ئیدی خیانەت، نۆکەری و خۆفرۆشی بەسە
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
لە کولتور و زمانی گەلاندا هەندێک وتە و چەمک هەیە، کە لە ئەنجامی ئەزموون و بەسەرهاتە مێژووییەکانەوە دروست بوون و هەڵگری مانایەکی زۆر قوڵن. کوردیش یەکێک لەو زمانانەیە، کە ژمارەیەکی زۆر وتە و چەمکی مێژوویی و واتاداری هەیە. تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، زمانی کوردی وەک یادداشتی رۆژانە و یادەوەری و یادگەی مێژوویی گەلی کوردە، چونکە گەلی کورد لە ناوچەکە و تەنانەت لە سەرتاسەری جیهاندا یەکێک لە کۆنترین و دێرینترین گەلەکانە. مرۆڤایەتی رەوتی مێژوویی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێکردووە، بە تایبەتی مێژووی مرۆڤایەتی لە جوگرافیای کوردستاندا خاوەنی جێگە و پێگەیەکی زۆر گرنگە و بۆ هەموو زمانەکان، کولتورەکان و مرۆڤایەتی رۆڵی منداڵدان و لانەکەى بینیوە. بۆ ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لە مێژووناسان و کۆمەڵناسان میزۆپۆتامیا (کوردستان) بە لانکەى شارستانێت دەزانن.
بێگومان ئەو پێناسە و ناساندنە بێ بنەما نییە. مێژووناسان و مرۆڤناسان (ئەنترۆپۆلۆگ)ە ناسراو و دیارەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا باسی دوو شۆڕشی گەورە و رادیکاڵ و ریشەیی دەکەن. یەکێک لەو شۆڕشانە شۆڕشی نیۆلۆتیک (چاخی بەردینی نوێ)یە. ئەوی تریشیان شۆڕشی پیشەسازییە. ئەو جوگرافیا و وڵاتە، کە شۆڕشی چاخی بەردینی نوێی تیایدا روویداوە، کوردستانە. لە زۆر رووە شۆڕشی چاخی بەردینی نوێ لە شۆڕشی پیشەسازیی گەورەتر و ریشەیی ترە و بۆ ژیان و مێژووی مرۆڤایەتیی جێگە و پێگەیەکی گرنگتری هەیە، چونکە مرۆڤایەتی بۆ یەکەمجار بە کۆمەڵگەبوونی خۆی لە کوردستاندا بونیاتنا و دەستی بە کشتوکاڵ کرد. بۆ یەکەمجار زمان، باوەڕ، زانست، ئەخەلاق و گەلێک بابەتی دیکەى ئافراند. واتە، مرۆڤ بۆ یەکەمجار لە کوردستان دا بوو بە مرۆڤ و کۆمەڵگە.
بێگومان هەموو ئەوانە بە ئاسانی روویان نەداوە، بەڵکو لە ئەنجامی تێکۆشان و رەنجێکی زۆر گەورەدا بەدیهاتوون و بونیاتنراون. ئەو تێکۆشانە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان درێژەی هەیە. ئەو تێکۆشانە لە نێوان مرۆڤە ئازادەکان و کەسە دەسەڵاتدارەکان، زاڵمەکان و رەنجخۆرەکان دا بەردەوامیی هەیە. لەبەر ئەوەش لەم جوگرافیایەدا زۆر شت بەدیهاتووە و ئافرێنراوە و ژیانی پێ کراوە، زۆر ئازار و ژان چێژراوە و رەنج و قوربانیی زۆر گەورە دراوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا یادەوەری و یادەگەیەکی بێ هاوتای کۆمەڵگەیی دروستبووە. گەلی کورد ئەو یادەگە مێژوویی و کۆمەڵگەیەیی لە ناو زمانەکەی خۆیدا هەڵگرتووە و گواستویەتییەوە بۆ نەوەکانی تر. هەر وتە و چەمکێک، هەر وشە و پیتێک لە زمانی کوردیدا خاوەن و هەڵگری بەسەرهاتێکی مێژووییە.
لە کوردستان قارەمانی و پاڵەوانێتیی زۆر گەورە هەبووە و هێشتاش هەیە. بە داخەوە لە بەرامبەر ئەوەدا خیانەت و چارەڕەشیی گەورەش دروستبووە. لەبەر ئەوەش ئەو دوو دژبەرییە لە سەرتاسەری مێژووی گەلی کورد و کوردستان لە ناو شەڕ و تێکۆشانێکی دژواردان. هەر خۆی گەلی کورد بە وتەى، 'ئەگەر دار کرمی لە خۆی نەبێت، وشک ناکات' سەرنجی خستووەتە سەر ئەو راستییە مێژووییە. بە داخەوە کرمی دار، یان خیانەتی ناوخۆیی لە تەواوی مێژوودا بووەتە بەڵا بەسەر گەلی کوردەوە و وەک خەنجەرێکی خوێناوی لە پشتەوە لە گەلەکەمان دراوە. لەم ٢٠٠ ساڵەى دوایدا گەلی کورد بێ راوەستان لە هەر چوارپارچەى کوردستان لە بەرامبەر داگیرکەری و دوژمنانیدا تێکۆشان و شەڕی کردووە، راپەرین و هەستانەوە و رابوونی پێشخستووە و داوای ئازادیی کردووە، بەڵام بە داخەوە لە هەمان تێکۆشان و شەڕی ئازادیدا بەرامبەر بەخۆی هێڵی خیانەت و نۆکەریی بینیوە. دوژمن بە یاریپێکردن و پلان و پیلانە چەپەڵەکانی بەرامبەر بە هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستان، هێزە خیانەتکار و نۆکەرەکانی رێکخستووە و کوردی بە کورد داوە بە شەڕدا.
لەبەر ئەوەی ئەو دۆخە سەدان و بگرە هەزاران ساڵ بەردەوام بووە ئیدی لە کوردستاندا دوو هێڵی بنەڕەتی دروستبوون و ئەو هێڵانەش هێڵی ئازادی و بەرخودان و بەرەنگاری و قارەمانێتییە و هێڵەکەى تریش هێڵی خیانەت و نۆکەری و چارەڕەشییە. گەلی کورد بۆ ئەو کەسانەى لەو هێڵەدان وتە و چەمکی جاش بەکار دەهێنێت. ئەمڕۆش گەورەترین دوژمنی گەلی کورد دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و پاکتاوکارە. دەوڵەتی تورکیای فاشیست لەبەر ئەوەى ناتوانێت بەرامبەر بە شەڕڤانان و گەریلاکانی کورد شەڕ بکات، هەندێک کەس و بنەماڵە و عەشیرەتی خیانەتکاری رێکخستووە و هەوڵ دەدات لە بەرامبەر بزووتنەوەى ئازادیی کوردستاندا شەڕیان پێ بکات.
ئەمڕۆ بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستاندا تێکۆشانێکی چڕوپڕ و دژوار بەڕێوەدەبات بۆ ئازادیی هەموو کوردستان شەڕ دەکات. لە مانایەکی تردا لە کوردستان پێشەنگایەتی بۆ هێڵی ئازادی، بەرخودان و قارەمانێتی دەکات. بۆ ئەوەش هەموو وڵاتانی داگیرکەر بەرامبەر بە بزووتنەوەى ئازادی و رێبەر ئاپۆ دوژمنایەتی دەکەن و دەیانەوێت لە ناویان ببەن، چونکە دوژمنانی گەلی کورد باش دەزانن، کە تاوەکو رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان هەبێت ناتوانن بە شێوەیەکی هەمیشەیی و ریشەیی بەشەکانی کوردستان داگیر بکەن و لە ژێر داگیرکەریی خۆیاندا بیهێڵنەوە. تاوەکو رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان هەبێت ناتوانن گەلی کورد بتوێننەوە و پاکتاوی بکەن و بیسڕنەوە، لە ئەنجامدا ناشتوانن دەست بەسەر هەموو سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی کوردستاندا بگرن و کوردستان بکەن بە ماڵ و موڵکی خۆیان. رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان لە بەردەم ئەو ئامانجانەیاندا بە لەمپەر دەزانن. لەبەر ئەوەش بە هەموو هێزی خۆیانەوە و بە گرتنەبەری هەموو شێواز و رێگا چەپەڵ و قێزەونەکانەوە هێرش دەکەنە سەر رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان، بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش ناتوانن سەربکەون، چونکە فەلسەفە و رامانی رێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان لە ناو دڵی هەموو کورداندا چەسپاوە و هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە لەگەڵ ئەو فەلسەفە و رامانەدا دەژی. لەبەر ئەوەش دوژمنانی گەلی کورد چەند هێرش دەکەنە سەر رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان با بیکەن، بەڵام ناتوانن ئەنجام بە دەست بهێنن.
لەبەر ئەوەى دوژمنان ئەو راستییە دەزانن رێگا بۆ هێڵی خیانەت دەکەنەوە و لە ناو کۆمەڵگەى کورد دا هەندێک کەس و هێزی خیانەتەکار رێکدەخەن تاوەکو بۆ بەرژەوەندی و ئامانجی خۆیان بەکاریان بهێنن. لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان هەم لە باکوور، هەم لە باشوور، هەم لە رۆژئاو و هەم لە رۆژهەڵات ژمارەیکی زۆر هێز و عەشیرەت و حیزبی خیانەتکار دروستکراون و لە دژی بزووتنەوەى ئازادی شەڕ دەکەن. بۆ بەرژەوەندی و ئامانجەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە تایبەتی بۆ دەوڵەتی تورک هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستان. بە داخەوە بە درێژایی مێژوو، ئەو بنەماڵە و رێکخستن و حیزبەى باشوور، کە هەموان دەیناسن ئەو دەورە خراپەی گێڕاوە. لە بەرامبەر حزبەکانی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوادا شەڕیکردووە و لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا لەیەک سەنگەر و بەرەدا بووە. زۆرتریش لە باشووری کوردستان لە دژی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و عەشیرەت و بنەماڵەکانی تری کورد شەڕی کردووە.
لە مانایەکی تردا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەو بنەماڵە و حزبە لە کوردستاندا نوێنەرایەتی هێڵی خیانەت و نۆکەری دەکەن و لە دژی بەشەکانی تری کوردستانیش سەرۆکایەتیی بۆ خیانەت کردووە و دەیکەن و بۆ خیانەتەکانی خۆیان هەندێک چەورەی خۆیان رێکخستووە و خیانەتەکەیان ئەنجامداوە. لە دەستی دوژمنانی گەلی کورددا بووەتە کەرەستە و ئامێرێک بۆ پشتیوانیکردن لە نۆکەری و خیانەت. لە شەڕەکانیاندا شێوازی نا جوامێرانە و نامەردانە و پیلانگێڕی بەکار دەهێنن و لە ناو کۆمەڵگەى کورددا بوونەتە برین و ناسۆر و ژان و کەسەر. ئێستاش بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی داگیرکەران هەوڵ دەدات شەڕ لە دژی پەکەکە بکات. لە هەموو راگەیاندنەکانیان و کەناڵ و ماڵپەڕە فەرمی و سێبەرەکانیاندا بە زمانی دوژمن، درۆ و چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێت بە درۆ و دەلەسەکانیان و بە قەسە هەڵبەستراوەکانیان گەلی کورد فریو بدەن.
