لەنێوان لەندەن و هەولێردا

3 ساڵ لەمەوپێش



دانا حه‌مه‌ عه‌زیز 

لەندەن لە شارە هەرە گرنگەکانی جیهانە، ناوەندی نێشتەجێ بونی ١٠ ملیۆن کەسە، زۆربەی بانك و کۆمپانیا و دامەزراوە زەبەلاحەکانی جیهان، بارەگای سەرەکیان لێرەیە. هێڵی (گرینیچ) کە لە بنچینەدا هێڵیکی سیاسی یە و کراوە بەهێڵی سفریی دێژیی زەویی، بە لەندەندا ئەڕوات. جگە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی و تایبەت، پێنج فڕۆکەخانەی گەورەی تێدایە، تەنها فڕۆکە خانەی هییسرۆ ساڵانە زیاتر لە هەشتا ملیۆن گەشتیار ئەگوازێتەوە. بۆرسەی لەندەن خاوەنی پێنچ هەزار و پێنچ سەد ملیار دۆلارە. کەچی درێژترین و پانترین جادەی نیمچە بازنەیی کە بە M25 ناسراوە و بەدەوری لەندەن دا ئەسوڕێتەوە و درێژیی یەکەی ١٨٨ کیلۆمەترە، کەمتر لە ١٠٠ مەتر پانیی گرتوە کە تەنها ٥٦ مەتری قیرە!

هەولێر، جگە لە تاوەر و هۆتیل و باڵاخانە و مۆڵ و شوقەی ملیاردێرەکانی کوردایەتی، بنەماو ستانداردی شاری میترۆپۆڵتیانی تێدا نیە، زیاتر لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێ بون ئەچێ کە خەڵکەکەی بەدەست بێ ئاویی و بێ زێرابیی و بێ کەمترین خزمەتگوزاریی یەوە ئەناڵێنێ. ئەم هەولێرە مەڵبەندێکی داخراو و دابڕاوە، داخراوە چونکە بۆتە مەڵبەندی زوڵمو چەوسانەوە و شوێنی ئەو بڕیارانەی کە سەری کوردی کردەوە بە قوڕ و بە قەرزدا، دابڕاوە چونکە لە دەشتێکی چۆڵەوانیدایە و بە هیچ شارێکی گەورەی جیهانیی یان مەڵبەندی بازرگانی نێودەوڵەتی یەوە نەبستراوەتەوە، تەنانەت بە سلێمانی شەوە نەبەستراوە! ئیدی جادەی ١٢٠ مەتریی و ١٥٠ مەتری بۆچی و لەسەر حسابی کێ، لە کاتیکدا ڕیگەی سلێمانی بۆ گەرمیان و بتوێن، ڕێگەی مەرگە؟!

تێچوی ئەم جادانەی هەولێر کە زیاتر لە هەزار ملیۆن دۆلارە، قەرزە و لەسەر حسابی خەڵکی کوردستانە، بەڵام خێری فرۆشتن ی زەویەکانی ئەمبەر و ئەوبەری جادەکان، بۆ ئەوانەیە کە ٣٢ ملیار دۆلار قەرزیان داوە بە تەنگەی خەڵکی ئەم هەرێمەدا!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار