دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەسیستمی حوکمڕانی

دڵشاد تاڵەبانی

3 ساڵ لەمەوپێش



دڵشاد تاڵەبانی

ئەوەتی مرۆڤ هەیە، کەسانێک هەبوون خۆیان سەپاندووە بەسەر دەوروبەر، تیرە، ناوچە، وڵاتێکی داریکراودا . لەقوڵایی مێژوودا بەناوی جیاجیاوە ئاماژەیان بۆ کراوە ، دیکتاتۆر، ستەمکار، تاکڕەو...بەپێی سەردەم و گەشەکردنی کۆمەڵگاکان پێناسەشیان گۆڕاوە، بەڵام کۆمەڵێک خەسڵەت و رەوشی هاوبەشی گشتی لەهەموویاندا هەیە. بەشی زۆریان لەچینەکانی خوارەوی کومەڵ و تووێژە پەراوێزخراوەکانەوە هاتوون و هەمیشە هەستیان بەکەمی بەرامبەر بەوانی تر کردووەو روحیەتی تۆڵەسەندنەوەیان بەرامبەر بەکۆمەڵ و مرۆڤەکان هەبووەو توندە تەبیعەت و تا رادەیەک گۆشەگیرو بێ بەزەیی و میزاجی و لەکاتی توڕەبووندا بونەتە دڕندەو ئامرازی وەحشیگەرانەیان بەکارهێناوە، کەمینەیەکیشیان لەنەوەی پادشاکان بووە و خۆی بە زل و زیاتر لەمرۆڤەکان زانیوە.

هەموو شێوازو ئامرازێکیان بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەئامانج. کەمفام و زانارییان زۆر کەم بووە ، بەڵام فێڵبازو زیرەک بوون بۆ گەیشتن بەمەرام. شەڕەنگێز و دڕندە بوون و هەموو کەسێکیان لەناو بردووە، کە کۆسپ بووبێت لەبەردەمیان . لەوتەدا دیماگۆگ و لەکردەوەدا زۆرینە پێچەوانەی وتەکانیان هەڵوێست و هەڵسوکەوتیان کردووە. هەوڵیانداوە نەیاران بەدڕندانە لەناوبەرن یان بیانخەنە ژێر باڵیان و بەکاریان بهێنن.  متمانەیان بە کەس نەبووە، ئەوەشی ویستبێتی راستییەکانیان پێ بگەیەنێت و ئامۆژگاری باشیان بکات بەدوژمنیان زانیوەو کەوتووەتە بەر تۆڵەیان. لەزۆربەدا حەزیان بەدەستو پەیوەند( حاشیە)یەکی زۆری گوێڕایەڵی بێ دەسەڵات بووە . گومانیان لە هەموو شت و هەموو کەس هەبووە و هەمیشە لە سێبەری خۆشیان ترساون و پشتیان بەگروپێکی ترسنۆکی هەلپەرستی موشەخۆر بەستوە.

وەک کۆیلەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەوان کردووە. وڵات و خەڵکەکەو سەروەت و سامانەکەیان بە موڵکی تایبەتی خۆ زانیوەو واش مامەڵەیان لەگەڵ کردووەو کڕین و فرۆشتنیان لەسەر کردووە، تەخشان و پەخشانیان کردووە  و بەخشیویانە و بەهەدریان داوە، یان دەستیان بەسەرداگرتووە بۆ ویستەکانیان و خەڵکیان برسی کردووە ، لەحوکمڕانی نەزان و بەمیزاج و هەڕەمەکی کاریان کردووە. لە کاتی ناڕەزایی زۆر بە دڕندانە وەڵامیان داوەتەوە و تۆڵەیان هەر نەیارانی نەگرتووەتەوە ، بەڵکو کەسوکاریشیان. هەمیشە هەوڵیانداوە  ناکۆکییە ناوخۆییەکان هەڵدەنە دەروەو جەنگ سازبکەن بۆ داپۆشینی ئەوانە. بەرامبەر بەخەڵکی بێ چەک زۆر ئازا بوون لەکاتی مەترسیشدا زۆر ترسنۆک. لەکاتی تەنگانە و شکستدا کڕنوشیان بۆ هەموان بردووە.

یارییان بەسۆزو هەست و نەستی خەڵک کردووە، بەناوی تیرە، نەتەوە ، ئایین، چین و پێشکەوتنەوە. هێندێک جار وڵاتیان  لە هەندێک بوارپێش خستووە، بەڵام هەر خودی ئەوان یان نەوەکانیان سەرئەنجام رووخاندویانە.  زۆرینەشیان تەنها بەزەبر لادراون. 

دیکتاتۆرییەت، لەژێر پەردە و سایەی هچیدابێت و بە چی بەرگێک رووپۆش بکرێت، هەر دیکتاتۆریەتی قێزەوەنە.

 گەر دیکتاتۆرەکان باسی ئازادی و دیموکراسییان کرد، بزانە پلان دادەنین بۆ خنکاندنی هەموو بیرێکی ئازاد . باسی ئاشتییان کرد ، وا جەنگی کاولکەریان لە بەرنامەیە، باسی مافی مرۆڤیان کرد، باش بزانە خەریکی لەناوبردنی مرۆڤەکانن، باسی باشکردنی گوزەرانی خەڵکیان کرد، دڵنیابە ئەوەشی ماوە بەتاڵان و لە ناوی دەبەن، باسی پاراستنی ژینگەیان کرد ئاگاداربە کە هەموو ژینگەو سروشت تێکدەدەن و نایهێڵن. بڕوایان بە هیچ ئایین و مەنتقێکیش نیە ، جگە لەئامرازی زەبرو کوشتن، گەرچی بۆ مەرامی تایبەتی لەژێر چەترو دروشمی ئەوەدا کاربکەن.

هەشە بەشێوەی هەزەلی دەیانەوێت لاسایی ئەوان بکەنەوە ، لەکاتێکدا تەنانەت وڵاتێکیشیان بەدەست نیە و تەنها دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵێک خەڵکی داماودا هەیە و چارەنووس و داهاتووشیان لا روون نیە. ئەوەش بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک لەئسلوب و ئامرازەکانی ئەوان، دەستبەسەرداگرتنی سەرەوت و سامانی وڵات و لەناوبردنی بنەماکانی ئابوری و ئیداری وڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی کاتیی خۆیان ، وادەزانن بەوە گەورە دەبن. نموونەش زۆرینەی سەرانی حزب و لایەنەکانی عێراق و لای خۆشمان . کە رق و توڕەیی و بێزاری خەڵک بەرامبەریان کەڵەکە دەکات و کۆدەبێتەوە، بێ ئەوەی کەمترین ئاوەڕی لێبدەنەوە بە بێباکانە زیاتر بەردەوامن. ئەوە نازانن ئەو پەنگدانەوەیە سنورێکی تێپەڕاند، بەتوندی دەتەقێتەوە، کە رەنگە وشک و تەڕ پێکەوە بسووتێنێت و چارەنووسی ئەوانیش لەدیکتاتۆرەکانی تر خراپتر بێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار