پاڵاوگه‌کانى(کار، قه‌یوان، لاناز) تواناى دابینکردنى نه‌وت و به‌نزینى کوردستانیان هه‌یه‌ ‌

3 ساڵ لەمەوپێش



 سه‌رکۆ ئازاد گه‌ڵاڵی*
پاڵاوگه‌کانى کوردستان نه‌وت و به‌نزین بۆ عێراق ده‌پاڵێون و لیترى ده‌درێته‌ 450 دینار، به‌ڵام له‌بازاڕه‌کانى هه‌رێم به‌ (800 و 900) دینار ده‌یفرۆشنه‌وه‌.

پاڵاوگه‌کانى ( کار، قه‌یوان، لاناز) تواناى دابینکردنى نه‌وت و به‌نزینى کوردستانیان هه‌یه‌.  

نرخى لیترێک به‌نزین خه‌ریکه‌ له‌ هه‌زار دینار نزیک ده‌بێته‌وه‌، به‌رپرسان بیانوو ده‌هێننه‌وه‌و ده‌یخه‌نه‌  ئه‌ستۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر دینار و به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌ جیهاندا.
پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچى له‌ هه‌رێم نرخى لێترێک ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌و له‌عێراق و ناوچه‌ کوردستانیه‌کانیش (450) دیناره‌و به‌ جێگیرى ماوه‌ته‌وه‌و به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و به‌هاى دۆلاریش کاریگه‌رى له‌سه‌رى درووست ناکات.
له‌ هه‌رێمى کوردستان دوو پاڵاوگه‌ هه‌یه‌، هه‌ردووکیان نه‌وت و به‌نزین بۆ عێراق ده‌پاڵێون.

پاڵاوگه‌ى کار له‌ هه‌ولێر رۆژانه‌ (50 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت ده‌پاڵێویت و (25 هه‌زار) ده‌داته‌وه‌ به‌ عێراق و (25 هه‌زار) به‌رمیلیش بۆ ناوخۆ ده‌پاڵێوێت، ئه‌وه‌ى بۆ عێراقى ده‌نێرێته‌وه‌ لیترى ده‌درێت به‌ (450) دینار به‌ڵام ئه‌وه‌ى بۆ ناوخۆى هه‌رێم ده‌یپاڵێوێت لیترى ده‌یداته‌ (800 و 900) دینار.. بۆچى بۆ عێراق به‌ (450 ) دینار و بۆ هه‌رێمیش (800 ) دینار. 

له‌ پارێزگاى سلێمانى پاڵاوگه‌ى بازیان ( قه‌یوان) هه‌یه‌و رۆژانه‌نزیکه‌ى (40 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت و به‌نزین ده‌پاڵێویت و ده‌ینێرێته‌وه‌ بۆ عێراق، له‌وێ لیترى ده‌درێته‌وه‌ به‌ (450) دینار.!!

پاڵاوگه‌ى لاناز رۆژانه‌ (30 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت ده‌پاڵێوێت و نه‌وته‌ خاوه‌که‌له‌ سوریا ده‌کڕێت و به‌رهه‌مه‌که‌ى له‌ بازاڕى هه‌رێمى کوردستان ده‌فرۆشێته‌وه‌و به‌ نرخى بازار که‌ له‌ ئێستادا (800 بۆ 900) دیناره‌.

ئه‌مه‌  جگه‌ له‌ بێ پلانى حکومه‌ت و گیرفان قوڵى سه‌رمایه‌دارانى کورد نه‌بێت چیه‌..؟؟ واتاى چى عێراق نه‌وته‌که‌ى له‌ هه‌رێم بپاڵێوێت و بیباته‌وه‌ لاى خۆى بیداته‌(450) دینار و له‌ هه‌رێم و به‌ ته‌نیشت پاڵاوگه‌کانه‌وه‌ نرخى لیترێک به‌نزین (800 و 9009 دینار بێت.

حکومه‌ت تاکه‌ى پلانى ژێرخانى ئابورى و ووزه‌ى خۆى نیه‌، واتاى چى رۆژانه‌ 430 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌فرۆشێت و ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام رێژه‌که‌ش زیاد بکات به‌ڵام ناتوانێت نه‌وت بداته‌پاڵاوگه‌کانى ناوخۆ بۆ ئه‌وه‌ى به‌نزین و نه‌وتى سپى بۆناوخۆ دابین بکه‌ن، له‌کاتێکدا حکومه‌ت قازانجیه‌تى ئه‌و نه‌وته‌ى خۆى له‌ناو خۆ بپاڵێویت و له‌ناو خۆدا بیفرۆشێت پاره‌ى زیاتر ده‌ستده‌که‌وێت، واتا ئه‌گه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت به‌ ده‌ره‌وه‌ بفرۆشێت و به‌رمیلێکیش له‌ناوخۆدا داهاتى ناوخۆى زۆر زیاتر ده‌ستده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر چاوپۆشین له‌سه‌رمایه‌داران حکومه‌ت خه‌مى هاوڵاتیانى خۆى نیه‌، لیترێک به‌نزین به‌ (هه‌زار) دینار بکڕن. 
حکومه‌ت و به‌رپرسان له‌برى ئه‌وه‌ى هه‌وڵى چاره‌سه‌رى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى به‌نزین بده‌ن، بیانووى بێ پاساو دێننه‌وه‌، گوایه‌ نرخى نه‌وت له‌ جیهاندا به‌رزبووه‌ته‌وه‌و به‌هاى دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌نرخى به‌نزینیش به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ئه‌ى ئه‌وکاته‌ى نرخى به‌رمیلێک نه‌وت گه‌یشته‌ خوار (20) دۆلار بۆچى نرخى لیترێک به‌نزینتان نه‌کرده‌ 200 دینار..؟؟
ئێستا پاڵاوگه‌ى کار تواناى به‌رهه‌مێهێناى رۆژانه‌ى ( 4 ملیۆن و 500 هه‌زار) لیتر به‌نزینى هه‌یه‌، پاڵاوگه‌ى قه‌یوان تواناى به‌رهه‌مهێنانى ( 2 ملیۆن) لیتر به‌نزینى هه‌یه‌ن لانازیش به‌هه‌مان شێوه‌، تاکه‌ى حکومه‌ت ئه‌وپاڵاوگانه‌ ناچار ناکه‌ن نه‌وتى سپى و به‌نزین بۆ ناوخۆ بپاڵێون و  چیتر چاویان له‌ به‌نزینى پر له‌سه‌ره‌تانى ئیرانى نه‌بێت. 
سه‌رکۆ ئازاد گه‌ڵاڵی
*  بڕیارده‌رى لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌سروشتیه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار