جێندەر لەنێوان کلتورو ئاییندا

بينايى غەريب

3 ساڵ لەمەوپێش



بينايى غەريب 

هەڵبژاردنی ئەم بابەتە و سەرنج خستنە سەر وشەی جێندەر زیاتر هۆکار و لێکەوتەکانێتی و مەبەستم زیاتر ئاشنابوونە بە لێکدانەوەی لەنێوان کلتور و ئایینەکاندا وەک روونکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و زانستی. جێندەر لەزانستی زماندا بریتییە لەو جیاوازییە بنەڕەتییەی لەنێوان نێرو مێدا هەیە، بەڵام ساڵانێکە ئەم چەمکە بەکاردەهێنرێ بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیری لەنێوان دوو کەسی هەمان رەگەز (نێر و نێر) یان (مێ و مێ).

لێرەدا ئاماژە بەدەستەواژەی جێندەر لەکلتوری رۆژئاواداو کاریگەرییەکانی لەسەر کلتوی رۆژهەڵاتی و هەروەها کاریگەری ئاین لەسەر کلتوری وڵاتان دەکەم بەهیوای ئەوەی هەڵبژاردەی دروست ئەنجام بدەن، بەشێوەیەکی گشتی کلتوری رۆژهەڵاتی تەواو جیاوازە لەکلتوری رۆژئاوایی هەرچەند کلتورەکان چ رۆژئاوایی یاخود رۆژهەڵاتی ناوچەگەرێتی زاڵ و باڵادەستە بەسەریدا کە ئەمە پێویست بەنموونە ناکات و شتێکی ئاشکرایە، بەڵام بەهۆی پێشکەوتن لەڕۆژئاوادا مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان تەواو جیاوازە بۆیە تازەگەریی لەهەموو بوارەکاندا بەئاسایی لەڕووکەشدا وەسف دەکرێت و پێودانگی نییە، بۆیە کەم کات پێویست بەیاساو رێسا دەکات پاشان بۆخۆیان ئازادی لەسنوور دەرچوویان پێ پەیوەستە بۆ تاکی کۆمەڵگا بۆیە کە دیاردەیەکی نامۆی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدا هەوڵدەدەن بەیاسایی بکەن کە لەلای زۆربەی کۆمەڵگا نەشیاوە و جاری وا هەیە بە قێزەون سەیردەکرێت بۆ نموونە Homosexual یان same sex marriage بەڵام لەژێر ئەم دروشمە زیاترو زیاتر لەسروشتی مرۆڤایەتی دەردەچن تا دەگاتە رادەی ئەوەی زیاتر کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان بەزەبری یاسا کۆنترۆڵ بکەن بۆ نموونە ئاساییە لەسەر بچووکترین کێشەی دوو دراوسێ دامودەزگای فەرمی تەداخول بکات.

بە پشت بەستن بەم یاسا و ڕێسایانە لە کلتوری ڕۆژئاوای بۆ مرۆڤێک لە سروشتی خۆی دەربچێت جا بە هەر ناوێکەوە بێت لەبارترە وەک لە ڕۆژهەڵاتی هەرچەند چەندان لێکەوتەی خراپ جێدەهێڵێت هەر لە لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابووری...هتد. نموونە دیاردەیەکی زیاتری خۆکوشتن و زەواج نەکردن و لێکترازانی خێزان وە چەندەهای تر یاخود چەندین نەخۆشی درێژخایەن و بێ چارەسەر وەک ئایدز و هەروەها کێشەی ئابووریش هەروەک مرۆڤ هەیە لەژێر هێڵی هەژارییەوە بەڵام ئاژەڵ هەیە وارپی کەسێکی دەوڵەمەند بووە و خاوەنی چەندان ملیۆن دۆلارە.

لەبەرئەوەی کلتوری رۆژهەڵاتی کلتورێکی زیاتر داخراوە، تازەگەرییەکان زۆر بە حەساسییەتەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت هەڵوێستەکان توندترن کەئەمەش لایەنی ئیجابی و سلبی خۆی هەیە. بۆ هەموو پێشکەوتنێکی زانستی لایەنە سلبییەکەی زاڵە بۆ هەموو لەسروشت دەرچوونێکیش لایەنە ئیجابییەکەی زاڵە کەئەمەش تەنها بۆچوونی خۆمە بەپێی ئەم شێوازە هەر تازەگەرییەک لێرەدا دەکەوێتە بەر لێکدانەوەی زۆرەوە پاشان پەسەندکردن و ناپەسەندی هەر بەڕێژەیی چ زۆر و چ کەم دەمێنێتەوە کە ئەمەش کەوتووەتە سەر ئەو تازەگەرییە کە خۆی چەند توانای زاڵبوونی هەیە بەسەر ئەم جۆرە کلتورەداو تاکەکان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەم جۆرە دەستەواژەیەش تەواو نامۆیە بە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی، بۆیە ئەو تاکانەی کە بیانەوێ مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە لەسروشت دەرچووانەدا بکەن زۆر سەختەو لێکەوتەکانی سەختترە، بۆ نموونە جاری واهەیە دەگاتە ئاستی کوشتن تەنانەت بەدەر لەیاسا لەلایەن تاکی خێزانەکانەوە کە ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکان دروستدەکات، بۆیە یاسا ناچارە رێسایەکی ورد و بەرپرسیارانەتر بخاتە ئەستۆی حکومەتی وڵاتەکانیان کە بەداخەوە خۆیان لەبەرپرسیارێتی دەدزنەوە لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی رۆژئاواییدا کە هەموو تاکێکی دنیا دەزانێت دوو کلتور تەواو جیاوازە.

ئاشکرایە کە کلتوری رۆژئاوایی زیاتر دینەکانی مەسیحییەت و پاشان جولەکەو پاشان عیلمانییەت لەپاڵ دینەکان بەرامبەر پرسیارە هەستیارەکانی ژهنی مرۆڤایەتی رۆژ بەڕۆژ پێگەی خۆیان چۆڵ دەکەن. عیلمانییەت زاڵترو باڵادەستتر بووە کە بەم هۆیەوە تەواو کەوتوونەتە ژێر کاریگەری و زەختی عیلمانییەتی رۆژئاوایی، بۆیە زۆرکات بەبێ رازیبوونی خودی خۆشیان پەیوەستیان دەکەن بە یاسای نامۆو سەیر و سەمەرە وەک مارەکردنی (پیاو و پیاو) یان ( ئافرەت و ئافرەت) یان لەهەمووی نامۆتر ( مرۆڤ و ئاژەڵ) لەناو مەعبەدو پەرستگاکانیان کە بەڕێژەش لەکەمی ژمارەی ئەم لەسروشت دەرچووانە ناوترێت کەچی بە پشتگیریکردنیان لەلایەن عەلمانیەتەوە فەرزدەکرێن بەسەر ئاینەکان و کەسایەتییە ئاینییەکاندا.  لەڕۆژهەڵاتدا باڵادەستی دین کە زۆر زیاترە بەهۆی پێگە بەهێزەکەیەوە کە دینی ئیسلامە ئەگەر لەیاساشدا بەشەرمەوە جێگای بۆ بکەنەوە لەواقیعدا هەر بێبایەخە هەچەند چەندان هەوڵی لەگەڵ دەدرێت لەژێر دانانی ناوی ( رێخراوی ماف)...هتد هەر نەزۆک دەردەچێت، چونکە هەرچی پرسی هەستیارە دینی ئیسلام وەڵامی داوەتەوە، هیچ جۆرە بۆشاییەکی جێنەهێشتووە گەر کەموکورتی هەبێت بەپێچەوانەی کلتوری رۆژئاوای لەتاکەکاندا هەیە، بۆیە هەڵوێستە کردنەکە تەواو جیاوازە، بۆ نموونە رێکخراوەکان زیاتر خۆیان بوون بەکێشە بە تایبەتی بۆ ئافرەتان، کەچی سەیر لەوەدایە ناویان ( رێکخراوی مافی ژنە) ئەمەش بەهێزی دینە، لێرەدا چونکە تائێستاش هیچ دین و هیچ یاسایەکی مرۆڤایەتیش نەگەیشتووەتە ئەو مافەی کە ئیسلام بۆ ئافرەتی بڕیارداوە کە نامەوێت باسەکە بترازێنم بۆ سەر نموونەکانی دینی ئیسلام لەسەر مافەکانی ئافرەت جا چ بەئایەتی قورئان یاخود پەیامبەر(د.خ)، بۆیە لێرەدا پێویستە کەسی ژیر بە لەبەرچاوگرتنی پێودانگە سروشتییەکانی خۆی هەڵسەنگاندن بکات و بڕیاربدات.  لەکۆتاییدا هیواخوازم هەڵسەنگاندنێکی زانستی و وردتر بکرێت و هەڵبژاردنی دروستبکرێت لەناو هەموو کلتورەکانداو بۆ بابەتە سەرەکییەکان برەو بەڕاستییەکان بدرێت کە کەس لەبڕیاردان بێبەش نەبێت و قیمەی بەرزی کۆمەڵایەتی و سروشتی زیاتر برەوی پێبدرێت.

خوێندکاری

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار