كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان توندتر دەبێتەوە لەسەر هەرێم

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سهربهست

كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەسەر حكومەتی هەرێم توندتر دەبێتەوە دوای پەسەندكردنی شەش ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنوسانی بادینان و داوا دەكرێت پەلە بكرێت لەچاكسازیكردن لەسیستمی دادوەریدا.

رۆژی 20ی حوزەیرانی 2021، دادگای پێداچوونەوە بڕیارەكەی دادگای پەسەند كرد تایبەت بەسزادراوانی بادینان، بۆ هەریەك لە (شێروان شێروانی، ئەیاد كەرەم، گوهدار محەمەد ئەمین، شڤان سەعید، هاریوان عیسا).

بڕیارەكە لەنووسراوەكەی دادگادا كە پێشتر یەكێك لەتۆمەتەكان سیخوڕیكردنی بۆ باڵیۆزخانەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیای لەخۆ گرتبوو، لابرابوو تادووبارە حكومەتی هەرێم نەخاتەوە ژێر فشارو ناڕەزایی ئەو دوو وڵاتە.

دەركردنی ئەو بڕیارە وێڕای ناڕەزایەتیی شەقام و رێكخراوە مەدەنییە ناوخۆییەكان، كاردانەوەی توندی دەرەكیشی بەدوای خۆیدا هێناو حكومەت و سیستمی دادوەریی هەرێمی كوردستانی رووبەڕووی رەخنەی توندی نێودەوڵەتی كردەوە بەجۆرێك نووسینگەی هەولێری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانی عێراق رایگەیاند كە» پێویستە ریفۆرمێكی بەپەلە لەسیستمی دادوەری و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا بكرێت».

دوای دەركردنی بڕیارەكە مارتن هوس، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق، لەتویتێكدا نووسی:» ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا لەگەڵ سیستمی دادوەریی سەربەخۆ، پێكهاتە سەرەكییەكانی دیموكراسین».

دواتریش تویتێكی تری كردو وتی:» تۆقیوین لەبڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر كە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاكواندا پەسەندكرد كە لەمانگی ئایاردا سەرەڕای كەموكورتیی رێوشوێنەكان و دەنگۆی خراپ مامەڵەكردن كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دیاریكرابوون، حكومدرابوون».

هەر هەمان رۆژ نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق بەیاننامەكی دەركردو تیایدا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «لەدانیشتنەكاندا رێز لەبنەما ستاندەرەكانی دادگاییەكی دادپەروەرانە نەگیراوە، نیگەرانییەكان لەسەر دەنگۆی ئەشكەنجەدان و دەستڕانەگەیشتنی تیمی بەرگری بەدۆسیەكان و فشاری سیاسییە لەسەر كەیسەكە».

هەروەها وتیشی:»یەكێتی ئەوروپاو نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق هانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەدەن كەپێشنیارەكانی راپۆرتە هاوبەشەكەی 12ی ئایاری یونامی و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان جێبەجێبكەن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیدارن بەگێچەڵپێكردن و ترساندن و تۆڵەلێكردنەوە دژی رۆژنامەنوسان و بەرگریكارانی مافی مرۆڤ و چالاكوانان تایاسای سزادان وەك كەرەستەیەك بەكارنەهێندرێت بۆ سنورداركردنی ئازادیی رادەربڕین».

داوای چاكسازی  بەپەلە لەسیستمی دادوەریدا دەكرێت بەهۆی پەسەندكردنی شەش ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنوسانی بادینان

هاوكات نوسیگەی هەولێری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق (یونامی) و بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی كەنەدا لەعێراق، نیگەرانی خۆیان لەبڕیارەكە دەربڕی.

 نووسینگەی یونامی لەهەولێر لەتویتێكدا داوای ریفۆرمی بەپەلەی كرد لەسیستمی دادوەریی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانداو نووسیویەتی:»بەداخەوە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە سیستمی دادوەری و دامەزراوەیی هەرێمی كوردستانی عێراق پێویستی بەڕیفۆرمی بەپەلە هەیە، تا لەداهاتوودا رێگە لە ئەم جۆرە لەبارچوونەی دادوەریی بگیرێت.»

هەروەها ئاشلی دورێك بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی كەنەدا نووسیویەتی:»نائومێدین بە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای پێداچوونەوە بەپەسەندكردنی سزادانی شێروان شێروانی و شڤان سەعید و ئەیاز كەرەم و هاریوان عیساو گوهدار زێباری».

هاوكات جەختی لەوەش كردبووەوە» كاری رۆژنامەنوسانەی بێ بەربەست كلیلی كۆمەڵگایەكی كراوەو زانیارە.»

ماڵپەڕی عەرەب نیوز هەواڵی پەسەندكردنی سزای سەر رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینانی بڵاوكردەوەو لەكۆتایی هەواڵەكەدا نووسیویەتی:»كوردستانی عێراق خۆی وەك پەناگەیەك بۆ عێراقییە هەڵاتووەكان و وەبەرهێنە بیانییەكان دەناسێنێت، بەڵام بەردەوام رووبەڕووی رەخنەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەبێتەوە سەبارەت بەئازادی رادەربڕین».

كاردانەوە ناوخۆییەكان

لەسەر ئاستی ناوخۆییش كاردانەوەكان بەردەوامن و بەدەر لەگردبوونەوەو خۆپیشاندانەكان، رێكخراوە مەدەنییەكان و چالاكوان و رۆژنامەنوسان و كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكان سەركۆنەی بڕیارەكەیان كردو بەنایاسایی و نادادپەروەرانەو دەستوەردانی حزبی و بەتایبەتیش خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیان ئەژماركرد.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەڕێگەی لێپرسراوی ناوەندی كاروباری یاسایی حزبەكەیەوە راستەوخۆ مەسرور بارزانی بەدەستتێوەردان لەبڕیارەكەی دادگا دەخاتەڕوو و دەڵێت:» پێشتر بڕیارەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە درابوو».

تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەكۆنگریەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»لەدۆسیەی دەستگیركراوانی بادیناندا پێشتر بڕیارەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە درابوو، چۆن دەبێت سەرۆكی حكومەت بەشداری لەبڕیاری دادگادا بكات یان بڕیاری پێشوەختەی هەبێت لەسەر تاوانباركردنی كەسێك؟».

راشیگەیاند:»بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت، لەقۆناغی تۆمەتباركردنیش چووبووە دەرەوە، چونكە ئەوانی تاوانباركرد، لەكاتێكدا ئەمە كاروباری دادگاكانەو ئەمەش دۆخی دادگاو دادوەری خستووەتە ژێر پرسیارەوە».

ناوبراو راشیگەیاند كە دەسەڵاتی دادوەریی بەرەو ناهاوسەنگی دەڕوات و سەروەریی یاسا پێشێل دەكرێت و دەبێت دەسەڵاتی دادوەری تەواو سەربەخۆ بێت.

تەلار بڕیارەكەی بەنایاسایی داناو پێیوابوو كە هەر لەقۆناغی لێكۆڵێنەوەو دادگایی و بڕیارو دواتریش بڕیاری دادگای پێداچوونەوە سەرلەبەری نایاسایی بوون.

لەلای خۆشیەوە چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەنووسینێكدا باسی لەوە كرد كەئیرادەیەكی سیاسی زاڵ هەبوو بۆ سزادانی ئەو چالاكوانانە و ئەوەش پەیامێكە بۆ تاك بەتاك و كەسە سیاسییەكان، چۆمان نووسیویەتی:»دەركەوت لەناوەڕۆكی بڕیارەكەوە هیچ گرنگییەك بەفشارو ناڕەزاییەكانی ناوخۆ نادەن، رای هاووڵاتیان و دامەزراوە فەرمییەكان قورساییان نیە، پەسەندكردنی ئەم بڕیارە پێشبینیكراو بوو، چونكە خواست و ئیرادەی سیاسی زاڵ هەبوو بۆ سزادانی ئەم چالاكوانانە، رای پێشوەختەی سەرۆكی حكومەت لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دیارترین بەڵگەیە».

لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە، چاوەكان و فشارە مەدەنییەكان لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمن تابڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە دەربكات، بەتایبەتی كە پێشتر لەچەندین دەزگای راگەیاندندا بڵاوكرایەوە كە سەرۆكی هەرێم نیگەرانیی لەسزادانی ئەو چالاكوانانە دەربڕیوە.

لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان نامەیەكی ئاراستە كردووەو نووسیویەتی:» وەك شاهیدێك لەتەواوی دادگاییكردنەكە ئامادەبووم، گوێبیستی وردەكاریی تۆمەتەكان و وتەی تۆمەتبارو نوێنەری داواكاری گشتی و نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و دادوەر بووم، بەدڵنیایی هیچ بەڵگەیەك نەبوو بیسەلمێنێت ئەمانە بەشێكن لەگروپێكی سیخوڕی یان گروپی چەكداریان هەبێت».

لەدرێژەی نامەكەیدا عەلی حەمەساڵح دەڵێت:»بیستبووم لەچەندین كۆبوونەوە نیگەرانیت پیشاندابوو بەم حكومدانە، ئێستا كاتی بڕیارو هەڵوێستی ئێوەیە، بەپێی یاسا دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەدەسەڵاتی ئێوەیە. هەموو ئەو مەرجانەی دەبێ بۆ لێبوردنی تایبەت دەربكرێت لەم دۆسیەیەدا هەیە. پێشتر لێبوردنی تایبەت بۆ چەندین تاوانبار دەركراوە. ئەگەر ئەم دەسەڵاتە یاساییە بۆ راستكردنەوەی ئەم هەڵەیە بەكارنەیەت و ئەم زوڵمە لەسەر ئەم قوربانیانە لانەدات، ئیدی بۆچی باشە؟ چاوەڕێی بڕیاری ئێوەین».

لەچاوەڕوانیی سەرۆكی هەرێمدا

كەسوكارو پارێزەرانی دۆسیەی رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان دوای بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە بەپەسەندكردنی شەش ساڵ زیندانیكردن، داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەكەن كە لێبوردنیان بۆ دەربكات.

روگەش جەباری، خێزانی شێروان شێروانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە تەواو شۆك بووین بە بڕیارەكەو تەنیا ماوە سەرۆكی هەرێم خۆی وەك مرۆڤێك و كوردێك مامەڵە لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگەكەی بكات، كەكوردین دوور لەسیاسەت لێیان خۆش ببێت، ئێمە سوپاسی دەكەین».

هاوكات ئەیهان سەعید، نوێنەری كەسوكاری زیندانیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئێمە ئەم بڕیارەش رەتدەكەینەوە چونكە سومعەی هەرێم ناشرینتر دەكات، ئەمە تەحەداكردنی رای گشتی خەڵك و رای دەرەوەیە، بۆیە هەرێم بەگشتی باجەكەی دەدات».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە لەچاوەڕوانی بڕیاری لێخۆشبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندان» تەنها نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت كەدەنگی ناڕەزایی لەسەر ئەو پرسە نەهێڵێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار