دواجار دیپلۆماتی میسر سەرکەوت
ئەردەلان عەبدوللا
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەردەلان عەبدوللا
هەمیشە میسر رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەکێشەو ململانێکانی ناوچەکە، بەشێوەیەک هیچ کێشەیەک بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەکێشەی عەرەب و ئیسرائیل هەیە، بەبێ سەردانییکردنی قاهیرە، زەحمەتە چارەسەری کێشەکان هەبێت.
بەڵام ماوەی چەند ساڵێک بوو میسر بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی و هاتنە سەرکاری ئیخوان موسلمین و کاریگەرییە خراپەکانی بەسەر میسر، بەتایبەتی لەڕووی سیاسەتی دەرەکییەوە، رۆڵی میسر لاواز بوو. بگرە هەندێک پایتەختی تری ناوچەکە، ویستیان رۆڵی قاهیرە پڕبکەنەوە. ئەوان سەرقاڵبوونی میسرییان بەدەرفەت زانی، تاوەکو بتوانن رۆڵی میسر بدزن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و شکستیان هێنا.
رزگاربوونی لەکابوسی ئیخوان موسلمین
لەپاش شۆڕشی گەلی میسری لەیولیۆی ساڵی 2013 لەدژی ئیخوانەکان، دووبارە میسر توانی لە ناوچەکە و جیهاندا داکۆکی لەپێگەی سیاسی خۆی بکاتەوە. خۆی لەخۆیدا رزگارکردنی میسر لەداڕمان و جەنگی ناوخۆیی وەکو سوریاو یەمەن و لیبیا، سەرکەوتنی گەورە بوو بۆ ناوچەکە و گەلی میسریش، چونکە گەر میسریش هەمان چارەنووسی وڵاتانی تری ناوچەکەی هەبوایە، ئەوا بە تەواوەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاش، رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبووەوە. هەربۆیە بەبۆچوونی من، رزگاربوونی میسر لەداڕمان و جەنگی ناوخۆ، سەرکەوتنی گەورە بوو، لەمەشدا گەلی میسرو سوپاکەی، رۆڵی بەرچاویان هەبوو.
کاتێک سەرۆک سیسی دەسەڵاتی گرتە دەست، هەوڵیداوە بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا بکات و دژی نەیارانی میسر بوەستێتەوەو نەهێڵێت باری ئارامی میسر تێکبچێت کەچەند دەوڵەتێک هەوڵی ئەمەیان دەدا لەپێش هەمووشیانە تورکیاو قەتەر، چونکە باش دەیانزانی ئەوە میسرە، دەبێتە رێگر لەنەخشە گڵاوەکانیان لەناوچەکە.
میسر لەماوەی پێشوودا لەچەندین لاوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.
لیبیا
سەرەتا لەلیبیادا توانی رێگری لەنەخشە فراوانخوازییەکانی تورکیا بگرێت و سنوورێکی بۆ ئەم لەشکرکێشییە دابنێت، لەمەشدا سەرکەوتووبو، ئەوەبوو تەواوی میدیای جیهانی باسیان لەئەگەری جەنگی نێوان تورکیاو میسر دەکرد، چونکە مەسەلەی راگرتنی لەشکرکێشی تورکیا، بووبوە مەسەلەی مان و نەمان بۆ میسرو سوپای میسریش لەحاڵەتی ئامادەباشیدا بوو. ئەوەبوو تورکیاو بەکرێگیراوەکانی لەناوەڕاستی رێگەدا گەڕانەوە و چیتر نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن و نەخشەکەی تورکیاش شکستی هێنا بۆ داگیرکردنی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بەسامان سروشتی. جگەلەوەش تورکیا دەیویست لیبیا بکاتە بنکەیەکەی سەرەکی بۆ گواستنەوەی تەواوی گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی ناوچەکە بۆ ناو خاکی میسرو ئێرەش وەکو سوریا تێکبدات، بەڵام خۆشبەختانە ئەمەی بۆ نەچووە سەر، دیارە لەمەشدا ئیرادەی بەهێزی گەلی میسرو سوپاو سەرکردەکانی رۆڵی بەرچاویان هە بوو لەشکتسپێهێنانی ئەم پیلانە نەگریسەی تورکیا.
دەریای سپی ناوەڕاست
لەدەریای سپی ناوەڕاستیشدا دووبارە میسر توانی سەرکەوتنێکی گەورەتر تۆمار بکات، ئەوەبوو توانی بەرەیەکی بەهێز لەگەڵ یۆنان و قوبرس و فەرەنسا دروستبکات و رێگە لەسیاسەتی فراوانخوازی تورکیا بگرێت لەدەریای سپی ناوەڕاست. ئەمەش شکستێکی تر بوو بۆ تورکیاو سەرکەوتنێکی گەورەش بوو بۆ میسر. جێگەی ئاماژەیە لەپاش دۆزینەوەی گازو نەوتێکی زۆر لەدەریای سپی ناوەڕاست، بۆتە مەیدانێکی بەهێزی ململانێی هێزە ئیقلیمییەکان و تورکیا لێرەش سیاسەتێکی فروانخوازی خراپی هەیە، بەڵام خۆشبەختانە بۆی نەچۆتە سەر.
شکستی تورکیا
هەرئەمەش وایکرد لەتورکیا کەدواجار دان بەشکستی خۆیدا بنێت لەبەرامبەر میسرو داوای دانوستان و دیالۆگ بکات، ئەمەش لەکاتێکدا لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا، بەهەموو شێوەیەک دژایەتی میسری دەکردو لەڕووی ئیعلامیی و دارایی و هەواڵگرییەوە، دەیویست میسر تێکبدات، بەداخەوە لەمەشدا ئیخوان موسلمین رۆڵی بەکرێگیراوی بۆ تورکیا دەبینی.
هەرچەندە حکومەتی میسر هەروا بە ئاسانی باوەڕ بە قسەکانی ئەردۆغان و حکومەتەکەی ناکات، بەوپەڕی هەستیارشییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم داواکارییەی تورکیا کرد، میسر پێش ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتی دەستپێبکاتەوە، کۆمەڵێک داوای لەتورکیا هەیە، لەپێش هەموویانە وازهێنان لەڕۆڵی تێکدەرانە لەوڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی لەلیبیا، سوریا ، عیراق.
بەم داوایەش دووبارە میسر خۆی دەکاتەوە بە رابەری وڵاتانی عەرەبیی و دەبێتە داکۆکیکاری ئەو وڵاتانە، کەئەمەش بەسوود بۆ میسرو گەلانی ئەو سێ وڵاتە دەگەڕێتەوە.
جگە لەمەش میسر داوای وازهێنان لەهاوکارییکردنی تورکیا بۆ گروپە ئیسلامییە تیرۆریستەکان دەکات، لەپێش هەمووشاینەوە ئیخوان موسلمین ، هەروەها داوای رادەستکردنەوەی بەشێکی زۆری سەرکردەی ئیخوانەکانیش دەکات کە لەتورکیا دەژین.
جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل
دوایین سەرکەوتنی دیپلۆماتی میسری لەکاتی ئەم جەنگەی دوایی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلییەکان بوو. لەم جەنگەدا تورکیا دووبارە دەیویست سواری شەپۆلەکە بێت و خۆی بەداکۆکیکاری گەلی فەلەستینی دابنێت، بەڵام لەمەشدا درۆی کردو رووی راستەقینەی دەرکەوت بۆ گەلانی ناوچەکە، چونکە تورکیا لەسایەی ئەردۆغاندا، باشترین پەیوەندی ئابووریی و سەربازیی و هەوڵگریی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، هەفتانە (48) گەشت لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل هەیەو ساڵانە هەزاران گەشتیاری ئیسرائیلی دەچێت بۆ تورکیا، جگە لەوەش پەیوەندی بازرگانیان گەیشتۆتە شەش ملیار دۆلار. لەڕووی سەربازیی و هەواڵگریشەوە، پەیوەندییان زۆر بەهێزە بەشێكی زۆری پیشەشازی سەربازیی تورکیا، پشت بە تەکنەلۆژیای ئیسرائیلی دەبەستێت بەتایبەتی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی کە لەدژی گەلی کورد بەکاریدەهێنێت.
گەڕانەوەی رۆڵی میسری بۆ ناوچەکە
لەم جەنگەدا دووبارە رۆڵی میسر دەرکەوتەوە ئەوەبوو بەهەوڵ و تێکۆشان و دیپلۆماتی میسری، توانی ئەم جەنگە ماڵوێرانییە رابگرێت کەتەنها زەرەرو زیانی بەهەردوولا دەگەیاند بەتایبەتی فەلەستینییەکان. دەتوانین بڵێین میسرییەکان رۆڵێکی جوامێرانەیان هەبوو لەم جەنگەدا، بەپێچەوانەی تورکیاو قەتەرو وڵاتانی تر، کە رۆڵێکی تێکدەرانەی خراپیان هەبوو، لەدوورەوە فرمێسکی تیمساحییان بۆ فەلەستینییەکان دەڕشت و لەژێریشەوە باشترین پەیوەندی بازرگانیی و سەربازییان پێکەوە هەیە.
ئەوەبوو تەواوی جیهانیش ستایشی رۆڵی میسریان کرد بەتایبەتی ئەوروپاو ئەمریکا، ئەمەش سەرکەوتنێکی تربوو کە دیپلۆماتی میسری بەدەستیهێنا، چونکە چ فەلەستینی و ئیسرائیلییەکانیش، تەنها باوەڕیان بەمیسر هەبوو کە ئەم نێوەنگیرییە بکات، زۆر وڵاتی تر هەوڵیاندا ئەمە بکەن، بەڵام نەیانتوانی، ئەوەی کە باسی رۆڵی قەتەریش دەکەن، تەنها رۆڵێکی سەرپێیە هەبووە، ئێستا قەتەر لەڕووی داراییەوە هاوکاری حەماس و جیهادی ئیسلامی هەموو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی فەلەستین دەکات، میرەکەی قەتەر لەتەواوی ناوچەکە هەوڵی جەنگ و نائارامیی و پشێویی نانەوە دەدات، چونکە بەمشێوەیە دەیەوێت ناوی وڵاتە بچووکەکەی گەورە بکات.
بەدڵنییایەوە ئێستا میسر هەوڵی کۆکردنەوەی کۆشش و ماندووبونی چەندین ساڵەی دەدا، کە دەتوانین بڵێین دیپلۆماتییەکی هێمن وەسفی بکەین. میسرییەکان هەوڵ دەدەن بەشێوەیەکی رێکوپێک لەکێشەکانی ناوچەکدا رۆڵیان هەبێت و سوودیش بەوڵاتەکەیان بگەیەنن، نەشهێڵن چیتر کێشەکانی ناوچەکە زیاتر بێت، چونکە زیادبوونی کێشەکانی ناوچکە ، هیچ سوودی بۆ میسرو گەلانی ناوچەکە نییە.
میسر لەسایەی عەبدولفەتاح سیسیدا، بەهێمنی کار دەکات بۆ چارەسەکرنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی. ئەم سیاسەتە هێمنەشی رۆڵی هەبوو لەسەرکەوتنە دیپلۆماتییەکانی ئەم دواییە، هەرئەمەش وایکردووە کە زلهێزەکانی جیهان لەپێش هەمووشیانەوە ئەمریکا، دووبارە گرنگی زیاتر بەم وڵاتە بدەنەوە.
بەگشتیش سیاسەتی ئێستای میسر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەخزمەتی گەلی کوردایە، چونکە هەر رێگریەک لە لەشکرکێشی و سیاسەتی شەڕەنگێزی تورکیا بۆ سەر سوریاو عێراق و ناوچەکە، لەبەرژەوەندی گەلی کوردایە، لەئێستاشدا میسر دژی ئەم لەشکرکێشیەو سیاسەتەی تورکیایە، هەربۆیە زۆر گرنگە سەرانی کورد، گرنگی بەم وڵاتە بدەن و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵدا ببەستن.