کوڕی ستالین‌و کوڕی مەسئولی کورد

3 ساڵ لەمەوپێش



ستالین یەکێکە لەدڕندەترین مرۆڤەکانی مێژوو، بەڵام هەرگیز ڕازی نەبوو بۆ یەک جاریش کوڕەکەی یاسا بشکێنێت یاخود دەستتێوەردان لەوڵاتدا بکات. ئەم چیرۆکەی یاکۆڤ دوگاشڤێلی کوڕی ستالین وەڵامێکە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا.

لەجەنگی جیهانی دووەمدا ستالین دەسەڵاتی رەهای هەبوو لەیەکێتی سۆڤیەتدا. توانای لابردن و سزادانی هەر کەسێکی هەبوو لەوڵاتدا. تەنانەت لینینی بەماوەیەک لەژووری خۆیدا دەستبەسەر کردبوو. نزیکی ملیۆنێک نەیاری سیاسییان دورخستبووەوە یان کوشتبوو. بەڵام ستالین هەرگیز کوڕەکەی نەبردە کرێملن یاخود هەر یەکێک لەمنداڵەکانی.  کە جەنگ هەڵگیرسا ستالین کوڕەکەی نارد بۆ جەنگی ستالینگراد کە سەخترین جەنگ بوو. پاشان لەساڵی ١٩٤١ لەلایەن ئەڵمانەکانەوە بەدیل دەگیرێت . داوایان کرد بەدیل بگۆڕدرێتەوە لەگەڵ جەنەڕال فریدریک پاڵاس کە سەرپەرشتیاری جەنگی ستالینگراد بوو، بەڵام ستالین رەتیکردەوەو وتی: من ملازمێک ناگۆڕمەوە بەژەنەڕاڵێک..  یاکۆڤ لەدیلی رایکردو ویستی باوکی ببینێت بەڵام هیچ رێگەی نەدا چونکە وتی تۆ فەرمانت پێشێل کردووە و جەنگت جێهێشتووە. یاکۆڤ دوگاشڤێلی هەوڵی کوشتنی خۆیدا بەڵام نەمردو ئەو فیشەکەی بەخۆیەوە نابوو بەر دڵی نەکەوتبوو. کاتێک هەواڵەکەیاندا بەستالین وتی «ئەوە کەی کوڕە تەنانەت ناشزانێ باش تەقە بکات».

هەروەها کچەکەی ستالین سڤێتسلانا، هەمان پەیوەندی لەگەڵ باوکی هەبوو لەکۆتاییدا کۆچی کرد بۆ ئەمریکای دوژمنی سۆڤیەت. ستالین بەڕەچەڵەک جۆرجی بوو، بەڵام وەک روسێک خزمەتی روسیاو یەکێتی سۆڤیەتی کرد.. 

سیاسییەکانی کوردستان زۆبەیان کتێبەکانی ستالینیان خوێندووەتەوە و پەیکەربەندی زۆرینەی حزبەکان لەفکری ستالینەوە وەرگیراون. بەڵام هەمان رەفتاری ئەویان نیە. یەکێک لەکارە سەرکەوتووەکانی ستالین نەهێشتنی میلیشیاو هێزی نادەوڵەتی بوو لەسەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەر. 

لەکوردستان ئێستا منداڵی بەرپرسەکان نەک یاسا دەشکێنن، بەڵکو دەستتێوەردان لەبڕیاری سیاسیشدا دەکەن. ئێستا هەندێکیان چارەنووسی ملیۆنەها کورد دیاری دەکەن.  تاکە خاڵێکی هاوبەش کە لەدەسەڵاتی سیاسی هەموو کات و زەمانێکدا هاوبەشە بریتیە لەجڵەوکردنی هێز لەلایەن دەستەیەکەوە یاخود کەسێکەوە، بەڵام ئێستا دەسەڵاتی سیاسی کەرت بووە.  هەر بەبۆنەی ئەم رووداوانەوە هەرگیز ئەم هێزانە هەڵناوەشێنەوە، چونکە لەکوردستان هێزی نیشتیمانی نیە، بۆیە هێزی لایەنێک متمانەی نیە کەهێزەکەی هەڵوەشاندەوە تەفروتونا نەکرێت. هەندێک هەن بێلایەنن بەڵام زۆر بەئاسانی بۆ سیاسەتکردن بەکاردێن. بەم شێوەیە ئەم هێزانە بەردەوام دەبن و وەک موڵک دەگوازرێنەوە وەک لەوەی بکرێن بەنیشتیمانی. بەم شێوەیەش لەمەترسی دەرەکیدا دەبێت لەئێران تورکیا بپاڕێنەوە بۆ پاراستنیان. ئەم هێزانە بۆ ماوەیەکی تر بەرامبەر یەکتر بەڕێکەوتن دەوەستن و هەمیشە رووداوی لەو جۆرە روودەدات و دەبێت یاسا بەهەڵبژێراوی بچەسپێنرێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار