بایدن باری نائاسایی راگەیاند
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دوای روخانی باڵەخانەیەکی 11 نهۆمی، سەرۆکی ئەمریکا باری نائاسایی لە ویلایەتی فلۆریدا راگەیاند.
بهپێی میدیاکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی کۆشکی سپی لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردوە، لەسەر راسپاردەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، باری نائاسایی لەویلایەتی فلۆریدا رایگەیەنراوە بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەکی 11 نهۆمی.
راگەیاندنی باری نائاسایی بەمەبەستی پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی حکومەتی فیدڕاڵییە بۆ دەسەڵاتی ناوخۆیی ویلایەتەکە و دۆزینەوەی ونبوەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
لە شاری مایامی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بەشێکی باڵەخانەیەکی 11 نهۆمی داڕوخا و لە ئەنجامدا لانیکەم کەسێک گیانی لەدەستدا و 99ی دیکەش لە ژێر داروپەرتوەکاندا ماونەتەوە.
تیمەکانی بەهاناوەچون دەیان کەسیان لە ژێر ئاسن و دیوارە روخاوەکانی باڵەخانەکە رزگارکرد و گەڕان بە دوای ئەوانی دیکەشدا بەردەوامە.
بەرپرسانی شاری مایامی باس لەوە دەکەن، ترسی ئەوەیان هەیە ژمارەی قوربانیانی روداوەکە بەرزبێتەوە، لە کاتێکدا کە چارەنوسی 99 کەسە گیرخواردوەکە دیارنییە کە ئایا زیندون یان مردون.
باڵەخانەکە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر یەک و نیو بە کاتی فلۆریدا روخا و بەرپرسانی شاری مایامی دڵنیانین لەو کاتەدا چەند خەڵکی تێدا بوە.
10 بۆ 12 کەس لە تیمی فریاکەوتن بە سەگ و پێداویستیی پشکنینەوە چونەتە شوێنی باڵەخانە روخاوەکە بۆئەوەی خەڵکە گیرخواردەکە دەربهێنن.
هاوکات جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتی فلۆریدا لە پەیوەندیدایە و ئامادەیی حکومەتی فیدراڵی بۆ پێشكێشکردنی هاوکاریی دەربڕیوە.