ڕاوى نایاسایى و کاریگه‌رى له‌سه‌ر هاوسه‌نگى ژینگه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عەبدولڕەحمان‌ / رانیە


چالاکى مرۆڤ له‌سه‌ر ژینگه‌
ئاشکرایه‌ جیهانى ئه‌مرۆ که‌وتۆته‌ به‌رشاڵاوى مه‌ترسیه‌کانى تێکچونى هاوسه‌نگى ژینگه‌، هه‌وڵه‌کانیش له‌م روانگه‌یه‌وه‌ وه‌ک پێویست نه‌خراونه‌ته‌ گه‌ڕ، هه‌رێمى کوردستان ناوچه‌یه‌که‌ له‌م جیهانه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ بێ به‌ش نه‌بووه‌ له‌ ده‌ره‌نجامه‌کانى گۆڕانکارى که‌ش هه‌واو پیسبوونى پێکهێنه‌ره‌کانى ژینگه‌ (ئاو و هه‌وا و خاک). هه‌موو زیندەوەرەکانی سه‌ر رووى زه‌وى ژینگه‌دۆستن ته‌نها مرۆڤ نه‌بێت، مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ى دنیاى  پێشکه‌وتوو زۆربه‌ى چالاکییه‌کانى له‌سه‌ر ئه‌ژمارى زیانگه‌یاندنه‌ به‌ ژینگه‌، ئه‌مه‌ بێ گوێدانه‌ ده‌ره‌نجامه‌ مه‌ترسییه‌کان و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ نه‌وه‌ى ئاینده‌، که‌ بێگومان خودى مرۆڤ خۆشى باجى ئه‌م ملهوڕییه‌ى خۆى ئه‌دات.

هاوسه‌نگى ژینگه‌ى کوردستان
یه‌کێک له‌و مه‌ترسییانه‌ى ئه‌مڕۆى کوردستان که‌  کاریگه‌رى نه‌رێنى هه‌یه‌ له‌سه‌ر تێکچوونى هاوسه‌نگى ژینگه‌، بریتى یه‌ له‌ ڕاوى نایاسایی، که‌خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌( راوه‌ماسى و ئاژه‌ڵى کێوى و کوشتنى مارو ئاژه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌کانى  وه‌ک ورچ و پڵینگ و به‌رازو ......هتدد) که‌ بێگومان ئه‌مانه‌ له‌ ناو پێکهاته‌کانى ژینگه‌دا هاوسه‌نگى ده‌پارێزن. له‌ناوچوونى ئه‌مانه‌ به‌هه‌ر بیانویه‌ک بێت هیچ پاساوێک به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کان له‌م روانگه‌یه‌وه‌ چڕتر بکرێنه‌وه‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌ى ناوچه‌که‌. هه‌روه‌ها هه‌موو دامووده‌زگانى په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌، پێویسته‌ هه‌موو رێکاره‌ یاساییه‌کان بگرنه‌ به‌ر بۆ سه‌رپێچیکارانى زیان گه‌یاندن به‌ژینگه‌ که‌ وه‌ک زانراویشه‌ هه‌میشه‌ به‌ یاسا ئاستى هۆشیارى تاک په‌یوه‌ست ده‌بێت. له‌گه‌ڵ بوونى ئه‌مه‌شدا، پێویسته‌ راو به‌یاسایی بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى سنورێک دابنرێت بۆ ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییانه‌ى که‌ مرۆڤ ده‌یخاته‌ سه‌ر ژینگه‌ و پێکهێنه‌ره‌کانى. پێویسته‌ حکومه‌ت و رێکخراوه‌ ژینگه‌ییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانى تایبه‌ت به‌م پرسه‌ له‌رێگه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌کانى هۆشیارى و په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌، زیان و مه‌ترسییه‌کانى پیسبوون و پێکهێنه‌ره‌کانى ژینگه‌، بۆ هه‌موو هاوڵاتییه‌ک رون بکرێته‌وه‌ بێ جیاوازى ته‌مه‌ن.    
بۆ فه‌راهامبوونى کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى ساخڵه‌م، پێویستى به‌ره‌خساندنى هه‌لومه‌رجى ژینگه‌یه‌کى له‌باره‌، هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر هه‌ر یه‌ک له‌ پێکهێنه‌رو ره‌گه‌زه‌کانى ژینگه‌، مه‌ترسى له‌ سه‌ر ناوچه‌که‌و خۆیى و نه‌وه‌ى ئاینده‌ به‌جێ دێڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار