2012) ژمێره‌ى بانک(رقم حساب)ى بۆ کراوه‌ته‌وه‌ له‌ڕێى ئه‌م ژمێره‌وه‌ داهاتى بۆ داخل کردووه‌.
له‌سه‌ر ڕاسپارده‌کانى دیوانى چاودێرى دارایی، ده‌سته‌ى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ بۆ کاراکردن و ته‌واوکردنى ڕێوشوێنه‌کان، به‌فه‌رمانى ژماره‌(889) له‌ (12/7/2017) ى ده‌سته‌ى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌دیوانى ده‌سته‌، به‌شێکى سه‌ربه‌خۆى بۆدروستکردووه‌، به‌ناوى (به‌شى سندوقى ژینگه‌). هه‌ر له‌هه‌مان ڕۆژ لێپرسراو به‌شى بۆ دانرا. له‌ ئێستا ته‌نها لێپرسراو و به‌ش و سێ فه‌رمانبه‌رى هه‌یه‌. یه‌که‌مین کارمان له‌به‌شی سندوقى ژینگه‌، به‌سود وه‌رگرتن له‌ ڕێنمایى ژماره‌ (2)ى ساڵى 2009ى  به‌سندوقى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌ هه‌رێم و ڕێنمایى ژماره‌ (1)ى ساڵى 2013ى سندوقی پاراستنى ژینگه‌ى وه‌زاره‌تى ژینگه‌ى عێڕاق و پێویستییه‌کانى ئێستاو ئه‌زموونى نێوخۆیی ده‌سته‌، ڕه‌شنوسی ڕێنماییه‌کى نوێمان بۆ سندوقی ژینگه‌ ئاماده‌کرد، دواتر له‌سه‌ر پێشنیازى به‌شى سندوقی ژینگه‌ لیژنه‌یه‌کى فراوانى (11)که‌سی دروستکرا له‌نوێنه‌رى سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌کانى ژینگه‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان و نوێنه‌رى دیوانى ده‌سته‌، پێداچوونه‌وه‌ی بۆ کرا. خۆشبه‌ختانه‌ له‌کۆبوونه‌وه‌ى ژماره‌(1)ى ساڵى 2018 ى ئه‌نجومه‌نى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ له‌ رێکه‌وتى 6/6/2018 وێڕاى نرخاندن و سوپاسى به‌شى سندوقى ژینگه‌و لیژنه‌ى ناوبراو بۆ ئاماده‌کردنى ره‌شنوسى رێنمایی نوێى سندوق،  دواى گفتوگۆیه‌کى تێروته‌سه‌ل په‌سندکرا، بوو به‌ رێنمایی ژماره‌(1)ى سندوقى پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ و له‌ رێکه‌وتى (12/6/2018) ناردمان بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى راو سه‌رنجى ئه‌نجومه‌نى شوڕاى هه‌رێم له‌سه‌رى. شایه‌نى باسه‌ له‌و ڕێنماییه‌ تازه‌یه‌دا، هه‌موو کرێ و خزمه‌تگوزارى و ڕسوماته‌کانمان یه‌کخستوه‌ له‌نێوان فه‌رمانگه‌کانى ژینگه‌ له‌شاره‌کان و ئاماژه‌مانداوه‌ هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ک له‌ غه‌ڕامه‌و رسومات که‌ به‌ناوى ژینگه‌ وه‌رده‌گیرێ، ده‌بێت بخرێته‌وه‌ سندوقى ژینگه‌ بۆ پاراستن و چاککردنى ژینگه‌ى هه‌رێم. ئومێد ده‌که‌ین ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هاوکارمان بێ له‌خێرا خستنه‌ بوارى جێبه‌جێکردنى ئه‌م ڕێنماییه‌ تازه‌یه‌ى سندوق، به‌ڵکو ببێته‌ هۆکارێکى کاراو کاریگه‌ر بۆ پشتیوانى دارایی ده‌سته‌ى ژینگه‌و ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و کۆمه‌ڵه‌و سه‌نته‌ره‌ ژینگه‌یى و چالاکوانانى بوارى ژینگه‌و پسپۆڕ و شاره‌زایان بۆ خزمه‌تێکى نه‌وعى و فراوان به‌ ژینگه‌ى کوردستان.
هه‌ر له‌ڕێى ئه‌م ڕێنماییه‌وه‌، ئه‌وه‌شمان یه‌کلا کردۆته‌وه‌ خه‌رجى له‌سندوقى ژینگه‌ به‌ میکانیزم و ڕێوشوێنى دارایى به‌شێوازێکى شه‌فاف و دادگه‌رانه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێ، وه‌ پلانى ساڵى 2018 و کارنامه‌ى سندوقمان ئاماده‌کردووه‌ به‌مه‌به‌ستى رێکخستن و په‌ره‌پێدانى کاره‌کان، هه‌روه‌ها بواره‌کانى خه‌رجکردن به‌شێوه‌یه‌کى ورد خراوه‌ته‌ڕوو. هیوادارین سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى هاوکارمان بن هه‌روه‌ک له‌ حکومه‌تى ناوه‌ندى عێراقدا سندوقى ژینگه‌ کارایه‌و داهاته‌که‌ى له‌بوارى ژینگه‌یی خه‌رجده‌کرێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کى نا مه‌ڵبه‌ندى. له‌کۆتاییدا ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ به‌هاونیشتمانیان ڕابگه‌یه‌نین که‌ دامه‌زراوه‌ى ژینگه‌ له‌هه‌ر وڵاتێک سه‌نگه‌رى یه‌که‌مى به‌رگرییه‌ له‌ ته‌ندروستى مرۆڤ و ژینگه‌ به‌گشتى، بۆیه‌ دامه‌زراوه‌ى ژینگه‌ هه‌ر9چه‌ند چالاک و پڕخزمه‌ت بێ ناتوانێ ئامانجه‌کانى به‌گوێره‌ى پێویست به‌دیبێنێ، ئه‌گه‌ر هاونیشتمانیان نه‌بنه‌ دۆستى ژینگه‌ و ئاستى هۆشیارى ژینگه‌ییان له‌به‌رزبونه‌وه‌ى به‌رده‌وام نه‌بێت و هاوکارنه‌بن. 

* لێپرسراوى به‌شى سندوقی ژینگه‌

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار