جیهان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو کورد
سیروان ڤیان
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
کاتێک کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنە بابەت، خێرا خۆگەیاندن بەپێشکەوتنەکان، بەبێ هەبوونی گوشاری رۆژانەش تێڕامان بۆ رێکخستنەوەو داڕشتنەوەی ئەو پێشهاتانە ئەستەم دەبێت. راستی و پێشکەوتن و پێشهاتە رۆژانەییەکان زۆر و پڕن. فۆرمگرتنی سیاسەت و فیکر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵی لەو دۆخەدا هەیە. مرۆڤ ناتوانێت بیر بکاتەوە ئەگەر دەرفەت و توانای لە بەسیستمکردنی بیرو هزرەکاندا نەبێت.
هەندێکجار زۆر هەست بەوە دەکرێت، کە پێویستی بەخۆدوورخستنەوە لەو گوشارانە هەیە تاوەکو مرۆڤ بتوانێت ئەو بیرو کردارانە تێپەڕێنێت، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامیان نەبووەو نییە، بۆیە دەبێت مرۆڤ هەندێکجار ئەو رێبازە (خۆ دوورخستنەوە) تاقی بکاتەوە و خۆی لەڕووداوە رۆژانەیەکان رزگار بکات و بیر بکاتەوە. ئەو راستییانە هەن و بەو شێوەیەن، بۆیە ئەگەر مرۆڤ ئەو راستییانە بەهیچ نەزانێت و گرنگییان پێنەدات، ئەو خۆ دوورخستنەوەیە نابێتە رێبازێکی راست و دروست. هەر خۆی ئێمە ناتوانین بڕۆینە دەرەوەی کات و رووداوەکان، کە لەم قۆناغەدا روودەدەن و ئەوە ئەستەمە، بۆیە ئێستا ئێمە تەنها دەتوانین بڵێین، مرۆڤ هەست بەو راستییە دەکات، یانی گوشاری رووداوە رۆژانەییەکان دەبنە رێگرتن لەتێگەیشتن و پیشکەوتن و ناهێڵن مرۆڤ بەچاوێکی جیاوازەوە سەیری رووداوەکان بکات، بۆیە ئێمە لەو بڕوایەداین ئەو هۆشیاربوونە سوودی دەبێت.
ئێمە بەدژواربوون و زۆربوونی پێشکەوتنەکان لەکوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستمان بەنووسینەکەمان کرد، بەڵام لەئاستی جیهانیشدا پێشکەوتنی زۆر لەگۆڕێدان. لەڕاستیدا جیهان یەکپارچەیە و پێویستە مرۆڤ بەو هۆشیارییەوە سەیری رووداوەکان و دیاردەکان بکات. لەجیهاندا هەموو شتێک کاریگەری لەسەر یەکتر دروست دەکەن.
هۆکاری ئەوە تەنها پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو تایبەتمەندیی تەکنەلۆژیا و ئاسانکردنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان نییە. بێگومان کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەسەر ئەوانە هەیە، بەڵام ئەو کاریگەرییە زۆر زیاتر بە خێراییەوە پەیوەستە. تەکنەلۆژیای گواستنەوەو راگەیاندن پێشهاتەکان و پێشکەوتنەکان خێراتر دەکەن. ئەو دۆخە جیهان یەکپارچە ناکات، بەڵکو یەکپارچەبوونی جیهان دەسەلمێنێت، چونکە ئەو بەشانەى کە لەنێوانیاندا یەکپارچەبوون نەبێت ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ یەکتر دروست بکەن. پەیوەندی لەنێوان ئەو بەشانەدا دروستدەکرێت، کە یەکپارچەن و ئەوەش گونجاوە. ئەو دۆخە بۆ جیهانی شتەکان (ئۆبژە)ش دەگونجێت. بەهەموو بناغەکانی خۆیانەوە، جیهانیش لەو بەشانە، کە یەکپارچەیە بونیات دەنێن و دروستی دەکەن. لەبەرئەوەش مرۆڤ ناتوانێت باسی یەکپارچەبوونێکی بێ پارچەو ئەو پارچانە بکات، کە یەکپارچە نین.
کاتێک بابەتەکە دەبێتە بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەو ناڕەزایەتییانە کە ئەو راستییە بەبنەما نەزانن و ئەگەر بناغە و چاوگەکەى خۆیان لەئاسۆی تەنگ هەڵنەگرن ئەوە پێویستە ئێمە بزانین، کەهۆکاری ئەو ناڕەزایەتییە بۆ بەرژەوەندیی کەسی و چینایەتی دەگەڕێتەوە. بەڕاستی ئەگەر بە رێیازی راست بزاوت و جوڵانەوە بەڕێوەنەچێت مرۆڤ ناتوانێت شیکاری و ئانالیزی راست و دروست بۆ سیاسەتیش بکات. ئەو دۆخە بە تایبەتی بۆ شوێنەکانی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگن، کە لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا وەک ناوچەیەکی داگیرکراوی (کۆلۆنی)ی سیستمی جیهانییە.
زۆربەى داگیرکەرییەکان لەڕێگەى نۆکەرەکانەوە ئەنجامدەدرێن. تاوەکو نۆکەری نەبێت قورسە داگیرکەری بتوانێت بە ئاسانی خۆی پێشبخات. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە لەداگیرکراوبوونێکی (کۆلۆنییەکی) زۆر گەورەدا دەژی، بەڵام لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جگە لەنۆکەری روانینی تەنگ بۆ ئاسۆی تەنگیش هەیەو ئەو دوانە پێکەوە ناهێڵن، کە تێگەیشتنی راست و دروست بۆ کێشەکان پەیدا بێت و رێگای چارەسەری پێشبکەوێت. ئەگەر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو دوو دیاردەیە، یانی نۆکەری و ئاسۆی تەنگ تێپەڕێنرێت، ئەوە دەبێتە گەورەترین پێشکەوتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەدیهێنان و ئەنجامدانی هەموو شتەکان پەیوەندیی بەوەوە هەیە.
کاتێک ئێمە بیر لەو راستییە لەچوارچێوەی کوردستاندا بکەینەوە زۆر زیاتر هەستی پێدەکەین. لەکوردستاندا ئاسۆی تەنگ و نۆکەری بوونەتە رووپۆشکردنی راستی. بۆ ئەوەى بەرژەوەندیی نۆکەربوون پێکبێت کۆمەڵگەى کوردستان لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە گەمارۆدراوە. ئەگەر نۆکەرەکان لەکوردستان ناڕەزایەتییان هەبێت ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی باڵادەستترکردنی ئایدۆلۆژیاکەیانە. بەش و لایەنە نۆکەرەکان بەدروستکردنی باڵادەستیی ئایدۆلۆژی، خۆیان لەسەر کۆمەڵگەى دەژیەنن. نۆکەرەکانی کوردستان لەو بابەتەدا زیرەکن. بێگومان ئەو زیرەکییەیان بەپشتیوانیی ئەو هێزو سیستمانەیە، کە نۆکەرییان بۆ دەکەن. بەو پشتیوانییە هێزە ئازادیخوازو رزگاریەکانی گەل سەرکوت دەکرێن و لەو رێگەیەوە بەسەر کۆمەڵگەدا بێ رێکخستنبوون و باڵادەستیی ئایدۆلۆژیی خۆیان دەسەپێنن. ئەوە شێوازە سەرەکییەکەیانە. ئەگەر لەلایەن هێزە هەژمونگەراکانەوە ئەو پشتیوانییەیان لێ نەکرێت ناتوانن باڵادەستیی ئایدۆلۆژیی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، چونکە کۆمەڵگە لێیان قبوڵ ناکات. ریسوا دەکرێن و لەناودەچن.
لەسەرەتای سەدەی رابردوودا کوردستان بوو بەچوار بەش و گەلی کوردیشیان خستە ژێر کۆت و دۆخێکی تایبەتی داگیرکەری و لەو رێگەیەوە ناچاری لەناوچوون و سڕینەوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتى کرا. ئەو دۆخە، کە لەکوردستان پێشخرا لەئەنجامی دیزاین و داڕشتنەوەى سیستمی کاپیتالیست لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویدا
جارجاریش ئێمە لەڕووی پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ئاستی ئەو راستییە کە بەسەر کوردستان و کورددا هاتووە نابینین و بەتەواوەتیی شیکاریی بۆ ناکەین. ئەوە روون نییە، کە ئەوە بۆ پڕوپاگەندە دەکرێت یان بەهۆی نەزانینەوەیە. بێگومان پێویستە پڕوپاگەندە بۆ تێکۆشان بکرێت. بۆ ئەوەى ئێمە و گەلەکەمان زۆر زیاتر لەوەی هەیە بەشداری تێکۆشانی ئازادی ببین پێویستی بەهاندان و وروژاندن هەیە و دەبێت ئەنجامیشی بدەین، بەڵام کاتێک ئەوە ئەنجام دەدرێت پێویستە ئێمە راستیی خۆمان، هەلومەرجی سیاسیی خۆمان، هەلومەرجی کۆمەڵگەیی و جیهانی بە باشی بزانین و بەپێی ئەوە بجوڵێینەوە، چونکە بەتەنها بەخواست بۆ باشی، باشی بەدی نایەت.
لەسەرەتای سەدەی رابردوودا کوردستان بوو بەچوار بەش و گەلی کوردیشیان خستە ژێر کۆت و دۆخێکی تایبەتی داگیرکەری و لەو رێگەیەوە ناچاری لەناوچوون و سڕینەوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتى کرا. ئەو دۆخە، کە لەکوردستان پێشخرا لەئەنجامی دیزاین و داڕشتنەوەى سیستمی کاپیتالیست لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویدا. بەپێی بەرژەوەندیی سیستمی کاپیتالیست لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئۆپراسیۆنێکی سیاسی ئەنجامدرا. رژێمە نۆکەرەکان و دەوڵەتە بێ ئیرادەکان دروستکران. کورد لەدژی پارچەبوون و نکۆڵی لێکردن تێکۆشانی هەبوون و مانەوەی ئەنجامداو ئەو تێکۆشانە ئەمڕۆش بەردەوامیی هەیە. لەکوردستان ھێشتا زنجیرو کۆت و بەندی کۆیلەیەتی تێکنەشکاوەو داگیرکەری بەردەوامە. بێگومان پێشکەوتنی گرنگ روویداوەو پێشخراوە، بەڵام ئەو پێشکەوتنە لەئەنجامی تێکۆشاندا بەدیهاتووە. ئازادی و رزگاریی نەتەوەیی تەنها بە تێکۆشان بەدی دێت. نە لەباشوورو لەڕۆژئاوا رزگاربوون و ئازادبوون هێشتا بەدینەهاتووە.
لەکوردستان تەنها یەک پارچە ناتوانێت بەجیا رزگاری ببێت و ئازاد ببێت، بەڵام هەندێک لایەن و هێزی نۆکەر وا نیشانی دەدەن، کە تەنها رزگاری و ئازادی بەجیا بۆ یەک پارچە دەبێت. ئەوە فریودانێکی بنەڕەتی و گەورەو ئایدۆلۆژیکە. ئەو لایەنە نۆکەرانە بۆ ئەوەی هەبوون و بەرژەوەندیی خۆیان بەرەوپێش ببەن هەڵخەڵەتاندن و سیاسەتی لەو شێوەیە بەڕێوەدەبەن.
پێشتر ئەو سیاسەت و نزیکایەتییە زۆر زیاتر لەباشووری کوردستاندا هەبوو، بەڵام ئێستا دەیانەوێت ئەو سیاسەت و عەقڵیەتە لەڕۆژئاواش بەرەو پێش ببەن. دەبێت ئێمە بزانین، کە ئەو سیاسەت و عەقڵییەتە بۆ لە ناوبردنی شۆڕشی رۆژئاوا بەرەوپێش دەبرێت. دەیانەوێت بەپاکتاوکردنی شۆڕشی رۆژئاوا رێگا لەتێکۆشانی سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستان بگرن. لایەن و هێزە نۆکەرەکان لەکوردستاندا بۆ هەبوون و بەرژەوەندیی خۆیان ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبەن، بەڵام پێویستە مرۆڤ گفتوگۆکانی لەسەر نزیکایەتیی ئەو لایەنانە زیاتر بکات، کە لەسەر ئاسۆی تەنگ رێدەکەن.
هەوڵی ئەو لایەنە نۆکەرانە بۆ بەرژەوەندیی ماددی بەڕوونی دیارە. ئەو لایەن و هێزە نۆکەرانە باش دەزانن، کاتێک لەکوردستان داگیرکەری و چەوساندنەوە کۆتایی پێ بێت ئەوانیش لەناودەچن و بۆ ئەوەى ئەوە روونەدات هەموو هەوڵەکانی خۆیان خستووەتە کار. ئەوان لەدۆخێکی ناکۆک و دژبەیەکدا دەژین. ئەو لایەنانە بە شێوەیەک لەشێوەکان و لەئەنجامی کاردانەوەی کۆمەڵگە لەدژی داگیرکەری و چەوساندنەوە لەکوردستاندا، خۆیان وەک بەشێک لەکاردانەوەکان دەردەخەن و لەلایەکی ترەوە لەڕێگەى داگیرکەری و چەوساندنەوە هەبوونی خۆیان دەپارێزن و دەیسەپێنن.
بەڵام بەداخەوە پێناسەى تەنگبوونی ئاسۆ ئەوەندەش ئاسان نییە. لەدۆخی ئێستادا کێشەى بنەڕەتی و سەرەکی لەکوردستان روونکردنەوەى کۆمەڵگەیە، کە لەڕووی راستییەوە رووناک بکرێتەوە. کێشەى رۆشنبیری هەیە. لەباشوور داگیرکەری هەیە، دەیانەوێت لەڕۆژئاوا شۆڕش پاکتاو بکەن، بەڵام سیاسەتمەداران و رۆشنبیرانی کورد هێشتا ناتوانن لەدژی ئەوانە راستییەکان لەکۆمەڵگە بگەیەنن. لەو بابەتەدا ئاستی رۆشنبیری لاوازە. لەڕاستیدا لە لاوازبوونیش زیاتر ئەوەیە، کە لەژێر کاریگرەیی ئایدۆلۆژیای کاپیتالیزمدایە، بەڵام سیستم و ئایدۆلۆژیاى کاپیتالیزم لەکوردستان سیستمی داگیرکەریی دروستکردوو و دایسەپاندووە، بۆیە ئێمە وەک کۆمەلگە لاوازیمان هەیە. لەبەرئەوەشە لەکوردستاندا کاردنەوەى گەلی کورد لەدژی داگیرکەری و چەوساندنەوە و تاڵانکردن زۆر نییە. ئەگەر وا نەبوایە، سیاسەتمەدارو رۆشنبیرانی کورد لەبابەتەکانی هەڵوێست و وەستانەوەی راست و دروستدا خاوەنی رەفتارو نزیکایەتییەکی بەبڕیار و پێداگرانە بوونایە، ئەوا کۆمەڵگەى کوردیش هەڵدەستایە سەر پێ و رادەپەڕی و بەتێکدانی یاری و گەمەى نۆکەرەکان بناغەی داگیرکەریی لەڕەگەوە دەردەهێنا. کۆمەڵگەى کورد راستییەکە دەبینێت، بەڵام کۆمەڵگە بەئاقاری هەڵەدا ئاراستە دەکرێت. پێویستە ئێمە ئەو هەڵەیە راست بکەینەوە. راستکردنەوەى ئەو دۆخە خەباتێکی گرنگیی سیاسیی و ئینتەلەکتویل (بیرمەندانەو رووناکبیرانەو ژیرمەندانە)ی دەوێت
لەکوردستان تەنها یەک پارچە ناتوانێت بەجیا رزگاری ببێت و ئازاد ببێت، بەڵام هەندێک لایەن و هێزی نۆکەر وا نیشانی دەدەن، کە تەنها رزگاری و ئازادی بەجیا بۆ یەک پارچە دەبێت. ئەوە فریودانێکی بنەڕەتی و گەورەو ئایدۆلۆژیکە. ئەو لایەنە نۆکەرانە بۆ ئەوەی هەبوون و بەرژەوەندیی خۆیان بەرەوپێش ببەن هەڵخەڵەتاندن و سیاسەتی لەو شێوەیە بەڕێوەدەبەن.