زامی سزادانی رۆژنامەنووسانی بادینان ساڕێژ نابێت

قارەمان شوكری؛ رۆژنامەنووسێکی دیكەی بادینانە كەفەرمانی زیندانیكردنی حەوت ساڵی بۆ دەردەچێت

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى . دهۆك

دوای شەش مانگ مانەوەی لەزینداندا رۆژنامەنووس  قارەمان شوكری بۆ ماوەی حەوت ساڵ حوكم دەدرێت، مامی دەڵێت:» دەزگا ئەمنییەكان مۆبایل و ئایپاتی هەموو خوشك و براكانی قارەمانیان بردووەو تائێستاش لای ئەوانە، تووشی شۆكێكی گەورە بوون كە وتیان حەوت ساڵ حكوم دراوە».

هێشتا زامی سزادانی پێنج رۆژنامەنووسەكەی بادینان ساڕێژ نەبووەو بەرپرسان بەردەوامن لەسزادان و حوكمدانی رۆژنامەنووسانی بادینان، رۆژی 21ی حوزەیرانی مانگی رابردوو حوكمدانی حەوت ساڵ دەدەن بەتەنگەی قارەمان شوكری رۆژنامەنووسدا.

قارەمان شوكری لە (27)ی مانگی یەكی ئەمساڵ لەلایەن هێزێكی ئەمنی پارێزگای دهۆك دەستگیردەكرێت لەنێو ماڵەكەی خۆی لەكۆمەڵگای سیریێ سەر بەناحیەی شێلادزێ.

قارەمان شوكری، تەمەن (26) ساڵ  ماوەیەك وێنەگر بووە لەتەلەفزیونی كەی ئێن ئێن، بەڵام پێش دەستگیركردنی هیچ كارێكی راگەیاندنی نەدەكرد تەنها ئیشی وێنەگری دەكرد بۆ  ئاهەنگی بووك و زاوا، لەژیانی خۆیدا سێ جار دەستگیركراوە، جارێك مانگێك، جارێكی تر (97) رۆژ، ئەمجارەش ئەوە زیاتر لەشەش مانگە دەستگیركراوەو حوكمی حەوت ساڵی بەسەردا سەپێندراوەو خاوەنی پێنج براو سێ خوشكی دیكەیە.

باوكی قارەمان، شوكری رۆژنامەوان بوو لە 31/12/ 2016 لەڕووداوێكی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا، تەرمی شوكری لەشوێنێكی قەدەغەكراو دۆزرایەوە لەناوچەی نێروەو رێكان.

نیعەمەت زەینەدین، مامی قارەمان شوكری لەلێدوانێكدا بۆ  هاوڵاتى  ئاماژە بەوە دەدات كە دوای چوار مانگ لەدەستگیركردنی، رۆژێك كەسێك تەلەفون بۆ دایكی دەكات دەڵێت لەفڵان رۆژ دەتوانن خۆت و خوشكێكی قارەمان بچنە چاكسازی دهۆك و بیبینن و دوای ئەوە دوو جاری تر بانگكراون بۆ بینینی قارەمان.

نیعمەت زەینەدین ئەوەشی خستەڕوو كە سەرەتا دەزگا ئەمنییەكان پێیان راگەیاندوون كە قارەمان بەهۆكارێكی سیاسی دەستگیرنەكراوە بەمزووانە ئازاددەكرێت، بەڵام ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ بووین و قارەمان ئازاد نەكرا، «بەڕاستی تووشی شوكێكی گەورە بووین كە وتیان حەوت ساڵ حوكم دراوە».

نیعمەت زینەدین وتیشی: « دەزگا ئەمنییەكان مۆبایلی و ئایپاتی هەموو خوشك و براكانی قارەمان-یان لێ وەرگرتووەو تائێستاش لای ئەوانە،  پێش دوو رۆژ دایكی قسە لەگەڵ قارەمان دەكات، پرسیاری دۆخەكەی دەكات لەوەڵامدا قارەمان دەڵێت دۆخی من زۆر خراپە، دایكیشی پێی دەڵێت بۆچی كوڕەكەم دۆخەكەت خراپە، قارەمانیش پێی دەڵێت بڕیار دەرچووە حەوت ساڵ زیندان دەكرێم ، ئیتر نازانین ئەم بڕیارە لەچ شوێنێك دەرچووە .

هاوكات مامی قارەمان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر كەیسەكەی قارەمان پارێزەریان بۆ گرتووە كەبزانن بەچ هۆكارێك حەوت ساڵ حوكم دراوە، وتیشی:»21ی حوزەیران رۆژی دادگایی كردنی قارەمان بوو، لەدوای دەرچوونی بڕیارەكە، قارەمان دووجار تەلەفونی كردووە، تەنها ئەوەی بەئێمە وتووە:» من تازە رویشتم تا حەوت ساڵی زینداكردن قورسە ئازاد بكرێم و رزگارببم».

مامی قارەمان بۆ  هاوڵاتى  ئەوەشی دووپاتكردەوە كەپارێزەرێكیان گرتووە لەم روژانە بەدواوە دەست بەكارەكانی خۆی دەكات، وتیشی: »حەزمان دەكرد دوای بڕیارەكە قارەمان ببینین، بەڵام بەرپرسانی دهۆك وتیان تامانگێكی تر ناتوانن قارەمان ببینن».

پەیامنێری  هاوڵاتى  پەیوەندی بەپارێزەری قارەمان كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات بەپاساوی ئەوەی تازە دۆسیەكەیانی وەرگرتووە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار