پاش ئەوروپا
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
بۆ ئەوەی بگەیتە سەر رێگا سەرەکیەکە، دەبێت بەڕێچکەی قەدپاڵەکەدا بڕۆی. کە گەشتی، عیسایەکی هەڵواسراو پێشوازیت لێدەکات. رەنگە لەسەرەتادا دیمەنێکی وەها جێگای سەرنج بێت، بەڵام پاش تێپەڕینی ماوەیەک دەبێتە ئاسایی. بێگومان عیسا لەدڵی بەهاکانی ئەمڕۆی رۆژئاوادایە، بە بەها لیبرالەکانیشەوە، وەک تۆم هۆڵاند لەکتێبیەکە قەبەکەی بەناوی دۆمینیون کە بەمانای سەروەریی دێت، بۆمان باس دەکات. بەڵام لەم ناوچەیە عیسای لەخاچدراو لە ەموو کونج و کەلەبەرێکە. ئەوەی دووڕیانەکەی ئێمە دیاری-ی مامۆستای گوندە سی ماڵییەکەیە، کە ساڵی رابوردوو تووشی کۆرۆنایەکی سەخت بوو، وەک پاداشتێک بۆ نەمردنی، پەیکەری عیسایەکی لەخاچدراوی لە دووڕیانەکەدا دروستکرد.
عیسا وەها وێنادەکرێت کە یەکێک بێت لەکوڕانی ئەم ناوچەیە. ئەمە بەشێکە لەخەسڵەتی شارستانی رۆژئاوایی کە لەجێگاکانی ترەوە هەموو شتێک دەهێنێت و لەناو خۆیدا دووبارە بەرهەمی دەهێنتەوە. ئەمە نەک هەر بەرامبەر ئاینی فەلەیی، بەڵکو بەرامبەر بودی و سۆفیزم و کەلتورەکانی تریش دەکات. هەندێکجار ئەم بەکارهێنانە نێگەتیڤە، وەک لە مامەڵەی ئیسلامدا دەیبینین. پاش تیلەیەکی هاکەزایی لەخاچەکە، کە سیمبولی مردنە لەپێناو باوەڕو دژایەتی بەهێزو ئامادەیی ئازارچەشتنە بۆ ئەوانیتر، دەبێت بڕیار بدەی ئایا دەچیت بۆ گوندی ناو دۆڵەکە یان بۆ پەردوان کە بەسەر یاڵەکەوەیە. هەر رێچکەیەک هەڵبژێریت، رێگایەکی تەسکی پێچاوپێچە، بە دار سنەوبەر تەنراوە. مەزراکەی، کە من ئەمساڵ لێی دەمێنمەوە، سێ ماڵی گەورەیە. هەموو کونجێکی پڕیەتی لە یادەوریی و حەکایەت و وردە مێژوو، لەدڵی چیاکانی ئەلپدایە. ئەلپ کە یانی سپی، ئەو زنجیرە شاخانەیە کە لەناو دڵی ئەوروپادایە و وەک سییەکانی ئەوروپا وەهایە. جاران ئەم زنجیرە شاخانە وەک بەربەست دەبینران. هەروەها ئەوانەی کە پێویستیان بەدابڕان و دوورەپەرێزی بوایە بۆی دەهاتن. فرۆید لەسەردەمی خۆیدا هاتووەتە ئێرە، کتێبی تەوتەم باس لەئاینداریی ساویلکەیی خەڵکی ئەم ناوچەیە دەکات. وەک خۆی دەڵێت پاش ئەو کتێبە جارێکی تر نەیوێرا روو بکاتەوە ئەم ناوچەیە.
لەڕابردودا ئێرە پانتاییەکی هەژاربوو، بەڵام لەگەڵ گەشەی ئەورپادا، بەبونیاندنانی رێگای خێرا، شەمەندەفەر، فرۆکەخانە، ئەم ناوچانە ئەمڕۆ شوێنی حەسانەوەی ئەوانەن کە لەشارە گەورەو جەنجاڵەکانەوە بۆی دێن بۆ وەرزش و حەسانەوە و بینینی دیمەنی جوان. ئەڵمانە پارە زۆرەکانی مینوشن، زۆربەی کۆتایی هەفتەکان، سەرباری رێگایەکی چەند کاتژمێریی، بەماشێنە گرانبەهاکانیانەوە دێن بۆ ئێرە. کە من بە ئەلپدا دەڕۆم، بیر لەئەوروپا دەکەمەوە، لەسەردەمێکدا کە ئەوروپا دواین رۆژانی باڵایی و ناوەندێتی خۆی دەژی. ئەلپ ئەو جێگایەیە کەهێشتا ئەوروپای پێش باڵایەتی بوونی هەیە، لەکادێنە زۆرەکانی قەدپاڵەکان، لەژیانی دروێنەکردن و ئاژەڵداری، لەباوەڕداریی بەئاین، لەگوندێتی .
ئەم رۆژگارەی ئێمە لەهەموو شتێک زیاتر بەئەوە دەناسرێیتەوە کە سەردەمی ئەوروپا سەنتەرێتی کۆتایی هات. سەردەمی ئەوروپا سەنتەرێتی ئەو رۆژگارە بوو کە ئەوروپا لەبری هەموان بیری دەکردەوە، بڕیاری دەدا، پۆلێنی دەکرد، دایدەهێناو جبەجێیی دەکرد. بەڵام لەهەمووی کارەساتبارتر ئەو وەرچەرخانەبوو کە بەسەر دۆخی گۆی زەویدا هات
بینینی ئەم بەریەککەوتنە دیمەنێکی دەوڵەمەند دەدات بەدەرکەوتنی ئەوروپا لەڕەهەندەکانی رابرودوو و ئێستاو داهاتوودا. ئەم رۆژگارەی ئێمە لەهەموو شتێک زیاتر بەئەوە دەناسرێیتەوە کە سەردەمی ئەوروپا سەنتەرێتی کۆتایی هات. سەردەمی ئەوروپا سەنتەرێتی ئەو رۆژگارە بوو کە ئەوروپا لەبری هەموان بیری دەکردەوە، بڕیاری دەدا، پۆلێنی دەکرد، دایدەهێناو جبەجێیی دەکرد. بەڵام لەهەمووی کارەساتبارتر ئەو وەرچەرخانەبوو کە بەسەر دۆخی گۆی زەویدا هات. وەک کارل شمت لە نۆمۆسدا پێمان دەڵێت، لەم قۆناغەدا سەرتاپا گۆی زەوی یاسای بەسەردا سەپێنرا. سەپاندنی یاسا یانی دابەشکاریی و رێکخستن و سنوربەندیی و کردنی مرۆڤەکان بە بوونەوەری سیاسی یەکە دروستکراوەکان. دۆخێک کە هۆکاری بنەڕەتی خوێنڕشتنێکی ناکۆتایە لەئاستی مرۆڤایەتیدا. رێکخستنەوەی خاکی دونیا، بەسودی ڕێکخەر، دۆخێکی پلەبەندی وەهای دروستکرد کەئەوروپا ببێتە ناوەندو دونیا ببێتە پەراوێز. ئێستا ئەم ناوەندگێڕێتییە و پەراوێزییە لەوەرچەرخاندایە.
لێکدانەوە بۆ ئەم وەرچەرخانە زۆرە، هەندێک وەهای دەبینن کە مۆدێرنە بەدونیادا تەشەنەی کردووە. هەندێکی تر وەهای دەبینن کە سەرمایەداری هەر لەسەرەتاوە جیهانگیر بووە. هەندێکی وەهای لێکدەدەنەوە کەمێژوی رۆژئاوا تەنها (٥٠٠) ساڵی رابردووەو پێش ئەوە سەرتاپا مێژووی جیهان لەدەرەوەی ئەوروپا بووە. ئەوروپا سەنتەریی؛ شتی جوانی زۆری داهێنا، بەڵام لەهەمانکاتدا شتی قێزەوەنی زۆریش. هەندێک چەمک سەرەتا درەوشاوەبوون، وەک گەشە، بەڵام ئەمڕۆ چیدی وەها نابینرێن، بەتایبەتی لەسەردەمی قەیرانی ژینگەدا .
ئەوروپا سەنتەریی دونیای ئێمەی لەقاڵبداو هەتا ئاستێکی زۆریش لەقاڵبی دەدات. پەرتەوازەکردنی کورد بەسەر کۆمەڵێک وڵاتدا بۆ ئەوەی بتوێنەوە و بسڕێنەوە یەکێکە لەکارەکانی ئەوروپا سەنتەریی. دۆخێک کە بەهۆی کێشانی هێڵێکەوە لە پایتەختێکی دوور بەتێگەیشتنی هەندێک کەس لەناوچەکە، خەڵکێک دەبن بەخەڵکی جێگایەکی تر، زمانێکی تر بەسەریاندا دەسەپێنرێیت، دەبێت ژمارەیەکی بێشومار لەبێحورمەتی قبوڵکەن. رەنگە سیڤەر سەرەتای ئەم دیاردەیە بێت بۆ ناوچەی ئێمە . دیارە ئەوروپا سەنتەرێتی جودایە لەتاک جەمسەریی، ئەگەرچی لەهەندێک خەسڵەتدا هاوبەشن. لەئاستی بیرکردنەوەدا کۆتایی ئەوروپا سەنتەرێتی یانی کۆتایی بیرکردنەوە لەئەوروپا وەک دونیا. بەشێکی زۆری بیرو ئاگایی ئەوروپی وەها مامەڵە دەکات کەئەوروپا یانی دونیا و ئەو بەشەکەی دونیا، هەرچەندە بوونیان هەیە بەڵام کاریگەرییان نیە. سوپاس بۆ ژاپۆن و چین و هیندیش لەداهاتودا، ئێستا دەقێک ناتوانرێت بنوسرێت، کە دونیا تەنها لەئەوروپا یان رۆژئاوادا کورتبکاتەوە.
کاتێک ئەوروپا پیردەبێت، سەنتەرێتی لەدەست دەدات، ئەوەنیە لەگەڵیدا بەئاسایی مامەڵە بکات، بەڵکو شەپۆلێکی بەرفراوان لەفاشیزم بەرهەم دەهێنت. بەڵام ئەم فاشیزمە ئەوروپییە وەک فاشیزمی جاران نیە. فاشیزمێک نیە کە مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی یان گۆی زەویی دروستبکات، بەڵکو هەتا ئاستێکی زۆر خۆکوژییە. ئەگەر فاشیزمی ئەوروپی سەرکەوتووبێ لەهەڵوەشاندنەوەی کۆدەزگایەکی وەک یەکێتی ئەوروپا، ئەوا هیچ وڵاتێکی ئەوروپی نیە بەتەنها بەرگەی دۆخی جیهانی بگرێت. لەگەڵ سەرهەڵدانی سەنتەری تردا، ئێمەی کورد دەکەوینە نێوان سەنتەرەکانەوە، لەئێستادا دەکەوینە نێوان چین و رۆژئاواوە، بە تایبەتی کاتێک بەلاوازبونی ئەوروپا و ئەمریکا، هیچ کام لەوڵاتانی ناوچەکە ناتوانن ببن بە ئەو هێزەی کەناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن. چوار وڵات ئەگەری ئەوەیان تیادایە کە ببنە هێزی هەرێمی و هەوڵی کۆنترۆڵی ناوچەکە بدەن، بەڵام هیچ کام لەم وڵاتانە هەموو پێداویستییەکانیان تیادانیە. ئەوەی پێویستە بۆ ئەوەی هەریەک لەعێراق، سعودییە، تورکیا و ئێران بکات بەهێزی ئیقلیمی ئەمانەن:
یەکەم، هێندە توانای لۆجستی هەبێت کە بتوانێت ببێتە خاوەن سوپایەکی باڵا.
دووەم، توانای بەرگریکردن لەسوپایەکی جوڵاو.
سێیەم، توانای وەڵامدانەوە بۆ دۆخی لە ناکاو.
چوارهەم، توانای مانۆڕکردنی ئالۆز لەکاتی هێرشدا.
پێنجەم، توانای کۆنترۆڵکردنی تیرەتۆریی داگیرکراو.
کورد وەک چۆن هێشتا لەسەردەمی ئەوروپا سەنتەری تێنەگەیشتوە، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیە بۆ سەردەمی فرە سەنتەری دونیا، لەهەموو ئاستەکاندا، ئاستی فیکریی، ستراتیژ، سیاسەت، ئابوری و زۆر بواری تر
بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی پرۆفیسۆر ئیوجین گۆلبز لەزانکۆی نۆتردام هیچ کام لەوڵاتانی ناوبراو ئەو توانایانەی تیادانیە. کەواتە پشێویی، مۆدێلی جیاواز، وردە هێزی زۆر، نەبوونی توانای رێککەوتن لەنێوان هێزەکاندا، سەرهەڵدانی هێزی نائاسایی لەخەسڵەتەکانی ئەم سەردەمە دەبن. کورد وەک چۆن هێشتا لەسەردەمی ئەوروپا سەنتەری تێنەگەیشتوە، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیە بۆ سەردەمی فرە سەنتەری دونیا، لەهەموو ئاستەکاندا، ئاستی فیکریی، ستراتیژ، سیاسەت، ئابوری و زۆر بواری تر. کتێبەکەم دەربارەی چین کە لەئەم دواییانەدا چاپ بوو هەوڵێکی بچووکە بۆ تێگەیشتن لەسەرهەڵدانی یەکێک لەسەنتەرە نوێ و کاریگەرەکان. بەڵام بەداخەوە لەبەر دۆخی خراپی بڵاوکردنەوەو کەمی خوێنەر کتێبەکە ناگاتە دەست هەمووان.