سوتانی دارستان و پوش و پاوه‌ن وه‌ک کاره‌ساتێکی ژینگه‌یی

6 ساڵ لەمەوپێش



د. هه‌ڵه‌ت ره‌شید * 
 
ژینگه‌یی هه‌ر ناوچه‌یه‌ک گرفتاری کۆمه‌ڵێ کێشه‌یه‌ که‌ مه‌ترسییه‌ بۆ تێکچوون و پیسبوونی ژینگه‌و مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاوڵاتیان. ژینگه‌ی هه‌رێمی کوردستان، سه‌ره‌ڕای دووچاربوونی به‌ کۆمه‌ڵێ گرفت، به‌هۆی ووشکی ئاو و هه‌وا و به‌رزی پله‌ی گه‌رمی له‌هاوین، به‌رده‌وام مه‌ترسی سوتانی پوش و پاوه‌ن و دارستانی له‌سه‌ره‌ له‌وه‌رزی هاوین، سه‌ره‌ڕای سوتاندنی به‌ ئه‌نقه‌ست یان که‌وتنه‌وه‌ی ئاگر بێ مه‌به‌ست له‌ ئه‌نجامی ناهۆشیاری هاوڵاتیان و نه‌زانینی نرخی ئه‌م ده‌رامه‌ته‌ سروشتیه‌ گرنگه‌ ژینگه‌ییه‌کانی که‌ ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌کییه‌ له‌ هاوسه‌نگه‌ییه‌کانی راگرتنی خوولی کاربۆن و پاککردنه‌وه‌ی ژینگه‌ له‌خۆڵ و هه‌ندێ جۆری میکرۆب . بۆ نمونه‌ یه‌ک هێککتار له‌ دارستان ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵمژینی 220 بۆ 280 کگم له‌ دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن و ده‌ردانی 180 بۆ 240 کگم له‌ئۆکسجین. به‌ڵام سوتانی دارستان و پوش و پاوه‌ن ده‌بێته‌ هۆی ده‌ردانی گازی یه‌که‌م ئۆکسیدی ژه‌هراوی .
لێره‌دا ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێ بکرێت هه‌ندێ کات و له‌ هه‌ندێ ووڵات سووتانی پووش پاوه‌ن ئه‌نجام ده‌درێت به‌مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن له‌ زه‌وییه‌که‌ بۆ دووباره‌ به‌کارهێنانه‌وه‌ی له‌ بواری کشتوکاڵ و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌روبومێکی جیاواز له‌ماوه‌ی یه‌ک ساڵ .
جگه‌ له‌م هۆکاره‌، سوتاندنی دارستان و پاشماوه‌ی کێڵگه‌ کشتوکاڵییه‌کان، زیانیان زۆره‌و هۆکارن بۆ له‌ ناوچوونی زینده‌وران و سه‌رچاوه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌پیتی بۆ خاک، چونکه‌ مانه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی و رووه‌کی له‌سه‌ر زه‌وی و شی بوونه‌وه‌یان له‌سه‌ر خاکه‌که‌ هۆکاره‌ بۆ به‌خشینی ماده‌ی ئه‌ندامی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ پیتی بۆ خاک .
که‌واته‌ بۆ پاراستنی ئه‌م ده‌رامه‌ته‌ ژینگه‌ییه‌، له‌سه‌ر حکومه‌ت پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی هاوین ئاگربڕ درووست بکات و له‌رێگای پێدانی رێنمایی له‌که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه‌، هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسی و زیانه‌کانی دارستان و پوش و پاوان ئاگادار بکرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش  ببن به‌ پاسه‌وان پارێزگاری ئه‌م ده‌رامه‌ته‌ و نه‌بن به‌به‌شێک له‌ هۆکاری له‌ ناوچوونی ئه‌م ده‌رامه‌ته‌.

* مامۆستاى زانکۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار