رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ کێشەکانو رێگاکانی چارەسەری
سیروان ڤیان
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
بەشی دووەم
لەم سەردەمەی ئێمەدا هیچ ناوچەیەک بەبێ کێشە نییەو کێشەکانی هیچ ناوچەیەکیش چارەسەر نەکراون، چونکە مۆدێرنیتەی کاپیتالیست سەرباری ئەوەی سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، هەموو رۆژێک کێشەکان قورسترو قوڵتر دەکات. هەڵبەت ئێمە باسی کێشەکانی کۆمەڵگە دەکەین. هەموو بناغەکانی ژیانی مرۆڤ لەناو کێشەکانی کۆمەڵگەدایە. لەکێشەی ئازادییەوە بگرە تاوەکو کێسەی کۆمەڵگە، لەکێشەی ئابورییەوە بگرە تاوەکو ژینگە (ئیکۆلۆژی)، هەموو کێشەکان کێشەی کۆمەڵگەن. لەم سەردەمەی ئێمەدا کێشەکانی ئازادیی ژنان و کێشەکانی ئیکۆلۆژی (ژینگە) تاوەکو دەچێت دەبنە بناغەی بنەڕەتیی هەموو ئاست و جومگەکانی کۆمەڵگە.
ئیکۆلۆژی گۆڕەپانێکی گرنگی کۆمەڵگەیەو لەسەردەمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستدا، واتە لەسەردەمی ئێمەدا هەم دەبێتە گۆڕەپانێکی بنەڕەتی، کە کێشەکانی تیادا قوڵ کراوەتەوەو لەهەمان کاتیشدا دەبێتە گۆڕەپانێکی تێکۆشان، بەڵام بەتەنها هۆشمەندیی ئیکۆلۆژیک (ژینگەیی)، کێشەکان و تێکۆشان لەپێناویدا هەم لەعێراق و هەم لەباشووری کوردستان بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵگەییەوە وەک پێویست و لەئاستی گونجادا نابێتە رۆژەڤ و بابەتی رۆژ.
لەباشووری کوردستان و عێراقدا سیاسەت و عەقڵییەت سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە، کە لە بۆچوون و چوارچێوەی بەرژەوەندیی هێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکاو بەریتانیا و هێزە ناوچەییەکانی وەک ئێران و تورکیادا بەرەوپێش دەڕوات. تەنانەت کێشە بنەڕەتییەکانی سەردەمیش بە ئەندازەی پێویست و گونجاو نابنە رۆژەڤ. لەبەر ئەوەشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە گفتوگۆی راستەقینە پێکنایەت و بۆ چارەسەریش هۆشمەندی، سیاسەت، ئیرادە و لێکۆڵینەوە و گەڕان روونادات. لەسەر بنەمای پەتی هاوسەنگیی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان دەڕۆن. لەوکاتەدا دەستی ئەوانە دەگرن، لەخۆیان نزیکن و دەیاندەنە پێش و بەو شێوەیە رێگا بۆ خۆیان دەکەنەوەو جگە لەوە هیچی تر ناکەن.
لەعێراق و باشووری کوردستانیشدا دۆخەکە بەو شیوەیەیە، چونکە لەعێراق و باشووری کوردستاندا سیاسەتێکی وردو ناسک بەڕێوەدەچێت و لەئەنجامی ئەوەشدا فێڵبازانی سیاسی و بازرگانانی سیاسی سەرهەڵدەدەن. تێزی فێڵبازی لەشەرقدا لەمێژە ناوو ناوبانگی هەیەو ئەوەش تێکەڵ بەفێڵ و تەڵەکەکانیان دەکەن، بەڵام فێڵ و تەڵەکە، یان سەوداو بازرگانییان چەند شارەزایانەش بێت لەکۆتایدا هەموو بازرگان و مامەڵەکەرانی سیاسەت دەخرێنە سەر پەتپەتێن و مامەڵەو یارییان پێدەکرێت. فێڵبازییەک، کە بخرێتەسەر پەتپەتێن و یاری پێکردن، ئەنجامەکەی کەوتنەو هەر دەکەوێت. ئەو کەوتنە هەندێکجار بۆ چەند مانگ بەردەوامیی دەبێت و هەندێکجاریش بۆ چەند ساڵێک بەردەوامیی دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە رۆژێک دێت، کەهەر دەوکەوێت و دەڕووخێت. ئەگەر جارێکیش کەوت ئیدی ناتوانێت پشتی خۆی راست بکاتەوە، چونکە پەتەکە لەدەستی خۆیدا نییە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پەتی هەندێکی تر فێڵبازیی پێدەکرێت. ئەوانەی لەسەر پەتی هەندێکی تر فڵێبازی دەکەن لەناکاوو بەتەواوی دەکەون. رێگایان پێنادرێت، کە جارێکیتر بگەڕێنەوە بۆ سەر پەتەکە، چونکە دەیانەوێت یەکێکی تر بخەنە شوێنی ئەوەی لەزەوییان داوە.
ئەو لێکدانەوەیە، بەپێی میزاج و حەز نییە، ئەوە راستیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان بۆ دەخاتە بەرچاو. لەعێراق و باشووری کوردستان عەقڵییەتی سیاسەتێکی راستەقینە نییە. کاتێک هەندێک دەیانەوێت ئەو عەقڵییەتە پێشبخەن بەهێرش و پەلاماردانێکی زۆر قورس رێگرییان لێدەکرێت، بۆ نموونە لەکوشتنی شۆڕشگێڕی گەورە (دیار غەریب)دا ئەوە بەڕوونی بینرا. پێش ئەویش شۆڕشگێڕانی گەورەی وەک ئارام و عەلی عەسکەری هەر بۆ هەمان خواست کرانە ئامانج و هەمووشیان یەک ئەنجامیان هەبوو.
لەدۆخی ئێستادا لەعێراق و باشوروی کوردستاندا هێزە دیموکراسییەکان لاوازن، چونکە دۆخەکە بەجۆرێکە، کە بەهەڵبژاردن و ئەو رۆژەڤانەی لە گفتوگۆدان ئەنجامی ئەرێنی و باش بەدەست نایەت. هیچ خەبات، هاوپەیمانی و بزووتنەوەیەکی ستراتیژی لەگۆڕێدا نییە. لەهەڵبژاردنەکاندا تێکۆشان بۆ پاراستنی پلەو پۆست و بەرژەوەندیی چینایەتی و تاکەکەسی دەکرێت. گفتوگۆکان لەسەر بودجە، کە چەند ساڵە بەردەوامیی هەیە بۆ هەمان ئەو دۆخە دەگەڕێتەوە. هۆکاری ئەوانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هیچ یەک لەلایەنەکان عەقڵییەت و سیاسەتی کۆمەڵگەییان نییە. هەندێک کەس، کە خەمی کۆمەڵگەیان هەیە لەبەرئەوەی عەقڵییەت و سیاسەتی راست و دروستیان نییە، هەمان ئەنجامی دووبارەو پێشووی لێدەکەوێتەوە. قورسە، کەئەنجامێکی پێچەوانە بەدی بێت. بۆیە هەموان دەیانەوێت بڕۆنە سەر هەمان پەتی فێڵبازی و باشتر لەوانی تر یاری بکەن.
تاوەکو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەعەقڵییەت و ئامرازەکانی سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست بیربکرێتەوەو جوڵە بکرێت دەرفەتەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان بەدی نایەت. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم سەردەمەی ئێمەدا زۆرترین کێشەکانی کۆمەڵگەی تیادایە. کێشەکانی کۆمەڵگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرو چڕوپڕن. ئەو سیستمە سەرمایەدارییە گەردوونییە، کە سەرۆکایەتیی لەلایەن هێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاو روسیا و چین دەکرێت، پشتبەستووە بەداگیرکەری و چەوساندنەوە. ئەو سیستمە داگیرکەرە جیهانییە پشتبەستووە بەعەقڵییەت و پارادیگمای مۆدێرنیتەی کاپیتالیست. بەدامەزراندنی نەتەوە دەوڵەت، بەپێشخستنی پیشەسازی و پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی سەرمایەداری، سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست بەسەر کۆمەڵگە، سیاسەت و ئابووریدا بەڕێوەدەبەن. سەردەمی ئێمە بەسیستمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵگەیی لەو جۆرە تانوپۆی چنراوە و بەڕێوەدەبرێت، یان لەژێر هەژمون و باڵادەستیدایەتی. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گۆڕەپانی جیهانێکی تر، کەوتە ژێر داگیرکەری و چەوساندنەوە و دادۆشینی سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست. لەم کات و سەردەمەدا ئەگەر داگیرکەریی کلاسیک و داگیرکەریی ئاشکرای دڕندانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمابێت، یان لاواز بووبێت، بەڵام بەهۆی باڵادەستیی بیردۆزی و عەقڵییەتی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست و سیاسەت و رژێمە هاوکارەکانیان، چەرخە گۆڕاوەکە هەر چەرخی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستە.
