لهگۆڵدا مایه‌ره‌وه چی فێر بین ؟
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی ژیانی من
3 ساڵ لەمەوپێش
جمعه کانی له‌له‌یی
ڕه‌نگبێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه بمانگه‌یه‌نێت به‌ئه‌نجام و تێگه‌یشتنێکی نوێ سه‌باره‌ت به کێشه‌ی جووله‌که‌و خڕبوونهوهیان له‌سه‌ر خاکی فه‌له‌ستین، که جووله‌که‌کان به‌نیشتیمانی دێرینی خۆیانی ده‌زانن و عه‌ره‌به‌کانیش پێیان وایه خاکیان داگیرکراوه.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی برای وه‌رگێڕ شه‌فیقى حاجی خدر کتێبه‌که‌ی بۆ ناردم ’ له‌نێوان چه‌ند کتێبێک‌دا نۆره بڕیم بۆ کرد‌و ده‌ستم کرد به‌خوێندنه‌وه‌ی، گه‌رچی قه‌باره‌ی کتێبه‌که گه‌وره‌و تاقه‌تپڕوکێنه، به‌ڵام تا خوێندنه‌وه‌یم ته‌واو نه‌کرد ده‌ستم نه‌برد بۆ کاری تر له‌به‌ر یه‌ک هۆی سه‌ره‌کی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کێشه‌ی کورد‌و مه‌سه‌له‌ی جووله‌که له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌یه‌ک ده‌چن و ژان و ناسۆره‌کانی وه‌ک یه‌کن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه بۆ هه‌موو خوێنده‌وارێکی کورد به‌تایبه‌تی سه‌رکرده سیاسیه‌کان ده‌کات به زه‌رووره‌ت.
بۆیه‌ش خوێندنه‌وه‌ی پێویسته تا ئێمه‌ی کوردی بێ ده‌وڵه‌ت له‌و کتێبه‌وه مه‌عریفه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات فێر بین و سوود له‌و هه‌نگاوانه وه‌رگرین که سه‌رکرده‌و گه‌لی جووله‌که بۆ دروست کردنی ده‌وڵه‌ت له‌ناو سکی ئه‌ژدیها نابوویان و چۆنیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ملیۆنان جووله‌که‌ی ئاواره کراو بۆ نیشتیمانی ڕه‌سه‌نی خۆیان بزانین .
جووله‌که‌کان له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست دا دوای پێشنیاره‌که‌ی تیۆدۆر هێرتزل به‌ده‌ست و گیرفانی به‌تاڵ به‌ڵام بهسهرخانێکی مه‌عریفی ده‌وڵه‌مه‌ندو ئازایه‌تی و دڵسۆزییه‌کی که‌موێنه‌ی ڕابه‌رو سه‌رکرده‌کانیان پۆل پۆل بێ گوێدانه ترس‌و تۆقین و برسێتی له ڕووسیای تزاری و ئه‌وروپاو ئه‌مریکاو ئه‌فریقیاو وڵاتانی تری جیهانه‌وه کۆچیان کرد به‌ره‌و ئه‌و نیشتیمانه‌ی که به‌هی خۆیانیان ده‌زانی، بۆ ئه‌وانی پهرگهنده پشتیوانی ئینگلیزه‌کان و بزووتنه‌وه‌ی زایۆنیزم و هاوکاری دارایی ڕێکخراوی کۆمه‌کبه‌خشی جووله‌که‌کان به‌س نه‌بوو تا کۆچکردنیان هێنده ئاسان بێت بۆ پارچه خاکێکی دڕکاوی و وشک و بێ ئاو، له‌ئه‌نجامدا بیکه‌ن به جوانترین و به‌هێزترین وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ئه‌گه‌ر دڵسۆزی و ئازایه‌تی و خۆڕاگری خۆیانی له‌گه‌ڵ نه‌بوایه، گه‌رچی هه‌ر زوو ئینگلیزه‌کان په‌شیمان بوونه‌وه له‌پشتیوانی کردنی جووله‌که‌و به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهان دژایه‌تی جووله‌که‌و کیانی جوله‌که‌یان ده‌کرد.
ژیانی من، کتێبێکی قه‌باره گه‌وره‌یه‌و له 592 لاپه‌ڕه پێکهاتوه، گۆڵدا مایه‌ر گه‌وره سه‌رکرده‌ی جووله‌که‌کان نوسیویه‌تی و هاوڕێم شه‌فیقی حاجی خدر له‌ئینگلیزیه‌وه کردویه‌تی به‌کوردی و سێیه‌م جار به‌چاپی گه‌یاندۆته‌وه، سێ جار چاپ کردنی یه‌ک کتێب کهتیراژی گشت چاپه‌کان بگاته چه‌ند هه‌زار دانه بێ هۆ نیه، له‌کاتێکدا پاش سێ جار له‌چاپدانه‌وه‌ی هێشتا له‌بازاڕ که‌م ده‌بینرێت، خۆ دیاره که‌بۆچی هێنده پڕ فرۆشه و بۆچیش شه‌فیق ده‌ستی بۆ وه‌رگێڕانێک بردووه کهلهبیچمدا ئاگادارینامهیهکه بۆ سه‌رکرده‌کانی کوردستان و له‌وێوه پێیان ده‌ڵێت گه‌ر نیه‌تتان وایه کورد به‌ده‌وڵه‌ت ئاشنا بکه‌ن فه‌رموون شوێنپێی ئه‌م ژنه جووله‌که‌یه( مایه‌ر) هه‌ڵگرن .
مایه‌ر کتێبه‌که‌ی به‌زمانی چیرۆک (گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک) نوسیوه‌و خوێنه‌ر ماندوو ناکات، گه‌لێک وشه‌و ڕسته‌ی جوان و نازدارم تیای به‌دیکرد که توانای نوسه‌ر ده‌رده‌خات بۆ نموونه:
-کاری مامۆستایی سه‌نگینترین وپهسهندترینی هه‌موو پیشهکانهو ده‌مویست ببم به‌مامۆستا، ل43 .
-بوژانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌رگیز بێ ژان و ناسۆرو قوربانیدان مه‌یسه‌ر نابێ، ل178 .
-شه‌ره‌فی هه‌موو که‌س پاڵهوانهکانیهتی، ل215 .
هه‌روه‌ها وه‌رگێڕیش به‌زمانێکی پاراو و بێ گرێوگۆڵ وه‌ریگێڕاوه‌و ده‌توانم بڵێم کورده‌واریانه کتێبه‌که‌ی خستۆته به‌ر ده‌ست خوێنه‌رو زۆر وشه‌ی کۆنی کوردی زیندوو کردۆته‌وه ، بۆ نموونه: ماڕهو پێشقهرهوڵهکان، هێدمگرتی، گارانگاز، کۆنباوی، حولحولی، هه‌دادان، شاش، مرازم وایه، ده‌یان زاراوه‌و وشه‌ی تری کوردی نازدار.
ده‌کرێت زه‌ین له کهمووکوڕیهکانیش بده‌ین و بازیان به‌سه‌ردا نه‌ده‌ین که دڵنیام وه‌رگێڕ سوودی لێ وه‌رده‌گرێت و بهنیشاندانیان گه‌ش ده‌بێته‌وه بۆ نموونه :
-سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باوکم یارمه‌تی براده‌رێکی دابوو ل28 ، وشه‌ی له‌مه‌وبه‌ر ته‌نها بۆ کاتی نوسینی کتێبه‌که ده‌گونجێت نه‌ک بۆ ئێستا چونکه به‌پێی کات ده‌بێته ڕابردووی دوور که ده‌بوو بنوسرێت له‌وه‌وبه‌ر.
-بهداڕسانهوه ده‌یگوت ل126 ، داڕسان له‌زمانی کوردی دا واتا هه‌وڵدانه بۆ لێدان به‌ڵام لێره باوکی گۆڵدا ئه‌م هه‌وڵه‌ی نه‌داوه، که‌واته وشه‌که به‌هه‌ڵه دانراوه .
-من نه‌مده‌توانی ببمه که‌سێکی کردهوهباز ( پراگماتیک ) ل412 ، دانانی وشه‌ی کرده‌کی له‌جیاتی وشه‌ی کردهوهباز باشتر بوو له‌به‌رانبه‌ر وشه‌ی پراگماتیک .
-نزیکه‌ی شه‌ست پیاو له‌سه‌ر کورسیه‌کان به‌ده‌وری مێزێکی که‌ته دانیشتبوون ل414 ، ده‌سته‌واژه‌ی که‌ته زیاتر بۆ مرۆڤی زل و زه‌لام به‌کار دێت نه‌ک بۆ که‌ره‌سته‌و که‌لووپه‌ل، ده‌کرا بنوسرێت مێزێکی فره گه‌وره .
-ده‌کرا له‌جیاتی وشه‌ی ( ئیش )ی عه‌ره‌بی وشه‌ی (کار) ی به‌کار بهێنایه، ل425 .
-بۆچی له‌جیاتی وشه‌ی ( قانوونه خۆجێییه‌کان ) وشه‌ی یاسا خۆجێییه‌کان نه‌نوسرێت؟ ل474 .
-ناوی سه‌رۆکی ئه‌وسای ڕۆمانیا به‌دوو شێواز هاتوه ، ساوشسکۆ و چاوشسکۆ، ل512-513 کامیان ڕاستن ؟
کورته‌یه‌ک له‌ژیانی مایه‌ر
بۆ به‌رچاو ڕوونی خوێنه‌ر و ناسین و ئاشنا بوونیان به‌ژیان و ڕابردووی نوسه‌ر به‌باشم زانی کورته‌یه‌ک له‌ژیانی مایه‌ر بخه‌مه ڕوو، له‌ساڵی 1898 ز له‌دایک و باوکێکی هه‌ژاری جووله‌که‌کانی ئۆکراین هاتۆته دنیاوه، له‌ساڵی 1900 ڕوو ده‌که‌نه شارێکی ڕووسیای تزاری به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ژاری و چه‌وسانه‌وه‌ی ئاینی له‌ساڵی 1906 به‌ره‌و ئه‌مریکا کۆچ ده‌که‌ن.
مایه‌ر له‌ته‌مه‌نی لاوێتی خۆیدا تێکه‌ڵ به بزووتنه‌وه‌ی زایۆنیزم و ڕێکخراوه کرێکاریه‌کان ده‌بێت و توانا‌و وزه‌ی خۆی ده‌خاته کار بۆ ناساندن و خستنه ڕووی کێشه‌ی جووله‌که‌و ئه‌و زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ی ده‌رهه‌قیان ده‌کرا، له‌ساڵی 1917 له‌گه‌ڵ گه‌نجێکی جووله‌که به‌ناوی مۆریۆس یارسن هاوسه‌رگیری ئه‌نجام ده‌دات، له‌ساڵی 1921 خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ره‌و فه‌له‌ستین له‌گه‌ڵ سه‌دان هاوڕێی تریان کۆچ ده‌که‌ن و داوا له جووله‌که‌کانی جیهان ده‌کات به‌ره‌و نیشتیمانی ڕه‌سه‌نی خۆیان کۆچ بکه‌ن، گه‌رچی دایک و باوکی سه‌رکۆنه‌ی ده‌که‌ن له‌چوونیان بۆ فه‌له‌ستین به‌ڵام دواجار مایه‌ر ئه‌وانیش ڕاده‌کێشێت بۆ فه‌له‌ستین.
له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1917 بۆ 1948 هه‌زاران بانگه‌واز بڵاو ده‌کاته‌وه‌و په‌یوه‌ندی ده‌کات به هه‌زاران خێزانی جووی وڵاتان تا به‌ره‌و فه‌له‌ستین کۆچ بکه‌ن.
یه‌کێکه له‌دامه‌زرێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، له‌ساڵی 1948 ده‌کرێت به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کاتی، له‌هه‌مان ساڵدا ده‌کرێت به به‌رپرسی کونسوڵخانه‌ی ئیسرائیل لهمۆسکۆ.
له‌یه‌که‌م کابینه‌ی حکومه‌تی ئیسرائیل که بنگۆریۆن سه‌رۆک وه‌زیرانی ده‌بێت ده‌کرێت به‌وه‌زیری کار، له‌ساڵی 1956 ده‌کرێت به‌وه‌زیری ده‌ره‌وه، له‌ساڵی 1968 به‌هه‌ڵبژاردن بووه به‌سکرتێری گشتی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل، دواجار بوه به‌ربژێری ئه‌و حزبه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران حکومڕانی ئیسرائیلی کرد .