ئەمریکا نیگەرانە لە بارگژییەکانی کوردی ڕۆژئاوا و تورکیا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رایگەیاند: "زۆر نیگەرانین لەو پەیوەندییەی لە نێوان کوردی هاوپەیمانمان و تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا هەیە" و دەشڵێت " ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین کە تورکیا لەوە تێدەگات مەبەستی ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و سەرنجی ئێمە لەوێ چییە".
جۆی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک بەوەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "زۆر نیگەرانین لە پەیوەندی نێوان تورکیا و کوردی هاوپەیمانمان و عەرەبی هاوپەیمانمان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا".
جۆی هود دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین کە تورکیا لەوە تێدەگات مەبەستی ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و سەرنجی ئێمە لەوێ چییە. ئێمە دەمانەوێت بەردەوامبین لە کارەکانمان لەو ناوچەیە، ئەویش تەنیا بۆ تێکشکاندنی داعش نا، بەڵکو بۆ هێشتنەوەی دەروازەیەکی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە".
سەبارەت بە هێشتنەوەی دەروازەی باب ئەلهەواش، جۆی هود رایگەیاند:"ئێمە لەگەڵ هێشتنەوەی ئەو دەروازەیەداین بە کراوەیی" و بۆ ئەم مەبەبەستەش لەگەڵ رووسیا کاردەکەن تاوەکو هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە هەموو سووریا.
لە لایەن خۆیەوە پاتریک وۆرمان، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی نووسینگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لە مانەوەی ژمارەیەکی کەمی "هێزەکانمان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، ئەوەش بۆ پشتیوانیکردن لە هاوبەشەکان و رێگریکردن لە دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش".
پاتریک وۆرمان ئاماژەی بەوەشدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رێگەی هاوئاهەنگی و کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە توانیویەتی هەموو ناوچەکان لە دەستی داعش کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، ئەوەش بە تێچوویەکی زۆر کەم و قوربانیدانێکی کەمی هێزەکانی هاوپەیمانان.
پاتریک وۆرمان دەشڵێت: "دەبێت ئێمە پێزانینمان بۆ قوربانیدانی هەسەدە هەبێت کە تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کوژراو و دەیان هەزار برینداریان لە شەڕی داعش داوە.