چۆن رێککەوتنی ئێرانو چین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟*
فەرهەنگ فەرەیدون
3 ساڵ لەمەوپێش
فەرهەنگ فەرەیدون
رێکەوتنی ئێران و چین لەنیمچە کۆنفیدراسیۆنێک دەچێت چونکە هەموو بوارە سەرەکیەکان لەخۆدەگرێت. وەک سەربازی و وزەو دارایی و ئابوری. ئەم رێکەوتنە لە سەرو بەندی لاوازبونی هەژمونی ئەمریکادا واژۆکراوە.
ناوبردنی ئەم ڕێکەوتنە بەڕێکەوتنێکی (٤٠٠) ملیار دۆلاری تەنها کەمنرخاندنی رێکەوتنەکەیە. رێکەوتنەکە هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئێران چیتر گۆشەگیر نەکرێت. هەوەها ئەم رێکەوتنە بەگوێرەی کات پەیوەندیەکانی ئێران و چین بەهێزتر دەکات و ئەم دوو وڵاتە زیاتر لەسەر یەک بەند دەکات.
لەوەڵامێکدا بۆ رێکەوتنی ئەم دوو هێزە ئاسیاییە، ئەمریکا هاوپەیمانیەکی پێکهێناوە بە نزیککردنەوەی هاوپەیمانەکانی لەیەکتر. ئەویش نزیککردنەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیە. مەبەست لەم هاوپەیمانیە وەستاندنی هەژمونی ئێران. لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین- ئیسرائیل. بۆ داماڵینی ئێران لەهەر بەهانەیەک لەدەستتێوەردان لەکاروباری فەلەستیندا.
بەدرێژایی مێژووی ئیمپراتۆریەتە ئێرانیەکان، دەسەڵاتی ئێرانی هەمیشە یان کۆنتڕۆڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە یان کۆنتڕۆڵی بەشێکی کردوە. سەرەڕای هەموو ئابڵۆقەکان لەئێستادا ئێران خاوەنی نفوزێکی گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئێران پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە چوار پایتەختی دێرینی ئەم ناوچەیەدا. وەک بەغداد، دیمەشق، بەیروت و سەنعا. لەئێستادا هەژمونی ئێران لەیەمەن زۆر لەسەردەمی ساسانیەکان بەهێزترە. چونکە ساسانیەکان بەدەیان رۆژ پەیامێکیان دەگەیاندە یەمەن، بەڵام ئێستا تەنها کلیکێک دوورە.
کوشتنی قاسم سولەیمانی سەرەتای دۆڕانی سیاسی ئەمریکا بوو. چونکە ئەمریکا چیتر لەڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسیەوە نەیدەتوانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارەکانی راپەڕێنێت. دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی ئەمریکا لەعێراق دووپاتی ئەم لاوازیەی ئەمریکای کردەوە. بەم شێوەیە ئێران بووەتە گەورەترین هەژمونی ناوچەکە.
کەواتە بەهێزی ئێران لەم ناوچەیەدا هاندەری چین بووە بۆ بەستنی هاوپەیمانیەک لەگەڵ ئێران. پرۆژەی رێگەی ئاوریشمی چین پێویستی بەسەقامگیری و ئاسایشە کەئێران دەتوانێت دابینی بکات. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێڕەوێکی گرنگە بۆ ئەم پڕۆژەیەی چین. هەوەها چین کەزرۆینەی وزەکەی هاوردە دەکات و ئەم وزەیە لەهاوپەیمانانی ئەمریکاوە بەدەستدەخات. بۆ دابینکردنی وزەکەی لەئێرانەوە، چین زیاتر بەند دەکات لەسەر ئێران و کەرتی نەوتی ئێران پەرەپێدەدەن. بەم شێوەیە هاوسەنگیەک لەهاوپەیمانیەتەکەدا دروست دەبێت.
لەکاتێکدا ئێران دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی گەورەی هەیە لەناوچەکە دەتوانێت لەڕێگەی ئابوری چینەوە ئەم ناوچەیە ببوژێنێتەوەو بونیادبنێتەوە. بەتایبەتی کاتێک ئێران توانیویەتی چەندین کۆپانیا دروست بکات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دروستبونی دوو هاوپەیمانی بەرامبەر یەک، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشدەکات. پێدەچێت کورد بچێتە بەرەی ئەمریکاوە بەگوێرەی سەردانەکانی ئەم دواییەی شاندە ئەمریکی و ئەوروپیەکان بێت لەگەڵ سەردانی کورد بۆ ئەو وڵاتانە.
نزیکبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ چینی کۆمۆنیست و وڵاتە سونیە عەرەبەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە جیهانی ئیسلامی دابەش بووە. پێکدادانەکانی ئەم دوایەی فەلەستین و ئیسرائیل بێدەنگی وڵاتانی سونی عەرەبی بەهێزی هاوپەیمانی ئیسرائیل و عەرەب نیشاندەدات.
بەڵام ئێران هەڵوێستی روونی هەبووە لەم بارەیەوەو وڵاتێک نیە سەرکردایەتی هەمووی بکات. پێشهاتەکان ئەوە دەردەخەن کەئێران لەداهاتودا بتوانێت ئەم رۆڵە بەدەستبهێنێت و دەسەڵاتی خۆی زیاتر جێگیربکات.
*ناونیشانی بڵاوبوونەوەی وتارێکم لەناشنال ئینترێستی ئەمریکی کەیەکێکە لەگۆڤارە پێشەنگەکانی جیهان و یەکەم گۆڤاری جیهانە لەسەربازیدا.