بێگومان ئەو درۆ و قسە هەڵبەستراوانە سەر ناکەون، چونکە گەلی کورد بە تایبەتی گەلی باشووری کوردستان لە هەموو کەس زیاتر دەزانێت راستیی ئەو هێزە چییە و چۆنە، بۆیە بە درۆ و پڕوپاگەندە درۆزنانەکانیان بڕوا ناکەن. گەلی کورد باش دەزانێت، کە ئەو بنەماڵە و حزبە کرمی دارن و دەیانەوێت دارەکە وشک بکەن. ئەو دارەش کوردستانە، گەلی کوردە، ژیانی ئازاد و شکۆمەندایە. ئەو هێزە هێرش دەکاتە سەر ئەوە. پێویستە گەلی باشوور لە بەرامبەر هێرشی ئەو هێزانەدا بێدەنگ نەبێت و لە دژی ئەو خیانەتە بوەستێتەوە. ئەو بنەماڵە و حزبە خاکی باشووری کوردستان بە دەوڵەتی تورکیای فاشیست دەفرۆشن، دارستانەکان دەبڕنەوە، گەنجان، ژنان، رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانی کوردستان دەستگیر و زیندانی دەکەن، ئەشکەنجەیان دەکەن و دەیانکوژن.
دەستیان بەسەر هەموو ئیمکانیەت و سەروەت و سامانی کوردستاندا گرتووە و بۆ بەرژەوەندیی بنەماڵەیی خۆیان و عەشیرەتەکەیان بەکاری دەهێنن. هەموو سەرکردە و بەرپرسانیان ماڵ و موڵک و پارە و ئیمکانیەتی زۆر و زەوەندەیان بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. لە زۆرێک لە بانکە بیانییەکاندا ملیۆنەها و بگرە ملیارەها دۆلاریان هەیە. باشە ئەو پارانە و ئەو ماڵ و موڵکانەیان لە کوێ هێناوە؟ باشە ئەدی هەموو ئەوانە سەروەت و سامانی گەلی کورد نین؟ دەیانەوێت گەلەکەمان بە برسیبوون و هەژاری، ناچاری خۆیان بکەن و وەک کۆیلە بەکاریان بهێنن. مووچەى فەرمانبەران، کارمەندان و کرێکاران نادەن، بەڵام بە فرۆشتنی نەوت، خاک و دارستانەکانی کوردستان بۆ خۆیان وەک پاشاکان دەژین. دینارێک بە گەلی کورد نادەن، بەڵام ملیارەها دۆلاریان بە حکومەتی ئاکەپە و دەوڵەتی تورکیای خوێنمژ داوە. هەموو ئەوانە بەڵگەیان هەیە و سەلمێنراون و لەلایەن هەموانیشەوە دەزانرێت.
یەکجار لە دژی داگیرکەری و دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورک نەوەستاونەتەوە و تەنانەت یەک قسەشیان نەکردووە، بەڵام هەموو رۆژێک هێرش دەکەنە سەر گەل و حزب و بزووتنەوەی ئازادیی کورد. لە بەرامبەر دوژمن دا یەک فیشەکیان نەتەقاندووە، بەڵام هەزاران گەنج و شەڕڤانی گەلی کوردیان کوشتووە. باشە تاکەی ئێمە لە بەرامبەر ئەو خیانەتە و دوژمنایەتی و کرمی دارەدا بێدەنگ بین. تا کەی ئێمە رێگا بدەین ئەو هێزە کوردستان بفرۆشێت، گەنجان و رۆشنبیرانمان بگرێت و بکوژێت. ئێمە تاکەى چاوی خۆمان لە خیانەت و نۆکەریی ئەو بنەماڵە بگرین. پێویستە وەک گەلی کورد بە تایبەتیش گەلی باشووری کوردستان ئیدی ئێمە بەو خیانەتە بڵێین بەسە. پێویستە ئیمە خاوەنداری لە خاکی خۆمان، وڵاتی خۆمان، شەڕڤانان و گەریلاکانی خۆمان بکەین. پێویستە ئێمە لە بەرامبەر داگیرکەری و خیانەت و خۆفرۆشیدا راپەڕین و شەڕ و بەرەنگاری بکەین. ئەگەر ئێمە رانەپەڕین و تێنەکۆشین، بە داخەوە سبەی درەنگ دەبێت و کرمی دارەکە داری ژیانمان وشک دەکات.