لەبەرئەوەی باڵادەستیی عەقڵییەت و فیکری مۆدێرنیتەی کاپیتالیست بەسەر هێزە کلاسیکییەکاندا چەسپێنراوە هیچ هێزێکی سیاسی، یان کۆمەڵایەتی سەرناکەوێت و ناتوانێت ئەو باڵادەستییە نەهێڵێت و کۆتایی بەداگیرکەریی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی بهێنێت. یان ئەوانە بۆخۆیان دەبنە سیستمی داگیرکەر، یان دەکەونە خزمەتی ئەو سیستمە. لەبنەڕەتدا هەموو کەس لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناو ئەو سیستمەدایەو خزمەت بەسیستمی جیهانیی سەرمایە دەکات، بۆیە عەقڵییەتەکەی بووەتە بنەماو ئامرازەکانی بەکاردەهێنرێن. سەرەتاش بەدامەزراندنی مۆدێلێکی مۆدێرنی ئابووری و نەتەوە دەوڵەت هات. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو هێزە کلاسیکییەکان لەسەر ئەو رێبازو رێگایەدان. ئەو رێگاو رێبازەش بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین و زیاترین کوێرەوەری کوێر رێگەی دروستکردووە.
لەبەر داگیرکەری و چەوساندنەوەی سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست هەموو جیهان لەڕو لاوازو پەرێشان بوو. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەوەی بەسەرهاتووە و بەو هۆیەوە کۆمەڵگەبوونیش زیان و گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە. کێشەکان چوونەتە سەر کوێرەڕێیەک و ئەوە سەد ساڵە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ هەڵدەگڵوفن. کوردستان رووبەڕووی ئینکارو لەناوبردن و پاکتاوکردن کرایەوە. کۆمەڵگەی عەرەب لەناو خۆیانداو لەگەڵ ئیسرائیلدا خرانە شەڕەوە. گەلانی ئێران و تورکیا لەدوو لایەنی جیاجیاوە کەوتوونەتە ژێر هێرشەکانی مۆدێرنیزیم و دواکەوتوویی داگیرکەری. گەلانی وەک ئەرمەن، سوریان و جوو-ش بەشێوەی فیزیکی و جەستەیی کۆمەڵکوژکران و سڕێندرانەوە. لەهەندێک شوێن تەنها وەک کەمینەیەک ماونەتەوە. سەرباری ئەوانەش کێشە قورسەکانی وەک مەزهەب، چین و تووێژەکان، عەشیرەت، بنەماڵە، ئازادیی ژنان و ئیکۆلۆژی (ژینگە)ش لەگۆڕێدا هەیە.
ئەوەی رێی بۆ ئەو کێشانە کردووەتەوە سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست و عەقڵییەت و ئامراز و کەرەستەکانیەتی. بۆ ئەوەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەعەقڵیەت و ئامرازەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست لەپێش هەموو شتێکەوە، کێشە نەتەوەییەکان و هیچ کێشەیەکی تری کۆمەڵایەتی چارەسەر نابێت.
هۆکاری ئەوەی لەناو کۆمەڵگەی عەرەبدا ناسرگەری (شوێنکەوتوانی جەمال عەبدولناسر)و بەعسپەرەستی، ئیسلامگەریی ئیخوانی و سەلەفیگەری، لەئێران شیعەگەری و رژێمی ئێستای ئێران، لەتورکیا کەمالیزم و ئیسلامگەرای تورکی نابنە چارەسەر، بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە.
ئەگەر بۆ گەلی کوردیش نزیکایەتی و هەڵسوکەوتی مۆدێرنیتە و نەتەوەپەرەستیی دواکەتوانە بکرێنە بنەما، ئەوا ئەوانە ناتوانن چارەسەری چاوەڕوانکراو بەدی بهێنێت. ئەوەتا گەلی کورد لەباشووری کوردستان ئەو سیستمەیان تاقیکردووەتەوەو نەک سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو کێشەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
دەبێت مرۆڤ هەم بۆ گەلی کورد و هەمیش بۆ گەلانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەرەوەی سنوورەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست بەدوای چارەسەریدا بگەڕێت. کاتێک مرۆڤ بڕواتە دەرەوەی ئەو سنوورانە ئەو کاتە دەکرێت چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و کۆمەڵایەتی پێکبێت. ئەگەر وەها نەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جگە لەیاریکردن لەسەر پەت هیچ پێشکەوتنێکی تر پێکنایەت.
ئەگەر بۆ گەلی کوردیش نزیکایەتی و هەڵسوکەوتی مۆدێرنیتە و نەتەوەپەرەستیی دواکەتوانە بکرێنە بنەما، ئەوا ئەوانە ناتوانن چارەسەری چاوەڕوانکراو بەدی بهێنێت. ئەوەتا گەلی کورد لەباشووری کوردستان ئەو سیستمەیان تاقیکردووەتەوەو نەک سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو کێشەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە