سیاسەتو دیموکراسی
سیروان ڤیان
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
روون و ئاشکرایە، کە سیاسەت بەزانستێکی کۆمەڵایەتی دەناسرێت و ئەوە چەسپاوو قبوڵ کراوە. گۆڕەپان و سنووری سیاسەت لەلایەن زۆر کەس و رێکخستن و ئایدۆلۆژیاوە بووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەو لەو بارەیەوە ژمارەیەکی زۆر تیۆر پێشخراون. هەموو کەس و لایەنێک بەپێی عەقڵییەت، ئامانج و هێڵی ئایدۆلۆژیای خۆی بیری سیاسیی پێناسەکردووە. بۆ نموونە ئەو هێزو کەسانە، کە ئامانجی دەسەڵاتداری و عەقڵییەتی سەرمایەدارییان هەیە سیاسەت وەک بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەو لەهەمان کاتیشدا وەک بەڕێوەبردنی پارەو ئابووری پێناسە دەکەن. لەڕاستیدا لەعەقڵییەتی ئەو کەسانەدا مانای بەڕێوەبردن و ئیدارەدان بۆ بەدەستهێنانی هێزی دەوڵەت و هەڵخەڵتاندنی کۆمەڵگەو دەستبەسەرداگرتنی سامان و دەوڵەمەندیی ئابووریی کۆمەڵگەیە. ئەو هێزو کەسە دەسەڵاتدارو سەرمایەدارانە سیاسەت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی ئابووری بەکاردەهێنن.
لەڕاستیدا سیاسەت چارەسەرکردن و دۆزینەوەى پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگەیە. مرۆڤ دەتوانێت سیاسەت وەک رەوت و پرۆسەی چارەسەریی هەموو کاروبارەکانی کۆمەڵگە پێناسە بکات. هەر خۆی سیاسەت لەسەرەتادا لەشارەکانی یۆنان و بەتایبەتی لەئەسینا بەمانای بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی شارو دانیشتوانی شار پێناسەکرابوو و بەکاردەهێنرا
بەڵام لەڕاستیدا سیاسەت چارەسەرکردن و دۆزینەوەى پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگەیە. مرۆڤ دەتوانێت سیاسەت وەک رەوت و پرۆسەی چارەسەریی هەموو کاروبارەکانی کۆمەڵگە پێناسە بکات. هەر خۆی سیاسەت لەسەرەتادا لەشارەکانی یۆنان و بەتایبەتی لەئەسینا بەمانای بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی شارو دانیشتوانی شار پێناسەکرابوو و بەکاردەهێنرا. دانیشتوانی شار لەگۆڕەپانێکدا کۆدەبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هەموو کێشەکانەوە دەکرد بەدەنگدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، یان کێشەکان بڕیاریان دەداو جێبەجێیان دەکرد. لەو چوارچێوەیەدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، پەیوەندیی سیاسەت و دیموکراسی پەیوەندییەکی راستەوخۆو بەهێزە. جا بۆ ئەوەى سیاسەت هەبێت پێویستی بەدیموکراسیش دەبێت. بۆ ئەوەی دیموکراسیش هەبێت پێویستی بەسیاسەت دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا مرۆڤ دەتوانێت هۆکاری زۆربوونی قەیرانەکان، ئاڵۆزی و کێشەکان لەهەرێمی باشووری کوردستان بۆ نەبوون، یان لاوازبوونی دیموکراسی و سیاسەت بگەڕێنێتەوە. بێگومان زۆرێک لەهێزو رێکخستن و حزبەکان خۆیان وەک حزب و رێکخستنی سیاسی و دیموکراسی دەناسێنن و هەبوونی پەرلەمان، حکومەت، حزبە سیاسییەکان و هەڵبژاردنیش وەک نیشانەکانی دیموکراسی دەستنیشان دەکەن. لەوڵاتێکیشدا، کە دیموکراسی هەبێت بێگومان پەرلەمان، بەڕێوەبەری، حزبە سیاسییەکان و هەڵبژاردنیش دەبێت، بەڵام هەبوونی پەرلەمان، بەڕێوەبەری، حزبە سیاسییەکان و هەڵبژاردن بەو مانایە نییە، کە لێرەدا بۆ دیموکراسی خراوەتەڕوو، چونکە لەزۆرێک لەدیکتاتۆرییەکانیشدا ئەو دامودەزگاو دامەزراوانە هەن، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت ئەو دیکتاتۆرییانە بەدیموکراسی پێناسە بکات.
لەئەنجامدا تێکۆشانی چین و تووێژەکان، پێکهاتەکان و بەشە بندەستەکانی کۆمەڵگە، هێزە دەسەڵاتدارەکان ناچاربوون بەشێوەیەکی رووکەش و شکڵی هەندێک دامودەزگا و دامەزراوەی دیموکراسی قبوڵ بکەن. لەبەرئەوەی ئەو قبوڵکردنەیان بەشێوەیەکی رووکەش قبوڵکردووە، ناوەرۆکی تێگەیشتن و تێزی دیموکراسی بەتاڵکراوەتەوە و وەک ئامرازو کەرەستەیەک بۆ پڕوپاگەندەکردن و هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگە بەکاردەهێنرێت. ئەگەر بەڕاستی کۆمەڵگە دەیەوێت کێشەکانی چارەسەر بکات پێویستە خۆی دیموکراسی بونیات بنێت و بیچەسپێنێت و ببێتە هێزێکی سیاسی. بێگومان بونیاتنان و چەسپاندنی دیموکراسی تێکۆشانێکی بەرفراوان و درێژخایەنی دەوێت. هەروەها پێویستیی بە هۆشیاربوون و تێگەیشتنێکی بەهێزی سیاسی هەیە. ئەوەش بەبێ کۆمەڵگەیەکی رێکخستنکراو بەدی نایەت. ئەگەر کۆمەڵگە لەهەموو روویەکەوە خۆی هۆشیار و بەڕێکخستن بکات ئەوا ئەو کاتە دەتوانێت لەدژی سزاو سەپاندنەکانی دەسەڵاتیش بوەستێتەوەو خۆی بۆ خۆی کێشەکان چارەسەربکات.
ئەو راستییانە، کەئێمە لەسەرەوە باسمان کردن بەتایبەتی زۆر لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستاندا دێتەوە، چونکە کێشەى گەلی کورد کێشەیەکی زۆر گەورە، بەرفراوان و مێژووییە. کۆمەڵگەى کوردیش لەزۆر لایەنەوە لەژێر گوشاردایە و کوردستانیش داگیرکراوە. بەداخەوە هێز و رێکخستن و حزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لەبری ئەوەى خۆیان سەرقاڵی کێشەکانی کۆمەڵگە بکەن و چارەسەریان بکەن بەرژەوەندیی کەسی، بنەماڵە، عەشیرەت و رێکخستنی خۆیان کردووەتە کاری سەرەکییان. لەبەرئەوەى بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن، دەنگی کۆمەڵگەکەی خۆیان نابیستن و لەگەڵ دەوڵەت و هێزە داگیرکەرەکاندا ئاوێتە و تێکەڵ بوون. لەبەرئەوەش هیواو ئومێد بەکۆمەڵگە نادەن، یان نەبوونەتە جێگای هیواو ئومێدی کۆمەڵگە. بۆ ئەوەش پێویستە کۆمەڵگە چارەنووسی خۆی لەسەر دەستی خۆی دیاری بکات و خۆی بەدوای دۆزینەوەى رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بگەڕێت. پێویستە بڕوای بە خۆی هەبێت و بەهێزی خۆی ئەو کێشەو قەیرانانەی خۆی چارەسەربکات.
هەروەها ئەمڕۆ خاکی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانی وەک عێراق، تورکیا و ئێرانەوە داگیرکراوەو تاوەکو دێت ئەو داگیرکارییەی خۆیان زیاتر دەکەن و بەرەوپێشی دەبەن. کەرکوک و موسڵ و زۆرێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە ژێر داگیرکاریی حکومەتی ناوەندیی عێراقدایە. حکومەتی ناوەندیش بۆ ئەوەى پێگەو مافەکانی گەلی کورد لەناوببات هەموو کات لەپلاندانان و هەوڵدایە.
لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو رۆژێک هێرش دەکاتەسەر خاکی باشووری کوردستان و داگیری دەکات و دارستانەکان دەسوتێنێت و دارەکان دەبڕێتەوەو هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژێت و گوندەکان چۆڵ دەکات، ماڵ و موڵکی گوندییەکان تاڵان دەکات و هێرش دەکاتەسەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان. دەیەوێت بەو هێرشانە گەلی کورد جینۆساید بکات و پێگەی هەرێمی باشووری کوردستان لەناوببات و مافەکانی گەلی باشووری کوردستان زەوت بکات. لەو دۆخەدا گەلی کورد بەتایبەتیش گەلی کورد، کە لە باشووری کوردستان دەژین پێویستە پێویستە لەدژی داگیرکەری و هێرشەکان بوەستنەوە و تێبکۆشن و لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا بۆ خۆیان مێژووی نوێ بئافرێنن. ئەو مێژووە دەبێتە مێژووی بونیاتنانی دیموکراسی و دەبێتە چارەنووسی ئازادی گەلی کورد، لەهەمان کاتدا خوشک و برایەتیی گەلان بەو شێوەیە بەدی دێت، چونکە دیموکراسی لە ژێر داگیرکەریدا بونیات نانرێت و ژیانی ئازاد، هاوبەش و شکۆمەندانەش تەنها لەهەلومەرجی ئازاددا بەدی دێت. لەبەرئەوەش پێویستە تێکۆشانی دیموکراسی و تێکۆشان لەدژی داگیرکەری پێکەوە بەڕێوەبچێت. ئەو دوو تێکۆشانە پەیوەستن بەیەکترەوەو یەکتر بەهێز دەکەن. گەلی کورد بەو هۆشمەندییەوە هەم دەتوانێت خۆی و وڵاتەکەى خۆی رزگار بکات و هەم دەتوانێت ببێت بەهێزی پیشەنگی چارەسەری دیموکراسی و ئازادی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەک لەمێژووەکەماندا هەیە، ئەوەى شایستەى ئەم جوگرافیایەیە، هەر ئەوەیە.