دەربارەی هیوا
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
ئەو قەیرانە دارایی و ئیداریی و سیاسییەی بەسەر نەخۆشخانەی هیواداهات داوەتمان دەکات بۆ ئەوە زیاتر لەئاستێک بیر لە پرسەکە بکەینەوە. نەخۆشخانەی هیوا کەجێگای چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەیە، ناوەکەی وەک جۆرێک لەمەحاڵ دەبینرێت. هەبوونی هیوا لەدۆخی شێرپەنجەدا، کە یانی چاکبوونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە، کارێکی ئاسانیە. تووشی قەیرانبوونی ئەم هیوایە، بەشێکە لە پرۆسەیەکی سیاسی، دەروونی و ئاگایی لەبواری هەبوونی هیواو لەدەستدانی هیوادا. هەبوونی هیوا بەکۆمەڵێک مانا دێت:
یەکەم، مرۆڤی هیوادار، ئەو کەسەیە کە پاڵنەرێک هەیە لەژیانیدا بۆ ئەوەی چالاک بێت، روو لە داهاتوو بێت و هەروەها کەسێکی کۆمەڵایەتی و چڤاتی بێت، ئەمە بەتایبەتی جۆری هیواکەی وەهای لێدەکات کە لەگەڵ ئەوانەی کەهەڵگری هەمان هیوان بتوانن هاوبەشییان هەبێت و تۆڕی پەیوەندی دروستبکەن.
دووەم، کەسی هیوادار لەڕووی دەروونی و جەستەییشەوە کەسێکی تەندروستترە لەکەسێکی بێ هیوا. هیوا پاڵنەری ئەوەیە کە رەشبین و خەمۆک و تەنیا و لاواز نەبێت. هیوا وەها لەجەستە دەکات کە باشترو بەگوڕتر و کەم ئازارتر کاربکات.
سێیەم، هیوا دۆخێکی فیکریی و سیاسییە. مرۆڤی هیوادار ئەو کەسەیە کە دەیەوێت دونیا باشتربێت لەوەی کە هەیە. سەرچاوەی هیواکەی باوەڕ یان ئاگاییەکە کە لەڕێگایەوە وێنای دونیایەکی جیاواز دەکات. هەبوونی ئەم توانای وێناکردنی جیاوازە، پاڵنەری ئەوەیە کە لەدونیاکەی خۆی تێبگات و بەدوای بەدیلەکانیدا بگەڕێت. ئەگەر ئەمانە لایەن ئەرێنییەکانی هەبوونی هیوابن ئەوا بێگومان هەبوونی هیوا بەبێ قەیران نیە.
لایەنەیە نەرێنییەکانی هیوا یەکەم، کاتێک هیوا دەبێتە جۆرێک لەباوەڕ یان جۆرێک لەباوەڕ پاڵنەرییەتی، ئەوا تێکەڵییەکی ئاینی لەنێوان باوەڕو هیوادا دروست دەبێت. ئەم تێکەڵییە رەنگە ببێتە مایەی ئەوەی کە کەسی هیوادار بەباشی لەواقیعی دونیا تێنەگات. ئەمە کێشەی هەرە گەورەی مارکس بوو لە گەڵ ئایندا. بەتێگەیشتنی ئەو، ئاین ناهێڵێت مرۆڤەکان لەواقیع وەک خۆی تێبگەن. ئەمەش رێگرە لەئەوەی هەتا بەو جۆرە مامەڵەی لە گەڵدا بکەن کە پێویستە. بەزمانێکی مارکسیانە مرۆڤەکان لە بەر بوونی هیوای ئاینی، نابنە کەسێکی شۆڕشگێر لە دونیادا.
هیوا زۆرجار لە گەڵ خۆشباوەڕیی و سادە لێکدانەوەی دونیادا تێکەڵ دەکرێت. ئەگەر سادەیی بنەمای هیوابێت ئەوا هیواکە چەندێک بەهێزبێت، ئەو بێهیواییەی کە لەئەنجامیدا بەرهەمدێت زیاتر بەهێز دەبێت
دووەم، هیوا زۆرجار لە گەڵ خۆشباوەڕیی و سادە لێکدانەوەی دونیادا تێکەڵ دەکرێت. ئەگەر سادەیی بنەمای هیوابێت ئەوا هیواکە چەندێک بەهێزبێت، ئەو بێهیواییەی کە لەئەنجامیدا بەرهەمدێت زیاتر بەهێز دەبێت. بەو مانایە کاتێک هیوایەکە ناواقیعییە، بەڵام وەک واقیعی دەبینرێت، کاتێک ناواقیعییەکەی روون دەبێتەوە، ئەوا پەرچەکردارەکەی توندتر دەبێت. لەهەمانکاتدا دەبێت ئەوە لە ئاگاییماندا بچەسپێت کە هەبوونی هیوا خۆی هەمیشە بڕێکی زۆر لەناواقیعی تیادایە، بۆیە هیچ هیوایەک وەک خۆی بەرجەستە نابێت، چونکە هیوا هەمیشە جۆرێکی گەشبینییە لە دونیابینین. بۆیە کەسی هیوادار دەبێت واقیعییانە لە ناواقیعیی خۆی بنواڕێت. ئەمەش کارێکی ئاسان نیە.
سێیەم، هیوا هەندێکجار دەبێتە هەمیشەیی. کە هیوا بوو بەهەمیشەیی و کەسەکان نەیانتوانی دەستبەرداری بن، چ لە بەر هۆکاری دەروونی یان باوەڕیی، ئەوا دەبێتە هیوایەکی کوشندە، نەک وزە بەخش بۆ دونیایەکی تر. ئەوەشە کە بەختیار عەلی دەڵێت: هەندێک هیوا هەن لە تاعوون کوشندەترن، مرۆڤ چەند پیربێت، چەند وردبین تر بێت، ناتوانێت دەستبەردارییان ببێت.
هەبوونی هیوا و پاشان بێهوابوون دوو چەمکی نوێن لەدونیای ئێمەدا. نوێن وەک بزوێنەری سیاسی. بەڵام وەک زۆر چەمکی تر دۆخێکی ناعەقڵانی، فریودەریی، دژە هیوایی لەدەوری پێچراوە. لەدونیای کوردیدا کاتێک باس لەهیوا دەکرێت زیاتر بۆ ئەوەیە کە بێهیوایی پێ بفرۆشرێت. کاتێک هیوا، چەمکێکی ئاینی یان نیمچە ئاینییە، ئەوا هاتنی وەک چەمکێکی عەلمانی ئاسان نابێت. عەلمانی بوونی هیوا یانی بڕوابوون بەوەی کە دەتوانرێت ئەم دونیایە باش بکرێت. ئەم باوەڕە دژ بەو باوەڕە ئاینییە کە بڕوای وەهایە ئێمە هەتا بێت بەرەو خراپە دەڕۆین و لە ئەنجامدا دونیا کۆتایی دێت. ئەمەشە پاشخانی ئەو دیدەیە کە لەنێو خەڵکیدا باوە کاتێک کارێک یان دیاردەیەکی خراپ دەبینن یان دەبیستن، دەستوبرد لەوەڵامدا دەڵێن، دونیا ئاخرییە. هەبوونی هیوا پێویستییە. بڕوابوون بەوەی کە ساتێک هەیە لە داهاتوودا باشتر لەئێستا، هەمیشە پاڵنەرێکی گەورەی مرۆڤ بووە بۆ ئەوەی چالاک بێت. ئەم چالاکبوونە هەردوو لایەنی خراپ و باشی هەیە. لە دەستدانی ئەو بڕوایە، دەرئەنجامەکەی رەشبینی و ناچالاکبوونی مرۆڤەکان بووە. مرۆڤەکان بە کەمی بڕوایان وەهایە کە ئەوە خۆیانن دەتوانن ئەو باشترە دەستەبەر بکەن، بەگشتی یان بڕوایان وەهایە کە دەتوانن بەشێک بن لەهاتنەدی ئەو هیوایە، یان ئەوە کەسێک یان هێزێکی ترە کە ئەو خەونەیان بۆ دابین دەکات. هیوا بە زمانە عەلمانییەکەی بڕوابوونە بە یوتوپیا، بەهێنانە ئارای ئەوەی کە نیە.
هەبوونی هیوا و پاشان بێهوابوون دوو چەمکی نوێن لەدونیای ئێمەدا. نوێن وەک بزوێنەری سیاسی. بەڵام وەک زۆر چەمکی تر دۆخێکی ناعەقڵانی، فریودەریی، دژە هیوایی لەدەوری پێچراوە. لەدونیای کوردیدا کاتێک باس لەهیوا دەکرێت زیاتر بۆ ئەوەیە کە بێهیوایی پێ بفرۆشرێت. کاتێک هیوا
نەخۆشخانەی هیوا، چ بەدەنگۆی بوونی بەکەرتی تایبەت، یان دروستبوونی رکەبەرێکی بۆی لەکەرتی تایبەتەوە، دەمانبات بۆ بوارێکی نوێ و تایبەت لەبواری هەبوون یان نەبوونی هیوادا، ئەویش کەرتی تایبەتە. گەشەی کەرتی تایبەت، یان نەبوونی کەرتی گشتی بە تایبەتی لەبوارەکانی وەک دڵنیایی، ئاسایش، سەقامگیریی، وەها دەکات کە مرۆڤەکان لەئەو کۆمەڵگایانەدا بەو ئاقارەدا هیوا بوونیادبنن کە چۆن خۆیان بۆ خۆیان لەڕێگای پارەو کڕینی خزمەتگوزارییەکانەوە هیوا بۆ خۆیان دابین بکەن. ئەمە بە تایبەتکردنی هیوایە. لەم روانگەیەوە، هیوا نابێتە مایەی ئەوەی کە بپرسین: چۆن کۆمەڵگایەکی باشتر بونیاد بنین، بەڵکو دەبێتە مایەی ئەوەی کە بپرسین چۆن داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆمان دابین بکەین. ئەم بە تایبەتکردنی هیوایە لەکرۆکی پرۆژەی سەرمایەداری نیولیبرالیزمدا بووە و زیانێکی گەورەی لەمرۆڤایەتی داوە لەئاستی ژینگە، نادادپەروەریی، هاوتابوونی مرۆڤەکان و زۆر بواری تر. تایبەتکردنی هیوا لە ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئاسایش و سەقامگیریی و تۆڕی کۆمەڵایەتی بوونیان هەیە، دەکرێت هەتا ئاستێک ئاسایی بێت. بەڵام لەجێگایەکی وەک کوردستاندا ترسناکە. بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن هیواکانیان بەتایبەت دابین بکەن، ئەوا دەبێت بنەماکانی ئەو دابینکردنە لەئارادابێت. بەبێ بوونی ئەم بنەمایانە ئەوا خەونی کەسێک بۆ دابینکردنی هیواکانی رەنگە ببێتە رێگر لەدابینکردنی هیواکانی کەسێکی تر. یان ئەوانەی کە دەتوانن خەونەکانیان دابین بکەن، تەنها کەمینەک بن و زۆرینەیەک لەهەوڵی بۆ دابینکردنی هیواکانی تووشی نائومێدی ببێت. ئەمەش بنەمای پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیرییە. دەکرێت ئەمەش هۆکاری بە نەتەوەنەبوونی کوردبێت لەباشور. نەتەوە بەمانای ئەوەی کە دروستکردنی هاوبەشی لەنێوان خەڵکانێکدا کە لەسەر بنەما تەقلیدییەکان خاوەن هیچ هاوبەشییەکی نین. ئەندامی هەمان خێڵ نین، سەر بەهەمان تیرە نین، خەڵکی هەمان ناوچە نین. ئەوەی لەباشور ئەمڕۆ رێگرە لەدروستبوونی ئەم پرۆسەیە، ئەوەنیە کە خەڵک نایانەوێت یان بە ئاگانین، بەڵکو ئەوەیە کە ئەندامێتیمان بۆ نەتەوەیەک دەبێت بنەمای دادپەروەری ئەو داهاتانە بێت، ئەگینا هەندێک ئەندام ببنە خاوەن سامانێکی زۆرو هەندێکی تر بێبەریی بن، ئەوا ئەمە چ پێکەوەبوونێکە. ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی هەیە بەکوردستانەوە. چونکە ئەوە داهاتی خاکی کوردستانە کە دەبێت بکرێتە بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئەندامان هەموو هەست بکەن، کەهاوتان.