میرکڵ: قەیرانی سەرکردە

سەردار عزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

لە ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٤ لەشاری هامبۆرگ، هێرلیند و هۆرست کاسنەر کچێکیان دەبێت و ناوی دەنێن ئەنگیلا. دایکی مامۆستای زمانی لاتینی و ئینگلیزیە و باوکی قەشەیە لەکڵێسای پرۆتسانت. لەتەمەنی سێ ساڵیدا خێزانی ئەنگیلا دەگوێزنەوە بۆ شارۆچکەی تێمپلین، کە بەشێک دەبێت لەئەڵمانیای رۆژهەڵات، ئەوەی بە GDR ناسراوە، کە یانی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا، کەناوێکی ئۆروێلیانەیە بۆ ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی سۆشیالیستی.

ئەنگیلا لەهەناو گرژییەکانی سۆشیالیزم و پرۆتسانیزمدا گەورە دەبێت، بەپێی ماکس ڤیبەر ئەم دوو بەهایە پێکەوە نەگونجاون. ئەنجیلا لەزماندا زۆر باش دەبێت و سەرباری ئەڵمانی و ئینگلیزی روسییەکی زۆر باش فێردەبێت و وەک خەڵاتێک بۆ ئاستی روسییەکەی لەسەردەمی خوێندکاریدا سەردانی مۆسکۆ دەکات.

لێرەدا چەندین بنەما دەبینین کەپاشتر دەبنە بنەماکانی کەسایەتی مێرکڵ، دانوستان و یارییکردن لەنێوان حەکایەتە گەورەکاندا بەبێ بوون بەهەڵگری هیچ بەهایەکی ئایدەلۆژی تایبەت. مامەڵەکردنی پراگماتیزیانە لەگەڵ جیاوازییەکاندا، توانای گفتوگۆو پەیوەندی لەگەڵ نەیاراندا. ئەمە بەتایبەتی ئاماژەی پێدەدرێت لەتوانای مێرکڵ لەپەیوەندی لەگەڵ کەسێکی وەک ڤلادیمێر پوتین بەزمانی خۆی. هەرچەندە شایانی باسە کە پوتین ئەلمانی زانەوەو کاری سیخوڕیی و دزی زانیاری کردووە لەسەرەتای کاریدا لەنێو کەی جی بی، لەشاری درێسدن.

مێرکڵ بەهیچ جۆرێک خاوەنی کاریزمانیە. نە کاریزماییانە جل لەبەر دەکات و نە کاریزماییانە دەدوێت. لەسەرەتای هاتنی بۆ ناو کایەی سیاسی، کێشەی ئەوەی هەبوو کە نەیدەزانی چی لەدەستەکانی بکات لەکاتی قسەکردندا. ئەم خەسڵەتانە ئەمڕۆ لەبڕی ئەوەی ببنە بنەمای ئاسانکاری بۆ سەرکردەکانی دوای ئەو، لەڕاستیدا بوونەتە مایەی کێشەی گەورە. پێش ئەوە باسی ئەم کێشانە بکەین دەبێت باس لەچەند چەمکێکی فەلسەفی بکەین لەم بوارەدا.

 چەمکی یەکەم چەمکی دووبارەیە، چەمکی دووەم چەمکی دێوە.  ئایا دەتوانرێت مێرکڵ دووبارە بکرێتەوە؟ ئایا لاساییکردنەوەی مێرکڵ گەرەنتی سەرکەوتن دەدات؟ ئایا سەرکردەبوون، پیادەکردنی کۆمەڵێک رێتم و رێسایە، گەر کەسێک پیادەی بکات ئەوا دەبێتە سەرکردە؟ یان سەرکردەبوون تایبەتمەندی تاکێتی و تاقانەیە، هەرگیز دوو سەرکردە ناتوانن وەک یەک سەرکردە بن؟ لەئاستێکی تردا، ئایا ئاگایی دووبارە وەها لەخەڵک دەکات کە رابێن لەسەر کۆمەڵێک بنەماو خەسڵەت و چاوەڕانی ئەوە بکەن کەئەوانیتریش بۆ ئەوەی ببن بەسەرکردە دەبێت هەمان شتەکان بکەنەوە؟ هەروەها ئایا سەرکردەبوون بۆ هەمووانە و تایبەت نیە بەکەسەوە؟ ئەمرۆ ئەڵمانیا بەدەست ئەم قەیرانانەوە دەناڵێنێت

. سەرەتا قەیرانەکە لەگەڵ Annegret Kremp-Karrenbauer  ڕوویدا. ئەو ئافرەتە لادێییەی کە ماوەیەک وەک مێرکڵی بچکۆلە بانگەشەی بۆ دەکرا، پاشان دەرکەوت ناتوانێت بەو کارانە هەستێت. وەک فایناشال تایمز لەڕاپۆرتێکی درێژدا چەند مانگێک لەمەوپێش نووسیبوی، ئەوەی وەهای لێدەکات لەجێگایەکی دوورەدەست بیکات بەکەسێکی سەرکەوتوو، رەنگە لەبەرلین بەزیانی بشکێتەوە. ئانگرێت زوو هەستی بەم لاوازییە کرد، بۆیە بڕیاریدا خۆی بۆ سەرۆکایەتی سی دی یو کاندید نەکات.

لێرەدا دێینە سەر چەمکی دووەمی فەلسەفیمان ئەویش چەمکی دێو یان سپێکتەرە. جاک دێرێدا لەچەند جێگایەکدا، بەتایبەتی لەو کارە لەسەر مارکس برەوی بەم ئەم چەمکەدا. چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دێڕی سەرەتای مانیفێستی مارکس و ئنگلز. چەمکی دێو یان سپێکتەر، بۆ درێدا دەچێتە هەناو بوارێکی تری بەرفراوانی دونیا بینی ئەوەوە، کەڕەخنەکردنی پرۆژەی مۆدێرنەیە. سپێکتەر یان دێو لەمیانەی پرۆژەی عەقلانی رۆژئاوادا بەتەواوی کراوەتە دەرەوەو وەها دەبینرێت کە بەشێکە لە ناعەقڵانیەت و هیچ بایەخێکی نیە. لای دێریدا دێو کە لەنێوان بوون و نەبووندایە، راوەدووی واقیع و دونیا دەنێت. لێرەوەیە کە چەمکی هانتۆلۆجی دەبێتە چەمکێکی کاریگەر لەدونیای فیکری نوێدا، ئەوەی کە لەپشت گۆڕەکانەوە دێت و راوەدوی ئێستا دەنێت، ئەوەی کە نە سەر بەڕابوردووە بەتەواوی و نە سەر بەئێستایە.  کەسایەتی مێرکڵ ئەم دۆخەی لەکایەی سیاسی ئێستای ئەڵمانیادا دروستکردووە. ئەو بووەتە پێوەر، ئەوانیتری لێوە دەبینرێن و هەڵدەسەنگێندرێن. ئەمە بۆ سەرۆکی پارتی سەوزەکانی ئێستای ئەڵمانیا Annalena Baerbock  مایەی نەگبەتی بوو.

ئەنالینا ئافرەتێکی نیمچە لاوە، هەتا ئاستێکی زۆر کەم ئەزمونە و هەروەها بێ کاریزمایە. بەڵام چونکە مێرکڵ هەموو ئەمانەی هەبوو، ئەوا وەها دادەنرێت کە ئەم خەسڵەتانە کێشە نەبن. هەرچەندە ئێستا ئەنالیان بە دەست کۆمەڵێک قەیرانی زۆرەوە دەناڵێنێت، وەک گزییکردن لە سی ڤییەکەی، وەرگرتنی هەزاران یورۆ لەپارتەکەی بەبێ ئاماژە پێدانی و دەربڕینی وشەی نەشیاو لەکاتی قسەکردندا.  ئەمەیە وەها دەکات کە مێرکڵ، لەپاش رۆشتنی وەک دێوزەمەیەک بمێنێتەوە لە سیاسەتی ئەڵمانیدا، بە تایبەتی وەک پێوەرێک بۆ سەرکردەی داهاتوو. بەڵام مێرکڵ کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو کە زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ پرۆسەی سەرکردەسازیی لەسیاسەتی ئەڵمانیدا. بۆ نموونە مێرکڵ خاوەنی هیچ ئایدیایەکی رەسەن نیە، هەمیشە ئایدیای ئەوانی تری دەکرد بەهی خۆی. بەڵام لەبەر بوونی مێژوویەکی باش لەپیادەکردن، ئەوا ئەڵمانەکان باوەڕیان پێدەکرد کە دەتوانێت بەرجەستەی بکات.

 

مێرکڵ سەرکردەیەکی سەرکردە کوژە. ئەم خەسڵەتە لەسیاسەتی کوردیدا زۆر باوە. دەتوانین بڵێین کە خەسڵەتی هەرە سەرەکی هەموو سەرکردەیەکی کورد ئەوەیە کە چۆن سەرکردەی داهاتوو بکوژێت، نەک بە مانای جەستەیی. لەکاتێکدا رۆڵی سەرکردەی سیاسی راستەقینە ئەوەیە کە بتوانێت سەرکردە بۆ دوای خۆی بەرهەم بهێنێت

 

بەمجۆرە مێرکڵ سەرکردەیەکی سەرکردە کوژە. ئەم خەسڵەتە لەسیاسەتی کوردیدا زۆر باوە. دەتوانین بڵێین کە خەسڵەتی هەرە سەرەکی هەموو سەرکردەیەکی کورد ئەوەیە کە چۆن سەرکردەی داهاتوو بکوژێت، نەک بە مانای جەستەیی. لەکاتێکدا رۆڵی سەرکردەی سیاسی راستەقینە ئەوەیە کە بتوانێت سەرکردە بۆ دوای خۆی بەرهەم بهێنێت. وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا سەرکردە دووبارە نابێتەوە، بۆیە لاساییکەرەوە نابێتە سەرکردە. ئەم پرسی دووبارەبوونەوە لەکەیسی نەوشیروان مستەفادا زۆر روونە. هەموو ئەوانەی کە یارو نەیاری ئەوبوون، زیاتر هەوڵی لاسایی یان دووبارەکردنەوەیان دەدا، لەبڕی تێگەیشتن لێی و بەرهەمهێنانەوەی بەپێی کات و شوێنی تایبەت. لاساییکردنەوە یان هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوە، بەبێ تێگەیشتن لەدۆخی گۆڕاو، کەسی لاساییکەرەوە لەبری ئەوەی بیکات بەکەسێکی درێژەپێدەر، زیاتر دەیکات بەکاریکاتۆری کەسە بنەڕەتییەکە.  ئەمە بەمانای ئەوەنیە کەناتوانرێت سوود لە ئەزمونی ئەوانیتر وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر تەنها هەوڵی لاساییکردنەوەی بدرێت بەبێ تێگەیشتن لێی، ئەوا سەرکەوتوونابێت.

سەرکردەی سیاسی دەبێت نەترس بێت، بەڵام کاتێک کە دەترسێت، ئەوا هەوڵی هەرە سەرەکی ئەوە دەبێت کە چۆن نەیارەکانی لابەرێت و هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات و هیچ رکەبەرو جیاوازییەک نەهێڵێت. بەگشتی سەرکردەی سیاسی کورد لەجۆری ترساوەکانن. ئەوان ناتوانن رکەبەری فیکریی و گۆڕینەوە و سود لەجیاوازییەکان ببینن. ئەوە هەر باسی ئەوە مەکە ئایا هیچ جیاوازییەک لە دەوروبەریان جێگای دەبێتەوە. ئەمە قەیرانی بیرکردنەوەی گروپی دروستدەکات. لەساڵی ١٩٧٢ ئەرڤینگ جانیس ئەم چەمکەی داڕێژا.

مەبەست لێی ئەوەیە کەگروپێک لەئەشهەدوبیلاکەر لەدەورەی خۆت کۆبکەیتەوە و دونیایەکی تایبەت یان بڵقێک دروستبکەیت کە جیاوازبێت لەدونیای راستەقینە. زۆرجار ئەم دیاردەیە لە ناو دونیای کوریدا وەها دەردەبڕێت کە ئەوە خەتای سەرکردەکان نیە، بەڵکو خەتای دەوروبەرەکەیە. لەکاتێکدا سەرکردە خۆی بەرهەمهێنی دەوروبەرەکەیەتی.  هەرچەندە ئەڵمانیا بۆ کوردی باشور باشە. بەڵام مێرکڵ زۆر تورک دۆستە. هەرچەندە ئەمە نابێت وەک شتێکی تایبەت بەئەو بیبینین. ئەڵمانیا تورکیا وەک پانتاییەکی سودمەند بۆ بازرگانی دەبینێت، سەرباری بونی رەوەندێکی زۆری تورکی، تورکیا دۆست لەئەڵمانیا. بۆ نموونە فەرەنسا تورکیا بەڕکەبەر دەبینێت، بەڵام ئەڵمانیا تورکیا بەڕکەبەر نابینێت. ئەمەشە وەهایکردووە کە سەرباری بوونی کوردێکی زۆر لە ئەڵمانیا، کوردناسی و پێگەی کورد تیایدا لاوازە. زانکۆو ناوەندە ئەڵمانییەکان زیاتر بایەخ بەتورکیا دەدەن و کورد پەراوێز دەخەن.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار